راگەیاندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

راگەیاندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆپباران کردنی سنوورەكانی كوردستان و شەهید بوونی دوو پێشمەرگە رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی 26ی پووشپەری 1397 جارێكی دیکە ڕێژیمی جینایەتكاری ئێران تۆپخانەكانی وەگەڕ خست و، ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و بەربزینی هەرێمی كوردستانی تۆپباران كرد.
بەداخەوە لەو هێرشە نامرۆڤانەی دا وێڕای زیان گەیاندن بە سروشتی ئەو ناوچانە دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران شەهید بوون.
قەیرانە نێونەتەوەیی و ناوچەییەكان، بازنەی فشارەكانیان لەسەر نیزامی دیكتاتۆری ئێران تەسكتر كردووەتەوە و سیاسەتی كورت كردنەوەی دەستی ترۆریستپەروەر و ئاژاوەگیڕانەی كۆماری ئیسلامی لە وڵاتان پەیرەو دەكرێ‌ و، نەك تەنیا لە یەمەن و سوریا رژیم تووشی شكستی گەورە هاتووە بەڵكو لە وڵاتی عێراقیش سەرەڕای هەموو سەرمایەدانانەكانی، پێگەی لەرزۆك بووە و، هەر لە ئێستادا دروشمی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە باشووری عێراق، رووی لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە و، داوای چوونەدەرەوەی ئەو ڕێژیمە و نەمانی هەیمەنەی دەكەن.
لە وەها حالەتێكدا كە خەڵكی وڵاتی عێراق داوای نەمانی كۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە دەكەن و ئەو پەیامە دەسەڵاتدارانی تارانی نیگەران كردووە و، هاوكات بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەو سنوورە ، ڕێژیم ئاخوندی بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر خۆی و، هاوكات ناردنی پەیامی هەڕەشە ئامێز بۆ هەرێمی كوردستان دەستی داوەتەوە، خولێكی نوێ لە تۆپباران و، بەزاندنی یاسا نێونەتەوەییەكان و پێشێلكردنی سەروەریی سیاسیی وڵاتی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای ناردنی پرسە و سەرەخۆشی بۆ خەڵكی كوردستان بە بۆنەی شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان، تۆپبارانی كۆماری ئیسلامی بە توندی مەحكووم دەكات و، داوا لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و، خەڵكی بە شەرەفی هەرێمی كوردستان دەكات، لە هەمبەر ئەو یاساشكێنی و سنووربەزاندنانەی ڕێژیمی جینایەتكاری ئێران كە بووەتە هۆی نائەمنی و شێواندنی ژیانی خەڵكی ئەو دەڤەرە بێدەنگ نەبن و، پێش بە درێژە كێشانی ئەو رەوشە مەترسیدارە بگرن.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
17/7/2018