پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حدک بۆ پرۆفیسور کۆچەر بیرکار

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرۆفیسور کۆچەر بیرکار
بەڕێز پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار!

بەوپەڕی شانازییەوە هەواڵی سەرکەوتنی جەنابتمان لە بواری زانستی بیرکاری و هەروەها وەرگرتنی خەڵاتی جیهانیی “فێلدز” پێ گەیشت.
بێگومان ئەم سەرکەوتنەی ئێوەی بەڕێز لە زۆر بارەوە جێگای دڵخۆشی، شایی بەخۆبوون و هاوکات پێزانینە. پێزانین لەم ڕووەوە کە لە وەرگرتنی خەڵاتەکەتدا نەتەوە مافخوراوەکەت لەبیر نەکردووە و ئاواتەخوازی ئەوە بووی کە بەو سەرکەوتنە، چرۆی شادی و بزەت لە دڵ و لەسەر لێوی چل میلیۆن کوردی هاونیشتمانیت چاندبێ؛ کە ئەوە بێگومان وایە و دڵی هەموو کوردانت شاد کرد. جەنابت هەروەها نیشانت دا کە ڕۆڵەکانی کورد هیچیان لە ڕۆڵەی نەتەوەکانی دی لە دنیادا کەمتر نین، بەڵام ئەوە لە نەبوونی دەوڵەت و کیانی کوردییە کە ڕێگا بە دەرکەوتن و درەوەشانەوەی کەسانی بلیمەتی وەک ئێوە نادرێ هەتا خزمەتی مرۆڤایەتی و نەتەوەکەی خۆتان بکەن. بۆ خۆیشت دەزانی هەر لەو کوردستانەی کە جەنابت تێیدا لەدایک بووی و گەورەبووی، بێگومان کەسانی خاوەن بەهرەی زۆرمان هەن کە بەهۆی سیاسەتی سەرکوت و کوردکوژیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕێگە لە پێشکەوتنەکانیان دەگیرێ، مافەکانیان پێ ڕەوا نابیندرێ و لە شوێن و جێگەی شیاوی خۆیان بێبەش دەکرێن. وەک چۆن دەبینین هەر لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکەی جەنابت و ناوچەکانی دیکەی کوردستانەکەمان ڕۆژ نیە لاوانی ئەم نیتشمانە کە بەشی زۆریان خوێندەوار و زانکۆدیتوون و بۆ پارووە نانێکی سەربەرزانە ڕوویان لە کۆڵبەری کردوە، نەدرێنە بەر دەسڕێژی گوللە و گیانیان لێ نەستێندرێ.

کاک کۆچەری بەڕێز!
سەرکەوتنەکەی جەنابت بێگومان دەکرێ ببێتە هۆی پاڵنەر و هاندانی لاوانی دیکەی کورد هەتا شانازیی دیکە بە ناوی خۆیان و نەتەوەکەیان بخوڵقێنن.
جارێکی دی بە ناوی خۆم و هاوسەنگەرانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قۆڵایی دڵەوە پیرۆزباییت پێ دەڵێم و سەرکەوتنی زیاترت بۆ بە ئاوات دەخوازین.

سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان
مستەفا مەولوودی
١١ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی

٢/٨/٢٠١٨