راگەێندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

راگەێندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ، لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشە ترۆریستییەكانی کۆماری ئیسلامی
سیاسەتی تیرۆر و رەشەكوژی یەكێك لە پێناسە و سیاسەتە نەگۆرەكانی سیستەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و، بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداریەتی ئەو مێتۆد و شێوەیەی لە دژی نەیاران و دژبەرانی خۆی بەكار بردووە و لە مێژوودا نموونە زۆر دیار لە بردنە پێشەوەی ئەو سیاسەتە هەیە كە دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری ئەندامانی كۆمەڵە و سازمانی خەبات و حیزبی دیموكرات بكەین كە لە ساڵی ١٩٩١وە تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ كەسی لە ئەندامانی ئەو حیزبانە لە رێگەی تۆڕە تیرۆریستەكانیەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان تیرۆر كردووە. لەنمونەی دیاری تر دەتوانین ئاماژە بە ساڵی ١٩٩٦ بكەین كە بە هێزێكی سەدان كەسی سپای پاسداران بە چەكی قورس سنووری هەرێمی کوردستانی عێراقی بەزاند و كەمپی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە شوێنی نیشتەجێ بوونی ژن و منداڵە بەر ئاوری تۆپخانە و چەكە قورسەكانی دا و بنەماڵەكانی ئاوارەی شاری هەوڵیر كرد و زیانێكی زۆری بەو خەڵكی بێ‌ چەك و كەمپەكەیان گەیاند. لە ٣ ساڵی رابردوویشدا چەندین تاوانی تیرۆریستی و بۆمب دانانەوە لەسەر بنكەكانی ئەو حیزبانە بەڕێوە چووە كە لە ئاكامدا كۆمەڵێك خەڵكی بێ تاوان كوژراو و بریندار بوون و هەروەها چەندین پێشمەرگەی قارەمانیش شەهید بوونە كە دیارترینیان كردەوەی تررۆیستیەكەی بەردەم بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستان بوو كە تێیدا 7 پێشمەرگە شەهید بوون . تۆپباران و مووشەكبارانی سنووری نێوان كوردستانی ئێران و عێراقیش وەك یەكێك لە رێگەكانی زیانگەیاندن بە حیزب و لایەنەكانی كوردستانی ئێران هەمیشە پەیرەو كراوە و لەدواترینیان لە رێكەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی(١٧ی جولای ٢٠١٨) دوو پێشمەرگەی حیزبەكانی ئوپۆزیسیونی ئێران شەهید بوون. هەموو ئەو راستیانە ئەو پەیامەمان پێ دەدەن كە پێویستە لەبەرانبەر سیاسەتە شەرئەنگێز و تێكدەرانەكانی ڕێژیمی ئێران نابێ غافڵ بین و زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێوستە بە وریاییەوە مامەلە بكەین لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی دەسەڵاتی دیكتاتۆریەتی تاران تێی كەوتووە. ئێستاش كە لە نێوخۆی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خەڵك سەبارەت بە سیاسەتە هەڵەكانی كۆماری ئیسلامی بەرز بووەتەوە، رێژیم بە مەبەستی چەواشەكردنی بیروڕای گشتی و راكێشانی سەرنجی ئەوان بۆ دەرەوەی وڵات، لە ئامادەكاری و پیلانی بەرفراواندایە بۆ هێرشكردن بۆ سنوورەكانی كوردستان بە مەبەستی زەربەوەشاندن لە هێزەكانی كوردی ئوپۆزیسیونی رێژیم و، پێكهێنانی تەقینەوە و ترۆر و تۆقاندنی ژن و منداڵی نێو كەمپەكانی نیشتەجێی ئەوان لە كوردستانی عێراق. بۆ ئەو مەبەستە پرۆپاگەندەیەكی زۆری لە راگەیەنەكانی خۆی دەست پێكردووە بە مەبەستی خۆشكردنی زەمینەی ئەو هێرشە. نموونەكەی راپۆرتێكە لە ناوەندی خەبەری”تسنیم”ی سەر بە سپای پاسداران بڵاوی كردوەتەوە ئێمە ٥ حیزبی ئوپۆزیسیونی كوردی ئێران كە لە (ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران) پێكەوە كاری هاوبەش دەكەین، داوامان ئەوەیە، وێڕای ئاگاداربوون لە پیلانی دەستدرێژیە بەردەوامەكانی رێژیمی تاران، هاوكاریمان بكەن بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانی دەستدرێژیكەرانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەر رێگەیەكی گونجاو، پێش ئەوەی ژمارەیەك خەڵكی سویل لە سنووری كوردستان یان لە كەمپەكانی كوردە ئاوارەكانی ئێران هەڵکەوتوو لە هەرێمی کۆردستان ببنە قۆربانی هەر بۆیە بۆ ئەو مەبەستەش روو لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆنسولی وەڵاتان لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دەكەین لە هەر جۆرە هاوكاریی و پاڵپشتیەكی مەعنەوی درێغی نەكەن و پشتیوانمان بن.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران 26/7/2018