سڵاو لە شەهیدانی قەڵای دیموکرات و شارەکانی سنە، مەریوان و میاندواو

هاشم كه‌ریمی:: لە پێشدا سەری رێز دادەنەوینم بۆ هاورێیان کەریم، ئیبراهیم، نەسرین، رەحمان، سوهەیلا، هاشم، عوسمان، کەریم (مام شێرکۆ)، هاورێ، پێشەوا، جەمال ، و مەنسور و‌ سەرنجام ئاخرین زیندوویادی قەڵای دیموکڕات هاوڕێ محەمەد حەسەن پوور، کە چەند کەسیان لە هاوڕێیانی لەمێژینەم بوون و هەر وەها بۆ هاورییان فاڕووق حەسەن خەیات و موختار قادرپوور لە پێشمەرگەکانی حدکا و شەهیدانی ئەشکەنجەگاکانی رژیمی ئیسلامیی ئێران، رامین، زانیار، لوقمان و کەمال.

رژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی چەندین قەیرانی نێوخۆیی ودەرەکی بۆتەوە کە هەروا بە ئاسانی بۆی چارەسەر ناکرێ. بۆیە، بەو شیوە دڕندانە و بێ بەزییانە هەوڵسوکەوت دەکا و دەیەوی لاوازیەکانی خۆی داپۆشێ و وا پیشان بدا کە هێشتا بە ‌هێزە و خاوەنی مووشەکی دوورهاوێژە کە دەتوانێ نەیارانی نێوخۆیی خۆی لەنێوبەرێ.

b_300_220_16777215_00_images_BAYANNAMA-RAGAYANDRAW_shehidani_qela2.jpgسێناریۆکانی مووشەکبارانی کۆیە بریتین لەم چەند خاڵە و رەنگە شتی دیکەش. یه‌كم کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی به‌ كوردانی ئوپۆزسیون دەڵێن کە ئێمە قەدەر قودرەتین ودەتوانین لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیشەوە لێتان بدەێن. هاوكات په‌یامێكه‌ بۆ حیزبەکانی باشووری کوردستان کە دەبێ بچنە ناو ئەو هاوپه‌یمانیەی کەسەر بە ئێمه‌یه‌ کە حکوومەتی عێراق پێک دێنێ، ئەگینا مووشەکەکانمان دەگەنە هەولێر و سلێمانیش. هاوكات بە وڵاتانی ئیسڕائیل و عەڕەبستانی سعوودی و شێخ نشینەکانی کەنداوی فارس پیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامی خاوەنی چ جۆرە چەکێکی کوژەر و وێرانکەرە.
چەندین ساڵە بە هۆی گەندەڵی و قۆرغکردنی بناغە سەرەکییەکانی ئابووریی وڵات لە لایەن توێژێکی ئاخوندەکان، سەرانی سوپای پاسداران وهێزە نیزامی و ئینتیزامیەکانەوە و لەم دوایەش بە هۆی گەمارۆی ئەمریکاوە، ئابووری ئێرا ن تووشی قیرانی قووڵ بووە و بایی ریاڵی ئێران لە ئاستێکی کەموێنە دا دابەزیوە، و شتوومەکی پێویستی زۆر گران بووە. ئه‌مانه‌ به‌ گشتی بۆنەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک؛ کە تەنانەت سەرۆک کۆمار لە لایەن مەجلیسی شۆڕای ئیسلامییەوە دەکەویتە ژێر لێ پرسینەوە. ئەوە بێجگە لە ناکۆکیی باڵی بەناو ئیسڵاح خواز وتوندڕۆی رژیم و هەروەها دەردەکانی کۆمەڵایەتی وەکوو درۆکردن و ریاکاری بە ناوی ” تقیە ” و بەرتیل خواردن، و تووشبون بە مادە هۆشبەرەکان و دزی و دەستدریژی بۆ سەر ژنان و منداڵان و زۆر کێشە و گرفتی دیکە کە کۆمەڵگەشیان تووشی قەیران کردوە.

ئێران لە بارەی سیاسەتی دەرەوەشدا وەک جاران ناتۆانێ بە حاسانی ئەسپی خۆی لێخوڕێ و گاڵتە بە چارەنووسی گەلان بکا و “شۆڕشی ئیسلامی” لە کەربەلاوە بۆ قودس رەوانە بکا! ئێستا لە سووریە بە هۆی گوشاری ئەمریکا و ئیسڕائیل و بۆمبارانی پەیتاپەیتای پایگاکانی لە سوریە لالایەن ئیسرائیلەوە (بە وتەی سەرچاوە فەرمی‌یەکانی ئیسرائیل، ئەم وڵاتە لە ماوەی رابردوودا ٢٠١ چالاکیی وەک بمباباران و موشەک بارانی دژی پێگە و ناوەندە نیزامیەکانی ئێران لە سووریە بەڕێوە بردووە، کە سەدان کوژراو و بە میلیارد زیانی ئابووریی پێگەیاندوە)، وا وێدەچێ رەزایەتی لاوەکیی رووسیەش هەبێ، خەریکە ئەو وڵاتە جێ دێڵێ . لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە دوای رووخانی سەدام حوسەین بە کەیفی خۆی تەراتێن دەکا و هیندێک لە تاقمە شێعەکانی پڕچەک کردوە و دەیەوی هێژموونی خۆی لەو ولاتە بپارێزێ، لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە و شارە شیعەنشینەکانی تردا دەرکەوت کە ئەو کاریگەرییەی جارانی نەماوە و تەنانەت لە بەسرە کونسولگەریەکەی لە لایەن نارازیانەوە دەسووتێ و بەو حیسابە هیلالی شێعە لە ئێرانەوە بۆ لوبنان دەبێتە بڵقی سەر ئاو.
راستە هێشتا چەند وڵاتی ئوروپایی و چین بۆ پاراستنی بەرژوەندیی خۆیان پێوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران باشە، بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی مل بۆ ویستی ئەمریکا رانەکێشێ، ئەوانیش ناچارن لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا، ئەوەی کە لەباری ئابوورییەوە خێری زیاتری بۆیان هەیە هەڵبژێرن، واتە ئەمریکا. تەنیا دەمێنێتە چەند وڵات کە لەبەر نێوان ناخۆشیان لەگەڵ ئەمریکا پێوەندی باشیان لەگەڵ ئێرا ن هەیە، کە لە باری ئابوورییەوە نەخشی ئەوتۆیان نیە. رووسیە و تورکیە -کە تورکیەش تەنیا لە سەرکورد کوشتن هاودەنگیەتی- ئەگینا لە کێشەی سوریەدا ناکۆکیان هەیە. هەرچەنەند چەند رۆژ پێشتر کۆماری ئیسلامی لە گەڵ رووسیە و تورکیە لە تاران لەسەر کیسەی سووریە و بەتاتبەت هێرش بۆ سەر “ئەدلێب” کۆبوونەوەی سی قۆڵیان هەبوو و بێگومان چراسەوزی لە لایەن ئەودوو ریژیمەوە بۆ ئەم بۆردمانە دراوەتێ و رەنگە بە هۆی رووسیە یان تورکییەوە ئەمریکاشی ئاگادارکردبێ بۆ ئەوەی لە گەل فرۆکەکانی ئەمریکا کە دایم بەسەر هەرێم و عێراقدا دەسووڕینەوە، تێک نەئەنگوون. ئه‌گه‌ر وابێ كه‌ واته‌ له‌م ساڵدا سێ جار ئەمریکا خەیانەتی بە میللەتی کورد كرد: لە کەرکووک و لە عەفرین و لە کۆیە..
رژیمی کۆماری ئیسلامی لەو کاتەوەی هاتۆتە سەرکار لەبەرئەوەی گەلی کوردستان داوای ئازادی و دیموکڕاسی و بە رەسمی ناساندنی مافی نەتەوایەتی خۆی دەکا ، بە دایم لە ژێرهەڕەشە و کوشت و بڕی ئەو ریژیمەدا بووە، هەر لە داسەپاندنی شەر تا کوشتاری خەڵکی دەیان گوندی کوردستان تا گرتن و ئەشکەنجە و ئیعدامی بە کۆمەڵی رۆڵەکانی ئەو گەلە تا تیرۆری رێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبەکانی کوردستان و تا کوشتاری رۆژانەی کۆڵبەران کە لەبەر بێدەرەتانی پەنا بەو کارە بە زەحمەت و پرمەترسیە دەبەن . ئاخرینیش هاوکات لەگەل لەسێدارەدانی رامین و زانیار و لوقمان، موشەکبارانی قەڵای دیموکڕات بوو. کە دیارە ئەوە ئاخرین جەنایەتی ریژیم نابێ. لە گەڵ ئەوەش گەڵی کوردستانی بۆ بە چۆکدا نەهاتووە ونایەت کە مانگرتنی یەکپارچە و گشتیی تێکڕای شارەکانی کوردستان بە داخوازیی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسی‌یەکانی کوردستان لە رۆژی ٢١ی خەرمانان، وەڵامدانەوەیەکی بەتین و گاریگەر بە کۆماری ئیسلامی بوو. وەڵامدانەوەیەک کە رەنگدانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بە داواوە بوو تا ئەو ڕادەیە کە کارناسانی سیاسی بە وەرچەرخانێک لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لەم ساڵانەی دواییدا هەڵی دەسەنگێنن.