خوێن لە باڵای نیشتمانم ئەچۆڕێت. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئەم بەیانییە
پێش ئەوەی خۆر
سڵاوێکی رووناک لە نیشتمان بکات

 

لە رۆژهەڵاتی وڵاتەوە
رەشەبای مەرگ هەڵیکرد و
ئاگری چاوی ژیانی کوژاندەوە
لەو دەمەدا کە بایەقووشەکانی عەجەم
ناوی ئەستێرەکانیان ئەخوێندەوە
کە دەبێت رووناکیان خامۆش بێت
ئاگام لە دکتۆر قاسملۆ بوو
بە گوێی پێشەوا قازیدا چرپاند
ئەمڕۆ رامین و سوهەیلە
دێنە دیدارمان
ئەوان بۆنی خاکیان لێدێت و
خەونی ئازادییان پێیە
هەواڵی ئەو ریشۆڵە ئازادانەیان لایە
بە دارلاستیکی مناڵەکانی سیغە
لە خەونی فڕیندا دەخرێنە خوارەوە
لەو کاتەدا کە ئەژدیها عەمامە لەسەرەکانی تاران
پێکی فرمێسکی “دایکە شەریفە”یان هەڵدەقوڕاند
ئاگام لە شەرەفکەندی بوو
بە خۆی و چەپکێک گوڵی سپییەوە
چوو بووە گوندی ئەڵمانە و
بە کاک فوادی ئەوت
ئەوەتانێ “زانیار”ی تۆ و
“سوهەیلە”کەی من
لە بەهەشتی شەهیدان ژوانیان هەیە و
پێویستە بە خوێناوی خۆمان
گوڵی رەشەکانی دەستیان سوور بکەین
ئەمشەو بەر لە سەحەر
خەونێکم بینی، لە سنە بووم
رامین بە سواری ئەسپی ئازادییەوە
لە ئاویەر سەر بەرەو خوار دەهات
ماڵی دایکە شەریفە پڕ پڕ ببوو لە فریشتە
پڕ پڕ بوو لە پەپولەی باڵ سووتاو
ماڵیان ببووە دورگەیەکی تەڕ
لە دەریای گریاندا
ماڵیان ببووە سەکۆیەکی سەربەست
بۆ پێکگەیشتنی گوڵ و پەروانە
رامین هاواری ئەکرد
ئەمڕۆ، بەڵی هەر ئەمڕۆ
دوکەڵی مەرگ دەخرێتە چاوی ژیانمەوە
ئەستێرەیەک لە ئاسماندا دەکشێت
هەر بە بزەیەکەوە ئەیووت
گەلۆ، ئەو رۆژە لە بیر مەکەن کە دێمەوە
خۆم و ئازادیی پێکەوە دێیینەوە
کە هاتمەوە گەردەلولم لەگەڵە
مێزەر و عەمامەیان هەڵدەگرم و
تاکو زبڵدانەکانی مێژوو داینانێم
ئەمشەو لە خەونمدا
b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_shehidani_qela2018.jpgلە مهاباد بووم، شار خرۆشا بوو
بۆکان بەخۆی و رووبارێک فرمێسکەوە
سەقز بە خۆی و زەریایەک تووڕەییەوە
شنۆ بە خۆی و شاخێک لە ورەوە
سەردەشت بە خۆی و جەرگی سووتاوییەوە
هەر هەموویان لە مهاباد بوون
یەک یەک دەچوونە سەر مەزاری پێشەوا و
بە دەسماڵی غەم چاویان ئەسڕی
بە دەنگێکی چەخماخەئاسا ئەیانووت
ئەمجارە بوکە رەشپۆشەکەی رۆژهەڵات
ناوی سوهەیلەیە و
بە کەژاوەی خوێنەوە دێتەوە
ئەم شەو، لە خەونمدا لە مەریوان بووم
بانە بە جلێکی رەشەوە میوان بوو
جوانڕۆ لایلایەی بۆ ئەکرد
کرمانشاه شیوەنی بۆ ئەگێڕا
“زانیار و لوقمان”م بینی
بەرەو پیری کاک فواد ئەچوون
ئەیانووت ئەی گوڵە سوورەکە
تۆ خۆت گوڵێکی تەنیا بوویت
ئێستا رۆژهەڵات بووە بە باخ و
هەر رۆژەی گوڵێکی سوور
پێشکەش بە خاک ئەکات
ئەوەتانێ ئێمە دوو گوڵی سوورین
لە باخی خەبات و شۆڕشەکەی تۆدا
وەک گوڵەباخ سەرمان دەرهێناوە و
مژدەی بەهاری وڵاتمان بۆ هێناویت
ئەم وەیشومەیەش تەمەنی زۆر کورتە
هەر لە تەمەنی داڵغەی قەلەڕەشێک ئەچێت
هەروەک تەمەنی لقە دارێکی وشکە
لە ئاگردانی خۆڕاگرییماندا
ئەمشەو لە خەومدا
بە ئوتوبوس شار بە شاری رۆژهەڵات
بە نیازی دۆزینەوەی سەری خۆم
لە گۆڕستانی شەهیداندا وێڵ بووم
ئەوەی لەوێ نەبوو من بووم
ئەوەی لەوێ بوو “نەسرین” بوو
لە ناو ئینجانەی خوێنی خۆیدا
تۆوی بەرخۆدانی ئەڕواند
چاوی بڕیبووە
لەشی دایکە نیشتمان
کە لە هەموو لاوە رمی عەجەمی تێ دەگیرا و
جۆگەلەی خوێنی لە سنەوە رێچکەی گرتبوو
بە مەریواندا تێدەپەڕی و
لە کۆیە بوو بە رووبارێک
ئەمشەو لە خەومدا لە رۆژهەڵات بووم
بە بەرچاوی دایکە نیشتمانەوە
جەرگی کۆرپەکانی ئازادییان
بە خەنجەری ژەنگاویی
دەستی ئاخوند ئەبڕی
کاتێک لەم خەونە ناخۆشە بێدار بوومەوە
بینیم باڵای نیشتمانم خوێنی لێ دەچۆڕێت و
چاوی چل ملیۆن کوردیش فرمێسک
**
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
8-9-2018