کۆماری ئیسلامی ئێڕان بێ شەڕ ناژی. دانیار جیهانی

کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی تری جیهان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ دوژمن ناژین و هەمیشە دوژمنێک بۆ خۆیان پەیدا دەکەن و ساز دەکەن. ئەگەر دوژمنێکی دەرەکی یان هەبوو ئەوە بە خەڵکی ناوخۆیان دەڵێن کە ئێمە بەرگریکاری وڵات و نیشتمان و ئایین و میللەتین و دەبێ هەمووتان ملکەچی دەستور و یاساکانی ئێمە بن و ئامادەبن بۆ جەنگ. ئەگەر دوژمنی دەرەکی یان نەبوو، ئەوا دوژمنێک یاخود چەندان دوژمنی ناوخۆ پەیدا دەکەن، جا ئەو دوژمنە جیاوازی میللی یان هەبێ یاخود مەزهەبی یاخود کەلتوری و هتد… لە بەرامبەردا چینێکی میللەت کە ئاین یا میللیەت یا مەزهەبی هەمچەشنی وەک ڕژێمەکەیان هەبێ ئامادە دەکەن و هاندەدەن کە لە دژی میللەتە جیاوازەکەی کە دژ بە ڕژێمن بکەونە جەنگەوە و وا ترس و تۆقین دەخەنە ناو دڵیانەوە کە ئەگەر چینە بەشخوراوەکە بە مافەکانی خۆی بگات، ئەوا یەکپارچەیی خاکی وڵات دەکەوێتە مەترسی یەوە و تەواوی مافەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکەوێتە مەترسی یەوە.
ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرانە دژی هەموو چەشنە مافێکی میللەتانی بەشخوراون، جۆرەها تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ دروست دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان جوداخوازن، تیرۆریستن، باندی مافیایین، باندی قاچاخچێتی ماددەی بێهۆشکەرن، سەر بە فڵان وڵاتانی دەرەوەن، دژی ئایینن و مفسد فی الارضن و هتدن… لە ڕاستیدا وڵاتانی دێموکڕات و سۆسیالیزم تەنانەت سەرمایەدار و کاپیتالیزمەکانیش هەرچەند میللەت، ئایین، زمان، فەرهەنگ و کولتوری جیاوازیان هەبێ بە سەرمایەیەکی گەورەی میللەت و وڵاتانی خۆیانیان دەزانن. وڵاتێکی دێموکڕاتی وەک سوئیس خاوەنی چوار زمان و میللەتی جودای ئاڵمانی و فەڕەنسی و ئیتالی و ڕۆتۆڕۆمانین، کەچی میللەتانی جودای وڵاتەکەیان خاوەنی هەموو مافێکی یەکسانن و یەکێک لە میللەتانی ئاسودەی دنیان. ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی وەک کۆماری ئیسلامی و سەددام و ئەردۆگان بەهەموو هێزێکیانەوە هەوڵی لە ناو بردنی کوردیان داوە و لەڕاستیدا کە لە هەر شەڕێکی دەرەکی کە تێکشکاون، غەزەب و توڕەیی و دڵڕەقی خۆیان بە سەر کورددا تاقی کردۆتەوە، وەک ئەوەی سەددام و ئەردۆگان تاوانەکانیان گەیاندە بەکارهێنانی چەکی کۆکوژی کیمیایی و بەهەزاران کوردیان شەهید کرد.
ڕژێمی ئاخوندی ئێران کە ئێستا لە ژێر فشاری گەمارۆی ئامریکا دایە، وەک ماری برینداری لێهاتووە و هەموو ڕق و کینی خۆی لە کوردی بێ بەرگری و بێ دەرەتان خاڵی دەکاتەوە. سڵ لە لەسێدارەدانی هاونیشتمانیانی کورد ناکاتەوە و ژن و منداڵی حزبی دێموکڕاتەکان موشەک باران دەکا و خەڵتانی خوێن دەکا و شانازیش بە کردەوەکانی خۆیەوە دەکا. ڕژێمی شەمشەمە کوێرەی ئیسلام زاتی ئەوە ناکا لە بەرامبەر ئیسڕائیل و ئامریکا ورتەی لێوە بێ، چونکە ئەوان دەزانن کە چۆن تەمبێ ی دەکەین. بەڵام ئێستا کە میللەتانی ئێران لە ژێر گەمارۆی ئابوریدا پشتیان بۆ هەڵنایەتەوە، کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی دەیەوێ ئاشوب و فیتنەی زیاتر لە نێوان میللەتانی ئێران ساز بکا و کوردی ناوخۆی ئێران دەکا بە دوژمن و لە بەرامبەردا دەیهەوێ میللەتانی تری وەک فارس و تورکی ئازەری هان بدا، بەوەی کە کورد لەگەڵ ئامریکا و ئیسڕائیل دایە و گەر پێسیان پێ نەگرین ئەوا کوردەکان جودا دەبنەوە و خاکی ئێران پارچە پارچە دەبێ. هەر بۆیە دیکتاتۆرەکان نانی شەڕ دەخۆن و بە دروستکردنی دوژمنی بێ دەستی وەک کورد ئەوا درێژە بە تەمەنی خۆیان دەدەن، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوە پەلەقاژەی مەرگیانە و تاوەکو سەر ناتوانن درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن.
دانیار جیهانی
١٢/٠٩/٢٠١٨