قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بە سەر! نووسینی مامۆستا عەبدوڵلا پەشێو

تا چرای ئێمە نەسووتێ،
ئێوە هەرگیز ڕووناکایی
نابینن بە چاوی خۆتان.

تا ئێمە دیل و کۆیلە بین
هەر کۆت و نیر
نۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!

قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
گەر بشمرین
تەنیا دیلی دەدۆڕێنین،
چ هەیە لە دیلی تاڵتر؟
گەر بشمرین هەر سەرکەوتووین،
کوا لە کۆیلەی شەهید زاڵتر؟

قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بکەن بە ماڵ،
لێ ناگەڕێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەڵ‌ داڵ.
گەر هیچ نەبێ
‌دەبینە خاڵۆزەی بێستان،
زیوانی ناو دەغڵ و دانتان.
دەبینە لم،
دەچینە ناو پارووی نانتان.
دەبینە مار،
پەپکە دەخۆین لە ناو نوێنتان.
دەبینە شێرپەنجە و میکرۆب،
گەرا دەخەین لەناو خوێنتان.
دەبینە کوان،
هەردەمەو لە جێیەک دەردێین.

دەبینە ژان،
لە سەد لاوە تێتان وەردێین.
دەبینە ژێرووی هەزار پێ،
دەم گیر دەکەین لە گەرووتان.
دەبینە تامیسکەی سەر لێو
باپشکێوی سەر پێڵووتان.

قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بەسەر!
دوای مردنیش،
لێ ناگەڕێین نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێ ناگەڕێین گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ.

شایی بکەن ـ دەیکەین بە شین.
پرسە دانێن ـ کاستان دەکەین بە پێکەنین.
دەبینە لەکەی زمان و تانەی سەر چاو،
دەبینە مووی ناو خۆراک و خڵتەی ناو ئاو!
تا چرای ئێمە نەسووتێ،
ئێوە هەرگیز رووناکایی نابینن بە چاوی خۆتان،
تا ئێمە دیل و کۆیلە بین،
هەر کۆت و نیر،
تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!

پەشێوـ 1983