قادر و خەزاڵ. نووسینی لەیلا قادری ( ساکار )

نەورۆزی ساڵی 77ی هەتاوی (98ی زایینی)
چەند پاروو سابوونی بۆنخۆش و چوار کیسە خەنەو هێندێک سمڵ و مێخەکمان کڕی و کردمانە دیاری دەستی خۆمان… کاک “حەبیب”ی شۆفیر، بە پەیکانە شڕەکەی، پاش فراوین (نەهار) هات و هەڵیگرتین و پاش چارەگێک لە نێودێ دایبەزاندین.
پوورە خاوەر، بۆرە خزمێکی بابم بوو…
مێردی بە ماڵێکی سێحەب تایفە کردبوو، هەر پێی دەکرا کەوشی خزموکەسی کاک برایم جووت کا، گەر خزمێکی خۆشی سەری لێ هەڵێنابایە، شاگەشکە دەبوو لە خۆشیان…
هەر بۆیە هەر کات دەچووین، دە خولەک هەر ماچی دەکردین و لەگەڵ هەر مڵچەیەک دەیکوت: برایم دیوتە ئەوە کەسەکانی منیش هاتن…
خودا هەڵناگرێ، کاک “برایم”یش پیاوێکی وێچوو، هەڵکشاوو داکشاو و هەروەها پیاوی سوڵح و مەسڵەت و خوێن‌کووژانەوە بوو.
شەو داهات و باسی زۆربەی خەڵکیی نێودێ کرا و ماڵات و پاتاڵی زۆر کەسیان لێک داوە…
هەیوانەکەیان دەیڕوانییە حەساری دوو ماڵی هاوسێیان. (ماڵی سەید عوسمان و حاجی قاسم)…
لە نەکاو پیاوێکی “کەواوپاتۆڵ‌لەبەر”ی “کورتەباڵا”م دیت بە ماتەماتە وەسەر دیواری ماڵی سەید کەوت و ئاوەژووی ئەو دیو بۆوە.
زۆر شڵەژام، ترسام نەکا ئەو ماڵە پێشمەرگەی لێ‌بێ و ئەوەش جاش بێ…
کاک برایم کوتی: ڕۆڵە پێشمەرگە کوا لە ناوچە دایە!

کوا، چی لێهات؟ یەکی چۆن بوو؟ چووە ماڵی کێ؟

پاش دوو خولەک، ژنێکی باڵابەرز لە پەنجەرەی وەتاغەکەڕا هاتە خوارێ و لەگەڵ کابرا تێک‌هاڵان، بەڵام دموچاوی هیچیان دیار نەبوو…
ئەوەی ڕوون بوو، ئەو ماڵە کچی جحێڵیان نەبوو.
کەڵەباب‌خوێنی بەیانی کە پوورە خاوەر و دایکم تەندووریان داخست، لە بەر دەستیان‌دا وەک ودودە دەهاتم و دەچووم و زۆرم پێخۆش بوو سەر لە ژوانی شەوی ڕابردوو دەرهێنم.
پنە، ڕفێدە، تیرۆک، کەوڵ و ئاوردووم بۆ تەیار کردن و ویستم خۆم بدزمەوە، لە نەکاو گێژەلووکەیەک ساز بوو، ڕەهێڵە و لێزمەی باران، هەموو خەڵکیی بە ژوورێ‌دا کردەوە…
هەوری بەهار بوو، هات و ڕۆیشت…
بە تاڵووکە خۆم گەیاندە ماڵی سەید عوسمان…
هەرچی هەرام کرد، کەس نەیکوت: فەرموو…
لە نێوەڕاستی”نێوماڵ”ەکە کوتم: ئەرێ ماڵەکە میوانتان ناوێ؟ دیتم ژنێکی جوان‌ و چەلەنگ و نەرمەنیشک لە وەتاغێ هاتە‌ دەر (قەد باریکەی سنەوبەر)…
حەپەسابووم، زمانم نەدەگەڕا. هەر باڵابەرزەکەی دوێنێ شەوێ بوو…
کوتی: چۆنی خانم گیان؟ کچی کاک”ڕەحیم”ی؟ بەخێرێی…
کوتم: بەڵێ، بە میوانی هاتووین بۆ ئێرە و کوتم بزانم کچی جحێڵتان هەیە لەگەڵی بچمە نێو ئەو چیمەن و مێرگانە…
کوتی: ناوەڵا، دشەکانم هەموو مێردیان کردووە و کچی وەک تۆیان هەیە…
من لەگەڵت دێم، ڕاوەستە با قەڵەمێک بە چاوم دابێنم.
خەزاڵ خۆی لە گوڵێ داو کۆڵوانەیەکی مەخمەری گوڵینگداری لە کۆڵ کرد و ڕۆیشتین بەرەو مێرگوزاری بەر ماڵان.
سیغارکێشێکی پێ نەچوو، کابرایەکی خڕیلانە(ئەوەی دوێنێ شەوێ)بە بزەبز و حیزەحیز پێشاوپڕی داینەوە.
ئاگام لێ‌بوو خەزاڵ پێی کوت: هەر وەختی جاران، هیچت لەبیر نەچێ گەزۆ گیان…
کابراش، یەکی قوون لێ‌کەوتووی بەدسەکوت، بە گەدو گیپاڵێکی قڕڕەوە لێی هاتە پێش و پێی کوت: هەموو کەسوکارەکەم بە قوربانی ئەو پێکەنینەت بێ، چۆن شێتت کردووم!!! نیگەرانی هیچ مەبە، ئەمنت لە پشتم.
کابرا ئەوەندەی کوت و ڕێگای خۆی خوار کردەوەو ڕۆیشت…
هیچ وەسەر خۆم نەهێنا، ئەننەهوو هیچم نەدیتووە و نەمبیستووە.
کوتم: باجە خەزاڵ، منداڵت نییە؟
کوتی: چۆن نیمە لەیلا گیان! سێ منداڵم هەیە، هیچیان ناچنە قوتابخانە، وەک تۆ چوونەتە سەردانی ماڵی پووریان لە قەرەکەند.
پێکەوە زۆرمان گۆرانی کوت و زۆر خولاینەوە…
پاش کاژێرێک ماڵئاواییم لێ‌کرد و چوومەوە ماڵی.
ئەو شەوە هەموومان بانگهێشتی ماڵێکی دیکەی نێودێ بووین. بەپەلە شێوەکەم خوارد (بەربەسێڵ بە گۆشتیی گیسک) و خۆم هێنا حاڵی جاوی…
بووکی پوورم و خوشکەکەم لەگەڵم گەڕانەوە، گەرچی دوو سێ کاژێری مابوو بۆ کاتی ژوانەکەیان. مەعتەل بووین و چاوەڕوانمان کرد…
لەو شەوەزەنگەدا، کابرامان دیت کە بە هەڵەداوان و بە پەشۆکاوی دەرگای ماڵی خۆیانی کردەوە (کوڕی گەورەی حاجی قاسم بوو) و لەسەر پەنجە گەڕاوە بن دیوارەکەی ماڵی سەید عوسمان و خەزاڵی لەسەر دیوارەکە داگرتە خوارێ و باوەشێکیان پێک داکرد و ڕایانکرد…
خەزاڵ، بوخچەیەکی پێ بوو، وێدەچوو جل و شتومەک بێ.
ئەو شەوە تا بەیانی سەرم نەخستە سەر باڵنج…
کازوکووزی بەیانی، گاڵەگاڵ و قاوەقاو لە ماڵی جیرانان ساز بوو…
دایکی کوڕە، بە گریان و کاوەکاو و لەخۆدان، خۆی بە ماڵی پوورم داکرد.
کوتی: ماڵم کاوڵ بوو، “قادر”ی جوانەمەرگ بووکەکەی سەید”عوسمان”ی هەڵگرتووە و یەکسەر تێی قووڵاندووە بۆ لای عێراقێ.
ئێستاش خێزانی دەڵێ: چون ئەو ئەتکەی پێ کردووم و لە نێو دۆست و دوژمن‌ شکاندوومی، شەرت بێ شووشەیەک دەرمان دەخۆمەوە و منداڵی بۆ ئاوارە دەکەم …
کاک برایم کوتی: حاجی‌ژن، چەند جارم بە گوێ هەڵێنای و کوتم: بە قادر بڵێ عەیبه، دەست هەڵگرێ، ئێوە پێڵاوی غەریبیتان لەو ماڵە کراوە، تا دوو ساڵیش بە “دەوە”و ڕزقی ئەوان بەڕێدەچوون…
وەڵڵاهی ماڵی بابی ئەو سەید”عوسمان”ە، نانیان بە متفەڕک دەڕۆیشت، چاکە جادەی.
ئەی نەتکوت: یاخودا هەر کەڵەبابی من بێ و لە سەربانی خەڵکیی بخوێنێ!!!؟؟
ئیدی ئەو گوڕۆزی و گریوەگریوەی پێ ناوێ…
لێی گەڕێ با بیگرن و دارێکی تەڕی لە …بڕن.
مێردی خات “خەزاڵ”ێ، لە باشووری ئێران لەسەر کۆمپاین بوو…
کاتێ ئاگادار بۆوە، ژنەکەی ڕەدوو کەوتبوو (هەڵگیرابوو)…
سێ منداڵی سەرو پێچکە و نێونیتکەیەکی ناخۆش و دایک و بابێکی پیری بە سەردا بەجێ مابوو.
هەزار ڕەحمەت لە پێشینیان، لە خۆڕا نەیانکوتووە:
“دڵ لــــە ســــەرووی جــــەرگـــەوەیــــــە”.

قادر، خەزاڵی ڕفاند و ڕۆیشت بۆ گەرمێنێ…
خێزانی چۆوە ماڵە بابی و سارای باربەهاشی بە چاوی بە فرمێسک و هەناسەی ساردەوە ماڵ و مێرد و منداڵی جوانی بەجێ هێشت و گەڕایەوە ماڵە بابی (حاجی قاسم)…
قادر، ژیانی سێ بنەماڵەی شێواند و ژێرەوژووری کرد و هەمووی لە ماچێکی خات خەزاڵێ دا…
یەستاش هەر لە باشووری کوردستان دەژین و دوو منداڵیان هەیە.