“سەربەخۆیی دواین شکۆی سیاسی نەتەوەکانە”

داڵاهۆ کرماشان
فاکتگەلی وەک شۆڕشی پیشەسازی، گەشەی ئایدۆلۆژیاکان، شەڕە درێژماوەکانی ناوخۆی ئوروپا و،،،  هۆکاری سەرەکی داڕمانی ئیمپراتۆرەکان بوون. درووست بوونی سەد و نەوەد دەوڵەت لە سەر بنەمای چەمکی دەوڵەت ـ نەتەوە ئاکامی پرۆسەیەکی مێژووییە کە لە سێ بڕگەی زەمەنی وەک سەردەمی دوای شەڕی ویستفاڵی،شەڕەکانی یەکەم و دوهەمی جیهانی و کۆتاییەکانی شەڕی سارددا پێکهاتوون.لە هەر بڕگەیەکدا دەیان نەتەوە تەپڵی سەربەخۆییان لێداوە و بە بێ ئەوەی زەختێکی وەهایان لە سەر بێ سەربەخۆییان ڕاگەیاندوە و لە کۆمەڵگای نەتەوەکاندا بە فەرمی ناسراون. لە چاخی ئێمەدا کە دەوڵەتان دەستیان بە دواین تیکنۆلۆژی سەربازی گەیشتوە ، سنوورەکانیان کۆنکرێتی کردوە، ئابووری و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان ئەوان و زلهێزەکاندا درووست بووە و ،،، هتد ئایا دەکرێ وەک ڕابردو پرسی سەربەخۆیی بەو ئاسانیە لە لایەن نەتەوە بندەستەکانەوە بێتە ئاراوە؟؟

بەر لە هەموو باسێک دەبێ بگوترێ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرس و بەرژەوەندی و خەسارەکانیان لێک هەڵپێکراوە کە ناتوانی بە بێ خوێندنەوەیەکی ناوچەیی باسەکان تاووتوێ کەیت. ئابووری تاک مەحسوڵی( نەوت و گاز) لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەنانەت دنیای ڕۆژئاوای بە هۆی بەرژەوەندییەکانیانەوە وەک چاوەدێرێکی سیاسی و چەکداری لە هێنانە ئارای پرسە گەورەکاندا،دەخیل کردوە. بۆ نەتەوە بندەستەکان شەڕ و ئاڵۆزی وڵاتانی ناوچەکە باشترین هەلە بۆ دستەبەر کردنی مافەکانیان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی وەک چەمکی فیدڕاڵی کە لە هەموو جاڕنامە و بڵاڤۆکەکانی نەتەوەکاندا دانی پێدا نراوە. وڵاتانی فرمۆڵی سایکس ـ پیکۆ لە ڕاستیدا هەم باوڕیان بە ڕەچاوکردنی هیچ مافێکی سەرەتایی بۆ کەمینەکان نیە و هەم خۆیان وەک دیسکۆرس مەحکوومن بە داڕمان.

ئێران لە لایەکەوە بە توندی پشتی فرمۆڵی سایکس پیکۆی گرتوە و لە لایەکی دیکەشەوە بە هێنانە ئارای تێزی “هیلالی شێعە” دەبێ چەندین دەسەڵاتی ناوچەکە کە وەک کۆسپ و لەمپەر لە سەر ڕێگادان،لە ناو بچن. ئێران ناتوانێ وەک قاشی شووتی”هیلالی شێعە ” بەشی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە دەر بێنێ و بەبێ ئەوەی پێکهاتەی هیچ وڵاتێک بشێوێ. ڕۆژهەڵاتی ناوین دۆخێکی نادیار و ترسناکی لە پێش دایە. نەتەوە بندەستەکانی ناوچەکە دەبێ چەشنی پرۆسەی دەوڵەت سازی لە ڕابردو بە تێکڕا چەندین نەتەوە کە هەلومەرجی سەربەخۆییان بۆ ساز بووە، بانگی سەربەخۆیی هەڵبدەن.

شکستی ڕیفراندۆم لە باشوور لە ڕاستیدا هۆکارەکەی تاقە سواری کورد بوو لە گۆڕەپانەکەدا.ئەگەر لە عێراق سونەکان و لە سوریا کورد و سونەکان و لە یەمەن حوسیەکان و … بە تێکڕا لە یەک زەمنی هابەشدا ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی کردایە ،شایەد هیوایەک بە سەرکەوتن ببوایە یا ببێت. لە ئیسپانیا چارەنووسی کاتۆلۆنیاکانیش بە هۆی تەنیا بوونەوە بە دەردی کورد چوو.

ئێران،تورکیا،عەرەبستان و پاکستان وەک چوار هێزی ناوچەکە کۆسپی سەر ڕێگای هەر پرۆسەیەکی دیموکراتیک و جیاوازیخوازن . لە سوریا هێشتا چەمکی سیاسی فیدڕاڵیزم سەری نەگرتوە.کورد لە سوریا لە ئاستی سەراسەریدا ڕۆڵی خەساو و تەنانەت نەرێنی گێڕا.

خەباتێکی دورودرێژ لە پێش گەلانی ناوچەکە دایە. ڕووخانی ئێران کۆڵەکەی ئەوانی دیکەش دەخاتە لەرزە.مانەوەی عەرەبستان و تورکیا ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە.لە ئێراندا وێژمانی فیدڕاڵی دەتوانێ ببێتە هۆی پەیدا کردنی هاو دەنگ و هاوڕێی سیاسی لە ناو نەتەوەکاندا. لە هەموو بابەتێک گرنگتر ئەوەیە کە ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ناوکی و کۆکوژدا بگات ئەوا بۆ ماوەیەکی دوور هەموو پرسەکان دەکەونە دواوە. ئێران لە کاتی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکە کۆکوژەکان، مەترسییەکانی هەڵوەشانەوەی عێراق و سوریا پینە دەکاتەوە.

کورد وەک نەتەوەیەکی چل میلیۆنی بێ دەوڵەت ئەگەر خاوەن ستراتیژییەکی تۆکمە بێ دەتوانێ ڕۆڵێکی گەورەی ئەرێنی لە پرۆسەی سیاسی ناوچەکەدا ببێ.کوردەکان پێویستە بۆ بەرژەوەندی حیزبی نەکەونە سەر هێڵی دەوڵەتانی پاوانخواز.

کۆتایی باس ئەوەیە کە دروشمی سەربەخۆیی کات و هەلومەرجی خۆی دەوێ ،ئەرکی شۆڕشگێران لەم چاخەدا گەشەی پرسی نەتەوەگەرییە لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا. هەتا ئەحزابی نەتەوەیی زۆر بێ ئەحزابی ئیسلامی و چەپ حوزوریان کەمڕەنگتر دەبێتەوە.ئەحزابی ئیسلامی لە ناوچەکە تەنیا ڕۆڵی میلیشای قۆنتەراتچی بۆ دەوڵەتانی پاوانخواز دەگێڕن.ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین گۆڕانکاری درووست ئەکا پرسی نەتەوە و خاکە.پرسی سەربەخۆیی دەبێ وەک کودیتا لە هەلومەرجی خۆیدا بێتە ئاراوە چونکا ئەگەر بزوتنەوەیەکی سیاسی هەر لە سەرەتاوە بەر لە ئەزموون کردنی سیستمگەلی وەک خودموختاری،فیدڕاڵی باسی سەربەخۆیی بهێننە ئاراوە،ئەوا پرسەکە بە هۆی دوور و درێژی خەباتەوە دەسوێت و لە لایەن بەردەنگەکانە کەم بایەخ و ئاسای دەبێتەوە. هندێک ناوچە لە جیهاندا هەن کە هیچ بایەخێکی ژیئۆپۆلیتیک و ژیئۆ ئیکۆنۆمی نیە هەر بۆیە بزوتنەوە سیاسییەکانی ئەو ناوچەگەلە بە بێ زەختی فرە دەتوانن پرسی سەربەخۆیی بێننە ئاراوە بەڵام بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتیتر کوردستان بابەتەکە جیاوازە و خویندنەوەی ورد و زانستی پێویستە.