ڕووداوی شەڕی چەکدارانەی ئامول: سەلاح پوورئەسەد
کێشەی زەوی و زار و حیزب حیزبێنە
( بەشی ٥ و ٤ )
“اتحادیە” بناغەی کارەکانی لە سەر خەباتی جوتیاران دامەزراند بوو، بۆ ئەو مەبەستەش ھەمیشە گوریسەکەی ئامادە بوو بۆ زەوی بەش کردن. لە گەڵ حیزبی دێموکرات ، ناکۆک و ناتەبا بوو، پێی وابوو ئەو حیزبە نوێنەری بورژوا- دەربەگە و سازشکار، زۆریش دژی قیادەی موەقەت بوون. لە سەر ئەو ئەساسە بەشێکی زۆری تەبلیغاتەکەیان دژی حیزبی دێموکرات بوو. لە ئاواییەکانی بەردەزەرد، ئینگیجە و تبت لە نزێک بۆکان تێکۆشان کە زەوی بە سەر جوتیاران دا دابەش بکەن، کە لە گەڵ بەرھەڵستی حیزب بەرەو ڕوو بوون و پێیان ڕاگەیاندن کە حیزب بەرنامە خۆی ھەیە بۆ کێشەی زەوی نابێ ھەر کەس ھەستا بە گوریسەوە بە موچە و مەزرای خەڵک وەربێ. جارێکیان خەڵکی گوندی کانیسیران شکایەتیان دژی ئاغای گوند بە ناوی عباس عباسی(ھەباس ئاغای کانیسیران) گەیاندە لامان.
ژومارەیەک پێشمەرگە ئامادەکران بۆ گرتنی ھەباس، ئەمنیش بە ئیم١ یەکی کۆنەوە رەگەڵیان کەوتم.کە چوینە ناو دێ، ھەباس لە دیوەخان پاڵی دابۆوە و خەریکی چای خۆاردنەوەی قاوەڵتوون بوو . گوتیان ھەباس ئاغا ھاتوین بتگرین و دەتبەینە بۆکان.
ھەباس بە لا چاوێکەوە تەماشایەکی کردین و گوتی ھەرسێک تەڵاقم کەوێ لە حیزبی دێموکرات زیاتر جۆابی کەس نادەمەوە. بە تکا و بە زۆر ھەباسیان لە گەڵ تفەنگێکی ژ-٣ی موزەلی لە ماشێن ھاوێشتو بردمانە بۆکان. زۆری پێ نەچوو کوڕی ھەباس لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەکی حیزب ھاتن و بە بیانووی ئەوەی ھەباس سەر بە دێموکراتە، بردیانەوە. ھەر ئەو ھەباس ئەفەندیەش بۆە کاندیدی مەجلیس و خزمەتکاری ڕێژیم و ھەر حیز بیش حیاتی لێ بڕی. لەبۆکان جگە لە قادر خزری ، ئازاد و من و چەند کەسێکی دیکە کە نە ناسراو بووین و نە تەمەنمان ئەوەندە زۆر بوو ، خەڵک بمان ناسێ، کەسێکی وامان نەبوو، بەڵام لە سنە و کرماشان و مەھاباد، ژومارەیەک کەسایەتی ناسراوی وەک بنەماڵەی جلال امیری لە کرماشان، لە سنە کەسانی وەک وریا مدڕسی و لە مەھاباد کەسانی وەک صلاح شمس برھان، امیر حسنپور، پیرۆت و رسول محمدی کە گەڵ بوون کە ھەم لە باری زانایی، سەداقەت و فیداکاریەوە لە ڕێبەرانی کۆمەڵە لە سەروتر بوون، ھەر بۆیەش کۆمەڵە زۆری خۆش نەدەویستن و لە پاش ملە چ خراپ بوو پێی دەگووتن .
صلاح شمس برھان یەکێک لە ڕێبەرانی اتحادیە و دامەزرێنەری تەشکیلاتی پێشمەرگەی زەحمتکێشان خوێندکارێکی زانکۆی ئوتریش بوو کە ساڵی ١٣٥٥ واتا ١٩٧٧ ویستی لە ڕێگای تورکیەوە بگەڕێتەوە ئێران ، چەندین جار لەو وڵاتە ھەوڵی ناردنەوەی بۆ ئێران دەدرێ، کە بە ھاوکاری کونفدراسیونی خوێندکاران پێشی پێ دەگیرێ. صلاح لە لایان دادگاکانی شاوە غیابەن مەحکوم بە ئیعدام دەکرێ . صلاح شمس برھان چەند جارێک ھەوڵی تیرور کردنی درا .
ماشێنەکەی لێ تەقێندرایەوە و سەرئەنجام لە ١٢ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٥٩ (١٩٨١) دەکەوێتە بەر پەلاماری تیروریستی و گیانی لێ دستێندرێ. لە پەیوەندی لە گەڵ ئەو کردەوە تیروریستیە دا ھێندێک کەس و لایان بەوە تاوانبار دەکرێن کە دەستیان لەو کارە داھەبوە. لە بەر ئەوەھیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراو دژی ھیچ کەس ولایەنێک لە بەر دەست دانییە، بۆیە ئەو کردەوەیەش وەک ھەموو جبایەتەکانی دیکە لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیە. چونکە یەکێک لە قاتلەکان پاش ئەو تیرورە بە ناوی عوسمان خزری (عوسمانی ئایشێ ڕەش) خەڵکی مەھاباد یەکسەر بوو بە جاشی ڕێژیم.
ھەر چەند بنەماڵەی کاک صلاح ، اتحادیە و حیزبی دێموکرات وەک بەرپرسی ئەمنیەتیی شاری مەھاباد کەمتەر خەم بوون لە ناساندن و ئاشکرا کردنی عامیلانی ئەو جنایەتە و دەکرا وردتر وە دوای کەون زیاتر خۆ ماندوو بکەن کە جێگای ھیچ پرسیارێک نەمێنێ.
جارێکیان لە گوندێک باسی خەباتی چینایەتیمان بۆ جوتیاران دەکرد، پاش سەعاتێک قسە کردن یەکێک لە جوتیاران گوتی : ھەرچی خودا نەیکا نابێ، بە خوای بابم عبدی خوێڕی ھیچ نییە.. ڕووم لە ھاوڕێیەکەم کردو گوتم دە بڕۆ زەحمتکێشان ڕێک خە.
……………………………………….
شەڕی ئیران و عیراق و سیاسەتی ناڕوونی اتحادیە( بەشی ٥)
لە ناوەڕاستەکانی ساڵی ١٣٥٩ وە(١٩٨١) بە بیانوی بەر حەق بوونی شەڕی ئێران دژی عێراق، اتحادیە، تەشکیلاتی پێشمەرگەی زەحمەتکێشانی کۆ کردەوە و بەڕێوە بەران و کادرەکانیان ڕوویان لە کارگا و کارخانەکان کرد تا زیاتر بچنە ناو زەحمەتکێشان، ھێندێک کەسیان دانا کە لە گوندەکانی دەوری بۆکان بمێننەوە و کاری سیاسی لە گەڵ جوتیاران بکەن . پێاوێکی سنەیی مان بردە گوندی قاجر و ماڵێکمان بۆ دابین کرد کە لەوێ ڕا ھەم کار لە گەڵ جوتیاران بکا و خۆی وەک خەڵکی ئاسایی بناسێنێ و ھەمیش بەرپرسایەتی ناوچەی بۆکان بکا، کەمتر لە ٢ مانگ مایەوە و بۆی تەحمول نەکرا ئەویش بە دۆڵێ دا تاران بگرە و ھاتم. ئێمە چەند نەفەرێک وەک ئازاد، قادر ومن و ناسر قازی زادە کە نەیتوانیبوو پاش گیرانەوەی مەھاباد لەو شارە بمێنێتەوە لە بۆکان ماینەوە و پەیوەندیمان لە گەڵ کومیتەی سنە بوو. بنکەکانمان چۆڵ کران وئەو بنکەی کە لە شاری بۆکان ھەبوو، پاش ماوەیەک پەیکار چوە ناوی.خومەینی ھێندە ناجسن بوو حیزبە چەپ و کمونیستەکانیش وڕ و کاس کرد بوو.
بەھاری ساڵی ٥٩ (٨١) لەسەر شێوەی ھەڵوێست لە بارەی باڵەكانی ناو حاکمییەت چریکەکان کە یەکێک لە گەورەترین و شوێندانەرترین ڕێکخراوەکان بوون لە بەر یەک ھەڵتەکان و تووشی لێکترازان ھات. بەشی ئەکسەرییەتەکەی بوونە ھاوکاری ڕێژیم و دژی خەباتکاران بە قازانجی خومەینی سەنگەریان گرت. ئەقلییەتیش بوونە چەند بەش و کاریگەرییان نەما. ھەر چەند اتحادیە پێی وابوو شەڕی ئێران دژی عیراق ڕەوایە، بەڵام بۆ جاێکیش دژی جوڵانەوەی کوردستان ھەڵویستیان نەگرت.
من و ناسر قازی زادە لە ماڵی ئازاد دەماینەوە، ئەو پەڕی ڕێزیان گرتین، بە چەندین مانگ وەک کوڕی خۆیان لە ماڵەی بچکۆلانە پڕ خۆشەویستیەکەیان دەرگایان لە سەرمان کراوە بوو. جگە لە بۆکان ھەموو شارەکان و ڕێگا ئەسڵیەکان گیرا بوونەوە، گەمارۆی ئابوری پارێزەرانی ئیسلام ژیانی خەڵکی تاڵ کرد بوو، نەوت و کەرەستەی سوتەمەنی گیر نەدەکەوت. دار و باغاتێکی زۆر بڕدران و بە سەدان تراکتۆر، بارە دار و تەپاڵەیان بۆ زستانی سالی ٥٩ (٨١) گوێزتەوە بۆکان. ئەو ساڵە بە ھۆی گاز گرتویی ڕەژی ژومارەیەک لە خەڵک گیانیان لە دەست دا و ھێندێک کەسیش بە ھۆی خۆاردنەوەی ئارەقی دەست ساز کوێر بوون. وەتاغ و پێشخانەیەکمان لە نزیک جادەی کەمەر بەندی لە کابرایەکی ھەوشاری گرتبوو، کەرەسەی چاپ و بڵاوکردنەوەمان لێ دا نا بوو. حەوتووی جارێک یان دوو جاربۆ چاپ و تەکسیر لەوێ کارەکانمان دەکرد. بە ھۆی ئەوە کەسمان لەوێ نەدەژیاین، مشک کردبوویانە ماڵی خۆیان وڕمبازێنیان تێدا کرد.
ھەر دوو حەوتوو جارێک یان من یان ئازاد دەچوینە سنە و کوپی گوڤاری حەقیقەت یان بڵاو کراوەکانمان دێنا و لە بۆکان دوبارە لە چاپ مان دەدانەوە. بۆ ئەوەی توشی گیران نەبین، کەرەسەکانمان دەخستە ناو چەند قوتوی دەسماڵ کاغەزی بە ڕێکی بە چەسبی ئاوی قوتوەکەمان چاک دەکردەوە. لە پرسگەکان ھەر پێیان وابوو کە تەنیا دەسماڵ کاغەزیە و ھیچیتر، بۆیە سەرە ڕای بازدیدە توندەکانی سەر ڕێگای سەقز-سنە قەت پێوە نەبووین.جارێکیان شەھید ئازاد بە ھێندێک ئیعلامیەوە لە گاراجی سنە بۆ سەقز دەگیرێ. بەڵام لە کاتی پرسیار دا دەڵێ من لە گەڵ باوکم ھاتبوو میوە بکرم بۆ دوکانەکەمان لە بۆکان، جێگام نەبوو لە گەڵیان بڕۆمەوە و ھاتمە گاراجی ئێرە و کابرایەکی شەل ئەو بەستەیەی پێیدام کە بۆی ھەڵگرم، بەڵام کابرا خۆی لێ ون کردم. ئازاد کوڕێکی نەترس،خۆش سەلیقە و باوەڕ بە خۆ بوو. پاسدارەکان ٢ ساعەت بە ناو شاری سنە دا گێڕابوویان کە ئەو کابرا خەیاڵیەیان نیشان بدا. کە ھیچیان گیر نەکەوەت ئازادیان کرد.
ناسر قازی زادەش ھێندێک جار بڵاو کراوەکانی دەبردەوە مەھاباد و ئەویش بۆ کار قایمی و بۆ ئەوەی پێوە نەبێ گاڵۆنێکی ٢٠ لیتری لە نێوە ڕاستەوە لە لای جۆشکار و لە نێوێەوە کربۆوە دوو بەش ولە بنەوەش ڕا ئاڵقەڕێزێکی چووکی بۆ دروست کرد بوو. کە دەچۆوە مەھاباد لە گاراج ڕادەوەستا تا ماشێنەکە پڕ دەبوو لە موسافیر، ئەو کات ئەویش سوار دەبوو و دەیگووت، مادام جێگا نەماوە من لە سەر ئەو٢٠ لیتریەی خۆم دا دەنیشم. من و ئازاد لەو ماوەیە دا لە دەرس و خوێندن دا نەبڕاین ،ئەو کات پۆلی ٣ی دەبیرستان بووم.
درێژەی هەیە ….