وەڕێخستنی خوێندن بە زمانی کوردی لە لایەن کۆمەڵەوە

لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ بەڕێز ناسر حیسامی دا
لە ئەرشیڤی خۆمەوە(١٢)
١٤/١/٢٠١٩ قادر وریا

٩ ساڵ لەمەوبەر کە خەریکی نووسینی نامەی ماستەری خۆم لە ژێر ناوی “خوێندن بە زمانی کوردی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان” بووم، پێوەندیم بە کۆمەڵێک کەسی پێوەندیدار بە خوێندنی زمانی کوردییەوە گرت. یەک لەو کەسانە بەڕێز کاک ناسر حیسامی بوو کە کاتی خۆی ئەندامی “کۆمیسیۆنیفێرکردن و بارهێنانی کۆمەڵە” و لە پێشەنگانی وەڕێخستنی خوێندن بە کوردی لە لایەن کۆمەڵەوە بووە. من لە توێژینەوەکەی خۆم دا جگە لەو وڵامانەی کاک ناسر بە پرسیارەکانم، لە بیرەوەرییەکانی ئەویش لەو پێوەندییە دا کە لە وێبلاگەکەی خۆی بڵاوی کردوونەوە، سوودم وەرگرتوە. بەڵام دیارە نەمدەتوانی هەموو ئەو وتوێژانەی کردبوومن و هەموو ئەو زانیارییانەی وەدەستم هێنابوون، لە تویژینەوەکەم دا بگونجێنم.
لە مێژ بوو لە دەرفەتێک دەگەڕام بۆ بڵاو کردنەوەیان بۆ ئەوەی بیانخەمە بەر سەرنجی هۆگران و خوازیارانی زانیاری لە بارەی حەرەکەتی پیرۆز و جێی شانازیی خوێندن بە زمانی کوردی لە ناوچە ئازادەکانی پارێزراو بە هۆی پێشمەرگەوە. سپاسی کاک ناسر دەکەم کە فایلی وۆردی ئەمهەڤپەیڤینەی لای خۆی پاراستبوو و زەحمەتی دووبارە تایپکردنەوەی لە کۆڵ کردمەوە.(سەرنجراکێش ئەوەیە ئەمشەو کە ئەم بابەتەم بۆ بڵاوکردنەوە ئامادە دەکرد، دیتم ڕێك ٩ساڵ لەمەوبەر لەم تاریخەدا١٤/١/٢٠١٠، کاک ناسر ئەم وڵامانەی بۆ ناردوومەوە!):

کاک قادر وریای بەڕێز! سڵاوێکی گەرم. وەڵامی پرسیارەکان کە بۆ ئێوەم ناردبوو، بۆ کاک ڕەشادی مستەفا سوڵتانیشم ناردبوو. لە کۆتایی نووسراوەکەدا، کاک ڕەشدا چەند تێبینیی خۆی نووسیوە. ئەوە دیسان وەڵام و پرسیارەکانت بە تێبینییەکانی کاک ڕەشادیشەوە بۆ دەنێرم. من نووسیبووم، کتێبەکان بە چاپی ڕەنگی لە عێراق چاپ کران. کاک ڕەشاد دەڵێ لە عێراق چاپ نەکران و لە ئاڵمان چاپ کران. ئەوەم بە تەواوی لە بیر نییە. ڕەنگە هەروابێ کە کاک ڕەشاد نووسیویەتی. تکایە لە کۆتاییدا، تێبینییەکانی کاک ڕەشاد چاو لێ بکە.
برات ناسر
**
1ـ فکرەى خوێندن لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگە، لەنێو کۆمەڵە دا چۆن دروست بوو؟
وەکوو فیکر، تێکۆشەرانی سیاسیی چەپ، هەر لە زووترەوە، بایەخیان بە چۆنیەتیی پەروەردەکردنی خوێندکاران دەدا. زۆر لە تێکۆشەرانی چەپ هەوڵیان دەدا ببنە مامۆستای خوێندنگە بە تایبەت لە ئاواییەکان و گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکان. لەم بابەتەوە، ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی ناسراوی کۆمەڵە کە مامۆستای خوێندنگەکان بوون، لە سەردەمی شادا و دواتر لە سەروبەندی ڕاپەڕیندا، بەوە بەنێوبانگ بوون کە هەوڵ دەدەن بۆ کارکردنی دڵسۆزانە لە نێو خوێندنگەکان و بۆ فێرکردن و پەروەردەکردنی خوێندکاران. بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشمەرگەدا، ئەو کارە کاتێک بە شێوەی سەرەکی چووە قۆناغی جێبەجێکردن کە لە شاری بۆکان و ئاوایەکانی ناوچەکە، ساڵی خوێندنی ١٣٦٠ی هەتاوی، حکوومەت خوێندنگەکانی داخست. “جەمعییەتی دیموکراتیکی موعەلیمانی تێکۆشەر بۆ داکۆکی لە مافی فەرهەنگییان” کە لەو سەروبەندە دا بۆ داکۆکی لە مافی ئەو موعەلیمانە پێکهاتبوو کە بە بۆنەی تێکۆسانی سیاسی “پاکسازی” کرابوون و حکوومەت لە خوێندنگەکان دەری کردبوون، بڕیاری دا خوێندنگەکانی بۆکان بکاتەوە. ئەندامانی جەمعییەت، بە شێوەی سەرەکی لایەنگری کۆمەڵە بوون، بەڵام کەسانی سەربەخۆ و ناحیزبی و هەروەها لایەنگر و ئەندامی حیزبەکانی دیکەش، لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستان و چریکە فیداییەکان و هیدیکەش هەبوون کە ئەندامی “جەمعییەت” بوون. جەمعییەتەکە، پاییزی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی خوێندنگەکانی بۆکانی کردەوە.

2ـ کۆمیسیۆنى فێرکردنو بارهێنانى کۆمەڵە چ ساڵێک و، چۆن دامەزرا؟
پاییزی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی دامەزرا. شاری بۆکان پاییزی پێشتر، گیرابووەوە. ئەندامانی”جەمعییەت“ دوای ئەوەی لە بۆکان هاتنەدەر، تا ڕادەیەکی زۆر، بڵاو بوونەوە. ئەوانەی حیزبی بوون، هەرکەس لە گەڵ حیزبی خۆی، چوونە شوێن و ناوچەی جۆراوجۆر. بەڕێوەبەرێتیی “جەمعییەت” تا ماوەیەک لە ئاجیکەند بوو. هەندێک مەدرەسەی لە ناوچەکانی سەقز، بانە، بۆکان، مهاباد و سەردەشت کردەوە. “جەمعییەتی دیموکراتیک” بەشێکی گەورەی مەیدانی کاری خۆی کە داکۆکی لە مافی فەرهەنگییان بوو لە دەست دابوو. ئەندامەکانی زۆربەیان، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی حیزبەکان کەوتبوون. پاییزی ١٣٦١ی هەتاوی، ناوەندیی کۆمەڵە بڕیاری دا “کۆمیسیۆنی فێرکردن و بارهێنانی کۆمەڵە” پێک بهێنرێ.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_ktebekani_komele.jpg3ـ کتێبە دەرسىیەکان چۆن ئامادە کران؟ نێوەرۆکى کتێبە دەرسىیەکان لەبەرڕووناکایى چ ئامانجێک دا، داڕێژران؟ دەستەى ئامادەکار چ کەسانێک بوون؟ ئەرکیان چ بوو؟
پێشتر کاتێک هێشتا لە بۆکان بووین، کتێبێکی “ئەلفوبێ” بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی ئامادەکرابوو، بەڵام پێم وایە چاپ نەکرا. لە ئاجیکەند، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان لە بنکەی ناوەندیی “جەمعییەت” کۆبوونەوە و دەستەیەک بۆ نووسینی کتێبەدەرسییەکان دانرا. پێی دەگوترا “هیئت تدوین کتابهای درسی”. ئەندامەکانی زیاتر لە بیست کەس بوون. بە چەندگرووپ دابەش بوون:
١/گرووپی خوێندنی کوردی: دەبوو کار لەسەر ساغکردنەوەی ڕێنووسی کوردی بکا و کتێبی خوێندنی کوردی بنووسێ. بۆ پۆلی یەکەم، دووهەم و سێهەمی سەرەتایی کتێبی خوێندنی کوردیی نووسی.

٢/ گرووپی گەورەساڵان: دەبوو کتێبی دەرسی بۆ گەورەساڵانی نەخوێندەوار بنووسێ. بڕیار درا کتێبەکانی فێرکردنی گەورەساڵان بە فارسی بنووسرێن. گرووپەکە دوو کتێبی بۆ ئاستی یەکەم و دووهەمی فێرکردنی گەورەساڵان، بە فارسی نووسی.
٣/ سێ گورووپی زانستی، ماتماتیک و کۆمەڵایەتی: دەبوو کار بکەن لە سەر نووسینی کتێبی پەیوەندیدار بە هەر بوارێک بۆ قۆناغی سەرەتایی.
ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی نووسین، ئێستا لە شارن و ناتوانم ناویان بێنم. چەند کەسمان کە لە “جەمعییەتی موعەلیمان” ئەندامی دەستەی نووسینی کتێبە دەرسییەکان بووین و دواتر لە کۆمیسیۆنی فێرکردن و بارهێنانی کۆمەڵەشدا کارەکەمان درێژە پێدا، ئەوانە بووین:
ڕەحیمی تلووعی‌فەڕ، ڕەشادی مستەفا سوڵتانی، هاوکارێکی دیکە و من. دوو کەسی دیکەش لە دەستەی نووسینی جەمعییەت بوون و نەهاتنە دەستەی نوسینی کۆمیسیۆن کە بریتی بوون لە کەسیك کە بە ناوی (حەمید) دەمانناسی، پێم وایە خەڵکی خوراسان و ئەندامی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکان بوو. هەروەها خانمی شەهلا ئیلخانی‌زادە.
لە کۆمیسیۆنی فێرکردن و بارهێنانی کۆمەڵە، ئەم کەسانە ئەندامی دەستەی نووسینی کتێبە دەرسییەکان بوون:
محەممەدی میسری (خەڵکی مهاباد)، عەتای خوڵقی(سنە)، شەهلا دانیشفەڕ (تاران)، ڕەشادی مستەفا سوڵتانی (مەریوان)، نادری قازی ناسراو بە ئازاد (مهاباد)، ڕەحیمی تلووعی‌فەڕ (بۆکان)، (…) خەڵکی ناوچەی موکوریان و، هەروەها من.
عەتا و شەهلا بەشێوەی سەرەکی وانەی کتێبی فارسی بۆ گەورەساڵانیان دەنووسی، بەڵام لە کۆبوونەوەی دەستەی نووسیندا لەسەر ناوەرۆکی وانە کوردییەکانیش بەشداربوون. ڕەحیم، بە تایبەتی شارەزای شێوەی داڕشتنی وانەی پۆلی یەکەم بوو.
لە کۆبوونەوەکاندا، هێڵی گشتیی نووسینی کتێبەکان و چوارچێوەی هەر وانەیەک دیاری دەکرا و، هەرکەس گەڵاڵەی وانەیەکی ئامادە دەکرد. دوایی لە کۆبوونەوەی دەستەی نووسیندا، گەڵاڵەکە قسەی لەسەر دەکرا و دوای دەکارکردنی تێبینییەکان پەسند دەکرا. کتێبی “ئەلفوبێ” بۆ پۆلی یەکەم، زۆربەی هەرەزۆری وانەکانی، بە هەموومان لە کوبوونەوەی دەستەدا کارمان لەسەر دەکردن.
بۆ ناوەرۆکی دەرسەکان هەوڵمان ئەوە بوو ڕوخساری کۆمەڵگای کوردستان وەک کۆمەڵگایەکی شاری بەرچاو بخرێ، یەکسانیی ژن و پیاو لەبەرچاو بگیرێ، ئایین لە خوێندن و پەروەردە جیا بکرێتەوە، ژیانی چێنە ژێردەست و چەوساوەکان وجیاوازیی چینایەتی بناسێنرێ و، هەروەها کوردستان وەک وڵاتێکی داگیرکراو و دابەشکراو پێناسە بکرێ.

4ـ کۆمیسیۆنى فێرکردن و بارهێنانى کۆمەڵە، کام یەک لەم دوو ئەزموونەى لە کارى خۆى دا زیاتر وەبەرچاو گرتبوو: ئەزموونى خوێندن بە کوردى لە کوردستانى عێراق یا خوێندن بە منداڵان لە نیزامى ئامووزشیى ئێران دا؟
بۆ شێوازی ڕاهێنان و داڕشتنی دەرسەکان، ئەو شێوازە ڕەچاو دەکرا کە لە سیستمی خوێندنی ئێراندا باو بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی بابەتەکان و ناوەرۆکی کتێبەکان، لە سەرچاوەی جۆراوجۆرمان دەڕوانی و لەوانەش کتێبەکانی خوێندن لە کوردستانی عێراق.
5ـ ئەم کتێبانەى کۆمیسیۆنى فێرکردن و بارهێنانى کۆمەڵە چاپى کردوون، نیشان دەدەن کە کۆمیسیۆنى زیاتر خوێندەوار کردنى منداڵانى مەبەست بووە. ئەى بۆ خوێندەوارکردنى گەورەساڵان، کۆمیسیۆن چ بەرنامەیەکى هەبوو؟
بۆ خوێندەوارکردنی گەورەساڵان، دوو کتێب نووسران، بەڵام بە فارسی. لێکدانەوەکە ئەوە بوو کە بۆ گەورەساڵان زیاتر ئەوە بەکار دێ بۆ پەیوەندیگرتن لە گەڵ کۆمەڵگای ئێران، ڕۆژنامەخوێندنەوە، کارپەیداکردن و …هتد.
6ـ ئەو شارو ناوچانەى کۆمیسیۆنى فێرکردن و بارهێنانى کۆمەڵە، قوتابخانەى تێدا کردبووەنەوە، کامانە بوون؟
ژمارەیەک لە ئاواییەکانی سەردەشت، بانە، مهاباد، بۆکان و سەقز.

7ـ هیچ ئامارو ئەرقامێکتان لەبارەى ژمارەى قوتابییەکان و قوتابخانەکان هەیە (ئەوانەى کۆمیسیۆنى فێرکردن و بارهێنانى کۆمەڵە بەڕێوەى دەبردن)؟
نا. بەداخەوە، من لە لام نییە. وام لە بیرە لە نێوان ٦٠ هەتا ٧٠ خوێندنگە بوون.
8 ـ ئایا هیچ هەماهەنگى و هاوفکرییەک لەگەڵ حیزبى دێموکرات لە پێوەندى لەگەڵ کردنەوەى قوتابخانەکان و خوێندەوار کردنى منداڵان لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدا هەبوو؟ ئەگەر نەبوو، هۆیەکەى چ بوو؟
بۆ کردنەوەی خوێندنگەکانی بۆکان، ئەو هاوئاهەنگییە هەبوو. دواتر، هەندێک گرفت هاتە پێش و، خوێندنگەیەک بەو مامۆستایانە سپێردرا کە لایەنگر و ئەندامی حیزبی دیموکرات بوون. لە ئاواییەکان، نا! بە داخەوە ئەو هاوئاهەنگییە نەبوو. لە هەندێک جێگا، لەسەر ئەوە کە کۆمەڵە یان حیزبی دیموکرات خوێندنگە بکاتەوە، نێوان ناخۆشیش دەهاتە پێش. لە هەندێک ئاوایی هەرتک لا بە جیا خوێندنگەیان هەبوو. هۆی ئەو ناڕێکی و ناتەباییەش بە بڕوای من ئەوە بوو کە ململانێی حیزبەکان لەسەر دەسەڵات هەتا هات پەرەی گرت و، پێویستیی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکە و داهاتووی ئەو پەروەردەکردنە چووە ژێر سێبەری ململانێی دەسەڵات و، کردنەوەی خوێندنگەکانیش، بەم جۆرە بوو بە بەشێک لە ململانێی کۆمەلە و حیزبی دیموکرات.

9 ـ هەزینەى چاپى کتێب و وەڕێخستنى قوتابخانەکان و خوێندن بە کوردى لە ناوچەى نفووزى کۆمەڵە، چۆن دابین دەکرا؟یارمەتیى خەڵک لەم نیوەدا لە چ ئاستێک دا بوو؟
مامۆستاکان پێشمەرگانە کاریان دەکرد و، خەرجیان هەر نان و جلوبەرگ بوو، وەک هەر پێشمەرگەیەکی دیکە. خوێندنگەکان، زۆربەیان، پێشتریش ئاوەدان بوون و ئاوەدانکردنەوەیان خەرجێکی وای نەدەویست. سووتەمەنی و خەرجی قەڵەم و کتێب، خەڵکی ئاواییەکان و، خانەوادەی خوێندکاران خۆیان دابینیان دەکرد. کتێبەکانی پۆلی یەکەم و دووهەم و سێهەمیش سەرەتا لە چاپخانەی کۆمەلە بە ڕەش و سپی و دواتر لە عێراق بە چاپێکی باش، چاپ کران. خەڵک لە زۆر جێگە، بە دڵگەرمی پێشوازییان لە کردنەوەی خوێندنگەکان دەکرد و، خەرجی دابینکردنی سووتەمەنی و قەڵەم و دەفتەری خوێندکارانیان دەگرتە ئەستۆ.
10 ـ ئێستا کە ئاوڕ لەم هەوڵە دەدەیەوە، چۆنى هەڵدەسەنگێنى؟ هەر لە شێوازى فێرکردن تا نێوەرۆکى کتێبەکان و هتد؟
پێم وایە یەکێک لە کارە هەرە بەنرخەکانی دەورەی ئەمدواییەی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستانە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی سەلماندبووی خوێندن لە کوردستانی ئازاد دەبێ بە کوردی بێ.
شێوازی فێرکردن و ناوەرۆکی کتێبەکان، گەرچی لە چاو ڕابوردوو باشتر بوون و پەیوەندێکی زیاتریان لە گەڵ ژیانی خەڵکی کوردستان هەبوو، بەڵام بێ عەیبیش نەبوون. گرفتەکە ئەوە بوو کە بە هۆی هەلومەرجی بزووتنەوەکە و کۆمەڵگاکە، حیزبەکان نەیانتوانی لە هێزی فیکری و توانایی هەموو ڕووناکبیران وپسپۆڕانی کۆمەڵگاکە بۆ نووسینی کتێبەکان و بناغەدانانی شێوازێکی نوێی پەرەوردە و فێرکردن کەڵک وەرگرن. کارەکە، وەک زۆر کاری دیکەی ئەو سەردەمە، پێشمەرگانە کرا، دوایەش چووەبەر سێبەری هەندێک شتی دیکە لە ڕوانینی حیزبەکاندا. هەڵبەت گرفتی سەرەکی ئەوە بوو کە ناوچەکان داگیر کرانەوە، بەڵام پێش ئەوەش، ململانێی دەسەڵاتی کۆمەڵە و دێموکرات و سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆ، وردەوردە جێگەیان بە کاری فێرکردن و بارهێنان لە ناوچە ئازادەکان لێژ کردبوو.
14/1/2010
**
سەرنجەکانی کاک رەشاد مستەفا سوڵتانی لە سەر ولامەکانی کاک ناسر حیسامی:
کاک ناسری هێژا و خۆشه‌ویست !
سڵاو و رۆژ باش .
من نمتوانی هه‌ڵه‌ ،یان که‌م و کوڕێک له‌ وڵامه‌کاندا په‌یدا که‌م . وڵامه‌کان له‌ بار و گو‌نجاون . به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌مانه‌ له‌ قه‌له‌م داکه‌وتبون و وه‌ک پێشنیار به‌راوردی بکه‌ن .
*چونکوو ئه‌م مه‌تڵه‌به‌ چاپ ده‌کرێت ، باشتره‌ بنوسری ئاوایی ئاجیکه‌ند .
* ئه‌لفوبێ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی چاپیش کرا ،به‌ڵام له‌ بۆکان به‌ جێ ما و له‌ ناو چوو. ته‌نانه‌ت نوسخه‌یه‌کی نه‌ گه‌یشته‌ ده‌ستی کۆمه‌ڵه‌ . من وام له‌ بیره‌ ،ئێتر خۆتان خاوه‌ن مه‌تڵه‌بن .
* تکایه‌ له‌ وتاره‌که‌دا، له‌ باتی وشه‌ی” من” بنوسرێ ناسر حیسامی . من نیگه‌ران ده‌بم ڕه‌نگه‌ ناوه‌که‌ت له‌ بیر بچێت . با قسه‌یه‌کیش بۆ دز بکه‌ین . زه‌حمه‌تی هه‌ره‌ زۆری نوسینه‌کان له‌ سه‌ر شانی تۆ که‌وتبوو . ئه‌گه‌ر چی من له‌ کتێبی کاک فوئاد ئاماژه‌ی ته‌واوم پیکردووه‌ . له‌و کۆبونه‌وانه‌دا ، ته‌وازوعی جه‌نابتان هه‌رگیز له‌ بیر ناکرێت.
* کتێبه‌کانی پۆلی یه‌که‌م ، دووهه‌م و سێهه‌میش سه‌ره‌تا کۆمه‌ڵه‌ به‌ ڕه‌ش و سپی و دواتر به‌ یارمه‌تی لایه‌نگرێکی دلسۆزی کۆمه‌ڵه‌ له‌ وڵاتی ئاڵمان به‌ ڕه‌نگی سوور و ره‌ش چاپ کران. تا ئێستا نه‌مبیستوه‌ له‌ به‌غداد چاپ کرابن .
سپاس بۆ روونکردنه‌وه‌کانت و ئێتر خۆشیتان
ڕه‌شاد 09 02 2010 (*)
(*) دیارە بە سەرنجدان بە تاریخی ولامەکانی کاک ناسر حیسامی دەبێ کاک ڕەشاد مانگی ٩ی مانگی١ ئەو نامەیەی بۆ کاک ناسر ناردبێت نەک ٩ی مانگی ٢. (قادر وریا)

ئامادەکردنەوە: ماڵپەری گیارەنگ