ڕووداوی شەڕی چەکدارانەی ئامول: سەلاح پوورئەسەد

جێگیر بوون لە جەنگەڵ (بەشی ٩ و ٨)
لە ئاخر و ئۆخری خەرمانانی و سەرەتایی ڕەزبەری ١٣٦٠ لە ماوەی ١٢ ڕۆژ دا ناردنی نەفەرات بۆ جەنگەڵ دەستی پێ کرد، سیامک زەعیم(شھاب) لە یەکەم گروپ دا چووە جەنگەڵ و حسین ریاحی و سمایل ئاخرین گروپ گەیشتنە جەنگەڵ و لە ناوچەیەک کە لێڕەوارێکی چڕ بوو بە ناوی” منگلوم” باریان لێ خست. سەرەتا بە ماشێن نەفەرەکانیان بە حا ڵەتی نێوە ئاشکرا لە تیمی ٥-٦ کەسی دا دەبردە جەنگەڵ ، ھەر کەسەو دەبوو وەسایلی خۆی وەک لیباسی گونجاو، کەوش وکۆڵە پشتی و…پێ بێ. لە ماوەیەکی کورتی ١٢ ڕۆژە ٨٠ کەس گەیاندرانە جەنگەڵ. بە گەیشتنی رسول محمدی (محمد) فریدون خرم روز( میرزا یوسف) کومیتە بەڕێوە بردنی ڕاپەڕین بە بەشداری ئەو دوو کەسە و کومیتە چوار کەسیەکەی پێشوو دەست بە کار بوو.بە پەلە چەک و چۆڵەکانیان لە حەشارگە دەرھێنا و دابەشیان کردن.

ھەرکەسەو دەبوو لە سەر جادە ڕا کۆڵێکی چەند کیلویی خۆاردن بە کۆڵی دادا و بیباتە ناو دارستان. بەرە بەرە ھێندێک لاینگری ڕێکخرواەکانی دیکە کە ترسیان لەکوشتاری ڕێژیم بوو، ئامادەییان نیشان دا کە بێنە ڕیزی شۆڕشگێرانی جەنگەڵ، کە پاش ماوەیەک بە ھۆی ماندوو بوون ئەو کەسانە وازیان ھێنا و گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، جگە لە دوو نەفەر کە یەکیان لایانگری پەیکار و ئەویتریش لایانگری موجاھید بوون، ئەوانی دیکە خێریان نەداوە.”اتحادیە” ناوی ئەو بزوتنەوەیەی نا “سربداران” سەربەداران. سەربەداران ھەموو نەتەوەکانی ئێرانی لە خۆی دا کۆ کرد بۆوە. لور، بلوچ، کورد، عەڕەب، فارس و ئازەری . ٢٠ کورد بەشداری لە بزوتنەوەی سەربداران دا ھەبوو.

سەرەتا سێ کەمپیان دامەزراند کە ھەر یەکەو ١٥ دەقیقە لێک دوور بوون و کارە سەرەتاییەکان و ئامادەکاری بۆ چوونە ناو شار دەستی پێ کرد. لە ماوەی مانەوە لەو کەمپانە دا تەشکیلاتی ناو شار چەند جارێک فەرماندە نیزامیەکانیان بردە شار و لە نزیکەوە ھەڵکەوتەی مۆڵگەکانی رێژیم و نەفەراتەکانیان نیشان دان. شھاب کە بەرپرسی یەکەمی سەربەداران بوو تەڕحێکی ئامادە کردکە لە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ بەڕێوە بچێ، کە دەبوو ھاوکات چەند ڕێگای سەرەکی بۆ ناو شاری ئامول وەک جادەی ھەراز و جادەکانی دیکە، دانانی کەمین لە جەنگەڵەوە تا شار،گرتنی پولیسی ڕێگاو بان و گرتنی بنکەکانی ناو شار ئامادە کردنی خەڵک بۆ درێژەپێدانی ئەو ڕاپەڕینە لە شارەکانی مازەندەران. گەڵاڵەیەک کە زیاتر لە خەون و خەیاڵ نزیکتر بوو تا ڕاستی.

ھەر ئەو جەوەی ڕوناکبیریە دوور لە خەڵکە وای کردکە بوەدەستی خۆێان گەڵاڵەی لە ناو چوونی خۆیان دابڕێژن و بە پێی خۆیان بەرەو قەتڵگا بچن. سەرئەنجام ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر تیمەکان ئامادە کران و ماشین و مینی بوسی خەڵکیان ھێنا کە سوار بن وەک ئەوەی بچن بۆ بووک بەرەو ئامول بەڕێ کەون. بەڵام تەڕحەکەیان سەری نەگرت و یەکێک لە تیمەکانی کەمین لە گەڵ گروپێکی گەشتی پاسدار ڕوو بە ڕوو دەبن ٢پاسدار دەکوژرێن و کەسێکیش لە سەربەداران گیانی لە دەست دەدا و گەڵاڵەکە ئاشکرا دەبێ، و بە ھەزار زەحمەت یەکتر دەگرنەوە و دەگەڕێبەوە ناو جەنگەڵ . ئەوە یەکەم تێکھەڵچوونی چەکدارانە لەو ناچەیە بوو. ڕێژیم دەستی بە کۆ کردنەوەی ھێز کرد بوو. چۆار ڕۆژ دوای تێکھەڵچۆ نی ١٨ی خەزەڵوەر لە ٢٢ ھەمان مانگ دا ھێرشێکی بەرینی دەست پێ کرد و لە نێو دارستانەکان شەڕ بۆ ماوە یەک ڕۆژ بەردەوام بوو، لەو شەڕە دا سمایل فەرماندە گشتی سەربەداران شەڕەکەی فەرماندەی کردو ڕوو سوور لێی ھاتە دەر. ھەر چەند سەربەداران ژومارەی کوژراوەکانی ئەو شەڕەی ٤٤ کەس قەبڵاند و برینداریشی ١٠٠ کەس ناو برد، ڕێژیم گوتی ١٢کەسمان لێ کوژراوە، لە سەربەداران کەسێک گێانی لە دەست دا دوو کەس بریندار و کەسێکیش بێ سەر و شوێن بوو. بریندارەکان بۆ دەرمان کردن ناردنە تاران و شوێنی جێگیر بوون بۆ چەند دۆڵی دورتر گوێزرایەوە.

ڕێژیم بەرە بەرە ھەستی بە مەترسی کرد. خامنەیی چۆوە ئامول و ناوچەکەی بە ناوچەیەکی جێگای شەڕ لە قەڵم دا و ھێزێکی زۆری بە پشتیوانی ھلی کۆپتر ناردە ئامول. محسن ڕضائی سەردانی ئامولی کرد لە نزیکەوە لە گەڵ بەرپرسانی نیزامی و پاسدار وەزعەکەی ھەڵسەنگاند و فەرمانی پێویستی پێ دان. گەڕان و گەشتی ناردن بۆ دەور و بەری جەنگەڵ دەستی پێ کرد، بە ھلیکوپترو جاسوس ناوچەکەی خستە ژێر چاوەدێری و گەمارۆی ئابوریشی پێوە زیاد کرد…( درێژەی ھەیە)

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_amol_9.jpgوەڕێ کەوتنمان بۆ ئامول ( بەشی٩ )
لە سەرتاکانی مانگی سەرماوەزی ١٣٦٠ ڕاگەیاندراوی شەڕی ٢٢ ی خەزەڵوەرمان پێ گەیشت و داویان لێ کردین کە ئەگەر پێیتان خۆش بێ دەتۆانن بچنە جەنگەڵ. پاش شەڕی ٢٢ خەزەڵوەر ھێندێک کەس، بە ھۆی وەزعی تایبەت خۆێان ئەو شەرایەتەیان پێ تەحمول نەکرا و بزوتنەوەکەیان بە جێھێشت. ھەر بۆێەش داوایان کردبوو کە نەفەراتی جێگرەوە بچن. قادر خزری، ناسر قازی زادە، ئازاد و من کۆ بووێنەوە و بڕێارمان دا کە بچینە جەنگەڵ. ڕۆژی ١٥ سەرماوەز، وەڕێ کەوتین. شەو چووینە مەھاباد و لە ماڵی ناسر ماینەوە. بابی بە بالتۆیەکی ڕەشی درێژەوە ھەر چاوی لە سەر لا نەدبردین. گومانی لا دروست ببوو کە ئەو مێوانانە لە خۆڕا لێرە نین، ئەو مامۆستای قوتابخانە بوو، ئەزمونیشی بوو، لە ماڵێ دەمانگووت کە بۆ کار کردن دەچینە تاران و کەس نەیدەزانی کە ڕێگای مان و نەمانمان گرتۆتە بەر. چاوێکمان بە کتێب خانەکەی باوکی ناسر دا گێرا گۆڤار و کتێبی زۆری بوو، چاومان لەوگۆڤارە تەنزانەی”توفیق” کرد کە لە دەورانی شا دا بڵاو ببونەوە. لە یەکێک لەو ژومارانەی “توفیق” باسی ھەڕەشەیەکی، ھویدا سەرۆک وەزیرانی شا لەو گۆڤارە کرد بوو. ھویدا بە گۆڤارەکەی گوتبوو” اگر دست بر نداری، شلوارت را می کنم.” گۆڤاری توفیق جۆابی دابۆوە،”اگر شلوارم را بکنی، کیرم ھویدا میشە”.

ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز لە مەھابادەوە بەرەو ورمێ وەڕێ کەوتین. ترس و سەرما و دڵەڕاوکێ، بە یەکەوە ھێرشیان بۆ ھێنا بووین، ترس لەوەی لە پرسگەیەک بمانھێننە خۆارێ و نەگەینە شوێنی مەبەست، ترس، ھەواکەی ئەوەندەی دیکە لێ سارد کرد بووین، بیر کردنەوە و ڕا ڕا بوون لە خەتەراتی ڕێگا. لە چەندین پرسگە لە نێوان مەھاباد و ورمێ، دایانبەزاندین و پێناسیان لێ وەرگرتین، بێ ئەوەی تووشی کێشە بین. ھەر کە گەیشتینە ورمێ، بلیتی تارانمان کڕی و سەعاتی ٦ی ئێوارە لە نێو بەفر و سەرما وسەھۆڵبەندان بەرەو تاران ملی ڕێگامان گرت. ھەر کە لە ورمێ دوور کەوتینەوە، نە پرسگە ما و نە گەڕان. ھەر چوارمان لە کورسیەکانی نزیک کورسیەکانی پشتەوە دانیشتبووین. پینج کورسیەکەی پشت سەرمان دوو پاسدار و ٣ خوشکی زەینەب بوون. بە زاراوەیان دیار بوو عەڕەبی خوزستانی بوون. بێ کێشە دانیشتبوون. ژنەکان جار و بار چارشێویان فڕێ دەدا، جۆانیەکەیان لەڕادە بەدەر بوو، خڕ و پڕ و چاو گەش، چۆار شانەو کەڵەگەت ، ناوقەد باریک و لێو گۆشتن. ھەر چەند خۆمان پێ کمونیستێکی ١٨ عەیار بوو، بەڵام دیار بوو ھەر چۆارمان لە خولیای چاو لێکردنێکی تێر و پڕی ئەوان دابووین. ھەر کامە بێ ئاگاداری ئەویتر چاومان لە سەر لا نەدەبردن.

ماشێنەکە لە زەنجان بۆ پشویەک ڕایگرت مامۆستایەکی قوتابخانەم دیت کە ئەوانیش لایان دابوو، بە ھەزار زەحمەت تۆانیم لە بەر چاوی دوور کەومەوە. بەیانی زوو گەیشتینە تاران و ئەو کەسەی کە دەبوو بیبینین، دیتمان، ھێندێک پوڵی پێ داین کە شەڵوار و بلوزی سەوز و بالتوو کەوشی پێ بکرین. بۆ یەکەم جار بوو شارێکی وا گەورەم دەدیت.خەڵک و ماشێن و ماتۆر و دوچەرخە لە ھاتو چوێ دابوون. لە سەر شەقامێک دوکانێکی شیرینی فرۆشی قەرەباڵغمان دیتەوە، ھەر یەکەمان داوی شتێکمان کرد، بە کابرای فرۆشیارم گووت ” لطفا یک تا از اون نان خامەایھا را بە من بدە”. بە زاروە ڕا زانی فارس نیم. گوتی” بگو یە دونە بابا یک تا چیە” چووین بۆ شەو لە ھوتیلێک لە نزیک مەیدانی تۆپخانە جێگامان گرت و بەیانی دەبوو سەعات ٤ی ئێوارە بەرەو جەنگەڵ بڕۆین.

ئێوارەی ١٧ی سەرماوز، کزە بایەکی ساردی دەھات، بەفرێکی تەنک زەوی داپۆشی بوو. ھەر چۆارمان ( ئازاد، قادر، ناسر و من) لە گەڵ مراد کە ئەرکی ھێنان و بردنی نەفەراتی لە سەر شان بوو، بە ماشێنێکی پیکان بەرەو جەنگەڵ وەڕێ کەوتین .کە بەرەو بەرزایی سەرکەوتین ، تاران و دوکەڵێکی ڕەش، تاران و زیندانێکی گەورە، تاران و بە میلیونھا دیلی دەستی ڕەشی مەڵاکان دور و دورتر دەکەوتەوە. ڕێگا پیچاو پێچەکانی ھەراز کە لە داوینی ئەلبورز ڕا بەرەو باکوردەڕۆیی، ٤ کورد و مرادی بەرەو سەفەرێکی ناڕوون پەلکێش کرد بوو. موسافیرەکوردەکان تەمەنیان لە نێوان ١٧ بۆ ٢٥ ساڵ بوو. کەم تەمەنترینمان ئازاد و بە تەمەنترینمان ناسر بوو کە قوتابی زانکۆی تەورێز بوو . چیای بەرزی دەماوەند کە زۆر داستانی لە بارەیەوە نوسراو بە سەر و پۆتڕاکی سپی و تەم گرتوو دەرکەوت. تاریکی شەو و سپیای بەفر، سەرما و ھاڕ و ھوڕی ماشینە گەورەکان و شۆقی چرا تێکەڵ ببوون. بە نیوکیلو تۆوی کولەکە لە سەختترین پرسگەی پاسداران ڕزگارمان بوو.

مراد دەیزانی کە چلۆن دەمیان ببستێ. بەرە بەرە خۆاردنگەکانی قەراغ جادە، چۆمی ھەراز و جەنگەڵ لە یەکتر نزیک دەبوونەوە، دیمەنێکی جۆانیان بەو شەوەی سروشت دابوو. ھاژەی چۆم و ھاڕەی جادە و دەنگی گیان لە بەرانی جەنگەڵ تێکەڵ ببوون . مراد لە خێرایی ماشێنەکەی کەم کردەوە و گوتی، کوڕینە لەو گۆڕاییەی قەراغ دارستانەکە ، قەرارمان وایە ئەگەر ھاوڕێیانمان ھاتبن، ئەوە لقە دارێکیان داناوە، ئەگەریش نا، یانی ئەوە نەیانتوانیوە و دەبێ بگەڕێنەوە. لقە دار لە بەر شۆقی چرای ماشێنەکە وەدیار کەوت، بزەی شادی ھاتە سەر لێومان، مراد بە خێرایی ئەو وەسایلانەی کریبونی، داگرت و ھەر یەکەمان کۆڵێکمان ھەڵگرتو گوتی بە پەلە لێرەوە خۆ بەو بن دارە زلە داکەن، ھاوڕێیانمان چاوەڕوانن. بە پەلە خۆمان لە نێو داران ڕۆ کرد، پاش چەند میترێک ڕوو بە ڕووی ژومارەیەک چەکداری ناسراو ھاتین و یەکترمان لە ئامێز گرت.

لەوێ محمد ھەر یەکەو ناوێکی تازەی بۆ دیاری کردین و بە دوای ڕیز و بە بارێکی قورسەوە لە تاریکایی شەو دا ون بووین. ڕیزی بە بیدەنگی و بە ئاسپایی ڕێگای دەبڕی. باریکە ڕێگا لاپاڵ و دۆڵ و بوارمان بە جێ دەھێشت. ئارەقە ھەموو لەشی تەڕ کردبووین. خشەی گەڵا وەریوەکان و ھەناسە بڕکە ئاھەنگێکی ناڕێک بوون کە تا دەمەو بەیان پێ بە پێ لە گەڵمان بوون. (درێژەی ھەیە)

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.