ماچی مەلایی. نووسینی: لەیلا قادری ( ساکار )
لە حەفتاکانی هەتاوی، یەستا هاتووچۆ گەرموگوڕ بوو. خەڵکیی لادێ بە کیتەڵە ماست و تونگە دۆ و چەلەنگە پەنیرەوە سەردانی خزم و دۆستی شاریان دەکرد.
ماڵی ئێمەش وەک خانەقای لێ هاتبوو…
ژنی هەڵگیراو، قۆر و شەل و کوێر، نەخۆش و سەرئێشی ئەو دێهاتانەی دەور و بەر ڕوویان تێ دەکردین.
کەڕڕەی بەیانی میرزا حوسێن و زێنەب خاتوون بە توونگەیەک شیر و دە کولێرەی پەنجەکێش لە “سێوەدین”ڕا گەیشتنێ.
میرزا حوسێن، پیاوێکی سوورکارەی کەڵەگەت (باڵابەرز)ی لەبەر دڵان بوو، زۆربەی وەرزەکان ڕانک و چۆخەیەکی بووزووی شینکی لەبەر دابوو و جووتێک کەوشی “کەڵاش”یشی لەپێ دەکرد.
بووک “زێنێ”ش، ژنێکی خاوولاوی چوارشانەی چاوو برۆ ڕەش بوو؛ دەسماڵی شانەوشان و پشتێنی شل و مل، هەر لە خۆی جوان بوو…
دادە زێنەب، ماوەیەک بوو پەڵپ و بیانووی بە میرزا حوسێن دەگرت و لێی لالووت بوو؛ بە کوردی، داوای دیزەی تەنیایی دەکرد (سڕی خۆی و تڕی خۆی) و دەیکوت: چی دی قەرەواشی ماڵی خەزووران
ناکەم؛ بۆ چم لە “ئەسمەر”ه رەقێ کەمترە، بەو ڕۆژگارە کلچێوک و ئاوێنەیەکی بە دەستەوەیه، کەواو پاتۆڵی مێردەکەشی لە چڵکدا وەک ڕفێدەی لێ هاتووە، ئەوەش کوڕوکارخانەکەیەتی، مێرد بەو دەست و بەو دەست بۆی دەکێشێتەوە؟!!
بۆ دەبێ کوبڕا لینگ تووزەلەی خوشکت ئەوە ماڵ و حاڵی بێ و مێرد دەستەو نەزەری ڕاوەستێ، منیش خوری و بەرگنی ماڵی بابت بشۆم؟!!!
ئایاڕۆ! یانی بە قاقانی حاجی ئەحمەدیش نابم، ئەگە خودا ڕۆژی کردەوە پووتێک “بی بی کا” لە خۆی هەڵدەسوێ و خەریکی وردەواڵە کڕینە! بۆخۆت نەتدەکوت:” چەرچی ئەو ناوەناوە بە قاقانێ خەنی بوون”؟
منیش خۆ کچی چۆچەی گاوان نیم و لە بن بەردی گەورە نەبووم و گیام بە کێوێوە نەخواردووە (هەست بە ژیانی خۆش وناخۆش دەکەم)…
میرزا حوسێن هەر مشەی دەهات؛ تۆزێکیش حەیا بەخۆ بوو؛
لە ناکاو هەڵچوو و هەموو شتێکی بە چاوی خات زێنێ داداوە و بەڕڕە شڕەی لە بن ماڵە باب و باپیری خانمێ دەرهاویشت؛ شەڕ کەوتە قۆپی و سوێندی لێ خوارد کوتی: هەستە، شەڕابم لە مەرقەدی شێخی کردبێ هەر ئەوڕۆ تەڵاقت دەدەم. هەنگاوت بە” سێوەدین”ی دا نایەتەوە؛ ئەوەتا سجیلەکانیشم لە باغەڵی دایە. چما دمت نابڕم!؟ ئەوە دەمهێنییە ڕێزەی عومبەرە ڕەش و حاجی ئەحمەدی؟ هەستە! هەستە دەی!
پیلی گرت و وەپێش خۆی دا…
هەرچی تکا و ڕجامان کرد، بە گوێی دا نەچوو. سواری سەری قسەی خۆی بوو، بە گوڕەگوڕ و زرم و کوت، ژنەتیوی لە ماڵی مەلا…ڕۆکردبوو. (مەلا…بە پیاوێکی حیزۆکە ناسرابوو؛ کاری بە جوانی و ناحەزی نێچیرەکەش نەبوو)
سوتفە، مەلاژن لە شیاکەپێژانێ (دەوەی دەکرد/ دوو مانگای بۆ ڕزقی خۆیان لە شاری ڕاگرتبوو) دەبێ.
مەلا کەیفی دەچێتە سەر” زێنەبێ دوو ددانی زێڕە، ئۆمەتی محەممەدیم، لە دینم وەرمەگێڕە”.
بۆ فتۆکۆپیی سجیلەکان، میرزا حوسێن دەنێرێتە چوار ڕێیانی ئیتلاعات (ئەو کات لەو گەڕەکە هەر مەلا ڕەحمان دەیکرد)…
مامۆستا، شکی میرزا دەبڕێ و لە خانمێ وەخۆ دەکەوێ؛ لای دەرگای وەتاغێی لێ دەگرێ و دەڵێ: دەبێ ماچێکم دەیەی.
ژنەی گۆرین دەکەوێتە ئامۆژگاری و دڵسارد کردنەوەی مامۆستا…
مامۆستاش لەسەر داوای خۆی سوور و پێداگرە…دەڵێ: ڕوحت بەرییە بەربەڕۆچکەی ئاسمان، ماچێکت هەر لێ دەستێنم…
لە قسان زێنەبە خاتوون، بە زاقوزرووق خۆی ڕزگار کردبوو!
بە قسەی خۆی دەیکوت: “مەلام ناهومێد کردووە!!”.
بەڵام پێم وانییه ڕاست بکا!!
بە هەڵەداوان کەوتبووە دوای مێردەکەی و هەرای لێ کردبوو: ئەهۆی وسێن ئەهۆی…
کوڕە ڕاوەستە بابان وێران! ئەو ساڵیش نەکرا، دەیخەینە ساڵێکی دی.
تێبینی:
“بی بی کا”، چەشنێک کرێمە، تایبەت بە دەیەی 60
“سێوەدین”: نێوی لادێیەکە لە 12کیلۆمتری بۆکان-مەهاباد
“کلچێوک”: ئامێری چاوڕشتنی ژنان لەگەڵ کلدان(کلتوور)، بەکار دێ.