رێبازی قاسملوو، رێبازی حیزبی دێموکرات (٣)

پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان
لە تەواوی نووسین و لێدوانەکانی شەهید دوکتور قاسملوودا، “خەڵکی کوردستان”، “کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان”، “گەلی کورد” و “میللەتی کورد”، بوونێکی هەمیشەییان هەیە. خەڵکی کوردستان بۆ شەهید قاسملوو وەک رێبەری حیزبێکی میللی، سەرەکیترین تەوەری هەموو باس و لێکدانەوەکانی بووە. لە یەک نووسین و لێدوانی ئەم ئینسانەدا وەک رێبەری حیزبێکی نەتەوەیی، هەست بە غاییبوونی “خەڵک” ناکرێ.
بۆ شەهید دوکتور قاسملوو، میللەتەکەی هەموو شتێک بووە. لە گەڵ ئەوەیکە پێشمەرگە بە “باسکی بەهێزی گەل” ناو دەبا و ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێ کە “تەنیا شتێک کە زۆری ناڕەحەت دەکات، شەهیدبوونی پێشمەرگەکانە”، بەڵام دیسانیش پێی وایە خەڵک لە سەرووی هەمووی ئەمانەوەیە. بۆیە زۆر ڕاشکاوانە و بە دەنگێکی بەرز و روو بە هێزی پێشمەرگە ڕادەگەیەنێ کە “ئێوە بۆ خزمەت بە خەڵک پێک هاتوون”.
کاتێک کە شەهید قاسملوو روو بە هەموو تێکۆشەرانی حیزبەکەی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێ کە “میللەتێک چاوی لێمانە”، ئیدی خۆی و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە سەر ئەو ئەسڵە یەک‌لا دەبنەوە کە، “خەڵک” بۆ حیزبی دێموکرات لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. شەهید قاسملوو پێی وایە؛ ئەوەی بۆ حیزبێکی سیاسیی زۆر گرینگە، “هێزی گەل”ە. بۆیە دەڵێ: “لەپێشدا با بایەخ بە هێزی بێ‌پایانی گەلی کورد بدەین. ئەگەر پشتیوانیی خەڵکی خۆمان هەبێ، ئەو کاتە پشتیوانیی دیکەمان زۆر دەبێ و هەلومەرجی سەرکەوتن باشتر ئامادە دەبێ.
دوکتور قاسملوو کە باس لە هۆکاری سەرکەوتنەکانی حیزبی دێموکرات دەکات، “پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان” بە هۆکاری هەرە گرینگ و لە پێشەوەی ئەوانی دیکە دەزانێ. لەم پێوەندییەدا دەڵێ؛ ” زۆر جارمان باس لە هۆکاری سەرکەوتنەکانی حیزبی خۆمان(حیزبی دێموکرات) کردوە. وتوومانە کە سیاسەتی ئوسوولی و واقعبینانە و بوونی هێزی پێشمەرگەو قارەمانەتی پێشمەرگە، نوقتە قووەتی حیزبی ئێمەن. بەڵام لە هەمووی ئەوانە گرینگتر پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.”
دوکتور قاسملوو “پشتیوانیی خەڵکی کوردستان”، بە گەورەترین سەرمایە بۆ حیزبی دێموکرات دەزانێ و پێی وایە هەرچی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی دەیکات دەبێ لە پێناو گەورەکردنەوە و پاراستنی ئەم “سەرمایە”دا بێت.
هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە نێو دڵی خەڵکی کوردستانەوە درووست بووە، هەر بە پشتیوانیی ئەم خەڵکە و هەر لە پێناو ماف و ئازادییەکانی ئەم خەڵکدا ماوەتەوە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات.
لە روانگەی حیزبی دێموکراتەوە “خەڵک” تەنیا چین و تەبەقەیەکی تایبەتی نیە. بەڵکوو کۆی تەواوی دانیشتوانی کوردستانە کە لە ژێر ناو و شێوازی جۆراوجۆردا دەچەوسێنەوە. بۆیە لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: “حیزبی دێموکرات بۆ وەدیهێنانی سێ ئامانجی گەورە پێک هاتووە و خەباتیشیان بۆ دەکات. یەکەم لابردنی ستەمی نەتەوایەتی‌یە، دووهەم ستەمی چینایەتی‌ یانی چەوسانەوەی ئادەمیزادە و سێهەمیان ستەمی سیاسییە.”
ئەم تێگەیشتنە لە خەبات بۆ “خەڵک”ی کوردستانە کە نازناوی “رێبەری میللی – دێموکراتی خەڵکی کوردستان” بە حیزبی دێموکرات دەبەخشێ و تا ئێستایشی لە گەڵدا بێت بەرزترین جیگە و پێگەی لەنێو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا هەیە.
چۆنیەتیی هەڵسووکەوت و رەفتاری تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە گەڵ خەڵک و باوەڕەکانی خەڵک بۆ دوکتور قاسملوو وەک کەسی یەکەمی حیزب، هەمیشە سەرنجی تایبەتی دراوەتێ. بۆیە بەردەوام وەبیری دەهێنایەوە کە؛ ” پێم خۆشە پێشمەرگە خۆشەویستەکان ئەوە بزانن و لەبیریان بێت کە چونکی تفەنگیان لە سەر شانە، نابێ خۆیان لە خەڵک بە زیاتر بزانن. ڕاستە ئێمە دەڵێین کە پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بۆ خزمەت بە گەل پێکهاتووە. هەرچی پێشمەرگە دەیکا دەبێ لە پێناو خەڵک دا بێ، دەبێ ئاکار و رەفتاری لە گەڵ خەڵکەکەی جوان بێت. حیزبی دێموکرات حیزبی گەلی کوردە، پێشمەرگەیش دەبێ لە خزمەت میللەتەکەی‌دا بێت. کەوابوو هەم بۆ حیزب و هەم بۆ هێزی پێشمەرگە خەڵک لە سەرەوەی هەموو شتێکە.”
سمایل شەرەفی