پەنابردنی ڕێژیم بۆ بە کرێگیراوان

ئەمڕۆ لە شاری سنە کۆنگرەی جاشەکانی کوردستان بەڕێوەچوو کە کۆمەڵێک جاشی نیشتمانفرۆش و خائین بە خاک و زێدی نیشتمان تێیدا بەشدار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆنگرەی جاشەکانی کوردستان لە شاری سنە دەستی بە کارەکانی کرد.
جاش ئەم دەستەواژەیە کە پڕ بە پێستی ئەو خائینانەیە کە لە پێناو پوڵ و پارەدا نیشتمان و خاک و خەڵکی خۆیان دەفرۆشن و خزمەت بە داگیرکەرانی کوردستان دەکەن. جاش ئەو کەسانەن کە لە نێو خەڵکی کوردستاندا بێزراون و بە چاوی سووک سەیریان دەکرێ و هیچ ڕێز و حورمەتێکیان لەنێو خەڵکی کوردستان و خزم و کەسوکاریشیاندا نییە. ئەو جاشانە نەک هەر بۆخۆیان بە خۆفرۆشی دەژین و بە سەرشۆڕی دەمرن، بەڵکوو دەبنە هۆی بێڕێزی بۆ بنەماڵەکانیشیان و بۆ هەتاهەتایە بە شەرمەوە ناوی باوکیان یا ناوی براکەیان دێنن.
دەستەواژەی جاش لەنێو خەڵکی کوردستاندا دەمێکە جێی گرتوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بێڕێزی بەنێوی پێشمەرگە و لابردنی دەستەواژەی جاش لە سەر خائینانی کوردستان، ناوی “پێشمەرگەی موسڵمان”ی بۆ هەڵبژاردن. بەو هەڵبژاردنە نەک هەر ناوی پێشمەرگەی پێ لکەدار نەکرا، بەڵکوو لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بێجگە لە کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ کەس بە پێشمەرگەی موسڵمان ناوی نەهێنان و نەیتوانی لەنێو خەڵکی کوردستاندا جێ بگرێ.
پێشمەرگە ئەو ناوە پڕ لە شەڕەف و شانازیەیە کە بۆ ڕزگاری خاک و خەڵکی خۆی خەبات دەکا و لە پێناو خاک و نیشتمان و خەڵکی کوردستاندا گیانی خۆی فیدا دەکا و دژمنانی کوردستان هیچکات ناتوانن ئەم ناوە پیرۆزە لکەدار بکەن یا جێگرەوەی بۆ پەیدا بکەن.
b_300_220_16777215_00_images_SIASI_jash1.jpegجاشەکان لە لای دژمنانی کوردە وەک هەمیشە بە چاوی سووک سەیریان دەکرێ و دەزانن کەسانێک کە وەفا و هۆگرییان بۆ خەڵک و وڵاتی خۆیان نەبێ بۆ بێگانەشیان نابێ و بۆیە هیچ ڕێز و قەدر و حورمەتێکیان ناگیرێ و هەر کات پێیان خۆش بێ چەکیان دەکەن و دەیانێرنەوە ماڵەکەی خۆیان، بەڵام بەو حاڵەش پەڵەی شەرم و نەنگ و سەشۆڕیان لە کۆڵ نابێتەوە و دەبێ لەگەڵ خۆیان بیبەنە ژێر گڵ و لە مێژووی کورددا دەخرێنە لیستی خائینان بە گەل و نیشتمان.
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باسکردن و پێداهەڵگوتنی جاشەکاندا دەڵێ: “ئەو پێشمەرگە موسڵمانانە نەک هەر لەگەڵ دژبەرانی شۆڕش لە دەرەوەی سنوورەکان و شارەکان شەڕیان دەکرد، بەڵکو لەنێو شار و بنەماڵەکەی خۆشیاندا دژمنیان هەبوو”. ئەو قسەیەی خامنەیی بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ڕیسوایی ئەو کەسانەی کە خزمەت بە دژمنەکەیان دەکەن و لەنێو بنەماڵەکەی خۆشیاندا ڕێزیان لێناگیرێ و بە چاوی خائین بەگەل سەیریان دەکرێ.
ماوەی چەند ساڵێک بوو کۆماری ئیسلامی بەشێوەی جۆراوجۆر ئەو جاشانەی چەک دەکرد کە ئیتر شەڕی پێشمەرگەیان پێناکرێ یا لە خیانەت و خۆفرۆشی ماندوو بوون، بەڵام بەستنی کۆنگرەی جاشەکان لەم کات و ساتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوشار و ترسەی کە ڕێژیم لەگەڵی بەرەوڕوو بۆتەوە. ئێستا کە ڕێژیم کەوتۆتە تەنگانە و ترسی لە ڕاپەڕینی خەڵک هەیە، دەیهەوێ ئەو خائینانەی کوردستان دڵگەرم بکات بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بتوانن شەڕی خەڵکی کوردستان بکەن و بۆ سەرکوتکردنی خەڵک کەڵکیان لێوەرگرێ.
جاشەکانی کوردستان دەبێ ئەوە باش بزانن، لەگەڵ ئەوەی کە دەستیان لە کەرامەت و نیشتمانی خۆیان هەڵگرتوە و بوونەتە کەواسووری پێش لەشکری بێگانە و بە قسەی دژمن خوێنی هاونیشتمانیانی خۆیان دەڕێژن، بەڵام قەت نابنە جێی باوەڕ و متمانەی ڕێژیم و لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بەو هەموو خزمەتەی کە بە ڕێژیمیان کردووە، تا ئێستاش کەسێکیان نەیتوانیوە پۆستی پارێزگاری پارێزگایەکی کوردستان یا بەرپرسایەتییەکی گرینگ لە کوردستان وەربگرێ. هەر بۆیە ئەوەی کە بۆیان دەمێنێتەوە، سەرشۆڕی و شەرمەزارییە و تەنیا ڕێگاش بۆ دەربازبوون لەو ڕیسواییە، فڕێدانی چەکی دژمن و گەڕانەوەیە بۆ باوەشی گەل و نیشتمان.