ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٢)

بەرەنگاریی پێشمەرگانە(چەکداری)
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە “شار” دەمەزراو و ” لە مەودایەکی کەمدا توانی لکی خۆی لە شارەکانی کوردستانی ئێراندا بکاتەوە” و بە پەیامی “ئاشتیخوازانە”، بوونی خۆی ڕابگەیەنێ و لە ماوەی کەمتر لە چەند مانگدا “کۆماری دێموکراتی کوردستان”ی ڕاگەیاند، دیاربوو کە دامەزرانی “سپای میللیی کوردستان”(هێزی پێشمەرگە)ی تەنیا بۆ “پاراستن”ە و هیچی دیکە. لە قۆناغەکانی دواتری خەباتیشدا، چەک و بوونی هێزی پێشمەرگە تەنیا بۆ “دیفاع لە مان و مەوجوودیەت”ی خاک و خەڵکی کوردستان بووە.
هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک لە حیزبی دێموکراتدا تەنیا “دژکردەوەیەکی ئیجباری” بووە و لە بڕگە و زەمەنی جیاوازدا و بەناچاری، چەک و “بەرهەڵستکاریی چەکدارانە” تەنیا رێگایەکی مومکین بووە. بەتایبەت دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە نە تەنیا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو گوێبیستی ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە رێگای ئاشتیخوازانەوە بێ، بەڵکوو بە دەرکردنی فەرمانی “جیهاد” وڵامی دانەوە، ڕاگەیاندنی “بەرەنگاریی پێشمەرگانە” لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، وڵامێکی لۆژیکی و شۆڕشگێرانەبوو.
بەرەنگاریی چەکدارانەی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە سیاسەتی دژی‌گەلیانەی دەسەڵاتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامی لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، لە سەر بنەمای “گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیخوازانە”ی پرسی کورد بنیات نرا. حیزبی دێموکرات لە پێناسەی خەباتی پێشمەرگانەدا کە لە لایەن شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری ئەو کاتی حیزبەوە کرا، زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە نیوەرۆک و ئامانجی ئەم خەباتەی بۆ خەڵک ڕوون کردوە. لەم پێوەندییەدا، لە ڕاپۆرتی کۆمێتەی ناوەندیی حیزب بۆ کۆنگرەی پێنجەدا کە ١٥ی سەرماوەزی ١٣٦٠ بەستراوە، هاتووە:
“پێش هەموو شتێک دەبێ نێوەرۆک و ئامانجی ئەو شەڕە کە پێشمەگەی کوردستان دەیکات، دیاری بکرێ. نابێ لەبیرمان بچێ کە پێشمەرگە لە پێناو وەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی گەلی کورد دا خەبات دەکات کە دوژمنانی ئازادی حازر نەبوون بە ئاشتی قبووڵیان بکەن و بۆ سەرکوتکردنی داخوازییەکانی گەلی کورد پەلاماریان هێناوە و شەڕیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە. کەوابوو شەڕی پێشمەرگە، شەڕە بۆ دیفاع لە ئازادی، شەڕە لە پێناو مافێکی ڕەوادا و لە ئاکامدا شەڕە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی سەربەرزانە و عادڵانە”.
ئەم شێوە خەباتە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا کە لێکدانەوەی جۆراوجۆر و جیاوازی بۆ کراوە، لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە شێوازێکی ڕەوا و بەرحەق لە خەبات دێتە ئەژمار و خەباتی چەکداریی لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بە “لاپەڕەیەکی زێڕین” لە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەزانێ. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ:
“کاتێک لە وڵاتێکدا سەرەڕۆیی دەسەڵاتدار بێ، ئازادییەکان پێشێل بکرێن و مافە ئینسانییەکان بایەخیان بۆ دانەنرێ، خەڵکی ئەوینداری ڕزگاری و عەداڵەت رێگایەکی دیکەیان بێجگە لە پەنابردن بۆ چەک نامێنێتەوە. مادام ڕێژیمی خومەینی دەرەتانی خەباتی سیاسی لە نێوخۆی وڵات بۆ نەهێشتووینەوە و شێوەی ئەسڵیی خەباتمان چەکدارییە، زۆر بە جێیە کە بەشی هەرەزۆری تێکۆشانی ئێمە بۆ رێک وپێککردن و بەهێزیکردنی چەندی و چۆنیی پێشمەرگەکانمان تەرخان بکەین و زۆربەی ئیمکاناتی حیزبیش لە خزمەتی هێزی پێشمەرگەدا بێت”.
بە پێچەوانەی ئەوەیکە دوژمن هەمیشە هەوڵی داوە کە ڕوخسار و نێوەڕۆکی خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناشیرین و خەوشدار نیشان بدات و لە خانەی “شەرارەت” و “تێرۆریزم”!! دا پێناسەی بکات،بەڵام زۆری نەخایاند کە پێشمەرگە کە قورسایی “بەرەنگاریی چەکدارانە”ی لە سەر شان بوو، لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە وەک هێمایەک بۆ سەرەوەریی خاک و نیشتمان و “ڕزگاریدەر” سەیری کرا و ئەم یادگارەی سەردەمی کۆماری کوردستان بۆ جارێکی دیکە بوویەوە بە “بەها”یەکی بەرزی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان.
حیزبی دێموکرات بە دەرک بە زەروورەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێگەی بەرزی ئەم “ڕزگاریدەر”ە، هەر زوو هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە، ” پێشمەرگە گلێنەی چاوی کورد و جێگەی هیوا و هومێدی حیزبی دێموکراتە، هەر بۆیە زۆر شتێکی سرووشتییە کە خەڵکی کوردستان هەموو ئیمکاناتی خۆیان لە خزمەتی پێشمەرگە داناوە و حیزبی ئێمەش بەلانی کەمەوە سەدی هەشتای ئیمکاناتی ماڵێی خۆی بۆ رێکوپێککردنی کاروباری پێشمەرگە وەکار خستووە”.
حیزبی دێموکرات کە تا چەسپاندنی ڕاستەقینەی “دێموکراسی” لە ئێران بوونی هێزی پێشمەرگە بە زامنی پاراستنی دەسکەوتەکانی کوردستان دەزانێ و “بەرەنگاریی پێشمەرگانە” بە یەکێک لە شێوە درووستەکانی خەبات دەزانێ، پێشمەرگە بە یەکێک لە بەنرخترین سەرمایەکانی خۆی دەزانێ.

سمایل شەرەفی