هاتن سینگتیان هەڵدڕی . جەلال مەلەکشا

کاتێ زانیان،
دڵت پاپۆڕی ئەوینە و
بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی،

دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی؛
هاتن سینگتیان هەڵدڕی… کاتێ زانیان،
دڵت پردێکە پان و پۆڕ،
بەرەو ناخی مێژووی جیهان،
b_300_220_16777215_00_images_dr_qasmloo.gifدەستی کوێستانت گرتووە و
لەقووڵایی مەرگ و خوێنا،
ئەیبەی بەرەو کۆشکی ژیان
پەردەی وەرزی زریان ئەدڕی؛
هاتن سینگتیان هەڵدڕی… کاتێ زانیان،
بورکانە دامرکاوەکان ئەخرۆشێنی،
بوومەلەرزە خنکاوەکان،
لەناو خوێنتا ئەجووڵێنەوە،
نەخشەی جیهان ئەشێوێنی،
سنوورەکان لەژێر پێتا ئەتوێنەوە،
وەک بڵێسەی کڵپەی ئاگر،
لەناو شەوەزەنگا ئەگڕی؛
هاتن سینگتیان هەڵدڕی… کاتێ زانیان،
ناوت بووه بە جوانترین وشەی ئەوین.
دڵدارەکان ئەبزوێنی،
دەنگت بووە بەچەپکە تیشک،
شەوی چڵکن ئەشڵەقێنی.
شانت داوە بەژێر خەمی نیشتمانا و
فرمێسک لە چاو هەژار ئەسڕی؛
هاتن سینگتیان هەڵدڕی… کاتێ زانیان،
کوێستانت کردووە هێلانە،
بەشمشاڵی لوولەی تفەنگ،
دڵدارەکان بۆ جێژوانی چیا ئەچڕی؛
هاتن سینگتیان هەڵدڕی…
هاتن سینگتیان هەڵدڕی…

مامۆستاجەلال_مەلەکش