وتووێژی “ڕادیو نەوا” لەگەڵ سکرتێری گشتیی حدک کاک مستەفا مەولوودی

دیمانە: محەممەد ئەمینی
بیسەرانی ئازیزی ڕادیۆ نەوا لە هەر کوێیەک هەن ئەم کاتەتان باش! من محەممەد ئەمینی لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵتانم بۆ قسە کردن لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تایبەتی کاریگەری و کارتێکەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بۆ ئەو مەبستە میواندرایی بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانم کردوە کە لە ڕێگای هێڵی تەلفوونەوە لەگەڵمانایە.

بەڕێز کاک مستەفا سڵاوت لێ بێت و سپاس بۆ بەشدارییت لەم گفتوگۆیە

سڵاو بۆ بەڕێزت و بۆ هاوکارەکانیشت و هەروەها بۆ گوێگەرەکانیشت.

زۆر سپاس کاک مستەفا ئەمهەوێ لەم پرسیارەوە دەست پێبکەم، ئێران و ئەمریکا لە دووڕێیانی ڕێککەوتن و بەریەککەوتن دان واتە یان پێک دێن و یان تووشی پێکدا دان ئەبن؛ بە خوێندنەوەی ئێوە کام لەم دوو ئەگەرە لە ئێستادا چاوەڕوانکراوترە؟

من پێم وایە ئەگەری ئەوەی کە لە نێوان ئێران و ئەمریکا شەڕێکی ڕوودەرڕوو و ڕاستەخۆ ڕوو بدا، ئەگەرەکەی زۆر کەمە. ئەگەری دووەم کە فشارەکانی ئەمریکا، ئێران ناچار بە پاشە کشە بکا و تەسلیمی داواکارییەکانی ئامریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ زۆرترە.

بەڵێ، کاک مستەفا لە ڕاگەیاندراوی پلینۆمی یازدەی کومیتەی ناوەندیی حیزبەکەتان، ئەم دۆخەی کە هاتووتە ئاراوە بە تایبەتی چڕبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان بە ڕێبەراتیی ئەمریکا لەسەر ئێران وەکوو دەرفەتێک ناوتان بردووە کە پێویستە کەڵکی لێ وەربگیرێ؛ ئاخۆ حیزبەکەتان و کۆی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئامادەکاریی تەواویان کردوە بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە؟

ئەگەر سەیری مێژووی سیاسیی مەنتەقە بکەین، هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان و حەتا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوور، دەورانی ئینقلابی ئێران حەتا زەمانی کۆماری کوردستانیش فشاری سیاسیی دەرەکی لە ناوچە و لە دەوڵەتانی ئیقلیم و مەنتەقە کە کوردیان تێدایە تەئسیری بووە لەسەر ئەوەی دەرفەتێک دروست بکا بۆ بردنە پێشی بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان. ئێمە پێمانوایە فشارە سیاسییەکانی ئەمریکا و فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا و موشکلاتی گەورە و جۆراجۆرێک کە خەڵکی ئێران هەیەتی، حکوومەتی ئێران نە دەتوانێ ئەم موشکلانە حەل کا نە ئەگەر حەتا بتوانێ بەرنامە و پڕۆژەی بۆ حەللی ئەو موشکلانە هەیە. لە نەتیجەدا کۆی ئەو موشکلانە ئەو فشارە دەرەکییانەی ئەمریکا و نێوخۆیی خەڵکی ئێران حکوومەتی ئێران تووشی چالشێک دەکا. ئەو چالشە فەزایەکی کراوە و مەجالێکی باشتر دەڕەخسێنێ بۆ کار و تێکۆشانی بزووتنەوی سیاسیی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان. بۆیە لەوبارەیەوە لامان وایە دەرفەت دێتە پێشێ ئێمە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی ئێران یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت کۆمەڵە و دێموکراتەکان لەسەر خەتین و قسەوباس و دیالۆگمان هەیە بەڵکوو بۆ ئەوەی ناوەندێک پێک بێنین تا لە ڕێگای ئەو ناوەندەوە بتوانین خۆ ئامادە کردنێک بکەین بۆ حاڵەتێکی ئاوا. ئێستا لە ناوەندی هاوکاری چوار حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ دوو کۆمەڵە و دوو دێموکرات پێکەوە هاوکاری دەکەین. قسەکانمان چوونە پێشی بەخۆیەوە هەیە بەڵام ئەوەی ئەگەر بمهەوێ دەقیق جوابی پرسیاری جەنابتان بدەمەوە؛ ئەرێ هەموو ئامادەکارییەکمان کردوە بۆ حاڵەتێکی پێشبینی کراوی لەو چەشنە، نا بەداخەوە نا زۆرمان ماوە بەڵام هەستی پێدەکەین وەکوو ئەرک لە پێشمانە و دەبێ لەسەری بە حەلێک بگەین.

پرسیارەکەی ئێستای منیش تا ڕادەیەک پێوەندی هەیە بە وڵامی بەڕێزتانەوە، پڕش و بڵاوی و نایەکڕیزییەکی زۆر بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەبینرێ. ئایا کۆبوونەوی ئەو حیزبانە بە هەموویانەوە بۆچی تا ئێستا دوا کەوتووە لانیکەم لە ئاستی کەسی یەکەما بۆ ستراتێژییەک بۆ ئەوەی گەڵاڵەیەک دابڕێژن یانی گۆنجاو بێ لە گەڵ ئەم قۆناغەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا و لە ئێران هاتۆتە ئاراوە؟

من پێموایە حزوور و جۆری سازمان و ڕێکخستنی تەحەززوب لە بزووتنەوی سیاسی کورددا، لە هەموو بەشەکان کێشە و گرفتی تایبەت بە خۆی هەبووە. هەم لە باکووری کوردستان کەمتر لەبەر ئەوەی یەکدەستی پێوە دیار بووە و لە باشوور زۆرتر و لە ڕۆژئاواش هەستی پێدەکەین لە ڕۆژهەلاتیش بەداخەوە مەعلوومە. مادام کۆمەڵە حیزبێک هەیە جەمعێک حیزب هەیە ئەگەر ستراتێژیشیان یەک بێ کە وەدەست‌ هێنانی حقوقی خەڵکی کوردستان و ڕزگاریی کوردستان بێ، بەڵام لە تاکتیک و تێڕوانین جۆری خەبات جیاوازییان هەیە. ڕیکخستنی ئەم حیزبانە چوارچێوەی زەرفێکی گەورەتردا وەکوو ناوەندی هاوکاری، وەکوو پێک‌هێنانی پلاتفۆرمی هاوکاری یا بەرەیەکی کوردستانی زەحمەتە. بەتایبەت کە بەداخەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت کۆمەڵە و دێموکرات لە زەمانی ڕابردووشدا بەیەکەوە کۆمەڵێک گرژییان هەبووە و، حەتا لەتبوونی کۆمەڵە و دێموکراتەکانیش دیسان تەئسیری کردوە. هەمووی ئەوانە سەبەبن بەداخەوە بۆ ئەوەی ئەو نایەکگرتووییە دروست بێ و هەموومان نەتوانین لە بەرەیەک یان لە زەرفێکدا کۆ بینەوە. بەڵام شتێک کە لە نەزەر منەوە یانی ئۆمێدە ئەویش ئەوەیە ئێستا هەستمان بە موشکلەکە کردوە و دەشزانین شەڕایەتەکە تایبەتە بۆیە بە پەلەین بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر موشکلەکاندا باز بدەین بەڵکوو بە حەللێکی ئەقڵانی بگەین.

چۆن ئەم کۆ نەبوونەوەی حیزبەکان پێناسە بکەین شەڕێکی پێشوەختەیە لەپێناو دەستەڵاتێک کە ئێستا لە ئارادا نییە؟ یا هۆکارێکی تری لە پشتە کە ئەو حیزبانەی ڕۆژهەڵات نەیەنە لای یەک و پێکەوە لە هەستیارترین دۆخا هەنگاوێکی هاوبەش نەنێن؟

لەپێشدا با عەرزتان بکەم حیزبی دێموکراتی کوردستان بەخۆشیەوە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بچووکەوە بۆ گەورە لە تازەوە بۆ ئەوانەی مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە پیوەندییەکی خۆش و دۆستانەی هەیە. یانی من حیزبێکم پێشک نایا ئێمە عەلاقاتێکی تەندروست کە ئەقڵانیمان لەگەڵی نەبێ. وەک سەیر دەکەم زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دیالۆگ و قسە و هاتوچۆیان هەیە و، گرژییەکی تایبەتیان لەنێودا نییە. بەڵام جۆری تەعامولی حیزبەکان لەگەڵ یەکتر -ئەمن ناڵێم لەسەر دەستەڵات ئێستا شتێک نییە تا پێی بڵێین دەستەڵات- بەڵام لەسەر تێڕوانینیان، لەسەر نەقش و دەوریان لەسەر کاریگەرییان، لەسەر ئایندەی بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان زۆر سروشتییە پێیان خۆشە جێگە و پێگەیەکی مناسبتریان هەبێ، بۆ ئەو جێگە و پێگەیەش بە دیالۆگ و قسەکردنیان شەڕی ئەوە دەکەن کە زۆرتر دەسکەوتیان وەبەرکەوێ؛ ئەوەش تەبیعەتی هەر حیزبێکە. بەڵام موهیم ئەوەیە بەرژەوەندییە گشتییەکە لەسەرەوەی بەرژەوەندیی حیزبەکە بێ، کە ئەقڵی سیاسیوونی کورد کەمێک مەحسوور و ناوچەییە، بەداخەوە زۆر بەربڵاو و فراوان و دوورئەندێشانە نییە. بۆیە ئەو موشکلاتەمان هەیە دەنا من پێموایە ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری بەرەیەک کۆ ببنەوە و، ئەو بەرەیە ببێتە ئادرەسێک بۆ هیدایەت کردن و بردنەپێشی بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی کوردستان پێشوازییان لێدەکەن و هاوکارییان دەکەن و تەنانەت بەهێزتر و بەتواناتریشیان دەکەن.

کاک مستەفا ئاماژەت بەوە کرد کە حیزبەکەی ئێوە یانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هەیە، ئێوە هیچ دەسپێشخەرییەکتان کردوە بۆ ئەم دۆخە کە ئێستا لە ئارادایە؟ ئەو جۆرە کۆبوونەوەی کە باسمان کرد لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کۆدەنگی و ئەو هاودەنگییە بێتە ئاراوە؟

با عەرزت بکەم، من ڕێزم هەیە بۆ کار و ماندوو بوون و زەحمەتی هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بۆ مەعلووماتی جەنابتان بیرۆکەی ناوەندەی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە زەینی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا شکڵی گرت و، ئەوەڵین دیداریش کە سەردانی ئەغڵەبی حیزبەکانمان کرد و دەعوەتمان کردن لە چوارچێوەی پلاتفۆڕمێکدا، ماڵێکی هاوبەشدا کۆبینەوە هەر حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. لە ئاکامدا هەر لە بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە قەڵای دێموکرات ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شکڵی گرت. ئەوەڵەن سپاس بۆ حیزبەکانی دیکە کە بەدەنگی بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هاتن، دووەمەن زۆر تەبیعییە ئەوانیش وەک ئێمە هەستیان بە مەسئوولیەت و بەرپرسایەتی کردوە، بۆیە لەو پرۆسە و ماندووبوونەی کە هەموومان کردوومانە و بەشێکی باشی بەر حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەوێ، ئەوانیش هەروەها هاوکار و خەمخۆر بوون و بەیەکەوە پرۆسەکەمان بردۆتە پێشێ. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات لە بیرۆکەیەوە تا شکڵگرتن زۆری لەگەڵ لەسەر خەت بووین زۆری بۆ ماندوو بووین و زۆریشمان دید و بازدید هاتوچۆ و کار بۆ کرد.

هەر ئێستا کە باسی ناوەندی هاوکاریی حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانت کرد، هیچ بیرۆکەیەک هیچ پێشنیارێک و دەسپێشخەرییەک هەیە کە ئەم ناوەندە فراوانتر بکرێت؟ یا بە دیوێکی تردا پرسیارەکە بکەم ئەو لایەنانەی تر کە نەهاتوونەتە ناو ئەو ناوەندەوە هۆکارەکەی چی بووە؟

چەند پلاتفۆڕمێک یان لە ڕاستیدا دەتوانم بڵێم چەند پڕۆتۆکۆلێک لە ئاییننامەی ناوخۆیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان بگرە تاوەکوو تێڕوانینیان بەسەر ناوەندێکی گشتیی ئیدارە و تەسمیم و قەراراتی سیاسی بۆ کاری ئێعلام، ڕاگەیاندن، دیپلۆماسی، خۆلاسە بەتاڵاییەک لە ئاییندەی سیاسیی ئێراندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە پێشێ و تاوەکوو دەگەینە هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک کە هەموومان قەبووڵمانە نەتیجەی هەڵبژاردەن هەرچێکی بوو، ئەوە ئیرادەی خەڵکە و ئێمە دەبێ تابعی بین؛ هەموو ئەوانە وەکوو پڕۆتۆکۆل بە نووسراو و بە لێکتێگەیشتنێکی تەواو و حەتا هێندێکیان تەسویبکراویش لە ناوەندی هاوکاری پەسەند کراون. حەتا لە ناوەندیشدا بەحسی فراوانکردنەوەی ناوەند کراوە و حەتا باس لە ناوی ناوەندیش کراوە، کە ناوەند وەک خۆی بمێنێتەوە یان ناوەند بەرەو بەرەیەکی بەرینتر بڕوا. ئێمە لامان‌ وایە ناوەند مومکینە زەرفێکی کامڵ نەبێ بۆ کۆکردنەوەی هەمووان، بۆیە ئەو ئیستعدادە هەیە کە ئەو زەرفەش بگۆڕدرێ بە بەرەیەک. بەڵام سروشتییە هەموو حیزبەکان وەک یەک لەسەر بەرینکردنەوەی ناوەند و بەشداریی هەموو حیزبەکان ڕایان وەک یەک نییە، دەبێ سەعی بکەین بە دیالۆگ و قسەکردن ئەگەر هەمووش نا بەڵکوو وا بکەین زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی پڵاتفۆڕمێکی هاوکاریدا کۆ بنەوە؛ جا ئەوە ناوەند بێ یا هەر ناو و بەرەیەکی دیکە کە هەمووان لە سەری بە تەوافوق بگەین.

کۆتا پرسیارم ئاراستەی بەڕێزتان دەکەم کاک مستەفا، ئەگەر هەر بگەڕێینەوە بۆ حیزبەکەتان واتە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، نیزیکەی ١٣ ساڵ ئەبێ کە ئەو دوولەت بوونە لە حیزبی دێموکراتدا ڕووی داوە و، لە ماوەکانی ڕابردوودا لێژنە پێک هات چەندین کۆبوونەوە کرا بەڵام کوتوپڕ ئەو هەوڵانەی کە بۆ یەکگرتنەوە خرابووە گەڕ، نەگەیشتە ئەنجامێک بێ ئەوەی بچینە نێو هۆکارەکانی من ئەمهەوێ ئەمە وەکوو داواکارییەکە کە زۆرجار لایەنگرانی ئێوە لە ناوخۆ یا لە دیازپۆڕا ڕوبەڕووتان ئەکەنەوە و داواتان لێدەکەن کە یەک بگرنەوانێ، ئەم هەلومەرجە نوێیەی کە لە ئارادایە هیچ هانی هەر دوو لایەنی دێموکرات واتە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی داوە ئەو قۆناغەی پێشتر دەستیان پێکردبوو بیخەنەوە گەڕ و، بیگەیەننەوە ئەنجام؟

لەلای ئێمە لەڕاستیدا ئەو پڕۆسەی دەستمان پێکردبوو کە بە خۆشییەوە باشیشمان هێنابووە پێشێ و حەتا لە زۆر خاڵیش بە تەوافوقی تەواو گەیشتبووین، تەقریبەن بەنیسبەت خاڵ و بڕگەی کەممان مابوو، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە کۆنگرەی گرت جۆری ڕێکخستنەوەی ساختاری حیزبییان یا پێکهاتەی حیزبییان کەمێک موشکلەی لە پێگەیشتنی هەردووک لامان بۆ جۆری کەوتنەوە سەر یەکی دێموکراتەکان بڕیک پەک‌ خست. دەلیلەکەشی ئەوە بوو، چون ئێمە لەسەر شتە هاوبەشەکان زۆرتر کارمان دەکرد، گۆڕینی پێکهاتە شتەکانی کەمێک لێک دوور خستەوە. لەو وەختەوە سستییەک هەیە، ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان لامان وایە باشترە دێموکراتەکان بەیەکەوە و لە یەک ماڵی گەورەی دێموکراتدا کاری سیاسی بکەن، بۆ ئەوەش هەم ئامادەین لە خۆمان مایە دابنێین و هەم مایەمان داناوە و هەم دۆستانە لەگەڵ ڕەفیقەکانمان لەو بارەیەوە قسە بکەین؛ هەر کارێکی بیکەین بۆ کەوتنەوە سەریەکی دێموکراتەکان بە دروستی دەزانین. بەڵام ئێستاکە بەداخەوە لە هەر دووکلا هێندێک تێبینی هەیە و ئەو تێبینییە ڕاوەستانێکی لە بردنەپێشی کارەکەدا دروست کردووە، ئێمە بە هاوکاری لەگەڵ یەکتر و بە هاوکاری باش لەگەڵ یەکتر تەقریبەن ئەو کەلێنەمان پڕ کردۆتەوە. بەخۆشییەوە ئێستا ئەم دوو لایەنە هەم لە ناحییەی ئەمنی کە لێک نزیکین هەم هەم لە ناحییەی پاراستنی موحیتەکە، هەم لە هەڵوێست و مەوازعی سیاسیدا و هەم لە ناوەندی هاوکاریدا، هەم لە پێوەندی لەگەڵ کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و حەتا مەسائیلی وردی ئەمنی-سیاسی لە مەنتەقەدا هیچ گرفتێکمان نییە و هاوکاریی باشمان هەیە. هیوادارم ئەو هاوکارییە نەبێتە کۆسپی سەر ڕێی پرۆسەکان بەڵکوو ببێ بە زەمینەی ئەوەی کە ئێمە ڕۆژێک پڕۆسەی کەوتنەوە سەریەک بکەین بە بەرنامەی خۆمان، وەک جەنابت فەرمووت ئەوە ئارەزووی خەڵکی کوردستانە، ئەوە داوای خەڵکی کوردستانە و هەر دووک لاشمان ئەو داوا و ئارەزووەی دەزانین و دەشزانین دێموکرات ئەگەر بەیەکەوە بێ تەئسیری گەورەتری لەسەر بردنە پێشی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵات بە هاوکاریی حیزبەکانی دیکە دەبێ.

زۆر سپاس بۆ بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەم گوفتگۆیە لەگەڵمان بوو. بیسەرانی ئازیزی ڕادیۆ نەوا گەیشتینە کۆتایی گوفتوگۆکە تا گوفتگۆیەکی تایبەتی دیکە بە خۆشی و کامەرانیتان ئەسپێرم، ماڵاوا.