نیشتمان ، جەلال مەلەکشا

کە خۆم ناسی!
وتم دایە: ئەمن کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار،

کام وڵاتی سەر زەویم؟!

وتی: ڕۆڵە!

تۆ کوردی و دیل و هەژاری

نیشتمانت کوردستانە!

بەڵام ناوی نیشتمانت

لەسەر نەخشەی جوغرافیای جیهان نییە، بێ نیشانە!

وتم: دایە! باوکم کوانێ؟

بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟

بە کام تاوان من هەتیوم؟

وتی: ڕۆڵە!

ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند!

تفەنگی مافی کردە شان

ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی

لێزمەی خوێنی گەشی لەشی

بەسەر لێوی خاکا پژاند!

وتم: دایە! ئەی براکەم؟

شەپۆلی خەم، ئاوی ماتەم

گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک

وتی: ڕۆڵە!

لە کازیوەی وەرزی ڕەشا

لاشەیان کردە نیشانە

سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک

گیانی پاکی کردە فیدای،

سەربەستی ئەو کوردستانە!

وتم: دایە!

ئەی من چ بکەم؟

هەستا سەر پێ،

تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمارڕێژی دایە دەستم

وتی: ڕۆڵە!

ئەی هەی هۆی ئاوات و مەبەستم!

دەیان ساڵە لە چوار لاوە

کوردستان دیل و یەخسیرە

دەست و پێ زنجیر کراوە

ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ

دۆعای گەلی چەوساوەی کورد،

لە پشتی تۆ!

سنوورەکان بشێوێنە

کوردستانم بۆ بێنەوە

با بە دەوریا بسووڕمەوە

کوردستانم بۆ بێنەوە

با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدوورمەوە!