ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٤)

بەرپرسیاربوون بەرانبەر بە زمان و کلتووری نەتەوەیی
ماهییەت و نێوەرۆکی خەباتی حیزبی دێموکرات، لە سەر ئەساس و بنەمای “نەتەوەیی”یە. بۆیە ئەم حیزبە بەرانبەر بە تەواوی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ پێشخستن و گەشەپێدانیان خۆی بە ئەرکدار و بەرپرسیار زانیوە. ناکرێ حیزبێک خۆی بە ڕێبەری بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و شوناسخوازانە بزانێ، بەڵام بەرانبەر بە زمان، کلتوور و پەروەردە و، هەوڵدان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ئەم بەشە لە ناسنامە، کەمتەرخەم بێت. بۆیە “سیاسەتی فەرهەنگیی حیزبی دێموکرات” بەشێکی هەرە گرینگ و بەردەوامی “بەرنامە”ی فکری و سیاسیی ئەم حیزبە بووە و هەیە.
لە پێوەندی لە گەڵ جۆری ڕوانین و بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کورستان بۆ بواری فەرهەنگ و زمانی کوردی، تەنیا ئەوە بەسە کە سەیرێکی کارنامە و دەسکەوتەکانی ١١ مانگی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان بکەین؛
” بۆ یەکەمجار لە مێژوودا زمانی کوردی کرا بە زمانی ڕەسمی، رۆژنامە و گۆڤارێکی زۆر بە زمانی کوردی بڵاوکرانەوە، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان”،(بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان) لە ڕۆژی ٢٠ بەفرانباری ١٣٢٤دا دەرچوو. گۆڤاری “کوردستان” کە بڵاوکراویەکی سیاسی، ئەدەبی و گشتی بوو بڵاو دەکرایەوە. “هاواری کورد” و “هاواری نیشتمان” بڵاو دەکرانەوە کە یەکەمیان گۆڤارێکی سیاسی و ئەویتریان یەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستان بڵاوی دەکردوە. گۆڤاری “هەڵاڵە” کە بڵاوکراوەیەکی ئەدەبی بوو، لە بۆکان دەردەچوو. گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد”یش کە تایبەت بوو بە منداڵان بڵاو دەکرایەوە”. هەروەها بە مەبەستی پێشخستنی فەرهەنگی کورد، بۆ یەکەمجار تائەتری کوردییش پێک هات کە بەرچاوترینیان، تائەتری کوردیی “دایکی نیشتمان” بوو. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: “بەڕاستی کاروتێکۆشانی ئەم ١١ مانگە لە باری پێشخستنی زمانی کوردی و بەرەوپێشبردنی فەرهەنگی کوردەوە ،شۆڕشێک بوو”.
لە بەشی “سیاسەتی فەرهەنگی”ی بەرنامەی حیزبی دێموکرات دا کە بۆ یەکەمجار لە لایەن شەهید دوکتور قاسملووەوە نووسراوە و لە کۆنگرەی سێهەمی حیزب لە ڕەزبەری ١٣٥٢ی هەتاویدا پەسەند کراوە، هاتووە:
“- هەموو منداڵانی کوردستان، کچ و کوڕ تا ١٥ ساڵی بە ئیجباری دەبێ بخوێنن و حکوومەتی میللی خودموختاری کوردستان بە گورجی خەریکی لەنێوبردنی نەخوێندەواری دەبێ.
– حکوومەتی خودموختار بۆ بەرزکردنەوەی پایەی فەرهەنگی گەل و دامەزراندنی بنکەی فەرهەنگی و زانستی تێدەکۆشێ.
– رووناکبیرانی کوردستان بە پێی لێوەشاوەییان کاریان پێ دەدرێ. حکوومەتی میللی خودموختاری کوردستان سیاسەتێکی ئەوتۆ بەرانبەر بە رووناکبیران دەگرێتە پێش کە وڵاتی خۆیان بەجێ نەهێڵن و خزمەتی نیشتمانی خۆیان بکەن”.
لە قۆناغەکانی دواتری تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بەتایبەت لە یەکەم ساڵەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی دا، ئەم حیزبە کە لە هەستیارترین قوناغی خەباتی خۆیدا بوو، بە هیچ شێوەیەک لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر بە کاروباری کۆمەڵایەتی، هەوڵدان بۆ لەچاپدانی کتێبی کوردی بۆ قوتابیان و بەڕێوەبردنی قوتابخانەکانی کوردستان و گرینگیدان بە زمانی کوردی، نەتەنیا غافڵ نەبوو، بەڵکوو وەک “دەوڵەت”ێک کاری کردوە.
گرینگیی ئەم هەوڵانەی حیزبی دێموکرات ئەو کاتە زیاتر لە هەمیشە دەردەکەوێ کە دوای بەجێهێشتنی شارەکان و جێگیربوونی لە سنوورەکان و دیوی باشووری کوردستان، ئەم حیزبە لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی و شان بە شانی بەڕێوەبردنی خەباتێکی خوێناویی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەدانی قوتابخانەی بۆ خوێندنی منداڵانی کوردستان بە زمانی کوردی پێک هێناو و لە رێگەی “ڕادیۆ دەنگی کوردستان” و رۆژنامەی “کوردستان”ەوە، گەورەترین خزمەتی بە گەشەی زمان و بەرزکردنەوەی پایەی فەرهەنگیی کۆمەڵ کرد.
بەتایبەت لە رووی خزمەت بە زمانی کوردی و پاراستنی لە پیلانی دەسەڵاتە دژی‌گەلییەکان، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە حوکمی ئەوەی رێبەرانی هەموو کەسانی شارەزا بە زمانی کوردی، نووسەر، وەرگێڕ و خاوەن بەرهەمی تایبەتی بوون، بە ئادرەسێکی متمانە پێکراو بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی زمان و گەشەپێدانی دەناسراو و سەیر دەکرێ.
گرینگیدان بە فەرهەنگ و کلتووری کوردی، وەک ڕێبازێکی دەوڵەمەند بە پاشخانێکی پڕ لە دەسکەوت لە قۆناغەکانی دواتری خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا نەتەنیا کەم نەبوویەوە، بەڵکوو ئۆرگان و کۆمیسیۆنی تایبەتی بۆ پێکهات کە تا ئێستا چەندین کاڕنەڤاڵ، فستیڤاڵ، کێبڕکێ و ڕێزلێنانی ئەدەبی، شانۆ، هەڵپەرکێ، رۆژنامەنووسیی گەورەیان بەڕێوە بردوە و بە هەزاران کەس بەشدارییان تێدا کردوە.
لەم ساڵانەی دواییدا کە لەنێوخۆی وڵات و لە شارەکانی کوردستان جموجۆڵی ئەدەبی، فەرهەنگی و فێرکاریی زمانی کوردی لە لایەن چالاکانی دەروەست بە هۆڤییەتی نەتەوەییەوە هاتوونە ئاراوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاشکاوانە پشتیوانی لێ کردوون و ئەم چالاکیانەی بە بەشێکی دانەبراو لە بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان پێناسە کردوە.

سمایل شەرەفی