چرای ماڵانە قاسملوو. عەلی بداغی

سی ساڵە قاسملووی ڕێبەرمان بەجێی هێشتووین، بەڵام کۆڵان و شەقامەکانی شار هەر وا پڕن لە ناوی ئەو. سی ساڵە قاسملووی ڕێبەریان بە دەستی غەدر و تاوان لێ ستاندووین، بەڵام ئەوان ئێستاش زراوچووی پیلانی نگریسیانن و؛ لای ئێمەش ڕۆژ نییە قاسملوو لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر لەدایک نەبێتەوە و ئێواران نەبێتەوە چرای ماڵان و سەر بە هەموو ژوانگەیەندا نەکاتەوە.

ڕێک سی ساڵە دەمی ئەم تەورە گەیوەتە بەورە چنگ بەخوێنەکەی قەندیل، بەڵام ئەم زامە هەروا بەسوێیە و، لای ڕێبوارانی بۆتە ڕقی پیرۆز.

سی ساڵە شەنگەسوارمان گلاوە، بەڵام کاروانی ڕیزبەستووی ڕووەو خۆری ئەو هەر بەپێوەن؛ هەر بەڕێوەن… پێیان وابوو دەرکی فێرگەمان لێ گاڵە دەدەن، بەڵام نەیانزانی هەموو ئەم نیشتمانە پەیڤی قاسملووە، و هەموو کوردستان وانەکانی ئەون. لە ئێوارەیەکی پووشپەڕدا دەستی ئەهریمەن بە پیلان و دەهۆ گەیشتە خوای خۆشەویستی، خستی؛ بەڵام ئەو هەموو بەیانییەک لە ناخماندا دەژێتەوە و ئێوارانیش بە سبەینێی ڕزگاریمان دەسپێرێ…

30 ساڵە قاسملووی ڕێبەرمان لە پێرلاشێز، سووچێکی ناوداری ئەم دنیایەدا ئارامی گرتوە، بەڵام ئەوەی هەدا نادا ڕووحی نەسرەوتووی و هزری لەبڕاننەهاتوویەتی کە هەموو ئان و ساتێ سەر بە ماڵی دڵاندا دەکا و دەمانلاوێنێتەوە…

***

سی ساڵە و هەموو ساڵێ لە ساڵیادی تێرۆری د. قاسملوودا ئەم پرسیارانە دێنەوە و دەکرێنەوە کە چ شتێک دوکتور قاسملوو لە ڕێبەرانی دیکەی بزووتنەوەی کورد جیا دەکاتەوە کە دوای تێپەڕینی 30 ساڵ لە مەرگی، ئاوا لە ئاسمانی یادی خەڵکەکەیدا لەنگەری گرتوە و سیلەی چاوەکانی هەروا لەسەرە؟ بێگومان دوو شت: هزر و باوڕ و سیاسەتەکانی قاسملوو، لەگەڵ شێوەی مەرگ و گیان لێ ئەستاندنەکەی.

کاریگەریی دوکتور قاسملوو لەسەر بردنەپێشێی دۆزی کورد نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرە لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش _بەتایبەت باشوور_ ڕوخسارێکی تایبەتیی بە ناوی قاسملوو و ماناتەکی تایبەتتری بە کاراکتەری سیاسیی ئەو داوە. قاسملوو کوردستانی لەتوپەتکراو و سنوورە کێشراوەکانی نێو نیشتمانەکەی خۆی دەدی، دوژمنانی نەتەوەکەشی باش ناسیبوو؛ دەیدی کە ڕێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستان لە هەر کام لە بەشەکانی نیشتمانەکەی چاری کوردەکانی خۆیان ناوێ و چاویان لە کوردی بەشەکانی دیکەیە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان؛ بۆیەش فێری کردین کە دەکرێ ناکۆکیی دوژمنانی نەتەوەکەت لە بەرژەوەندیی دۆز و سەروەریی پرسی سیاسیتدا بقۆزیتەوە، بەڵام ناکرێ و نابێ لەسەر حسێبی پرس و بەرژەوەندیی کورد لە بەشێکی کوردستان چاوت لە دەسکەوتێک بێ بۆ خۆت!

قاسملووی مەزن دەیزانی کورد خۆی پەرەم‌پەرەم و پەرتەوازەن، ڕێگای خەبات و چارەسەری پرسەکەشی پڕ «کەند و لەند و گەوە»، بۆیە لەم ڕێگە ئەستەم و دژوارەدا بەدووی دۆست و پارتنەرەوە بوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش. بۆ ئەوەش هەگبەکەی پڕ بوو لە مەعنەوییاتی مرۆیی.

قاسملووی گەورە هەر دوور نەیدەڕوانی، بەڵکوو ڕوون دەیڕوانی و سیلەی دەگرت. خەباتە ڕەواکەی ئەو کاتە بە سەرکەوتوو دەزانی کە گەیشتبێتە کەنارەکانی ئاشتی و ئارامی. ئەو باوەڕی قووڵی هەم بە مافەکانی نەتەوەکەی و هەم بە پێکەوەژیانی خەڵک و ژیارەکان دی لە تەنیشت یەکتر هەبوو؛ باجی ئەم باوەڕەش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ حیزب و نەتەوەکەی گەلێ قورس بوو، و گیانی لەسەر دانا.

دوگماتیزم و چەقبەستن لە بیرکردنەوە و باوەڕەکانی قاسملوودا جێیان نەبوو، ئەو سیاسەتی نەک لەسەر بنەمای تیوریی نەگۆڕ، بەڵکوو لەسەر بنەمای زانست و داتا و لێکدانەوە دەکرد کە هەموویان بگۆڕن. ئەو لە توێی تیۆرییەکاندا بەدوای چارەسەری پرسی نەتەوەکەی نەدەچوو، بەڵكوو قۆڵی لێ هەڵدەکرد و لە مەیدانی کردەوەدا بنیاتی دەنا؛ بۆیەش حیزبەکەی لە سەردەمی بەڕێوەبەریی ئەودا ببووە گەورەترین هێزی کوردی و، هەروەها خاوەن و داهێنەری بنچینەییترین پڕەنسیپ و دەسکەوتە نەتەوەییەکان. لەم سۆنگەیەوە ڕەخنەی ئەو لە ڕابردووی دۆزی نەتەوەکەشی هەر لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بوو.

میراتی د. قاسملوو هەر ئەم بەها و بایەخانە نین کە هێنایە نێو حیزبەکەی و ئێستاش جێی شانازی و فەخرپێکردنن، میراتی قاسملوو وانەکانیەتی بۆ خەبات و لە سەنگەردا مانەوە هەتا دواتروپکی سەرکەوتن. ئەو بوو فێری کردین کە دێموکراسی چەند بۆ دابینبوونی مافەکانمان گرینگە، سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانمان بۆ مانەوەمان بە سەربەرزی چەندە زەروورە و، واقعبینیمان لە سیاسەتدا چەندە پێویست. دەرسی ئەوەی داداین شێلگیر و بوێر بین و لە بڕینی هەڵەمووتەکانی بەرەو ئامانجدا دەستی هیوا بەرنەدەین و ئیمانمان بە سەرکەوتن پتەو بێ. دەرفەت بخوڵقێنین و هەلە ڕەخساوەکان لەکیس خۆمان نەدەین. دەستی خۆمان نەبەستین و چاولەدەستی خەڵکیش نەبین.

زامی لەدەستدانی قاسملووی ڕێبەرمان بەژانە و لەکیسچوونی، ئەویش بە دەستی غەدر و تاوان برینێکی ئاوەڵایە، قەتماغە نابەستێ و لە پووشپەڕی هەموو ساڵێکدا جاڕی ئەم ناعەداڵەتی و بێدادییە دەدا کە دەرحەق بە تێرۆرەکەی ڤییەن کراوە. بۆیە ئەم پەروەندەیە لە ویژدانی مرۆڤایەتی و لە ڕوانگەی ئێمەوە لە دەسەڵاتی دادی ئوتریشیشیدا هەروا کراوە و ئاوەڵایە.

قاسملوو مێژوویەکە دەیخوێنینەوە، وانەیەکە فێری دەبینەوە، سەرمەشقێکە هەموو کاتێ لەبەر چاومانە و، ڕێباز و ئامانجێکە کە لە ئاسۆی ڕوانین و لە قووڵایی فەلسەفەی ڕامانەکانیدا پێی دەگەین.