بۆ چاوترسێن کردنی ئێران لێگەڕێن با شەڕ ببێ

و: کەماڵ حەسەنپوور
نەیشنال ئینتەرێست _کریستیان وایتن
لە ئاپریل، ڕێبەرە تێئۆکراتەکانی ئێران بەڵێنییان دا کە تەگەرە دەخەنە سەر هاتوچۆی پاپۆڕەکان لە کەنداوی فارس. حەوتووی ڕابردوو، بەڵێنییەکەیان بە هێرش کردنە سەر پاپۆڕی نەوتهەڵگری هاوبەشانی بازرگانیی وڵاتە یەکگرتووەکان، ژاپۆن و نۆروێژ، بردە سەر. ئێستا ڕێژیم لە دوایین هەوڵیدا بۆ هەڕەشە ئەتۆمییەکەی بەڵێنی داوە کە ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لەوەی کە ڕێگەی پێدراوە زیاتر بکا.
تاران حسێب لەسەر مێژووی دوورودرێژی خۆی لە دەربازبوون لە وەڵامدەریی بۆ هێرشەکانی بۆ سەر دونیای ئازاد دەکا. بەڵام درەنگ یا زوو ئێمە دەبێ هێڵیک بکێشین و ڕێگە بە شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێک بدەین کە هەمیشە خۆی لەگەڵ ئێمە لەشەردا بینیوە.
هێرشە هاوئاهەنگەکان بۆ سەر پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکان تەنیا تازەترین ئاکارە سەربازییە بێ پسانەوەکانی ئێرانن، هەم ڕاستەوخۆ و هەم ئەوانەی کە لە ڕێگەی بریکارەکانی ژێر کونتڕۆڵی ئەوان بەڕێوە دەچن. لە سەرەتای مانگی مای، تاران هێرشی کردە سەر چوار پاپۆڕی بازرگانی. چەند ڕۆژ دواتر، بەکرێگیراوەکانی بە کاتیوشا هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەغدا و بە قسەی وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێئۆ، هێرشێک لە ئەفغانستان بەڕێوە چوو کە بووە هۆی برینداربوونی چوار سەربازی وڵاتە یەکگرتووەکان. ئێرانییەکان هەروەها تەقەیان لە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی وڵاتە یەکگرەتووەکان کردوە.
ئەوە بە باشی لەگەڵ ئەو شێوە ئاکارانە دێتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی، کە لە ١٩٧٩ هاتە سەر کار، لە کاتێکدا کە دیپلۆماتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای، بەپێچەوانەی پڕەنسیپ و ئامانجە بنەڕەتییەکانی یاسای نێوەنەتەوەیی و خاوەن ڕەوشتیی، بە بارمتە گرتن. بەکرێگیراوانی تاران مۆڵگەکانی هێزی دەریاییان لە لوبنان لە ١٩٨٣ تەقاندەوە، هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکان، دواتر لە هەمان ساڵەکاندا ئەمریکاییان لە سەرانسەری بەیروتدا بە بارمتە گرتن، هەندێکیان ئەشکەنجە کردن و کوشتیانن (ئەوان هەمان کاریان لەگەڵ دیپلۆماتەکانی سۆڤییەت کرد تا موسکۆ لە ١٩٨٥ تەقەی لە خزمی چەکدارێکی حیزبوڵڵا کرد و خەساندی و لاشەی خزمەکەی بە لەتوکوتکراوی بۆ ناردەوە، دوای ئەو ڕووداوە موسکۆ تووشی گیرگرفتی دیکە نەبۆوە.)
لە ١٩٩٦ بەکرێگیراوانی ئێران پێگەکانی بورجی خوبەڕ لە عەڕەبستانی سعودییان تەقاندەوە و تاقمێک ئەمریکاییان کوشتن. لەو کاتەوە، ئێران بەرپرسی کوژرانی پتر لە هەزار ئەمریکایی لە عێراق بووە. تاران لە ٢٠٠٧ سەربازی هێزی دەریایی بریتانیای بەبارمتە گرتن، و لە ٢٠١٦ هەمان کاری لەگەڵ سەربازی هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان کرد، لە هەردوو ڕووداەکەدا ئێران گیراوەکانی بە شێوەیەکی سووکایەتیکەرانە نیشان دا کە پێشێلکردنی یاسای شەڕ بوو. ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی کاریگەر دوو هێزی سەربازیی بەکرێگیراو لە سنووری ئیسڕائیل بەخێو دەکا، حەماس لە باشوور و حیزبوڵڵا لە باکوور، و ئەوان بێ پسانەوە هیرش دەکەنە سەر دەوڵەتی جوولەکان. تاران بە هەمان شێوە، بە کەڵکوەرگرتن لە بەکرێگیراوە حوسییەکانی، دژی هاوبەشەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی، شەڕ دەکا. لەو شەڕەدا بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی هێرش دەکرێتە سەر پێتەختی عەڕەبستانی سعودی و بۆ سەر هەندێک ئامانج لە عەڕەبستان لە ناویاندا فڕۆکەخانەی ناوچەیی.
تاران بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ خۆی لە ژێر باری بەرپرسیارەتی دەرباز کردوە، و هێرشەکانی ئەو دواییانە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەکەنە ئامانج. لە کاتێکدا کە ئێستا ئەمریکا دووهەم هەناردەکەری نەوتە، ئێمە هێشتا نەوتێکی زۆر هاوردە دەکەین تا بیپاڵێوین و بەرهەمی نەوتیی پێ دروست بکەین بۆ بازاڕی نێوخۆ و بۆ هەناردە کردن. بە شێوەیەکی ساکار، هەم ئابووریی وڵاتە یەکگرتووەکان و هەم هی نێونەتەوەیی هێشتا بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەستراوەتەوە.
بەڵام وەک هەمیشە، هەر هەمان “پسپۆڕان” لە واشینگتۆن و پێتەختی وڵاتانی هاوپەیمان ڕاوێژی دەستەوەستانیی دەکەن. ئەوپەڕەکەی، ئەوان مەئمورییەتی ئیسکۆرتی تانکەرەکان لە کەنداوی فارس بە ڕێبەرایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان قبووڵ دەکەن. ئەوە لە بنەڕەتدا ئێران ئازاد دەکا و سامانە دەریایی، ئاسمانی و سەربازیی دیکەی وڵاتە یەکگرتوەکان دەبەستێتەوە، لە کاتێکدا کە دەبوو ئەو سامانانە بۆ چاوترسێن کردنی چین لە ناوچەی ئوقیانووسی هیند و ئارام بن.
وەک هەمیشە، ئەو دەنگانە پرسیار دەکەن ئاخۆ ئەو ئاکارە شەڕانگێزانەی ئێران لە لایەن پایەبەرزترین بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران بڕیاریان لەسەر دراوە یا عەمەلیاتی سەرەڕۆیانە بوون؟ ئەوان بە هەمان شێوە دەڵێن کە میانڕەوەکانی ڕێژیم ئامادەن دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و هەڵمەتێکی سەربازیی ئەوان بنکۆڵ دەکا. بەڵام هەرکەس کە بڕوانێتە ڕابردووی چل ساڵەی تاوانکاریی کۆماری ئیسلامی، ئەو ڕاستییە دەبینین کە ئیسلامیستە توندئاژۆکان هەمیشە لە سیاسەتی ئێراندا قسەی ئاخیریان کردوە، بۆیە ئەو قسانەیان پێ جەفەنگە. هەڕەشەی ئەتۆمیی تارانیش بە ئاشکرا لە لایەن ڕێبەرانی ڕێژیم بەڕێوە دەچێ و جوان دیارە کە لەگەڵ ئاکارە هێرشبەرانەکانی دیکەیان هاوئاهەنگە.
تاران بە هەمان شێوە سوود لە بێزاری لە ناکارامەیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە بەڕێوەبردنی شەڕی عێراق و ئەفغانستان وەردەگرن، کە ئێستاش دوای نزیکەی دوو دەیە هێشتا گیرۆدەیانین. بەسەرهاتێکی ترسێنەری دیکە “لیبی”یە، شوێنێک کە ئاڵوگۆڕی ڕێژیم بە یارمەتیی ناتۆ لە ٢٠١١، دەرگای ئاژاوە و پەناخوازانی بە لێشاوی کردەوە. ئێستا دوای هەشت ساڵ هێزە سێکولارەکانی ژێر دەسەڵاتی ژەنەڕاڵ حەفتەر خەریکی وەدەستهێنانی دەسەڵات بۆ پاراستنی لیبی لە ئیسلامیست و جیهادییەکانن. کێ وێرانییەکی دیکە لەو چەشنەی دەوێ؟
بەڵام هەڵمەتی سەربازیی دژی ئێران نابێ هیچ شتێکی وەک هی عێراق، ئەفغانستان یا لیبی بچێ. نابێ باسی نەتەوەسازیی یا خاوەن ئاسایش کردنی دونیا بۆ دێموکراسی بکەین. دەبێ سنووردار، لێدانی سزادەرانە بۆ چاوترسێن کردنیان بێ بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا شەڕانگێزی و هەڕەشە نەکەن. ئێمە دەتوانین کەڵک لە باڵادەستیی بەرچاومان لە هێزی دەریایی و ئاسمانی بۆ تۆڵەکردنەوەی هێرشە دەریاییەکانی ئێران وەرگرین و تواناییە دەریاییەکانی ئەوان بە تایبەتی بە هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە دەریایی و کەنارییەکانیان دابەزێنین. کردنی ئەو کارە ئاخیرەکەی بە ئێران دەڵێ کە ئێمە چیدیکە پێمان تەحەممول ناکرێ. وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی دەتوانن باڵادەستیی خۆیان لە ڕێگای ڕوون کردنەوەی ئەو ڕاستییە بۆ ئێران بپارێزن کە لایەنە سەرەکییە ئابووری و پێناسەی سیاسییان، لە ناویاندا بەشی کەشتیوانیی، پاڵاوتگە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان لە مەترسیدا دەبن ئەگەر بێتوو درێژە بە شەڕانگێزییە سەربازییەکانیان و هەڕەشە ئەتۆمییەکانیان بدەن.
سەرکۆمار دۆناڵد ترامپ مانگی ڕابردوو لە تویتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وریا کردەوە کە، “ئەگەر ئێران شەڕی دەوێ، ئەوە دەبێتە کۆتاییهاتن بە ئێران و هەرگیز جارێکی دیکە هەڕەشە لە وڵاتە یەکگرتووەکان مەکەن.” ئێران بە چەندین هێرشی ئەوتۆ وەڵامی داوە کە بتوانێ بە ئاسانی حاشایان لێ بکا، پێی وایە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان جارێکی دیکە تەنیا بە قسە و بە کەمترین شێوە پەرچەکردار نیشان دەدەن، ئەویش تەنیا بە ژێستی بەرگریکەرانە.
کاتی ئەوە هاتووە بەڵێنییەکانمان بەجێ بگەیەنین و بەرپەرچ بدەینەوە. یا دەبێ ئێمە پەلوپۆی ئێران بقرتێنین، یا ئەوەی کە بەکردەوە هانی دەدەین ئەو شتانە بکا کە لە سەرەتای دامەزرانییەوە کردوونی، واتە هەڵایساندنی شەڕ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوشتنی ئەمریکاییان.