ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١٧)

ئەخلاق و سیاسەت
بایەخدان بە ئیدئالە ئینسانییەکان و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی شێوازێکی دیکە لە کاری سیاسی کە دوور بێت لە تێڕوانینی “ڕەواییدان بە ئامرازی ناپەسەند لە پێناو ئامانجەکاندا”، ڕێبازێکی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتە. ئەم حیزبە کە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم و سەرهەڵدانی ڕووداوە شەرمهێنەرەکانی وەک هۆلۆکاست لە دڵی ئورووپا و قەڵاچۆی نەتەوە بەشخوراوەکان بە دەستی باوەڕە ئیمپراتۆرخوازەکانی عوسمانی و سەفەوی و لە سەردەمی سڕینەوەی جۆڕاوجۆرییە جوانە ئینسانییەکان لە سەردەمی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەیی رەزاخاندا بوونی خۆی ڕاگەیاند، بایەخدان بە ئەخلاق و مەعریفەی کرد بنەمای کار و تێکۆشانی خۆی.
بناغەدارێژەرانی ئەم حیزبە کە سوێندیان خواردبوو خیانەت لە یەکتر و گەلەکەیان نەکەن، لە سەر ئەزموون و تێگەیشتن لە پاشخانی مێژوویی بزووتنەوەکانی کوردستان، رێڕەوێکی ئەخلاقی و درووستیان لە تێکۆشانی سیاسی بنیات نا. ئەم کلتوورە لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی بە پێشەوایەتیی شەهید قازی محەممەد کە خۆی کەسایەتییەکی خاوەن شەخسییەت بوو، لە کۆماری کوردستاندا بە تەواوەتی دەبێتە پێناسەیەکی هەتایی بۆ حیزبی دێموکرات. ڕاوەستان لە پانای خەڵک و خۆکردنە قوربانی لە پێناو پاراستنی گەلەکەیدا، ڕەفتارێکی بەرزی ئەخلاقی و نەتەوەیی بوو کە تەنیا لە پێشەوای حیزبی دێموکرات دەوەشایەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم پاشخانە بەرزە لە ئەخلاقی سیاسی و نەتەوەییە کە پێ دەنێتە قۆناغە پڕ لە هەوراز و نشێوەکانی دیکەی خەبات و تێکۆشەرانی لە بەندیخانەکانی رێژیمی دژ بەکوردی تاراندا ئامادەن بە دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆیان لە چاڵەڕەشەکاندا تێپەڕ بکەن و ببنە قوربانی، بەڵام شکۆی خەڵک و بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەیان خەوشدار نەکەن.
لە قۆناغەکانی دواتری خەباتی دا کە ڕێژیمێکی بەدفەڕی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ جەنایەت و دزێۆکارییەک بۆ لەنێوبردنی درێغی ناکات، ئەم حیزبە ئەخلاقی لە تێفکرین و سیاسەت و کردەوەکاندا بۆ دەبێتە پڕنسیپێکی ئینسانیی نەگۆڕ و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیە لێی لا بدات. حیزبی دێموکرات کە پشتی بە گەلەکەی و ئەقڵییەتی دێموکراتیکی خۆی قاییم بوو، هیچ کات وڵامی سیاسەت و ڕوانینە پڕ لە درۆ و دوور لە ئەخلاقییەکانی ڕێژیم و نەیارانی بە بێ‌پڕنسیپی نەدایەوە. بۆیە شەهید دوکتور قاسملوو بەرانبەر بە هەموو ئەو جنێو و بۆختان و قسە سووکانەی بە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان دەکران قورس و قاییم و بە باوەڕبەخۆبوونێکی تەواوە دەڵێ:
” ئێمە بێ‌ئوسوولی و جنێو فرۆشی لە سیاسەتدا ڕەت دەکەینەوە، بۆ جێگرکردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا تێدەکۆشین و یەکەم حیزبی ئێرانی بووین کە ئەخلاقمان واریدی سیاسەت کردوە”.
دژایەتی لە گەڵ تێرۆریزم، ڕەفتاری ئینسانی لە گەڵ دیلەکانی شەڕ، دژایەتکردن لە گەڵ بەبارمتەگرتن، ڕەتکردنەوەی ڕەفتاری توندوتیژ لە گەڵ زیندانی، درۆنەکردن لە گەڵ خەڵک، ئەو نموونانەن کە ڕەفتار و سیاسەتی ئەخلاقمەدارانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان پێ پێناسە دەکرێ. گرینگیی پابەندبوون بەم پڕنسیپە ئەخلاقیانە ئەو کاتە دەردەکەوێ کە هاوکات شاهیدی جینایەتکارانەترین ڕەفتاری ئەو نیزام و ڕێژیمەین دەرحەق بە ئەم حیزبە و گەلەکەی. هەر ئەو کاتانەی کە هێزە دڵڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەرمی بێ‌گیانی پێشمەرگە شەهیدەکانیان لە پشتی ماشین و بەنێو خەڵکدا ڕادەکێشا، حیزبی دێموکرات داوای لە هێزی پێشمەرگە دەکرد کە بە ئەخلاقەوە ڕەفتار لە گەڵ دیلەکانی شەڕ بکەن. هەر ئەو کاتانەی کە جەلادانی ڕێژیم لە زیندانەکاندا دەستەدەستە لاوانی کورد تیرباران دەکەن و لەسێدارەیان دەدەن، لە گرتووخانەی حیزبدا ڕەفتاری ئینسانی لە گەڵ گیراوانی ڕێژیم دەکرێ. هەر ئەو کاتانەی کە حیزبی دێموکرات دژایەتی خۆی لە گەڵ تێرۆریزم ڕادەگەیەنێ و تێرۆریزم ڕەت دەکاتەوە، ئەوان لە ژوورەکانی بنیاتنانی کردەوەی تێرۆریستیدا پیلان بۆ تێرۆری رێبەرانی دادەڕێژین و تێرۆریان دەکەن.
پێبەندبوونی حیزبی دێموکرات بە بنەما ئەخلاقییەکانەوە لە خەبات و تیكۆشانی سیاسیی خۆیدا، یەکێک لەو هۆکارە هەرە بنەڕەتی و جەوهەریانەیە کە ئەمرۆ دوای نزیک بە هەشت دەیە لە خەباتیدا وەک متمانەپێکراوترین هێزی کوردی لە هەموو ئاستەکاندا سەیری دەکرێ و لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا وەک هەمیشە جێی تایبەتی و لە نێوکۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکاندا ئێعتبارێکی بەرزی سیاسی هەیە. بۆیە کەسێکی بیانیی وەک “مارک کراویتیز″ ساڵی ١٩٨٩ لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی لیبراسیۆن نووسیبووی:
” یەکێک لە شانازییە هەیە گەورەکانی دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو کە قەت لە دووپاتکردنەوەی ماندوو نەدەبوو ئەوە بوو کە، ئەوەندەی دەگونجێ دەبێ بایەخ و ئیدەئالە ئینسانییەکان لە تێکۆشان و کاروباری ڕۆژانەی بزووتنەوەدا ڕەنگدانەوەیان هەبێ. حیزبی دێموکرات هیچ کات لە گەڵ زیندانی‌یەکان بە خراپی ڕەفتاری نەکردوە. لە پێوەندی و هەڵسووکەوت لە گەڵ خەڵکدا پەنای بۆ فشاری زۆرەملی نەبردوە. قەت بارمتەی نەگرتوون، هیچ کات فڕۆکەی نەڕفاندووە یان لە شوێنی گشتی دا بۆمبی بۆ دوژمن دانەناوەتەوە و شەڕێ نەکردوە”.

سمایل شەرەفی