ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٥)

بەرژەوەندیی نەتەوەیی
حیزبی دێموکرات کە لە سەر ئەساس و بنەمای بیری “نەتەوەیی” و لە پێناو هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی “ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد” دامەزراوە، بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کورد لەگەڵ ناو و بەرنامەکانی لێک گرێ دراوە. بۆیە بە نیسبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لە بنی‌ڕا باسکردن لە دوو مەفهوومی “بەرژەوەندیی نەتەوەیی” و “بەرژەوەندیی حیزبیی” نادرووست و، لە جێی خۆیدا نیە.
تەواوی ئەو هێما و سەمبولە هاوبەشە نەتەوەییانەی کە ئەمڕۆ ئینسانی کورد لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە شانازی پێوە دەکات و بەمانەوە هۆڤییەتی نەتەوەیی خۆی پێناسە دەکات، داهێنان و دەسکەوتی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتن. ئەوە حیزبی دێموکراتە کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی نەتەوەی کورددا، بە بیرێکی ئەمڕۆژیانەی نەتەوەیی و دێموکراتیکەوە، قەوارەیەکی سیاسی – نەتەوەیی بە ناوی “کۆماری کوردستان” دادەمەزرێنێ و “باوەڕبەخۆبوون” لە تاکی کورد دا بنیات دەنێ. ئەوە حیزبی دێموکراتە کە بۆ یەکەمین جار بە پشت بەستن بە دەسەڵاتێکی ڕەسمیی وەک کۆمار، “ئاڵای کوردستان” بەرز دەکاتەوە و “شکۆ” بە وجوودی ئینسانی کورد و خاکی کوردستان دەبەخشێ. ئەوە بۆ یەکەمین جار حیزبی دێموکراتە کە بە دامەزراندنی “سپای میللی” و ناونانی بە “پێشمەرگەی کوردستان”، بیرۆکەی زەروورەتی “خۆپاراستن” و پشت بە خۆبەستن لە ئەقڵییەتی ئینسانی کورد دا بنیات دەنێ. هەموو ئەم هێما و پێناسە نەتەوەییانە بەشێکن لە ئەقلییەت و تێکۆشانی نەتەوایەتیی حیزبی دێموکرات لە پێناو هەوڵدان بۆ دابینکردنی “بەرژەوەندی نەتەوەیی”.
نەهادینەبوونی ئەم تێگەیشتنە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ مەفهوومی “بەرژەوەندی نەتەوەیی”، هەموو تێفکرین و تێکۆشانێکی ئەم حیزبە لە هەموو بەستێنەکاندا دەخاتە ژێر هژموونی خۆیەوە و دەبێتە چرای رێگای تێکۆشانی سەرجەم تێکۆشەرانی. پێشەوای مەزنی حیزبی دێموکرات، شەهید قازی محەممەد کە ئامادەیە لە پێناو پاراستنی گەلەکەی لە کوشت و کوشتاری بە کۆمەڵ، خۆی بە دەستەوە بدات و لە سێدارە بدرێت – وەک دامەزرێنەری ئەم حیزبە – ویستی ئەم پەیامە هەتاهەتاییە بڵاو بکاتەوە کە “ئامادەین لە پێناو خاک و خەڵکی خۆماندا بمرین”.
لە قۆناغەکانی دواتریش حیزبی دێموکرات هەر لەسەر ئەساسی بیری نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندە گشتی و نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد، نەتەوەییانە بیری کردۆتەوە و نەتەوەییانە هەنگاوی ناوە. شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری ئەم حیزبە کە لە مێژووی جووڵانەوەی کورددا بە پیاوی دیپلۆماسی و دیتنەوەی دۆست و پشتیوانی بیانی بۆ کورد دەناسرێ، ئەوەندەی لەم بەستێنەدا بۆ حیزبەکەی هەوڵی دەدا، زۆر زیاتر لەوە هەوڵی دەدا خزمەتەکانی بۆ گشت کورد و کوردستان بێت. “دوکتور قاسملوو تەنیا لە فکری حیزبەکەی دا نەبوو. لە ڕاستی ئەو حیزبەکەی خۆی بە وەسیلەیەک بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان و ئامانجە بەرزەکانی دیکەی چاو لێ دەکرد. بۆیە لە پێناو قازانج و مەسڵەحەتی گەلەکەی دا هەمیشە هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕادەسپارد کە قازانجی حیزب فیدا بکەن”.
لە ڕووی هەزینەدان و فیداکردنی قازانج و بەرژەوەندیی حیزبییەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوت و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا، حیزبی دێموکرات کارنامەیەکی درەوشاوەی پڕ لە شانازیی هەیە. ئەم تێفکرینە نەتەوەییەی حیزبی دێموکرات بۆ مەفهوومی “بەرژەوەندی نەتەوەیی” کە بێگومان تێچووی قورس و گرانی بۆ خودی حیزبی دێموکرات لێ‌کەوتۆتەوە، لە زۆر قۆناغدا تەنانەت شوێنەواری نەرێنیی لە سەر جۆری تێکۆشان و ئیمکاناتی مادی و مەعنەوەیی ئەم حیزبە داناوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەش وەک زۆرێک لە پڕنسیپە نەگۆڕە نەتەوەییەکانی دیکەی، مانا و پێناسەی وجوودیی ئەم حیزبەن.
بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە تەنیا مەفهوومێکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی نیە بە تەنیا، بەڵکوو مەفهوومێکی جەوهەرییە بۆ بەرنامەیەکی نەتەوەیی کە حیزبێکی سیاسی، فەلسەفەی وجوودیی خۆی لە پێناو دەستەبەرکردنی ناوەرۆکی ئەم بەرنامەیەدا کە هەمان ویست و ئازادییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانە، پێناسە دەکات.
بە بێ ئەوەی بمانهەوێ لە چوارچێوەی بابەتیانەی ئەم باسە بتەرازێین و ڕواڵەتێکی “ئەرزشی” پێ ببەخشین، سەرنجدان بە مەوقعیەتی کۆمەڵایەتی، عیلمی و سیاسیی سێ رێبەری شەهید کراوی ئەم حیزبە(قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی) کە لە کۆتاییدا گیانیان لە پێناو ئامانجە بەرزە نەتەوەییەکانی گەلی خۆیاندا بەخت کرد، ناچارمان دەکات کە قووڵتر لە هەمیشە بیر لە ڕوانگە و تێفکرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەینەوە.

سمایل شەرەفی