راگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆپبارانی سنوور

راگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
ناوەند و رێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ!
تێکۆشەرانی دێرین، دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان!

هەروەک ئاگادارن لە رۆژانی ١٩ و ٢٠ی پووشپەردا (١٠ و ١١ی ژوییە) سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای تۆپخانە و فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە، هێرشێکی کوێرانە و بەربڵاوی کردۆتە سەر ناوچە سنووریەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئاکامی ئەم هێرش و بۆردمانانەدا کە ئامانجیان گورزوەشاندن لە بنکە و بارەگا سنوورییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بووە، لە لایەکەوە پانتایەکی بەرین لە رەز و باخ و پاوانی دانیشتوانی گوندە سنووریەکان سووتاون و ژمارەیەکی زۆر لە رەوەند و هەوارچییەکانی باشووری کوردستان ئاوارە بوون و، لە لایەکی ترەوە زۆر بە داخەوە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی “زەیتوون قادر ” گیانی لە دەست داوە و ژمارەیەک هاوڵاتی و سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە بریندار بوون.
ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای مەحکومکردنی ئەو سەرەرۆیی وملهوریەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، سەرەخۆشی و هاودەردی خۆمان لە گەڵ بنەماڵەی زەیتوون قادر دەردەبڕین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. لە هەمانکاتدا وێرای مەحکومکردنی سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری هەرێم و پێشێل کردنی سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان ترس و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی و نانەوەی ئاژاوە و دڵەراوکێ لە نێو دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، خوازیاری ئەوەین هەموو توانای خۆتان بۆ ریسواکردن و لەقاودانی سیاسەتی سەرەرۆیانە و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان بخەنەگەڕ و، لە رێگای جۆراجۆرەوە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم و ریسوا بکەن.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢١ی پووشپەری ١٣٩٨ی هەتاوی
١٢ی جوولای ٢٠١٩