حومێــــڕا بەشی دووهەم. نووسینی: لەیلا قادری ـ ساکار

چیرۆکی ڕاستەقینە
ئەو ڕۆژە، گورجێکی، ساکێکم شڕەوبڕە تێک‌ نا و ئەڵقەی دەزگیرانی و سێ چەکە پووڵ و دوو سێ کلیلی ژەنگاویم لەسەر تاقەی وەتاخێ بەجێهێشت و بە کۆڵێک ڕەنجەڕۆیی و کوڵ‌وکەسەر و دوو چاوی تەڕ و قالبێکی شەکەت، وەختێ ئارەقە لە بەری پێم دەڕژا و لاقم لەدوو نەدەهات، لە نێو گۆڵگەشه و هات‌و‌هاواری ماڵی خەزوورمدا، بەرەو کاڕێژی سەیفالی وەڕێ کەوتم. لەو کۆڵانانە، بە بانگ و سەڵا دەگریام و زۆر جار لاقم دەفیزا. گەیشتمە کن ماشێنەکان و شوناس و ناسیاوم لێ پەیدا بوو…هەرکەس تووشم دەبوو دەیگوت: حومێڕا ئەوە بۆ وا پەشۆکاوی، ناکا موو لە زمانمان بێ، دایە حولەیما شتێکی لێ هاتبێ!
ئەی ئەوە میرزا یاقوب کوا؟ ئەو بەروبوخچەیە چییە؟ ناکا تۆرابێتی؟ “سەلیم”ە کوردە گوتی:
“هەی لە کاکی خۆت نەکەوێ هەی، تێکچوونێ لەگەڵ یارێ، ئاشتبوونەوەی زۆر خۆشە. مەگری، خۆ کاکی خۆت نەمردووە، وەڵڵا بزانین پەل ببزێوێ، ئەلێره ئەتکی دەکەین. ڕەنگە پێی وابێ چاوسوورت نییە، دەتوانێ بە کەیفی خۆی ڕایدا؟”.
نیو سەعاتی نەگرت گەیشتمەوە ماڵێ، ڕەببی ڵاڵاییم دایە بۆ دایکی هەناسەساردم، مەنجەڵێکی زنجیرداری لەسەر ماتۆڕی وەسەر نابوو، خێراخێرا ناسووسی لێ دەدا و ڕوبەکەی هاتبووە نیزیک دەرچوون.
هەر سەری هەڵێنا، دەستی لە ناسووس بەردا و توند لە باوەشی گرتم و گوتی: “ئەوە بەروبوخچەت هێناوەتەوە حومێڕا؟ ماڵی باب، ڕووگەی منداڵە،لە کچ و له کوڕ…بەخێرێیەوە، هەر کچەکەی جارانی، ئەمان خۆزگە کوێر بایەم و تۆم ئاوا لێوبەبار و چاوبەفرمێسک نەدیتبایە. چەند بێکەسین ڕۆڵە! بۆیه دەڵێن بەختی دایکان، گیازی/جیازی کچانە. لێت بەزیاد نەبێ خودایە بۆ بەشت.
باشە بۆ دەبێ بەختمان بە بەختی ئیستیفا کەلوکۆمیش نەبێ!؟ دەتڕێ و دەڵێ شازدەی مانگە.

ئەوڕۆ بەیانی، حانێکی چووم تفاق لەبەر ماڵاتی کەم، تەمەشا دەکەم گوێلکێک و مەڕەزاوێکم مردوون. لە تاوانیان لەسەر دونیایە نیم، ئەو زەرەدەشم هاتە سەر، کاکم هەردووکیانم پێ دەبژێرێ.”

+سێ مانگەی پاییزێ دانیشتم، عەبدێک نەهات بڵێ قوونت چەند جەواڵ کا دەبا. چاوەڕێ بوون بۆخۆم شکایەت بکەم.
دایکیشم دەیگوت:
:چوارخاڵم بکێشن نابێ لینگ لە دادگا نێی. لەسەر دەستی دوو کەیخودا و مەلایەک تەڵاقی لێ بستێنە و هەستە حەوا. ”
دەروجیران لەگەڵ خۆیان دام و لە نیزیک ڕەزایه، سێوی “باوەرێن”مان بۆ کارخانەکان کۆدەکردەوە و نیوە نەغد و نیوە قەرز، چەند سەرم مەڕی پاییزەزێ بۆ دایکم کڕییەوە، ئیدی ئەوجار لەبن تڕ و منەتی ماڵی خاڵم هاتە دەرێ. ڕزقی خۆمانی دەگرت و پەسمەندەکەی دەبردە مەیدانی ماستی/بۆکان و دەیفرۆشت.
بە تەواوی مەیلی یاقوبم نابوو، دایکم تاقە جارێکی بەچاودا نەدامەوە و ڕووی لێ گرژ نەکردم، ئەننەهوو دەتگوت قەت مێردیشم نەکردووە. دەروجیرانیش بە قوونی دڕاویانەوە، نە پللاریان تێگرتم و نە پێمەوە ماندوو بوون و نە چڵکیان شوشتم.
دوو سێ دۆج/گاز( کۆمپرێس ماشێنی بارهەڵگری قەدیمی) کاریان بۆ دەکردم، سەرەندی گەورەم دەبردە ئیشکەڕۆکەی بەرماڵان و شەوی دەما دەستم دەکرد بە خیز دابێژتن…خیزێکی چاکم لێ فرۆشت، لەولاشەوه، هەشت هێکتار زەویی دێمم بە دەودوو هەڵگرتبۆوە و پاییزێ بە نۆکە سپیلکە دامچاندبوو… ڕۆژی خۆی گەوره‌کچ و کوڕەجحێڵەی کانی‌تۆمار و نۆباریشم قاو دا و بە هەرەوەز تەقەمان لێ هەستاند.

ساڵ و نیوێکی تێوەرسووڕاوە، یاقوب ژنێکی لەسەر دوو منداڵان هەڵپچڕیبوو، لە بێنەوبەرەی ژن‌خواستندا بوو، دوو پیاوی لێ ڕاسپاردبووم هەتا بە پووڵێکی کەم چاوم ببەستێ و تەڵاقم دا. منیش لێی هەستامە سەر پاشوو و داوای نەفەقەی ئەو 18 مانگەشم کرد و زویر و ناقایل، ڕاسپاردەم بەڕێ کردەوە.
ئەو باس و خواسە دە ڕۆژێکی خایاند، لەو ماعبەینەدا کابرایەکی چاکیان پێ ناساندم، لە ئورووپا دەژیا و شاش و واش یۆرۆی بۆ خزم و کەس دەناردەوە، هەموو پێی خەنی ببوون.
کابرای گۆرین ژمارەی بۆ ناردبووم و گوتبووی ئاوی بە دەستەوەیه داینێ و قسەم لەگەڵ بکا”..
دەزبەجێ زەنگم بۆ لێدا و پاش من خۆش و تۆ خۆش، کابرا دەستی کرد بە پێداهەڵگوتن و بۆم بوو بە شایەر و ئەوەی دەیگوت نەیدەگوتەوە. دەیگوت: “دەڵێی ئەسپی خۆشبەزی، بەقوربانی ئەو دایکه بم مەمکی لە زارت ناوە، دەستی شکاوم چەند درەنگم تۆ ناسی!”

چوومە بەر ئاوێنەکەی دیوی دایکم و چاوێکم لە بەژن و باڵا و قەڵافەتی خۆم کرد، گوتم ئەی بۆ خەسووم پێی دەگوتم:” ریقنەی، مارمژیوی ڕیوەڵە!!”
خەسووە بێ‌چاوڕووەکەم، چاوی پێم هەڵنەدەهات و وەک دەڵێن کەسێک ڕقی لە کەسێک بێ، خەونی گولی پێوە دەبینێ.
هەموو ڕۆژێ هەتا شەویلکەمان شل‌شل دەبوو، قسەمان دەکرد و کامێرامان دەکردەوە و گوڵ و جەرگ و دڵ و هەناومان بۆ یەک دەنارد.
پاش دە ڕۆژەکە، زەنگم بۆ خەزوورم لێدا، گوتم من سازم. کوێ دەڵێن دێمه ئەوێ و دوو قڕانێکی سووتاوم لێتان ناوێ. هیچمان لە هیچ.
دڵم گەرم داهاتبوو، خۆم لە شەقامەکانی ئۆسلۆدا دەدیتەوە. جا ئەوە تەنگەی شێوانە و دەستم لە دەستی ئەسعەد دایە و نەرم‌نەرم شەقاو هەڵدێنینەوە و جاروباره سەرم بە نازەوە لەسەر شانەکانی دادەنێم و ئەویش قژەکانم لادەدا و لاجەیانگم ماچ دەکا.
دایکم گوتی: ”
ڕۆڵە دونیایه، ئەوە من نەمام، دوژمن بە خۆت خۆش نەکەی، تۆ سێحەب سۆرەوتۆرەی، چاوت لەو نەبێ ژنی هێناوەتەوە، بچی ملی خۆت لە چەقۆ هەڵسووی و تۆرەمە سەگێکی وەک یاقوب گیان، لەسەر خۆت بکەیه ماڵ.”
گوتم:
“دایە گیان، کەسێکی وا هەیە، قەولی داوە، هەر دووکمان دەبا بۆ خاریج، دەڵێ دایکت بۆ کێ بەجێ دێڵی…نانێکم بێ لەگەڵ دایکت دەیخۆم و کەسێک شیری پاکی خواردبێ، قەت بۆ تاقە سەعاتێک فەرقی دایکی و خەسووی ناکا.”
ٓ- بەو خودایەی شادەم پێ هێناوە، بەقام بە یەک پیاو نییە. گووی سەگ بە ڕیشی ئەوی چاکەکەیان، بزانم کێهایان دەگرێتەوە، من تازە عومری پیرەمەڕێکم ماوە، چم لە غەریبایەتی و نێو ئەو ڕووت و قووتانە داوە!! هەر زەلیل نەبم و خودا ئیمانم داتێ، هیچم ناوێ”.
نان و ئاوم لێ حەرام ببوو، گنجم لە خۆم بڕیبوو هێندەی خۆ بەقوربان ئەسعەد کەم.
پاش دوو مانگ، بە دەستی پڕەوە هاتەوە کوردستان و خۆم تیف‌تیفە دا و چوومە ژوانێ. دایکم نەیزانی دەنا تۆخماخی سەری دەکردم.
گوتی:
“وەره مەهاباد، لەوێ کەس نامناسێ.”
لە باغی میکاییل یەکترمان دیت، دەتگوت خودا خەنی کردووم.
گوتی:
” دەبێ سەبارەت بە کاروباری کەیسەکەت قسە بکەین و ڤیدیۆیەک زەفت کەین، چون دەوڵەتی نۆروێژ داوامان لێ دەکا، با زوو کارەکانت جێبەجێ بێ و منیش لەو سەڵتی و ڕەبەنییه بێمە دەرێ”.
منیش هەستام وەک مەڕ وەپێشی کەوتم و چووینە ماڵێکی خۆش و بەرفەریحەوە. کوڕێکی باڵابەرزیش لەوێ بوو. هەر پێم لە ژوورێ نا، خۆی ڕووت کردەوە و دەستی بۆ مانتۆ و لەچکەکەم هێنا.
گوتم:
” کەنگێ قەراری ئەوەمان بوو؟ تۆ کڵاوت لەسەر نام، ئەو نێرەکەرە کێیە لێرە؟”
گوتی:
” بۆ کەیسەکەت پێویسته، کەیفی خۆتە، وادیارە لێم پەشیمان بوویەوە، دەزانم جوانچاک نیم و تۆ بەسەر منەوەی، چ بکەم وەستا کەریم نەیدا.”
بەو قسانه دڵم نەرم بوو، چووینە وەتاخەکە و بە کەیفی ئەو ڕووت بوومەوە و بە دڵی خۆی لەگەڵ کردم و کوڕەش دووربینەکەی دامەزراند و ڕۆیشتە دەرێ.
پاش چەند خولەک وەخۆ هاتمەوە، سەرم هەڵنەدەهات، بەدم خۆکۆکردنەوەوە: “دایکم بزانێ روح بۆ کوێ بەرم! دەستەوبەجێ سەکتە دەکا. ئەی لە خۆم خەجاڵەتێ، ئەوە چم کرد!”

ئەسعەد توند لە باوەشی گرتم و گوتی: “ئەگەر تۆم نەبا بۆ ڕازی ژیانم
چ کەسێک دەبوو بە بەردەنیانم”

بەو جۆرە دیسان هیوا چەقەرەی داوە.
هەر ڕۆژناڕۆژێک بە بیانووی دوکتور و ماڵی رەفیق و تاناکۆڕا، دەچوومە مەهاباد و بە لاقی خۆم دەچوومە باوەشییەوە.
ئیدامەی هەیە
لــەیـلا قـادری/سـاکار