ئاخۆ کۆتایی ڕێژیمی ئێران نزیکە؟ و. کەماڵ حەسەن‌پوور

نەیشنال ئینتەرێست – مایکڵ روبین
ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکان لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ بەقەد کاتی ئۆپەراسیۆنی سیسرکی نزاکەر لە ١٩٨٨، کە ئەو کاتی مەزنترین تێکهەڵچوونی دەریایی لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانیی بوو ، نزیکن.
جەوهەر و ئۆکسیژێنێکی زۆر بۆ شرۆڤە کردنی ئەو مەسەلەیە سەرف کراوە، بەشیکی بە باشی و بەشێکیش ساویلکانە. ئەوە هەندێک بۆچوون باس دەکەم کە بەخت یارم بوو و ماوەی نزیکەی حەوت مانگ لە کۆماری ئێسلامیی ژیام بۆ توێژینەوەی تەواو کردنی بەڵگەنامەی دوکتۆرایەکەم لەسەر فەلسەفەی مێژووی ئێران، و ئەو زانیارییانەم وەدەست هێناون. من لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی جۆرج دەبلیو بوش لە بەشی ئێران لە پێنتاگۆندا کارم کردووە، زۆرجار سەردانی کەنداوی فارسم کردووە، و لە ماوەی ٢٥ ساڵێ ڕابردوودا نزیکەی بەردەوام لەسەر ئێران بەدواداچوونم کردووە.
١- زەخت کاریگەریی لەسەر ئێران هەیە. زیاتر لە دە ساڵە کە ڕوانگەیەکی سەیر برەوی پێ دەدرێ کە زەخت خستنە سەر ئێران بێ فایدەیە. بۆ وێنە، دینا ئەسفەندیاری لە دامەزراوەی سەنچری لە تویتێکدا دەنووسێ “# ئێران تا زەخت زیاد بکرێ وتووێژ ناکا چونکە ئەوە بۆ دەوڵەت وەک خۆکوژیی وایە. ئەوان کاتێک وتووێژ دەکەن لە بەرامبەر سازش‌ کردندا شتێک وەدەست بێنن.” و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێژەی سانتریفیوژەکان وەک پێوانەیەک، وێندی شێرمەن، دانوستانکارێکی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما، لێکدا لێکدا دەڵێ کە سازش کردن بەسەر ناچار کردندا سەردەکەوێ.
بەڵام هەردوو ئەسفەندیاری و شێرمەن لە کەم بایخ نواندنی زەختدا هەڵەن. هەر وەک من لە وتاری سەما لەگەڵ شەیتاندا بە وردی باسی مێژووی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕێژیمە سەرەڕۆکان و تاقمە تەرۆریستییەکانم کردووە، چەمانەوەی کۆماری ئیسلامیی بەرامبەر بە زەخت شتێکە کە پێشینەی هەیە. بۆ وێنە، لە ١٩٨١، ئایەتوڵڵا خومەینی لە کاتێکدا بارمتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئازاد کردن کە بە گشت داواکارییەکانی نەگەیشتبوو. ئەو لەبەر دیپلۆماسی لێبڕاوانە ئەوکارەی نەکرد، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە تەریک کەوتنەوەی ئێران ببووە بارێکی هێندە قورس کە نەیتوانی هەڵی گرێ، بە تایبەتی بە لەبەر چاوگرتنی شەڕی ئێران و عێراق.
خومەینی بە هەمان شێوە لە ١٩٨٨ ئاگربەسی قبووڵ کرد و هێشتی سەددام حوسێن لە عێراق لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، شتێک کە پێشدا سوێندی خواردبوو کە هەرگیز قبووڵی نەکا. هۆیەکەی چی بوو؟ درێژە دانی شەڕی ئێران-عێراق لە ڕوانگەی ئابوورییەوە هێندە دژوار بوو کە مانەوەی ڕێژیمی ئێرانی دەخستە مەترسییەوە.
لە سەدرەمی بەڕێوەبەرایەتی ئۆبامادا، سەرۆک کۆمار حەسەن ڕووحانی هات بۆ سەر مێزی وتووێژ لەبەر زەختی ئابووری دوای سەپاندنی ئابلۆقەی ئابووری یەکلایەنەی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتە یەکگرتووەکان، کە لە سەرەتادا کۆشکی سپی دژی بوو بەڵام دوایە شانازییەکەی کردە هی خۆی.
لە پەیوەندی لەگەڵ باسی شێرمەن لەبارەی ڕێژەی سانتریفیوژان، ئەو کۆی مەسەلەکە بە هەڵە تێ گەیشتووە. لە نێوان ١٩٩٨ تا ٢٠٠٥، ئاڵووێری بازرگانی یەکیەتی ئوروپا لەگەڵ ئێران نزیکە سێ قات زیادی کرد و نرخی نەوت بۆ پێج قات بەرز بۆوە. بۆیە ڕێژەی سانتریفیوژەکان زۆر زیادیان کرد و هیچ پەیوەندییەکی بە سازش کردنەوە نەبوو بەڵکو هۆیەکەی دیپلۆماسی لە ڕاددەبەدەر بوو.
بەڵام کاربەدەستانی ئێران پێشکەتوون و لە سیاسەتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان تێدەگەن. ئەو ڕاستییە کە ئێران بۆتە تۆپی سیاسی لەکۆنگرە و کاناڵەکانی هەواڵنێرییدا لەوانەیە ئێران بەرەو شەڕەنگێزی هاندا، بە تایبەت ئەگەر کاربەدەستانی ئێران بگەنە ئەو ئاکامە کە ئەوان دەتوانن ببنە هۆی پەرە ئەستاندنی کێشەی سیاسی لە واشینگتۆن. بۆیە، ئەمریکا هیچ ڕێگاچارەیەکی نییە جگە لە یەکگرتوویی.
٢- کاربەدەست سیاسەتە. لە وڵاتە یەکگرتووەکان، زۆربەی ئادمیرال و ژەنڕاڵەکان بۆ ماوەی چەند ساڵێک کارێکی تایبەتییان پێ دەسپێردرێت. ڕێژەیەکی کەم لە ئەفسەرانی هەرە پلەبەرز زیاتر لە دەورەی بەرپرسی گشتیی هێزە سەربازییەکان، کە ماوەی خزمەتەکەی چوار ساڵە، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. بە ڵام لە ئێران ئەفسەرە پلەبەرزەکان بۆ ماوەیەکی زۆرتر دەمێننەوە.
بۆ وێنە، سەرۆکی سۆپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی، محەممەد عەلی جەعفەری، پێش ئەوەی کە حوسێن سەلامی لە سەرەتای ئەمساڵ جیگەی بگرێتەوە نزیکەی دوازدە ساڵ لە سەر کارەکەی بوو. جگە لەوە، عەلی فەدەوی بۆ ماوەی هەشت ساڵان فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بوو، پێش ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو عەلیڕەزا تەنگسیری جێگای بگرێتەوە. (پاش ئەو فەدەوی بوو بە جێگری سەلامی). و لە کۆتایی ٢٠١٧، لەناو هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا ئاڵوگۆڕ پێکهات کە دوای زیاتر لە دە ساڵ بووە هۆی تەکانی رێکخراوەیی.
کاتێک کە لە فەرماندەییدا ئاڵوگۆڕ دێتە ئاراوە، بە تایبەتی لە کۆماری ئیسلامییدا، جێگرەوەکە دەبێ بوێریی شۆڕشگێریی خۆی بسەلمێنێ. هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان لەوانەیە چارەی فەدەوییان نەویستبا، کاتێک کە فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی بوو، بەڵام لێی تێدەگەیشتن. و سەرەڕای کێشەی دیپلۆماتیکی نێوان تاران و واشینگتۆن، ‌هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتوەکان پەیوەندی دوورودرێژی گەرم و پرۆفێشناڵیان لەگەڵ هاوشانە ئێرانییەکانیان هەبوو. گشت ئەوانە ئێستا بوونە مێژوو، لە کاتێکدا کە فەرماندە تازەکانی ئێرانی هەوڵ دەدەن هێڵە سوورەکانی کە لەمێژە دیاریکراون تاقی بکەنەوە.
٣- ئێمە لەوانەیە شاهیدی مەرگی کۆماری ئیسلامیی بین. کۆماری ئیسلامیی تووشی گەردەلوولێکی بێخەوش بووە، و ئابلۆقەکان زەرەریان بە ئابوورییەکەی گەیاندووە. هیوای تاران بە وڵاتانی ئوروپایی و ئاسیایی بۆ گوێ نەدان بە ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان شکستی هێناوە، کاتێک کە بازرگانەکانی ئەو وڵاتانە لە لێکدانەوەکانیان بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەوان ناتوانن خۆیان تووشی مەترسی سزاکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بکەن، بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتەکانیان چ حەز و ئاواتێکیان هەیە. سیاسەتوان و دیپلۆماتکاران ئاڵووێری وشە دەکەن، بەڵام بازرگانەکان دەبێ خاوەن پشکەکانیان و ئاکامەکان لەبەر چاو بگرن. هەڵبەت هیچکام لەوانە نابێ ببنە هۆی سەرسوڕمان، چونکە دەقاودەق هەمان مشتومڕ لە کاتی سەرکۆماریی بیل کلینتۆن لە ١٩٩٤ و ١٩٩٥ بۆ پەسەند کرانی بڕیاری خستنی ئابلۆقە بۆ سەر ئێران – لیبی، سەری هەڵدا. تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە ئێستا دراوی ئێران تووشی داڕمان بووە.
بەڵام گیروگرفتەکە تەنیا ئابووری نییە. سوپای پیری کۆماری ئیسلامیی بە هۆی چوونە سەری تەمەن خەریکی مردنە و ڕێبەری گەورە عەلی خامەنەیی دەزانێ کە بۆخۆشی زۆری نەماوە. بە پێچەوانەی ١٩٨٩، دوایین جار کە لە ئێران ئاڵوگۆری ڕێبەریی لە لوتکەی دەسەڵات بەڕێوە چوو، ئێستا هیچ جێگرەوەیەکی ڕوون لە ئارا دانییە و لەناو سیستەمیشدا ئەو باوەڕبەخۆبوونە نییە کە ئاڵوگۆڕەکە بێ گیروگرفت بچێ بەڕێوە. زۆر وێدەچێ دۆخێکی بێ ڕێگاچارە یا تەنانەت کودەتای سەربازیی بێتە ئاراوە کە مەلاکان بێنێتە ژێر ڕکێفی ژەنڕاڵەکان. کۆماری ئیسلامیی یا نا، ئەوە نۆرمێک بووە کە بە درێژایی مێژووی سەردەمی ئێران بوونی هەبووە.
هەردوو خامەنەیی و سوپای پاسداران دەزانن کە خەڵکی ناوخۆی ئێران لێیان بێزارن. بەڵام، لە کاتێکدا کە ئێرانییەکان ڕقیان لەو وێرانییانەیە کە دەسەڵاتی چل ساڵەی مەلایان وڵاتەکەیانی تووش کردووە، ئەوان زۆر ناسیۆنالیستن. بۆیە، خامەنەیی و سوپای پاسداران لەوانەیە هەوڵ بدەن ناکۆکی وا ساز بکەن کە بتوانن ئێرانییەکان لە دەوری ئاڵاکەیان کۆ بکەنەوە.
ئەوە ئەو دینامیکەیە کە دەبێ بەڕیوەبەرایەتی ترامپ زۆر بۆی بە پەرۆش بێ، چونکە ئەوە زۆر گرینگە کە زەختەکە بپارێزن بێ ئەوەی کە بکەونە داوی ڕێژیمێک کە لە گێچەڵ دەگەڕێ. با هیوادار بین کە سەرۆک کۆمار دۆنالد ترامپ هێندە ژیر بێ کە بێڵێ “کەمپەینی ئەوپەڕی زەخت” کاری خۆی بکا بێ ئەوەی کە کاربەدەستانی تاران بتوانن لە ڕێگای دیپلۆماتیک خۆیان دەربازکەن یا کەڵک لە هێزی سەربازیی وەرگیرێت کە لە درێژ خایەندا بەسەر [ئەمریکادا] بشکێتەوە.