پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی جێژنی پیرۆزی قوربان

بە بۆنەی هاتنەوەی جێژنی پیرۆزی قوربانەوە بە ناوی خۆم و هاوڕێیانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی بە هەموو موسڵمانان، بە تایبەتی

موسڵمانانی کوردستان دەڵێم و هیوادارم ڕۆژەکانی جێژنیان بە خێر وخۆشی بەسەر بەرن.
دەزانین لە کاتێکدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران بەرەوپیلی جێژن دەچن کە بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی کورد لە ئێراندا مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی زەوت کراوە، بەربەستی ئازادییەکانیشی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەرزترین ئاستدایە. لە ئێستادا پتر لە هەموو کاتێک سێبەری شوومی بێکاری، و نەداری و هەژاری باڵی بەسەر وڵاتی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کێشاوە و، کەم نین ئەو بنەماڵانەی وەک پێویست ناتوانن پێداویستیەکانی ڕۆژانەی جێژنیان ۆ خانەوادەکەیان دابین بکەن. بەرپرسایەتیی هەموو ئەو دۆخە نالەبار و کارەساتبارەی بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتوە، لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە کە خەڵکی وڵاتی بەبارمتە گرتوە و، لەسەر حسێبی ژیانی خەڵک و سامانی گشتیی وڵات سیاسەتی شەڕەنگێزی و ئاژاوەخوڵقێنیی خۆی لە ناوچەدا پەرە پێدەدا.
هیوادارین خەڵكی ئێران بەگشتی و خەڵكی کوردستان بە تایبەتی بە تێکۆشانی بەردەوام و مانەوە لە سەنگەری بەرگریدا، هەموو هاودڵ و هاوخەبات کار بکەین بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و بندەستی و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و ژیانێکی ئاسوودەتر بۆ هەمووان.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
سکرتێری گشتی
مستەفا مەولوودی