حومێـــڕا، بەشی کۆتایی. نووسینی: لەیلا قادری ـ ساکار

چیرۆکی ڕاستەقینە
پاش بیست ڕۆژ گەڕاوە ئورووپا و منیش ئەوە سوێم دێتەوە بۆی. دونیام لێ ببووە چەرمی چۆلەکە.

دەستم بۆ هیچ نەدەچوو، زوو زیز دەبووم، بیانووم دەگرت، چاوم بەسەر مۆبایلە ڕەشدا داچەقاندبوو.
خەزوورم لێی ڕاسپاردبووم و گوتبووی دەمهەوێ سەد میتری زەوی لە بەرامبەر شیرکەتی نەوتی عەوڵاغا بەنێو بکەم، ویژدانم ناحەسێتەوە ئەو کچە بە جلی بەریەوە لەو ماڵە چۆ دەرێ و دەستی لە هەموو شتێک شۆردەوە.
پرس‌و‌ڕام بە ئەسعەد کرد، گوتی:
“یەک و دووی لێ نەکەی، بەغار سجیل و کارتەکەت بەره با بە نێوت کا، قاحبەباب کەمی هەیه!”
خاکەکەم بەنێو کرا و قەباڵەم لە تەنگەی باغەڵم نا و هاتمەوە.

ماشێنێکی چاکیشم بە ڕەنجی شان و پیلم کڕیبوو، شایی دونیام پێی بوو…جاروباره دایکە خۆشی‌نەدیوەکەم سوار دەکرد و گۆرانی ماملێ و حەسەن‌زیرەکم بۆ دەخستە سەر و دایکم سەری بۆ دەلەقاندن . دیار بوو دەیگوت ئەوە منم، لەژێر سێبەری کچۆڵە بەدبەخت و بنەڕەشەکەم حەساومەتەوە!؟
چ حەفتەی پێ نەچوو، کوڕێک نامەی نارد و گوتی: فیلمی نیزیکی تۆ و کابرایەکمان پێیه، چی لێ بکەین؟ بڵاوی کەینەوە یان بێدەنگانەکەمان بۆ لەو ژماره حەسێبە دەکەی؟

تەمێک بەرچاوی داگرتم، هەچەندی لە ئاوێنە باڵانوێنەکەدا لە خۆم ڕوانی، ژنێکی زرت و زەلامی بیرکۆڵ و مێشکی کەرخواردووی مارانگەستەم بەدی دەکرد کە بە گۆترەکاری و بیرچەوتی، عومرێکە ئاسنی سارد دەکوتێ و ناگا بە مراد. حەک ڕەببی سێبەندەی پشتم شکێ و ڕاست نەبمەوە، خۆ من دەمگوت تازە ببڕە و ببڕەوە، ئاو بمبا، ناچمە سەر پردی نامەرد…جا زیندەخەوەکانم دەستیان پێ کرد. زاتم نەبوو بە ئەسعەد بڵێم چۆن لە یەکەم ڕۆژەوە بە زینەوە لێم هاتۆتە پێشێ و چۆن قولاپەی گرتووم و بە دمەوە لە عەرزی داوم. سەد کێچ له کەوڵم کەوتبوو. نامەم نارد بۆ کابرا و گوتم: من ئەوە خۆم دەخنکێنم، جا تۆش چ لەو فیلمە دەکەی ئیختیار بە خۆتە. دایکم لە حەسارێ خەریکی شیلاوک خاوێن کردنەوە بوو، ئەو تاوە دایهێزاندبوو…سووکێکی، بەبێ هەست و خوست چوومە دەرێ…ڕووم لە چۆڵگەیەک کرد، پەپوو لێی نەدەخوێند. تاقە دارێکی بە پەل و پۆی لێبوو، کەندرێکم لە دار گوێزەکە هاڵاند و قوڵفەم کرد و گوتم: ” دایە گیان، سەرم هەڵنایە لە حاندت، با لەوە زیاتر ئابڕووت نەچێ، هیچ ڕێی دیکەم شک نەدەبرد.”
چاوەکانم قووچاند و گوریسم لە مل کرد و خۆم هەڵاوەسی(هەڵئاوەسی)، ویڕەی بەردێک لەبن گوێم هات…
حاجی عەلی چێودار بوو، لەقسان دوور و نیزیک هەڵینابووم و …
باوەشی بە نێوقەدم داکرد و فڕێی دامە عەرزی و دوو تفی لە ڕووم کرد و گوتی:
“هەی جەرگت هەلاهەلا بێ ڕۆڵە، چۆنت ئەمەگی ئەو پیرەدایکەت داوە. بە بۆنەی تۆوە دڵمان بە کچەکانمان خۆش بوو، دەمانگوت کاری حەوت کوڕ بۆ دایکی دەکا و تێی هەڵێناوەتەوە. پەحا بە حاستەم و دووبەڵا هەناسەت مابوو”.
خۆم لەو خۆڵە دەگەوزاند و سەرم بە ئانیسکەوە هەڵدەقەندرا.
حاجی، کەشیدەکەی داکەند و سەروگوێلاکی بۆ سڕیمەوە و گوتی: “لێت ناکەمە زۆرەملێ، ئەگەر ئەو گرێیە بە مامی خۆت دەکرێتەوە، درێغی مەکە با تەگبیرێکی لێ بکەین، بەو کابەتوڵڵایەی زیارەتم کردووە، مەگەر گڵ لێم ببیستێ، تۆش یەکێکی وەک ئاڵتوون و خاتوون.”
دیتم ئەو حاڵە بەو حاڵە ناشێ، گوتم:
“مامە حاجی لەخۆم خەجاڵەتێ، ڕووزەرد و سەرشۆڕ خۆم”.
جا ئەوجار سفرەی دڵم هەڵڕشت.
حاجی کرووشمەی کردبوو و تێمابوو چ بڵێ.
هەر ئەوەندەی گوت:
” باشە دێڵە سەگ تۆ تۆپیبای، کێ گونی بۆ لە خمی دەدای؟ ها؟ کێ؟

لەگەڵ کابرا جووت بووی و کامێرای تێگرتووی، ئەویش نە جارێک و نە دوو جار. ئەخە بە خشەخشەکەی نەتزانی مارە، بە مشەمشەکەی نەتزانی!!!
تازە لەپاش چووان نەچین باشە، دەبێ بیکەیە تەجرەبە و دونیا قوونەکەو کەی… کچم! هەڵە و لەبیرچوون جاروبارێکە، دەڵێن هەر عەقڵەی لە خەسارێکە.
هەستە خۆت بتەکێنە با بچینەوە نێودێ.
ئەو ژمارەیەش بدە بە مامی خۆت، دەیدەم بە کوڕەکانی ئەودیو…ئەوان چارەی دەکەن و ئاوای بەسەرەوە ناچن.”

چوومەوە ماڵێ، دایکم هەر لەبەر شێرەکە خەریکی سەروپێ خاوێنکردنەوە بوو.
گوتی:
“کچم ئەو تەلەیفوونەت دینی خۆی گا، نازانم کێیە، پەیتاپەیتا زەنگ لێدەدا…ون بووی، هەر نەمای!”
دیتم ئەسعەد سەد زەنگی لێداوە و نامەی ناردووە:
” تۆ ژنێکی سووک و چرووکی و چۆن خێرا بۆ منت داکەند، ئاواش بۆ خەڵکی دادەکەنی. بۆیە دەمهەوێ هەرچی زووتر لە ملی خۆمت کەمەوە. خێزانم پێی زانیوە و شکایەتی لێ کردووم، ئێستاش جەریمەیەکی چاکی دەوڵەتم بۆ هاتۆتەوە، هەمووی لە چاوی تۆ دەزانم و دەبێ نیوەی زیادی ئەو پارەیەم لەگەڵ بدەی، دەنا فیلمەکە دەنێرم بۆ ئەوانەی بڤەن و نابێ بیبینن. هێشتا نەڕێسرابوو، نەپێچرابوو، تۆ باسی شایی و لۆغان و هەڵەکە سەمات دەکرد. کۆڵەوەژ خانم، خۆت بخورێنە، خۆ تۆ زۆر ئەبلەخەرج بووی! زەمین و ماشێن و زێڕ و …چیت هەیە تا پازدەی سەرماوەز سازی کە، ئامۆزاکەم دەنێرم، بیدە دەستی.”

لەگەڵ مامە حاجی قسەم کردەوە و نامەکانم نیشان دا…حاجی گوتی:
“کچم، گوێت نەبزوێ، ئەو پیاوە نییە. بزانە چۆن دەیخەسێنن.”

کابرا کاری هەڵخەڵەتاندنی ژنانی دەوڵەمەند بوو، زۆر کەسی لە نەغەدە و شنۆ و پیرانشار بەو دەردە بردبوو… کوڕەکان، خەساندیان، بەڵام زۆر حەستەمە جارێکی دی بەقا بە پیاو بکەمەوە…چون نازانم “شەنگەبی”ـم یان”کۆڵەوەژ”….

لــەیـلا قــادری/ سـاکـار