قەڵایەک لە خۆراگری، حاجی عەلی چاپەز
لە مێژ ساڵە کەسێکی دەرەوەست و خەمخۆر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، مام عەلی چاپەز دەناسم، لەو کاتەوە ڕووم لە پێشمەرگایەتی کردووە، هەمیشە ناوی بنەماڵەیەک لە کۆمیتە شارستانەکانی سەردەشت و ڕەبەت ، واتە هێزەکانی گیارەنگ و زمزیران وێردی سەر زمانی کادرو پێشمەرگە و بنەماڵەکان بوو. ماڵی عەلی چاپەز! بۆم پرسیار بوو دەبێ کێ بن و خەڵکی کوێ بن؟
بە هۆی لێکنزیک بوونی ماڵەکەیان لە بنکەکانی حیزب زۆر زوو لەگەڵیان ئاشنا بووم، مام عەلی و هاوسەرەکەی و چەند کوڕ و کچ و نەوە، لە ماڵە قورینە دەست سازەکانی پێشمەرگایەتی دا بە دڵێکی دەوڵەمەند و بە سەخاوەتەوە دەژیان.
ماڵەکەیان ماڵی هەموو کەس بوو دەرگایەن کراوە و نان بدە و میواندۆست بوون، لە نێو شاخ و دۆڵ و بنارەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ژیانێکی پڕ مەترسی و سەربەرزانەیان هەبوو، سەریان بۆ حکوومەتەکانی ئێران و عێراق نەوی نەدەکرد و سنوورەکانیان وەک بەری دەستی خۆیان دەناسی و هەموو کات حازر و ئامادە بوون بۆ ئەوەی کە هێزی لەشکان نەهاتووی پێشمەرگە لە ئامێز بگرن و بە دڵێکی ساف و بێگەرد لە سنوورە مینڕێژکراوەکانی نێوان ئەو دوو حکوومەتە زاڵمە دەربازیان بکەن، هەمیشە مەرگی خۆیان وەپێش پێشمەرگەکان دەخست و هەر پەل و پێشمەرگەیەک کە کوڕەکانی مام عەلی چاپەز چاو ساخی بۆ کردبایەن بێ یەک و دوو کردن بە بێ کێشە و بێ مەترسی دەگەیێندرانە شوێنی مەبەست.
مام عەلی پێشمەرگەی دوو قۆناخی جیاواز بوو، قۆناخی یەکەم هاوڕێی شەهیدان مەلا ئاوارە و موعینی و شەریفزادە و وێردییەکان و هەروەها پێشمەرگەکانی ساڵانی ٤٧ و ٤٧ ی هەتاوی بووە و قۆناخی دووهەمیش هاوڕێی تا سەری هەموو پێشمەرگەکانی هێزی گیارەنگ و زمزیران و حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە.
ژیانی مام عەلی پڕ بووە لە ئاوارەیی و غوربەت، پشتی لە مڵک و ماڵ و سەرەوت کردووە بۆ ئەوەی سەربەرزانە بژی، ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی تەرخانی ئازادی گەلەکەی کردووە. ئەو تا لە ژیاندا بوو، بە دڵەوە هەموو نەهامەتییەکانی سەر ڕێگای ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی تەحەموول کرد و بە گشتی ژیانی بن تاشە بەردەکانی کوردستانی زۆر لە ژیانی ژێردەستی و بێدەسەڵاتی پێ خۆشتر و پێ باشتر بووە، چوونکە لە هەموو ئەو ماوەیەدا بێ ئەوەی چاوی لە ماڵی دونیا و لە ژیانێکی ئاسوودە بێ، تەنیا بیری لە خزمەتکردنی نیشتمان و ئازادی گەلەکەی کردۆتەوە.
حاجی عەلی ژیانی لێوڕێژ لە خزمەت و پیاوەتی بووە، ساحەب مەسڵەت و ساحەب هەڵوێست و ساحەب قسە بووە، زۆر گرێ کوێرەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش لە سەر دەستی نەمر مام عەلی کراونەوە و خەڵکی خۆش ویستووە و هەر بۆیەش بە خۆی و بنەماڵەوە لە دڵی هەموو خەڵکی ناوچەکانی سوێسنایەتی و مەنگورایەتی و پشدەر و بیتوێن دابوون و هەن.
ماڵی مام عەلی پێشمەرگەپەروەر و نیشتماندۆستن، مام عەلی جیا لەوەی کە بۆ خۆی پێشمەرگەی دوو قۆناخی جیاواز بوو، هاوکات ، منداڵەکان و خزمەکانی فێری وانەی خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان کردوون و فێری پێشمەرگایەتی و چاونەترسی کردوون، کوڕەکانی حاجی عەلی وەک زۆربەی گەنجەکانی کوردستان و گەنجەکانی سەردەم خۆبەخشانە و چاونەترسانە لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خزمەتی پێشمەرگایەتی و خزمەتی بەرچاویان کردووە و لەو پێناوە دا فەرماندە و پێشمەرگەی چاونەترس کاک حەسەن چاپەز کوڕی مام عەلی گیانی بە خاکی نیشتمان سپاردووە. کچ و کوڕەکانی وێرای ئەرکی پێشمەرگانە، ئەرکی قورسی دیکەشیان لە سەر شان بووە و لە کاتی بۆردمانەکانی حکوومەتەکانی ئێران و عێراقدا زامی قورسیان هەڵگرتووە، ماڵیان سووتاوە و بە دەیان جار ماڵیان جێ گۆڕکە پێکردووە و هەموو جارێکیش بە دڵەوە یارمەتی ئەو ماڵانەیان کردوە کە وەک خۆیان ماڵ بە کۆڵ و ئاوارە و خەباتکار بوون.
ساڵانێک بوو، مام عەلی بە هۆی بە ساڵاچویی وەک پەنابەر ڕووی لە هەندەران کرد بوو و لە وڵاتی دانمارک نیشتەجێ ببوو، ئەو لەگەڵ ئەوە دا هەموو کوڕ و کچ و نەوەکانی لەگەڵ بوو، بەڵام دڵی هەر لە کوردستان بوو، لە دەرەوەی وڵاتیش بە گشتی هەموویان وەک کوردستان بە خەمخۆرییەوە، وەک ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستیان بەکار کردەوە و هەنووکەش بەردەوامن.
حاجی عەلی لەگەڵ ئەوەدا لە وڵاتێکی ئارام و ئازاد دا دەژیا، بەڵام دڵی هەر لە لای پیرە وەڵات و زێد و خاکی کوردستان بوو، بۆیە ماوەیەکی زۆر ڕووی لە باشووری کوردستان کردەوە و لەوێ ژیانی ئاسایی خۆی لەگەڵ هاوژینەکەی دەست پێکرد بۆوە، بەڵام بۆ هۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشی و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی گەڕابۆوە لای خۆشەویستەکانی.
بەداخەوە حاجی عەلی دوایی ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی ئەمرۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٠٢ ـ ١٠ ـ ٢٠١٩ لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەی دا لە وڵاتی دانمارک چاوەکانی لە سەریەک دانان و دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لێکردین.
کۆچی حاجی عەلی هەموومانی خەفەتبار کرد، بەڵام وانە و خۆراگرییەکانی بۆ ئێمە بوونە قوتابخانەیەکی گەورە و هەموومان بە ڕێگای ئازادی کوردستان دا هەنگاو دەنێین، ئەو ڕێگایەی کە کاک حاجی عەلی تا دوا هەناسەش هەر سەربەرزانە هەنگاوی بۆ هەڵێنایەوە.
لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و پوورە خەجیج ، کوڕ و کچ و نەوەکانی و بە گشتی هەموو خزمەکانی لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆی کوردستان و هەروەها هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمیتەی دانمارک دا دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو مەزنە پیاوەی گەلەکەمان دەزانم.
ڕووحت شاد و ڕێگای خەبات و تێکۆشانت پڕ ڕێبوار بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی
٠٢ ـ ١٠ ـ ٢٠١٩