سمینارێکی سیاسی ـ تەشکیلاتی بە ئامادەبوونی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتیری گشتی حدک

مستەفا مەولوودی: بەپێی سروشتی موباریزاتی و تایبەتمەندیی مافەکانمان مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزیسیون و هاوپەیمانییەکان دا دەکەین سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چەند سمینارێکی سیاسی_تەشکیلاتیدا سیاسەت و ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی بە نیسبەت چەند پرسێکی گرینگ و هەستیاری ڕۆژەڤی ئێران و کوردستان شی کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 10ی ڕەزبەر سمینارێکی سیاسی _ تەشکیلاتی بە ئامادەبوونی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و، بەشداریی دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوە چوو. لەم حەوتوویەدا ئەمە چەندەمین کۆبوونەوەی سکرتێری گشتیی حیزب لەگەڵ کادر و پێشمەرگەی ئۆڕگان و کۆمیسیۆنە جیاوازەکانە کە لەگەڵیان کۆ دەبێتەوە و لە نیزیکەوە باس و بابەتە سیاسییە ڕۆژەڤەکانیان لەگەڵ دێنێتە بەرباس.
لەم کۆبوونەوەیەدا کاک مستەفا مەولوودی هۆکارەکانی بەشداری‌نەکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی نێو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی لە کۆبوونەوەکەی “نیۆیۆرک”ی شی کردەوە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزنرخاندنی هەر هەوڵێک بۆ یەکدەنگی و بەهێزدەرکەوتنی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی، تیشکی خستە سەر ئەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا مەجال و دەرفەت بۆ هێنانەگۆڕێی ویست و داخوازەکانی کورد لە ئێران و، پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد بەو شێوەیەی ناوەندی هاوکاریی چاوەڕوانی بوو نەدرا؛ بۆیە بڕیارمان دا بەشدار نەبین تێیدا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نیسبەت بەشدار نەبوونی حیزبی دێموکرات لە ڕاگەیاندنی “شووڕای مودیرییەتی گوزار”دا باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گەشیبینییەوە دەڕوانێتە هەر هەوڵێک بۆ بڕەودان بە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و جێگیرکردنی نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک لە ئێرانی داهاتوودا، بەڵام حیزبی ئێمە بە تێبینی و چاوەڕوانیی تایبەت بە خۆی کە گرێدراوی دابینبوونی ویست و مافەکانی کورد لە ئێرانە دەچێتە نێو هاوپەیمانییە سیاسییەکان. کاک مستەفا مەولوودی لە درێژەدا گوتی ئێمە لە هەموو زەرفییەتەکان بۆ بردنەپێشێی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران و بەهێزکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەلک وەردەگرین، بەڵام لە هەموو ئەو بەستێنانەشدا بەپێی سروشتی خەبات و تێکۆشان و تایبەتمەندیی ماف و داواکانمان دەچینە پێشێ.
پرسی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران و هەروەها بەستنی کۆنگرەی حیزب بۆ کاراکردنی زیاتری حیزب و گوڕوتین بەخشینی زیاتر بە کار و بەرنامەکانی حیزب دوو تەوەری دیکەی باسەکەی سکرتێری گشتیی حیزب لەو زنجیرە کۆبوونەوانەدا بووە.
شایانی باسە دوای باسە سیاسییەکەی سکرتێری گشتیی حیزب، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە هێنانەگۆڕێی پرسیار و دەربرینی ڕاوسەرنجی خۆیان لەسەر باسەکان، بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی باسەکاندا هەبوو و دواتر کاک مستەفا مەولوودی وەڵامی پرسیاری بەشدارانی دایەوە.