کۆچی دواییت هەموومانی غەمبار کردووە.

ئەمرۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ٠٣ ـ ١٠ ـ ٢٠١٩ پرۆفسۆر دوکتور عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ دوای تەمەنێک خزمەت لە بوارەکانی وێژە و ئەدەب و زمانی کوردی لە ئامێزی بنەماڵەکەی دا کۆچی دوایی کرد. کۆچی پرۆفسۆر د. عیزەت مستەفا ڕەسووڵ خەباتکار و زمانزان و ئەدیب و نووسەری ناوداری کورد و تێکۆشەری سیاسی و مێژووناس و دامەزرێنەری یەکیەتیی نووسەرانی کورد خەسارێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان و بۆ هەموو ئەوانەی کە ئاشنا بە ژیان و بەسەرهات و نووسین و بەرهەمەکانی ئەو مەزنە پیاوەن.
ڕووحت شاد گەورە پیاوی وێژە و ئەدەبی کوردی.
هەنگاوەکانت بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەدەبیات و ڕێنووسی زمانی کوردی هێندە گەورەن کە هیچ پێنووسێک ناتوانێ وەسفی ئەو هەموو گەورەیی و قورساییە بکات، سەری ڕێز بۆ خزمەتەکان و گەورە‌ییت دادەنوێنم، هیوادارم کە گەلی کورد نموونەی کەسایەتی وەک جەنابت زیاتر لە داوێنی خۆی دا پەروەردە بکات، خزمەت و بەرهەمەکانت یادگاری‌یەکن کە گەلی کورد لە هەموو بوارەکان دا لە کتێبخانە و زانکۆ و قوتابخانەکان دا کەلكیان لێ وەردەگرێ و بە هەڵدانەوەی هەر لاپەرەیەک لە کتێب و نووسراوەکانت ، سیمای تۆی ماندوویینەناس لەبەر چاوان دەبێ.
یاد و ناوت لە دڵان دا هەردەم زیندووە.
سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و دۆست و هاورێ و کەس و کاری دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی ئەو کۆستە گەورەیە دەزانم.
حەمەرەسووڵ کەریمی