هه‌ڵوێستمان له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان

لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستای خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت لە سووریەدا، نیازی دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری وڵاته یه‌كگرتووه‌‌کانی ئەمریکا، له ڕێگای تویتە یەک لە دوای یەکەکانی لەمەڕ کشاندنه‌وه‌ی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریه یان به‌هه‌رحاڵ ڕێگه‌دان به جێبه‌جێبوونی پلان و هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیه بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان، نیگەرانی و کاردانه‌وه‌ی زۆری له‌نێو کورد و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ ئه‌مریکایی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا ‌بە دوای خۆیدا هێناوە.
بۆ جیهان و بۆ خودی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا ئاشکرایه که کورده‌کان چ له عێراق و چ له سووریه له ساڵانی دواییدا ڕۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان بۆ یارمه‌تیدانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌دژی تێرۆریزم و کۆتایی هێنان به ده‌‌سه‌ڵاتی وه‌حشیانه‌ی داعش گێڕاوه. له سووریه، سەڕەرای ئاڵۆزیی چەند ساڵی ڕابردووی ئه‌و وڵاته، کورده‌کانی رۆژئاوا توانیویانه هه‌م له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان سه‌قامگیرییه‌کی ڕێژه‌یی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ک دابین بکه‌ن، هه‌م له باکووری سوریه‌دا له شکستهێنان به داعش و گرووپه تێرۆریسته‌کانی دیکه‌دا ڕۆڵی چاره‌نووسساز بگێڕن. بۆیە جێبەجێ کردنی نیازه ڕاگه‌یاندراوه‌که‌ی سه‌رۆکی ئه‌مریکا، شوێنه‌واری نەگەتیڤی سیاسی و ئینسانیی هه‌م بۆ ماف و مه‌وجودییه‌تی کورد، هه‌‌م بۆ ئاشتی و ئاسایش له ناوچه و له جیهاندا ده‌بێ. ئه‌گه‌ری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌مریکا له پشتیوانیی مه‌یدانی له کورده‌کانی ڕۆژئاوا، نه‌ک هه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورکیه بۆ هێرش بۆ سه‌ر ئه‌زموونی ڕۆژئاوای کوردستان و گۆڕینی پێکهاته‌ی ئێتنیکیی ئه‌م ده‌ڤه‌رانه ئاوه‌ڵا ده‌کا، به‌ڵکوو ده‌بێته هۆی ماڵوێڕانی و ئاواره‌بوونی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌‌یه و بۆشاییه‌کی ئه‌منیه‌تییش دروست ده‌كا که ته‌نیا یارمه‌تی به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش و گرووپه هاوشێوه‌کانی ده‌کا.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه دنیای ڕۆژئاوا به‌تایبه‌تی ئه‌مریکا که له‌باری جه‌هانبینی و به‌هاکانه‌وه گه‌لی کورد له ناوچه‌دا به نزیک له خۆی ده‌زانێ و له شه‌ڕی دژه تێرۆریشدا قه‌رزداری فیداکاریی کورده‌کانه، به پشت‌تێکردن له کورده‌کان و تووشکردنیان به چاره‌نووسی نادیار زیان به متمانه و ئیعتباری خۆیان ده‌گه‌یه‌نن و به‌م کاره ته‌نیا لایه‌نه خراپکاره‌کان له ناوچه‌دا به‌تایبه‌تی دژمنانی کورد و له‌نێو ئەواندا کۆماری ئیسلامیی ئێران مه‌یدانی مانۆڕی تێکده‌رانه‌یان به‌هێز ده‌بێ.
حیزبی دێموکڕاتی کورستان وێڕای له‌قه‌ڵه‌مدانی نیازه‌ ڕاگه‌یاندراوه‌که‌ی بەڕێز ترامپ به کارێکی هه‌ڵنه‌سه‌نگێندراو و زیانبار، خۆشحاڵیی خۆی له‌و شه‌پۆله له هاوپێوه‌ندیی ئه‌مریکایی و جیهانی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاشگه‌زکردنه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ له‌و نیازه‌ی ده‌رده‌بڕێ. هاوکات ئاره‌زوو ده‌که‌ین ئاقاری ڕووداوه‌کان به چه‌شنێک بێ که نه ماف و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد له سووریه و له وڵاتانی دیکه‌دا له‌وه زیاتر بکه‌وێته به‌ر مه‌ترسی و نه پێوه‌ره ئینسانی و شارستانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و مافی گه‌لانی ناوچه‌ له به‌ستێنی توندڕه‌وی و ناسه‌قامگیریدا هێنده‌ی دیکه پێشێل بکرێن.
بۆ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌تایبه‌تی گه‌لی کورد له ڕۆژئاوای کوردستانیش له‌و باوه‌ڕه‌داین که له گرتنه‌به‌ری هه‌ر هه‌نگاو و هه‌ڵوێستێکدا پێویسته یه‌كگرتوویی نێوماڵی کورد له‌به‌رچاو بگیرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
17ی ڕەزبەری 1398
٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩