نەتەوەسازی: بۆ هەندێک وڵات یەک دەگرنەوە بەڵام هەندێکیتر لێک هەڵدەوەشێن

ئاندرێیاس ویممەر
وەرگێڕ لە ئینگلیسییەوە: کەمال حەسەنپوور
بەشی یەکەم

بۆ هەندێک وڵات، زۆر جار بەدرێژایی هێلی جیاکەرەوەی ئەتنیکیی لێک هەڵدەوەشێن، لە کاتێکدا کە ئەوانی دیکە دەیان ساڵ و بگرە سەدان ساڵ بە یەکگرتوویی ماونەوە، سەرەڕای ئەوەی کە بەڕیوەبەریی خەڵکێکی بە هەمان شێوە جۆراجۆر دەکەن؟ بە واتایەکی دیکە، بۆچی نەتەوەسازی لە هەندێک شوێن سەرکەوت بەڵام لە شوێنی دیکە شکستی هێنا؟ ئاسەواری شکستی ئاوێتە کردنی سیاسی بە شێوەیەکی ناخ هەژێن لە کارەساتی سووریەدا دەبینرێ.

لەدەرەوەی فۆکوسی چرای میدیاکانی ڕۆژئاوا، سوودانی باشوور و کۆماری ناوەندیی ئەفریقا لەو ساڵانەی دواییدا هەمان شتیان بەسەر هاتووە. لە هەندێک لە وڵاتانی دەوڵەمەند و دێموکراتیکی ئوروپا، وەک ئیسپانیا، بەلژیک و بریتانیای مەزن، جووڵانەوەی سەربەخۆییخوازیی کۆن گوڕوتێنێکی نوێیان گرتۆتەوە. ئەگەری زۆرە کە ئەوان لە ماوی چەند ساڵ یا جیلێکدا لە لەتکردنی ئەو وڵاتانەدا سەرکەون.

ئەدی لە لایەکی دیکە بۆچی لەو بەشەی باشووری چین کە بە زمانی کانتۆنی قسە دەکەن یا تامیلەکانی هیندوستان هیچ جووڵانەوەیەکی سەربەخۆییخوازیی بوونی نییە؟ بۆچی هیچ سیاسەتوانێکی جیددی هەرگیز یەکگرتوویی نەتەوەیی لە وڵاتێکی فرەچەشنی وەک سویس یا بورکینافاسۆی نەهێناوەتە ژێر پرسیار؟ چوونکە لە وڵاتی ئەوتۆدا ، هەروەک دواتر باس دەکەم، سێ پرۆسەی درێژخایەنی سیاسی بەکاوەخۆ هاندەری پەیوەندیی نێوان هاوپەیمانیی سیاسی و پشتیوانیی لە ناو گشت لایەنە ئەتنیکییەکاندا بووە: گەشە کردنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە زۆر کۆنەوە، سەرهەڵدانی دەوڵەتێک کە توانایی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریی گشتیی لە سەرانسەری وڵاتی بە شێوەی یەکسان هەبووە و درووست بوونی ئامرازێکی هاوبەش بۆ پێوەندیگرتن.

نەتەوەسازی چییە و چ شتێک نەتەوەسازی نییە؟
زۆربەی داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوە لە ئەمریکا پێیان وایە کە دێموکراسی باشترین ئامراز بۆ گەیشتن بە یەکگرتوویی سیاسی لە جیهانی باشوورە [مەبەست وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و کارائیبە کە داهاتی مامناوەندییان لە هی وڵاتانی دەوڵەمەند و پێشکەوتوو کەمترە. و.]، تا ڕاددیەک کە گەلێک لەوان نەتەوەسازی بە مانای دێموکراتیزەکردن لێکدەدەنەوە. دەلیل هێنانەوەکە ئەوەیە: هەڵبژاردنە دێموکراتیکەکان دەنگدەری سەر بە ئەتنیکە جیاوەزەکان بۆ ناوەندی سیاسی ڕادەکێشن. هەڵبژاردنەکان سیاسەتوانەکان هان دەدەن کە هاوپەیمانیی بەرین پێک بێنن کە سنووری ئەتنیکیی ئەوان تێپەڕ دەکەن. شتێکی مسۆگەر ئەوەیە کە نزیکەی گشت ئەو دەوڵەتانەی کە لە نەتەوەسازیدا شکستیان هێناوە و لە لایەن نوخبەی ئەتنیکێکی کەمینە بەڕێوە دەچن سیستەمی دیکتاتۆرییان هەیە، وەک سووریە لە ژێر دەسەڵاتی عەلەوییەکان نیشانی دەدا. بە پێچەوانە وڵاتانی دێموکراتیک بە شێوەی ڕێژەیی زۆر وێدەچێ کە نوێنەری کەمینەکان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبەریی وڵاتدا بەشدار بن.

بەڵام، ئەوە لەبەر ئەو هۆیە نییە کە کۆمەڵگاکان بە تێپەڕ بوونی کات دوای بوون بە دێموکراتیک دەبنە هاوەبەشکەر. لە زۆر وڵات کە لەو دواییانەدا بوونە دێموکراتیک، زۆرینە ئەتنیکەکان تەنیا بۆیە دەسەڵات دەگرنە دەست کە تۆڵە لە نوخبەی ئەو ئەتنیکە و لایەنگرانیان بکەنەوە کە پێشدا خاوەن دەسەڵات بوون. عێراقی دوای سەددام حوسێن ئەوەی زۆر بە ڕوونی نیشان داوە: زۆرینەی پشتیوانانی ناوخۆیی ئەلقاعیدە و داعش سەر بە بژاردەی پێشووی بەعس و هۆزە ناڕازییە عەڕەبەکانن کە لەو دەسەڵاتەی کە لە کاتی سەددام حوسێن دا هەیان بوو بێ بەش بوون. جگە لەوە، هەندێک لە وڵاتانی خاوەن دێموکراسی، تەنانەت کەمینەی بەرچاویان لە ماوەی چەندین جیلدا پەراوێز خست. وڵاتە یەکگرتووەکان ٧٠ ساڵ دوای بوون بە وڵاتێکی دێموکراتیک هێشتا لەوێ کۆیەلەتی لە ئارادابوو و ١٠٠ ساڵ پاش نەمانی کۆیلەتیش ڕەش پێستەکان لە سەرەتاییترین مافی دێموکراتیکی خۆیان بێبەش بوون. دێموکراسی و فرەلایەنیی شان بەشانی یەکتر دەچنە پێش و ئەو وڵاتانەی کە لە لایەن هاوپەیمانیی فرەلایەنەوە بەڕێوەدەچن زووتر دەبنە دێموکراتیک تا ئەو ڕێژیمانەی کە لایەنەکانی دیکە پەراوێز دەکەن و دێموکراسی لە پەلوپۆ دەخەن. کورت و پوخت: دێموکراسی نەتەوان درووست ناکا بەڵام ئەو نەتەوانەی کە درووست بوون ئاسانتر دەبنە دێموکراتیک.

لەجیاتی جەخت کردن لەسەر هەڵبژاردنی ئازاد و خاوەن کێبڕکێ، من تیشک دەخەمە سەر سێ فاکتەر کە لەسەر خۆ و لە ماوەی چەند جیلدا گەشە دەکەن بەڵام بۆ درووستکردنی پەیوەندیی لە نێوان ئەتنیکەکاندا یەکلاکەرەوەن. لە ئاکامدا، من لە بەشی کۆتاییدا دەیسەلمێنم کە هێزی دەرەکیی دەسەڵاتێکی کەمیان بەسەر نەتەوەسازی لە ماوەیەکی کورتخایەندا هەیە، بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆر لە ناوەندەکانی داڕشتنی سیاسەت. پێش شرۆڤە کردنی ئەو سێ پرۆسە سیاسییە هێواشە، باسێکی کورت لەسەر پێناسە کردنی نەتەوەسازی بەجێیە.

سکەی نەتەوەسازی دوو ڕووی هەن: بەرین کردنەوەی هاوپەیمانیی سیاسی بە شێوەیەک کە گشت وڵات بگرێتەوە (لایەنی پێکەوەبەستنی سیاسی)؛ و سەرهەڵدانی هەستی وەفاداریی و خۆ پێناسەکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە هەنووکە کێ دەسەڵاتی دەوڵەتی بەدەستە (لایەنی ناسنامەی سیاسی). بۆ گەشە کردنی هەردوولا، پەیوەندیی سیاسی نێوان هاوڵاتیان و دەوڵەت دەبێ گشت ئەتنیکەکان بگرێتەوە. پەیوەندییەکانی هاوپەیمانیی ئەوتۆ دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕاستەوخۆ بە تاکی شارۆمەند یا ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوە خۆبەخشە ناحکومییەکان، حیزبەکان، تاقمە پیشەییەکان و هتد بەیەکەوە گرێ دەدا. لە حاڵەتیکی ئایدیالدا، سەرجەم شارۆمەندان بەو ڕایەڵەی هاوپەیمانییانە کە لە دەوڵەتدا کۆبوونەوە بەستراونەوە، بۆیە نوێنەرایەتی خۆیان لە ناوەندی دەسەڵاتدا دەبیننەوە. تەنانەت ئەگەر حیزب یا ڕێبەری خۆشەویستی ئەوان لە دەوڵەتی ئێستادا خاوەنی کورسی نەبن، پەیوەندییان بە سیاسەتوانی خاوەن دەسەڵاتی سەر بە ئەتنیکی خۆیان هەیە کە تاکەکان وەک “یەکێک لە خۆیان سەیری دەکەن.” لە ڕێژیمی گشتگری ئەوتۆدا، ڕووناکبیران، نوخبەی سیاسی و هەروەها تاکی ئاسایی کۆمەڵگای نەتەوەیی بە شێوەی گشتی وا پێناسە دەکەن کە سەرجەم شارۆمەندان بە شێوەیەکی یەکسان بگرێتەوە بە بێ لەبەرچاو گرتنی پێشینەی ڕەگەزیی یا ئەتنیکیی ئەوان.

نەتەوەسازی ئاسەواری گرینگ و ئەرێنی هەن. هاوپەیمانیی فرەلایەنە جیاوازیی ئەتنیکی لە سیاسەت دادەماڵێ [دەیکاتە شتێکی ناسیاسی]: سیاسەت وەک گەمەیەکی لێنایە کە کۆی بردنەوە و دۆڕاندن تێیدا سفر بێ کە لەویدا هەر گرووپێکی ئەتنیکی خەبات بۆ بە دەستەوە گرتنی کۆنترۆلێ دەوڵەت بکا. لە جیاتان پرسی سیاسی گرینگتر لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەرکی ڕاستەقینەی دەوڵەت دێتە گۆڕێ. لەوە زیاتر، هاوپەیمانیی فرەلایەن برەو بە هەستی خۆ بە خاوەنی دەوڵەت زانین دەدا و بیرۆکەی ئامانجی گشتیی، لەولای بنەماڵە، گوند، هۆز یا پیشەی خۆت بە هێز دەکات. بۆیە، شارۆمەندانی وڵاتانی گشتگر [واتە ئەو وڵاتانەی کە لەوێدا هیچ لایەک پەراوێز ناخرێ] لە جیات گرووپی ئەتنیکیی، چینی کۆمەڵایەتیی یا ناوچەی خۆیان، خۆ لەگەڵ نەتەوەکە پێناسە دەکەن و پێی وەفادارن. تەنانەت باشترین ئامێری پرۆپاگاندا، ڕێوڕەسمەکانی ئاڵا، خوێندنەوەی هاوبەشی سروودەکان، یا گۆڕی سەربازی ون، ناتوانن پێناسەیەکی هاوبەشی ئەوتۆ درووست بکەن. ئەوە تەنیا کاتێک دێتە ئاراوە کە مرۆڤ کەسێک لە خەڵکی خۆی لەسەر کورسییەکانی دەوڵەتدا ببینێ. ئەو شارۆمەندانەی کە خۆیان لەگەڵ نەتەوە پێناسە دەکەن کەمتر لە بەرامبەر دانی باج خۆڕاگریی دەکەن، پشتیوانی دەوڵەتی خۆشبژیویی دەکەن و دەوڵەتی کاریگەرتر بەڕێوەبەرییان دەکەن. لەوەش گرینگتر، ئێمە بە گوێرەی توێژینەوەی پێشوو دەزانین کە هاوپەیمانیی گشتگیر کە کەمینەکان و زۆرینە لەخۆ دەگرن مەترسیی شەڕی ناوخۆش کەم دەکەنەوە و دەبنە هۆی گەشە کردنی ئابووری.

مەرجەکانی پێکهاتنی ئەو جۆرە هاوپەیمانییانە کامانەن؟ من سێ لایەنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان و دەوڵەت لێک جیا دەکەمەوە: لایەنی ڕێکخراوەیی، یەکێکی سیاسی ئابووری و لایەنی پێوەندیی. بۆ هەرکام دەکرێ فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەستنیشان بکرێ کە بوار بۆ تەشەنە کردنی هاوەپەیمانیی لە نێوان ئەتنیکەکاندا خۆش دەکا و دەبێتە پێکهێنانی هاوپەیمانیی گشتگرتر. بۆ نیشاندانی چۆنیەتی کارکردی ئەو فاکتەرانە لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، من بە کورتی شرۆڤەی مێژووی سێ جووت وڵات دەکەم، هەر کام لەو جووتە وڵاتانە یەکێک لەو لایەنە و مێکانیزمانە نیشان دەدەن. بەراوردی نێوان سویس و بەلژیک چۆنیەتی کاریگەریی لایەنی ڕێکخراوەیی لە درووست بوونی نەتەوە نیشان دەدا. بوتسوانا و سومالیا لایەنی دابەشینەوەی خزمەتگوزارییەکان لە درووست کردنی نەتەوەدا نیشان دەدا، و ڕوسیا و چین جیاوازی لە مەڕ لایەنی پێوەندیی نیشان دەدەن. هەرکام لەو جووتانە وڵاتانێکن کە قەبارە، پێکهاتەی دێموگرافی ئەتنیکی، ئەزموونی کۆلۆنیالی، تەمەنی مێژوویی و هەلومەرجی ئابووری وەک یەکیان هەیە بەڵام لە یەکێک لە مێکانیزمەکانی یارمەتیدەر بە درووستبوونی نەتەوەدا لەگەڵ یەکتر جیاوازییان هەیە.

ڕایەڵەی ڕێکخراوی خۆبەخش
لایەنی ڕێکخراوەیی ئەو دامەزراوانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی هاوپەیمانیی سیاسی لە نێوان دەوڵەت و هاوڵاتییاندا. ئەوان دەتوانن بۆ مەبەستێکی دیاریکراو پێکهاتبن، وەک بۆ وێنە کاتێک کە هاوڵاتییەک دەنگ بە سیاسەتوانیک دەدا کە بەڵێنی جێبەجێکردنی سیاسەتێکی دیاریکراوی داوە؛ یا بە هۆی پێوەندیی پارێزگاریکردن وەک کاتێک کە وەفاداریی سیاسی کەسێک بە پشتیوانیی پارێزەرەکە لە کاتی تەنگانە لە داهاتوودا دەگۆڕدرێتەوە؛ یا ئەوەی کە وەک وڵاتانی خاوەن حیزبی بەهێز و سەربەخۆ بەتەواوی بە دامەزراوە دەکرێ، یا دەتوانێ وەک ڕایەڵەی پێوەندیی نێوان دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە خۆبەخشەکان خۆی بنوێنێ وەک کلوبی سیاسی هەرێمیی، ڕێکخراوە پیشەییەکان و شتی لەو شێوە. بە بۆچوونی من لە ئەگەری بوونی ڕێکخراوی خۆبەخش، دامەزراندنی پێوەندیی لە نێوان ئەتنیکە جیاوازەکاندا ئاسانتر دەبێ. ئەو ڕێکخراوانە بەرژەوەندیی تاکەکان پێکەوە گرێ دەدەن، بە شێوەیەک کە سیاسەتوانان و دامودەزگا دەوڵەتییەکان بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرتر پێوەندییان پێوە بگرن. بە پێچەوانە لە سیستەمی پارێزگاریکەرانەدا، هەرکام لە هاوپەیمانییەکان دەبێ بە جیا پێیان ڕابگەی. جگە لەوە، ڕێکخراوە خۆبەخشەکان دەتوانن هاوپەیمانیی ئاسۆیی لەگەڵ یەکتر درووست بکەن، وەک هاوپەیمانیی ڕێکخراوەکانی پەرستاران لە کالیفۆرنیا. بۆیە ڕایەڵەی هاوپەیمانییەکان دەتوانێ نفوز بکاتە نێو ناوچەکان و نێوان ئەتنیکە جیاوازەکان، و ببێتە هۆی دروستبوونی ڕێکخراوی چەتریی سەرانسەری وڵات بۆ سەرجەم ڕێکخراوە پەرستارییەکان، کە پاشان دەتوانێ بە دامەزراوە حکومییەکان یا حیزبێکی سیاسی کە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی بەدەستە گرێ بدرێ.

ئاستی گەشەکردنی ڕێکخراوەی خۆبەخشی ئەوتۆ بە تایبەتی لە سەرەتای بوونی وڵاتێکدا گرینگن، وەک دوای داڕمانی سیستەمی پاشایەتی (وەک زۆربەی وڵاتانی ئوروپا) یا کاتێک وڵاتانی کۆلۆنیکراو (موستەعمەرە) سەربەخۆیی وەدەست دێنن (وەک زۆربەی باقی وڵاتانی جیهان). ئەگەر ڕایەڵەیەکی چڕ لە ڕێکخراوی ئەوتۆ لەپێشدا بوونیان هەبێ، دەسەڵاتدارە نوێکان دەتوانن کەڵک لەو ڕێکخراوانە بۆ ورووژاندنی لایەنگران و ڕاکێشانی ڕێبەرانی سیاسی لەناو ئەواندا کەڵک وەرگرن. پەراوێز خستنی کەمینە نەتەوەکان یا زۆرینەکان لە کەشوهەوایەکی ئەوتۆدا ئەگەری کەمترە: ڕێکخراوە خۆبەخشەکان زۆر جار لقیان لە شوێنە جیاوازەکانی وڵاتدا کە ئەتنیکە جیاوازەکان لێیان دەژین پێکهێناون. بۆیە پێگەی پشتیوانیی ڕێبەرانی نوێ و خودی ڕێبەرایەتییەکە فرە ئەتنیکی دەبێ.

ئەوە دەکرێ بە شێوەی ئەزمونیی بە بەراورد کردنی سویس و بەلژیک نیشان بدرێ. لە سویس، ڕێکخراوە مەدەنییەکان (کلوبی نیشانەگریی، دەستەی کتێب خوێندنەوە، ڕێکخراوی کۆڕ و هتد) لە سەرانسەری وڵات لە ماوەی کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ تا نیوەی سەدەی ١٩ گەشەیان کردبوو. ئەوان بە شێوەیەکی یەکسان بڵاو ببوونەوە چونکە گشت ناوچەکان لە بواری ئابوورییەوە گەشەیان کردبوو و چونکە دەوڵەتشارە بچووکەکان کە سویس لێیان پێكهاتبوو نە توانا و نە ئەنگیزەی سەرکوتی ئەوانیان هەبوو. بە پێچەوانە، لە بەلژیک، ناپلیۆن و هەروەها شای هولەند کە جێگای ئەوی گرتەوە، ئەو ڕێکخراوانەیان سەرکوت کردن. لەوەش گرینگتر، ڕێکخراوەکانی بەلژیک ئەو ناوچانەی لەخۆ دەگرت کە لە بواری ئابوورییەوە گەشەی زۆرتریان کردبوو و بەشی خوێندەوارتری فەڕانسەیی زمان و بەشێک لە هاوڵاتیانی دەگرتەوە.

کاتێک کە بەلژیک لە ١٨٣١ لە پاشایەتی هولەند جیا بۆوە و سەربەخۆ بوو، دەسەڵاتدارە نوێکانی وڵات سەر بە ڕایەڵەی ڕێکخراوە فەڕانسەیی زمانەکان بوون. بێ ئەوەی کە بیری لێ بکەنەوە، ئەوان زمانی فەڕانسەییان وەک زمانی فەرمیی بۆ بەرێوەبەرایەتیی، سوپا و دادوەریی دیاریکرد. ئەو کەسانەی کە تەنیا بە زمانی فلامیی قسەیان دەکرد بەشێک لەو ڕایەڵەی ڕێکخراوانە نەبوون و لەبەر ئەو هۆیە نوێنەریان لە دەوڵەتی ناوەندیدا نەبوو، سەرەڕای ئەوەی کە لە بواری دێمۆگرافیکەوە فلامییەکان کەمێک لە زۆرینەدابوون. بۆیە، لە بەلژیک، فلامییەکان تا کۆتاییەکانی سەدە لەناوخۆدا وەک کۆلۆنییەک (موستەعمەرە) بەڕێوە دەچوون. سەرەتای نەتەوەسازیەکە شکستی هێنا و پاشان پرسی زمان بە تووندی سیاسی کرا. ئێستا ئەو وڵاتە بە درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی زمانەکان نزیکی لەت بوونە.

لە سویس، گواستنەوە بەرەو دەوڵەت-نەتەوە دوای ماوەیەکی کورت شەڕی ناوخۆ لە ١٨٤٨ هاتە ئاراوە. نوخبەی لیبڕاڵ کە شەڕەکەیان بردەوە و دەسەڵاتی وڵاتیان بۆ چەند جیل گرتە ئەستۆ بۆ ڕاکیشانی لایەنگر و ڕێبەر، پشتیان بەو ڕایەڵەی ڕێکخراوەکانی مەدەنیی کە فرە ناوچە و فرە ئەتنیک بوون بەستبوو. بۆیە ئەو پێکهاتەی دەسەڵاتە کە سەری هەڵدا کاراکتەرێکی فرە ئەتنیکی هەبوو: هەر کام لە تاقمە زمانییەکان لە بەرزترین ئاستی دەوڵەت و هەروەها لە ئاستی بەڕێوەبەریی فیدڕاڵیدا نوێنەریان هەبوو، کە تا ڕاددەیەکی زۆر بە گوێرەی قەبارەی حەشیمەتەکەیان بوو. فەڕانسەیی، ئاڵمانیی و ئیتالیایی بوونە زمانی فەرمیی دەوڵەت، بێ ئەوەی کە زۆر فکری لێ بکەنەوە. لە زۆرینەی مێژووی سیاسی وڵات و تا ئەمڕۆش، فرەچەشنیی زمانیی پرسێکی ناسیاسی ماوەتەوە.

دابین کردنی خزمەتگوزاریی گشتیی لە لایەن دەوڵەتەوە
لایەنی ئابووری سیاسی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و شارۆمەندەکان، ئەو سامانانە دەگرێتەوە کە لەناویاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێ. هاوڵاتیان زۆر وێدەچێ پشتیوانیی دەوڵەتێک بکەن کە خزمەتگوزارییی گشتییان لە بەرامبەر باج، گومرگ و مز کە لێیان وەردەگرێ دابین بکا. ئەوسا پەیوەندیی دەوڵەت و شارۆمەندان چیتر لە سەر بنەمای باج ئەستاندن بە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز (وەک لە سەردەمی ڕێژیمە ملهوڕەکانی پێش دەوڵەت-نەتەوە باو بوو)، وەک دیکتاتۆریی پاشایەتی، فەرمانڕەوایەکی ئیمپراتور یا ڕێبەرایەتیی کۆلۆنیال نابێ. هەرچی دەوڵەت توانایی لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی لە گشت ناوچەکانی وڵاتدا هەبێ، هاوبەشێکی دڵخوازتر دەبێ وەک شەریک، و هاوڵاتیان زۆرتر هەوڵ دەدەن هاوپەیمانیی لەگەڵدا درووست بکەن. پێکهاتەی دەوڵەت نوێنگەی ئەو هاوپەیمانییە گشتگرە و بەو شێوەیە فرە ئەتنیکیی دانیشتووانی وڵات دەبێ. ئەو هاوڵاتیانەی کە خزمەتگوزاریی گشتیی لە بەرامبەر ئەمەگناسیی سیاسی و باجەکەیان وەردەگرن، بە هەمان شێوە زۆرتر باوەش بۆ لێدوانی ناسیۆنالیستیی دەکەنەوە کە لە لایەن نوخبەی دەسەڵاتدار و یاریدەدەرە ڕووناکبیرەکانیانەوە ئامادە و بڵاو دەکرێنەوە.

مێکانیزمی دووهەم دەکرێ لە بەروارد کردنی سومالیا لەگەڵ بوتسوانادا نیشان بدرێ. کاتێک کە بوتسوانا لە ١٩٦٦ بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ، دەوڵەتەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر توانی هەلی هەناردە کردن بۆ ئاژەڵدارەکان بڕەخسێنێ، ژێرخانی گواستنەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو پەرە پێدا، قوتابخانە و دامەزراوەی پزیشکیی درووست بکا و بەرنامەی فریاگوزاریی بۆ کاتی ویشکەساڵیی کە جار جار ئابووری ئاژەڵداریی پەک دەخست داڕشت. ئەو دەستپێشخەرییانە سوودی یەکسانی بۆ هەموو ناوچەکان هەبوو، و بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە کە نیشان بدا کە کاربەدەستان لە کاتی تەرخان کردنی سامانەکان بۆ گوندێک یا ناوچەیەک، هەڵاواردنیان بە قازانجی ئەتنیکی خۆیان ڕەچاو کردبێ. لە ئاکامدا، حیزبی دەسەڵاتدار پشتیوانیی دەنگدەرانی سەرجەم ناوچە و ئەتنیکەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، کە بە نۆبەی خۆی بووە هۆی پێکهێنانی پارلمان و کابینەیەک کە هیچ ئاسەواری نایەکسانیی سیاسەتی ئەتنیکیی پێوە دیار نەبوو. دوایە ئەو پێکهاتەی دەسەڵاتی گشتگرە، بە تێپەڕ بوونی کات، بووە هۆی خۆپێناسە کردن بە دەوڵەت و زۆرینەی تسوانا، بە شێوەیەک کە تاکەکانی سەر بە کەمینە نەتەوە، وردە وردە ئاسیمیلە بوون [لە ناو ئەتنیکی زۆرینەدا توانەوە].

لە لایەکی دیکەوە، لە سومالیا مەرجەکانی نەتەوەسازی لە ڕێگای دابەشینەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان هێندە سەرکەوتوو نەبوو. دوای ئەوەی کە کۆلۆنییە کۆنەکانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و ئیتالیا یەکیان گرت و بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، تواناییەکی کەم بۆ دابین کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ سەرجەم دانیشتووان هەبوو. ئەو بیرۆکراسییەی کە بە خێرایی گەشەی کرد ئاکامی یارمەتی دەرەکیی بوو. کاتێک کە گەیشتە بەشینەوەی پرۆژەکانی دەوڵەت، کاربەدەستەکان سوودیان بەو لایەنانە گەیاند کە توانایی دانی زۆرترین ڕێژەی بەرتیلیان هەبوو یا ئەو کەسانەی کە سەر بە هۆزی ئەوان یا کەسوکاری خۆیان بوون. کودەتای سەربازیی زیاد باررە بە شێوەی کاتی ئەو هەڵسوکەوتەی گۆڕی. لەبەر نەبوونی دامەزراوەی پێویست، ڕێژیمەکەی هەوڵی دا پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریی گشتیی بە شێوەی هەڵمەتی سەربازیی کورتماوە بەڕێوە بەرێ، وەک خوێندەوار کردنی حەشیمەتە کۆچەرەکەی یا گەیاندنی یارمەتی بە قوربانیانی ویشکەساڵیی. لە دەوڵەتی ناوەندیدا هیچ هاوپەیمانییەکی سیاسی نەیتوانی بەو شێوەیە درووست بێ. بۆیە باررە بناخەی فەرمانڕەواییەکەی بە شێوەی پەرەئەستێن بە لایەنگرە بەوەفاکان لە هاوپەیمانیی هۆزی خۆی و هەروەها ئەوانی کە سەر بە هۆزی دایکی بوون پڕ کردەوە. ئەوانی کە پەراوێز خران لەو پێکهاتەی دەسەڵاتە ئەتنیکییە بێزار بوون. تێکبەردانی هاوپەیمانیی هەردەم لە گۆڕانی هۆز و فەرماندە شەڕکەرەکان دژی یەکتر و شەڕی ناوخۆی دەیان ساڵە، وڵاتی پارچە پارچە کرد.

ئامرازی هاوبەش بۆ پێوەندیگرتن
سێهەم لایەنی درووستکردنی هاوپەیمانیی لە نێوان شارۆمەندان و دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندیی. ئەگەر تاکەکان بتوانن بە زمانێکی هاوبەش لەگەڵ یەکتر بدوێن دامەزراندنی پێوەندیی لە نێوان ناوچە جیاوازەکان و لە نێوان ئەتنیکە جیاوازەکاندا ئاسانتر دەبێ. ئەوە “تێچووی ئاڵووێر”، بەو مانایە کە هەوڵی پێویست بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی یەکتر، بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکییەکان، وتووێژ لەسەر سازشەکان و لەو ڕێگایەوە درووستکردنی پێوەندیی و متمانەی بەردەوام، کەمتر دەکا. لەبەر ئەو هۆیە جیاوازیی زمانەکان تەشەنە کردنی ڕایەڵەی سیاسی بۆ سەرجەم ناوچەکانی وڵات هێواش دەکاتەوە.

بۆ نموونە، ڕێگا بدەن مێژووی چین و ڕوسیە لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ تا کۆتایی سەدەی ٢٠ لەگەڵ یەکتر بەراورد بکەین. خەڵکی چین بە زۆر زمان قسە دەکەن، کە پرۆسەی نەتەوەسازی دژوار دەکا. بەڵام، نامە، ڕۆژنامە و کتێب بە شێوە نووسینێکی هاوبەش دەنووسرێن. ئەو شێوە نووسینە لە هیچکام لەو زمانانەی قسەیان پێدەکرێ نزیکتر نییە کە بۆتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان لە چوارگۆشەی ئەو وڵاتە پان و بەرینە بێ خۆ ماندوو کردن لە یەکتر تێبگەن. نووسینی هاوچەشن، لە سەردەمی ئیمپراتورییەتەوە، بواری ڕەخساند کە نوخبەی بەڕێوەبەری دامودەزگاکان لە ڕێگای سیستەمێکی تاقیکاریی بە نووسین هەڵبژرێردرێن کە لە سەرجەم ناوچەکانی وڵات بەڕێوە دەچوو کە هیچکامیان بە هۆی جیاوازیی زمانەکەیان لەگەڵ هی ناوەند تووشی هەڵاواردن نەبوون. ئەو شێوەیە ئاکامەکەی ئەوە بوو کە نوخبەی هەڵبژێراو وەک دانیشتووانی وڵات فرە زمان بن. ئەوە لە بارەی ئەو تاقمە سیاسییانەی کە لەناو ئەنداماندا درووست دەبوون بەهەمان شێوە بوو، چونکە ئەو کەسانەی نەیانتوانیبا بە زمانی یەکتر قسە بکەن دەیانتوانی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پێکهێنانی هاوپەیمانیی بە نووسین پێوەندی بە یەکترەوە بکەن.

ڕێکخراوە کۆماریخوازە دژە ئیمپراتورییەکە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ سەری هەڵدا بە هەمان شێوە ئەندامەکانی زمانی جیاوازیان هەبوو [واتە هەموو هاو زمان نەبوون]. کاتێک کە ئەو هێزانە لە ١٩١١ بە ڕێبەریی کۆمینتانگ ئیمپراتورییان ڕووخاند و دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت، پێکهاتەی دەسەڵات بە فرەناوچەیی ماوە و نیشانەی کەمی باڵادەستیی زمانێکی پێوە دیاربوو. هەمان شت دەکرێ لەسەر حیزبی کۆمۆنیست کە لە ١٩٤٩ دەسەڵاتی گرتە دەست بگوترێ. بە لەبەرچاو گرتنی سرووشتی گشتگری هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار، هیچکات ناسیۆنالیزمی زمانیی لە ناو گرووپەکانی ناو زۆرینەی گەلی هان کە بە زمانی مەندرین قسە ناکەن سەری هەڵنەدا. هانەکان وەک گەلێکی فرەزمان، بەڵام لە بواری ئەتنیکییەوە هاوشێوە حیساب دەکران. هەراوهوریای ناسیۆنالیزمی زمانیی لەناو گەلی هان، کە زۆرینەن، هیچکات بەرز نەبۆوە.

بەڵام ئەو شتە لە تەواوی مێژووی هاوچەرخی ڕوسیەدا بوونی هەبووە و ئیمپراتورییەکە دوو جار بە درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی زمانەکان لێک هەڵوەشاوە: دوای شۆڕشی بولشویکیی لە ئۆکتۆبری ١٩١٧ و دواتر لە ئاکامی ڕێفۆرمەکانی گۆرباچۆف لە ١٩٨٩. یەکێک لە هۆیەکان ئەوەیە کە پێکهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی لە نێوان حەشیمەتێک کە بە چەندین زمان قسە دەکەن کە لە ڕوانگەی زمانناسییەوە لێک جیاوازن، لە فینلەندیی تا ئاڵمانیی، لە ڕووسیی تا تورکیی و لە کۆرەیی تا ڕۆمانیایی، دژوارە. جگە لەوە، بە پێچەوانەی چین، ئەو زمانانە بە شێوە نووسینی جیاواز دەنووسرێن، لە ناویاندا لاتین، عەڕەبیی، کریلیی و موغولیی. کاتێک کە سەردەمی سیاسەتی جەماوەریی لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ دەستی پێکرد، ڕایەڵەی هاوپەیمانییەکان لەناو زمانە جیاوازەکاندا درووست بوون، چونکە دەستڕاگەیشتن بە جەماوەری خوێندەوار لە ڕێگای ئامرازی تەبلیغاتیی وەک ڕۆژنامە پێویستی بە شێوە نووسینی هاوبەش و زمانی هاوبەشە. بۆیە ئەو حیزبە خاوەن جەماوەرانەی کە لە دە ساڵەی کۆتایی سەدەی ١٩ و دەیەکانی دوای سەدەی ٢٠ سەریان هەڵدا تەنیا لەناو کۆمەڵگای بەشێک لە زمانەکاندا درووست بوون (ئەرمەنییەکان، گورجستانییەکان، فینلەندییەکان، لەهستانییەکان هتد). یا ئەوان وەک لێفەیەکی چل تیکە لە ڕایەڵەی زمانی هاوشێوە دەچوون، وەک ئەوەی کە لە ناو مەنشویک دا بەرچاو دەکەوت. هۆشیاریی نەتەوەیی لە ناو دەرزەنێک شێوە زمانی دیاریکراودا سەری هەڵدا، لەجیات ئەوەی کە وەک هی هانەکانی چین بێ کە بووە پێناسەیەکی گشتگر.

سیاسەتی نەتەوەکانی یەکیەتی سۆڤیەت دوای شۆڕشی ١٩١٧ بناغەکانی ئەو شێوە هەلسوکەوتەی بە خوێندەوار کردنی کەمینەکان بە زمانی خۆیان پتەوتر کرد. نوخبەکانی ئەوان ڕێگایان پێدرا کە ئەو پارێزگا و ناوچانەی خاوەن زمانی دیاریکراو بوون بەڕێوە بەرن بەڵام لە ژێر چاودێریی چڕی مۆسکۆ. ئەوە بواری بۆ پێکهاتنی ڕایەڵەی گەندەڵکار لەناو ناوچە ئەتنیکییەکان ڕەخساند. کەمینەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی حیزب، سەرووترین پلەکانی ئیداریی و سوپا بێ نوێنەر مانەوە. کەوابوو جێگای سەرسوڕمان نییە کە ڕێبەرانی یەکیەتی سۆڤیەت لە درووست کردنی “گەلی سۆڤیەت”ی یەکگرتوودا سەرکەوتوو نەبوون بۆیە لە سەردەمی خروشچۆف بەولاوە سیاسەتی تواندنەوەی هەرچی زۆرتریان گرتە بەر. گۆڕەپانی سیاسی بەردەوام وەک لێفەی چل تیکەی تەریک کەوتووی گرووپی ئەتنیکی دەچوو و لە کۆتاییدا کاتێک کە سەهۆڵی دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە سەردەمی گۆرباچۆفدا توایەوە، وڵاتەکە بە درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی زمانەکان لێک هەڵوەشا.

درێژەی هەیە ….