لە یەک ساڵەی پێشمەرگایەتیم‌ دا. سۆما ناسری

دەڵێن زۆر جار ئاواتەکانت لەگەڵ خۆت گەورە دەبن و ئەوەی بیروهزرت داگیر دەکا بەرەو ئەو شوێنەت هان دەدا کە بیری لێ دەکەیەوە، ئەمە دەکرێ بۆ من تەواو وا بێ. دە ساڵان بووم کە بۆ یەکەمجار پێشمەرگەم بینی و هەستم بە خۆشییەک کرد کە نە قەڵەم دەتوانێ وێنای بکا و نە زمان دەتوانێ لێی بدوێ… ئەوە بوو کە ئەوینی پێشمەرگایەتی لە ناخی مندا چەکەرەی کرد و شەو نەبوو پێش نووستن بە خەونی پێشمەرگایەتی چاو لەسەر یەک دانەنێم. بەیانان و ئێواران ئەوەی ئاوپڕشکێنی دڵی منی دەکرد سۆزی شمشاڵەکەی «قالەمەڕە» و نەعرەتەی «ئەی ڕەقیب» و دەنگی بلاوێنی بێژەرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان بوو.

لەگەڵ گەورە بوونم حەزەکانیشم لەگەڵ خۆم گەورە دەبوون. چەند ساڵ دواتر چاوم بە ڕۆژنامەی «کوردستان»یش کەوت و لەو کانیاوەش پڕ بە تینوێتیم خواردمەوە، بەڵام کوا، کوا تینوێتیی منی ئاشقی سەوداسەری چیا بەوەندە دەشکا؟! هەموو لەشم ببوونە چاو و گوێ و فیکر و خەیاڵ، بۆوەی زیاتریان لێ ببینم، پتریان لێ ببیستم و زۆرتریان لەگەڵ بم؛ گەر بە خەیاڵیش بێ… لەگەڵ هەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و گێڕانەوەی حەماسە و ئازایەتیی وان شایی لە دڵمدا دەگەڕا و لەگەڵ گێڕانەوەی ژیاننامەی شەهیدانی ئەم کاروانەدا دەنک دەنک فرمێسکم دەهۆندەوە و پەیمانم پێ دەدان لەگەڵیان بم و بەدوویاندا بڕۆم…

ڕێ‌ بڕینی ئەم کاروانە هێندەش سووک و سانا نەبوو، دەبوو ئیمانی چیاییت بێ کە بتوانی بەگژ جەلادەکاندا بچیتەوە، ئەوانەی دەیانویست خۆت و باوەڕەکانت چرووک بکەن، بۆیە ئەمن نە بە قسەی تفتی «بازجوو» ترسم ڕێ نیشت و نە سام و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان ئەژنۆیان چەماندمەوە، پێچەوانە ڕووەو خۆر هەنگاوەکانم توندتر کرد…

تابلۆکانی دواتری ئەم ئەوینە زوو بە زوو لە زەینمدا ڕەنگیان دەگۆڕی، جارێک دەبوونە قاپ بۆ وێنەی شەهیدانی 23ی گەلاوێژ و، جار پڕ دەبوون لە بزە و قەڵافەتی میرانەی شەهید هەژار قاسمی. جار هەبوو باوەشیان بۆ ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی دەکردەوە و؛ زۆر کەڕەتان شەهیدانی شەوی یەڵدا یەک بە یەک دەهاتن و میوانی دەبوون… بەڵام کاتێ قەڵاکەم کرایە ئامانج ئیدی خۆم نەگرت… نەدەبوا بێڵم خەونەکانی سۆیلا و نەسرین بژاکێن… دەبوا چووبام و لە بن دیوارە نەخشاوەکە بە وێنەی ئەوان سروودی هەرمانی خەباتیان وەخوێنم… دەبوا چووبامە سەر گڵکۆیان و باسی 21ی خەرمانانم بۆ کردبان، باسی خەڵکی دڵ بریندار و بێ‌ئۆقرە، بەڵام تووڕە و یاخی لە دەسەڵات کە پڕ بە گەروویان هاواریان کرد: ئێوە ناتوانن شارێک و نیشتمانێک بنێژن… ئێمە بەپێوەین… ئێمە بەڕێوەین…

دوو حەوتووی دی لە «قەڵا» بووم، چوومە سڵاوی پێشەوا و تێر تێر سەیرم کرد… قاقا شیرینەکەی دوکتور قاسملوو بوو بانگی دەکردم، چوومە باوەشی و چی کڵوکۆی دەروونم بوو، بۆم هەڵڕشت… کە چوومە لای شەرەفکەندیی مەند، لە قووڵایی چاوەکانیدا پەڕ پەڕی دیرۆکی خوێن و قوربانیدانم خوێندەوە… ئەم دیمەنانەم تەنیا وەک سێ تابڵۆی نەخشاوی سەر دیوار نەدی، بەڵکوو ئەمە سترانی هەرمان و سەربەستیی شۆڕشێک بوو پڕ بە گەرووی میللەتێک کە لە قەڵای برینداردا دەنگی دەداوە… بەڵێ قەڵاکەم زامار ببوو، بەڵام هەروا لەسەر پێ بوو، ئەوەش هەر میراتی مێژووی خەباتمان بوو، کە ڕەنگبێ برین هەڵبگرین، بەڵام ئێمە لە ڕەگەزی داربەڕووین، نانەوین…. ناکەوین…

ئێستا ئەمن ساڵێکە پێشمەرگەم… ساڵێکە شەوانە لەگەڵ دەستەخوشکەکانم خولیا ساکارەکانمان دەهۆنینەوە و لە پرچی کازیوەی دەدەین… بە ڕۆژ لەگەڵ برا هاوسەنگەرەکانم وانەی خەبات و خۆڕاگری بە دەم چیادا دەدەین و، شەماڵ ڕادەسپێرین ئەم ئاوازە بەرێتەوە بۆ پێدەشتەکانی نیشتمان و؛ بیدا لە بەرۆکی کچان و کوڕانی ئەوینداری ئەم هەرێمە… ئەمن ساڵێکە پێشمەرگەم و خەونەکانم دەنووسمەوە، بە مەرکەبی ئەوینی چیایی و لەسەر پەڕی تیرێژی سەربەستی….