وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێکی تێکدا کە دەیتوانی کوردەکان نەجات بدات

بە وتەی کاربەدەستێکی پێشوو: وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێکی تێکدا کە دەیتوانی کوردەکان نەجات بدات
دەیلی بیست – کرسیتۆفەر دیکەی

بە گوێرەی هەواڵەکان، کوردەکانی سووریە دوای بە تەنیا هشتنیانەوە لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە ڕێگا بە هێزی سەربازیی ڕێژیمی ئەسەد دەدەن کە بێنە ناو ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵیانەوە. کوردەکان لە هەمان کاتدا پێشنیاریان بە ڕوسیە کردووە کە لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی تورکیە و میلیشیا بە کرێگیراوەکانیان، پشتیوانییان بکات.

گەڕانەوەی هێزەکانی بەشار ئەسەد بۆ باکووری سووریە بۆ یەکەمجار دوای حەوت ساڵ، کۆتایی مەئمورییەتی جێگای مشتومڕی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی داعش نیشان دەدا. هۆیەکەی بڕیارێکی هاوبەشی کشانەوە لە لایەن سەرۆک کۆمار ترامپ، کە لێدوانە دژە شەڕەکانی ناڕوونی ناوبراوی لەمەڕ کشانەوە دەشاردەوە. هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەسەد گۆڕەپانی هەڵسوکەوت بە دژبەرە ئەمریکاییەکەیان، کە کوردەکانی سووریە بە هاوبەشە فێڵبازە ئەمریکاییەکەیان دابوو، نادا.

فەرماندەی کوردی هێزەکانی سووریەی دێموکڕات لە بابەتێکدا لە ژمارەی ڕۆژی یەکشەممەی فارین پالیسیدا نووسیویەتی: “ئێمە دەزانین کە دەبێ سازشی بەژان لەگەڵ ڕوسیە و بەشار ئەسەد بکەین ئەگەر بڕیار بدەین کە لەگەڵیان بکەوین. بەڵام ئەگەر ئێمە لە نێوان سازش و کۆمەڵکوژیی گەلەکەمان یەکیان هەڵبژێرین، بێگومان ئێمە ژیانی گەلەکەمان هەڵدەبژێرین.”

زۆرتر خەمبار لە جیات تووڕە بوون، فەرماندە مەزلوم عەبدی، نووسیویەتی، “کاتێک کە هەموو دونیا خۆیان لە پشگیریی ئێمە بوارد، وڵاتە یەکگرتووەکان بە هاوارمانەوە هات. ئێمە دەستەکانی ئەوانمان گوشی و ڕێزمان لە پشتیوانییە دڵئاواڵاییانەکەیان گرت.”

بەڵام لە ژێر زەختی تورکان و لەسەر داوای واشینگتۆن، کوردەکان “ڕەزامەندییان نیشاندا کە چەکە قوسەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیە بکشێننەوە و پێگە بەریگریکارییەکانمان لەناو بردن و لێوشاوەترین جەنگاوەرانمان لەوێ کشاندنەوە. ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان لە سەر بەڵێنی خۆیان بە ئێمە مابان، تورکیە قەت هێرشی نەدەکرد.”

ئەوان پێیان وابوو.

مەزولوم نووسیویەتی: ” ئێستا ئێمە بە سینگی ڕووتەوە لەبەرامبەر چەقۆکانی تورکەکان وێستاوین.”

برێت مەکگۆرک، کە لە مانگی دێسامبر دەست لە کار کێشانەوەی خۆی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆمار لە هاوپەیمانیی دژی داعش ڕاگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە بە دەیلی بیستی گوت کە هەڵوێستێکی ئەوتۆ لە لایەن کوردەکانی سووریەوە، بە لەبەر چاو گرتنی هەلومەرج، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو.

تەنانەت ساڵی ڕابردووش، کاتێک کە مەکگۆرک هێشتا لەسەر کارەکەی مابوو، ڕێبەرانی کورد لە سووریە بە ئەمریکاییەکانیان دەگوت کە ئەگەر درێژە بە پشتگیرییان لەوان و پێشگرتن بە هێرشی تورکەکان نەدەن، ئەوان پێویستییان بە مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەد و ڕوسیە هەیە تا پارێزگارییان لێ بکەن. کاربەدەستێکی پلەبەرزی کورد لە واشێنگتۆن پۆستدا نووسی: “ئێمە نەخشە ڕێگای خۆمان داوەتە ڕوسەکان، تەنیا چاوەڕوانی بڕیارێکین.”

مەگۆرک دەڵێ ئەو لەوکاتیدا پشتگیریی لە بیرۆکەیەکی ئەوتۆ دەکرد لە کاتێکدا کە ترامپ باسی لە کشانەوە لە سووریە دەکرد، بەڵام ئەو بەرەوڕووی بەرهەڵستکاریی بەهێز لە لایەن بەڕیوەبەرایەتی [ترامپ] بۆوە. (بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نێردەی تایبەتی بۆ کەیسی سووریە جیم جێفری، یەکێک لەو کەسانەبوو  “کە چەند جار بە کوردەکانی گوتبوو  ‘ئێمە مەسەلەی تورکیە جێبەجێ دەکەین، ئێوە مامەڵە لەگەڵ ڕیژیم [ئەسەد] مەکەن’.”)ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو جان بۆڵتۆن و هاوکارەکانی پێداگربوون کە وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ لە سووریە بمێنێتەوە تا ئەو کاتە کە ئێران دەچێتە دەر یا لانیکەم بەڕێوەیە بچێتە دەر. (قسەکەری بۆڵتۆن، کە ترامپ مانگی ڕابردوو لە کارەکەی دووری خستەوە، کاتێک داوای لێکرا لەوبارەوە لێدوان بدا شتێکی نەگوت. وتەبێژی وەزارەت کاروباری دەرەوەش بەهەمان شێوە.)

دوای دەستلەکار کێشانەوەی مەکگۆرک، ئەو پێوەندی خۆی لەگەڵ ئەندامانی ‌هێزەکانی سووریەی دێموکرات و هەندێک کەس لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە وەزارەتی بەرگریی وڵاتە یەکگرتووەکان پاراستووە. ئەو دەڵێ کوردەکان پەیتا پەیتا پرسیاریان دەکرد ئاخۆ دەکرێ متمانە بە پشتیوانیی و بەرگریی وڵاتە یەکگرتووەکان بکەن، و ئەوان پەیتا پەیتا پێیان دەگوترا کە ئەمریکاییەکان پشتیوانیانن.

بەڵام بەو شێوە نەبوو.

مەکگۆرک بە کۆبوونەوەی ئەنستیتۆی بەیروت لە ئەبوزەبی گوت کە کاتێک کە ڕووسەکان لە ٢٠١٦ بە چڕی لە کاروباری سووریە تێوەگلان، ڕاستییەکی کە زۆرجار لەبارەی دووڕوویی کرێملیندا باسی دەکرا ئەوە بوو، “هەموو کەس دەزانێ کە نابێ بە گوریسی ڕووسی بکەویە ناو چاڵاوەوە.”

بە واتایەکی دیکە، کاتێک کە لە ٢٠١٨ ئاشکرا بوو کە ترامپ دوژمنایەتی مانەوەی بێ کۆتایی لە سووریە، کە بۆی بە میرات مابوو، دەکا، کوردەکان بیانووی کۆتایی هێنان بە پێوەندییەکەیان لەگەڵ ئەمریکاییەکانیان پێدرا. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ترامپ و پێنتاگۆن، کە پێیان خۆش نییە بەرەوڕووی کشانەوەی یەکجاریی و لە کیس چوونی نفوزی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، کە بە شێوەی پەرەئەستێن بێ توانا، ئەگەر نەڵێین بێ مانایە بن، کوردەکانی دڵنیا کرد کە بۆ ئەگەری چوونە دەری ئەمریکاییەکان ئامادەکاریی نەکەن. ئەگەر کوردەکان ئەو کارەیان کردبا، هاوبەشە ڕووسی و سووریەیەکانیانلەوانەبوو پێشبە وێرانکارییەکانی تورکیە، کە ئێستا وڵاتە یەکگرتووەکان دەکشێنەوە و هیچ ناکا، بگرن.

و ئێستا کە کوشتارەکە دەستی پێکردووە، مەزولم ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی و گەلەکەی هێج ڕێگاچارەیەکیان نییە جگە لە چاوەڕوانی پشتگیریی لە لایەن ڕوسیە و دیمەشق نەبێ. هەر وەک مەکگۆرک ئاماژەی پێکردووە، بە داخەوە بۆ کوردەکان، دوای خیانەتی ترامپ، پێگەی ئەوان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە و کاتێک کە داوا لە روسیە و ڕێژیمی سووریە بۆ هاوکاریی بکەن، مەعلوم نییە کە کەس وەڵامیان بداتەوە.

لە هەمان کاتدا، ڕاکردنی بە کۆی زیندانییەکانی داعش و تاوانی جەنگی لە لایەن میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیە لە باکووری سووریە دەرخەری تەشەنەکردنی پشێوییە لە کاتێکدا کە ئانکارا درێژەی بە هێرشەکەی دەدا و زۆرتر لەوەی کە لە پێشدا باسی لێوە کرابوو دەچێتە ناو قووڵایی خاکی سووریە.

مەکگۆرک بە گوێگرانی لە ئەبوزەبی دەڵێ ، “پێموایە ئێمە دەبێ چاوڕێی گەڕانەوەی بەهێزی داعش بین.”

لە واشینگتۆن و لە بەرەی جەنگ، سەرلێشێواویی ئەمریکاییەکان لە پەرەئەستاندایە. لە دوایین پێوەندیی تەلەفۆنیی لە نێوان ترامپ و ئەردۆغان لە یەکشەممەی ڕابردوودا، بەڕێوەبەایەتییەکەی بە هەموو هێزییەوە پێداگریی دەکا کە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆغان، کە بانگهێشتکردنی ناوبراو بۆ کۆشکی سپی لە مانگی داهاتوودا، لە ڕاستیدا گڵۆپی سوور بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، وەزیری بەرگری مارک ئەسپەر بە سی بی ئێسی گوت، ” بڕوانە، دۆخێکی زۆر خراپ لەوێ لەئارا دایە. دۆخێک کە تورکەکان درووستیان کردووە، لە لایەن سەرۆک کۆمار ئەردۆغانەوە. بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئێمە ئەوان بڕیاریان دا کە هێرش بکەنە سەر سووریە.” ترامپ لێدوانەکانی لە بارەی کارەساتی دوورودرێژ کە چەند جیلی سوپای وڵاتە یەکگرتووەکانی لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست گرتۆتەوە، پەرە پێداوە، بەڵام هێشتا هێزەکانی لەوێ نەکشاندوونەوە، و بە کردەوە لە شەش مانگی ڕابردوودا  ١٤٠٠٠ هێزی سەربازیی نوێی ناردۆتە ناوچەی کەنداو. ناتەبایی، فریودان و خیانەت ئێستا دیارترین پێناسەی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانن.

ئەسپەر گوتی چونکە کوردەکان بەدوای مامەڵە لەگەڵ سورییەیەکان و ڕوسییەکان بۆ دژە هێرش لە بەرامبەر تورکەکان لە باکوورن، هێزەکانی ئەمریکایی لەوانەیە “بکەونە نێوان دوو سوپای دژی یەکتر و ئەوە دۆخێکی زۆر خراپە. بۆیە من شەوی ڕابردوو دوای وتووێژ لەگەڵ باقی ئەندامانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی، لەگەڵ سەرۆک کۆمار قسەم کرد و ئەو بڕیاری دا کە هێزەکانمان لە باکووری سووریە بکشێنینەوە.”

بەڵام کاتێک کە بۆ ترامپ ڕوون دەبێتەوە کە درووشمی “کۆتایی هێنان بە شەڕە بێ کۆتاییەکان”، دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵایسانی شەڕێکی بێ کۆتایی دیکە، ئەو لە کشاندنەوەی تەوای سوپا دوودڵ دەبێ. ئەسپەر دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کە ئەو و ژەنڕاڵ مارک میلی، سەرۆکی بەڕێوەبەریی هێزە سەربازییەکان، پێداگر بوون کە ” هیچ ئاڵوگۆڕێکی دیکە لە شوێنی جێگێربوونی هێزەکانمان نایەتە ئاراوە”  باسی کشانەوە لە باکووری سووریەی کرد. دوو کاربەدەستی خاوەن زانیاریی وڵاتە یەکگرتووەکان بە دەیلی بیستیان گوت کە وڵاتە یەکگرتووەکان پلانی مانەوە لە سوورییەیان هەیە، بەڵام دوورتر لە شوێنی شەڕی تورکیە. بەڵام نزیکەی چەند سەد کەس لەو سەرجەم ١٠٠٠ کەسەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان کە ئێستا لە سووریەن ئەو وڵاتە جێدەهێڵن، و دەنرێدرێنە شوینی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەڵام هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە، ئاکامی هەوڵی کاربەدەستانی پلەبەرز بۆ پاراستنی شتێک دوای پەیمانی ترامپ-ئەردۆغان، لەوانەیە ئێستا لەبەر ڕەوتی ڕووداوەکان ببێتەوە هیچ. وێناچی هێزەکانی ئەسەد ڕێگا بە درێژە کێشانی ئۆپەراسیۆنی وڵاتە یەکگرتووەکان بدەن. کۆتایی شەڕ کە هەرگیز لە لایەن کۆنگرەوە ڕانەگەیندرا، لەوانەیە بە گوێری بڕیاری ئەمریکا نەبێ، چ بگا بە وتووێژ، بەڵکو لە لایەن بەرهەڵستکارانی ئەمریکا  بێ کە دەستپێشخەرییەکە، لەبەر ویستی ترامپ بۆ جێهێشتن، بە دەستەوە دەگرن.

هەر ئێستا لە سووریەوە هەواڵ دێن کە شەڕکەرانی داعش، لە کاتێکدا کوردەکان بۆ پارێزگاریی لە ژیانی خۆیان شەڕ دەکەن، لە زیندانەکانی ژێر دەستی کوردان ڕادەکەن. بە گوتەی نیویۆرک تایمز، کشانەوەی بەپەلە، کە هەندێک جار لە ژێر ئاگری تورکیەی هاوپەیمانی ئەندامی ناتۆ بووە، بۆتە هۆی هەڵوەشانی پلانی گواستنەوەی هەندێک لە ئەندامانی پلەبەرزی داعش بۆ شوێنی ژێر چاودێریی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق. هەموو ئەوانە ئەگەری سەرکەوتنی داعش زیاد دەکەن، کە بە مانای زیندوو بوونەوە، دوای تێكشکانیان بە دەست کوردانەوەیە، کە بە پشتێوانیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠١٨ خەلافەتەکەیانیان تێكشکاند.

لە هەمان کاتدا، ڕێبەرانی ڕۆژەهەڵاتی ناڤین هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئەو ڕاستییە بسازێن کە ئەمریکاییەکان بە تەواوی سەلماندوویانە کە هاوپەیمانێکی جێگای متمانە نین.

هوشیار زێباری، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشووی عێراق، بە کۆبوونەوەی ئەنستیتۆی بەیروت لە ئەبوزەبی گوت کە لە شەڕی سووریە، “ڕووسەکان هاوپەیمانەکانیان جێنەهێشت. ئێرانییەکان هاو بەشەکانیان جێنەهێشت. بەڵام ئەمریکاییەکان ئەو کارەیان کرد.”

زێباری بە دەیلی بیستی گوت، “بێ گومان تورکەکان هان دەدرێن”، ئەو گوتی “ئێمە چاوەڕوانین کە ٥٠٠٠٠ پەناخواز لە سنوورەکان بپەڕنەوە”، مەبەستی بەرەو هەرێمی کوردستان بوو.