بۆچی لە هەر شوێنێک ئیسلام دەوڵەتی هەبوو، ئەو شوێنە نائەمن و نائارامە؟!

پێکهاتەی بنچینەی کەرامەتی مرۆڤایەتی، ئازادی و عەداڵەتە، مرۆڤەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێز و حورمەتی دوو لایانە لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتر دا دەبنە هۆی پێکهێنانی سەقامگیری ئاشتی‌ لە کۆمەڵگادا، بەداخەوە بەرێوەبەرانی ئەمڕۆی ئیسلام ڕۆڵێکی تێکدەرانەیان لە سەقامگیری ئاشتەوانی جیهانی لە کۆمەڵگادا هەیە.

بێدەنگی ڕووناکبیران و ئاوڕ نەدانەوە لە بەشێک لە خورافاتی مەترسیدار و هەندێک باوڕی ئیشکی ئیسلامی تەنیا لەبەر ئەوە گیانی خۆیان لە مەترسی نەکەوێ، گەورەترین هەڵەیە لە ئاست ئازادی رادەربرین و ئاشتی جیهانی دا.

بۆ قەزاوەت و بۆ ئاکام گیری ئەو چەند دێرەی سەرەوە، پێویستە بڕوانینە، جوغرافیای وڵاتانی ئیسلامی کە نوێنەرایەتی فەرهەنگ و ئیدولۆژی ئیسلامی دەکەن و بە چاوخشاندنێک بە دەسەڵاتداریی حکوومەتی ئیسلامی بۆمان دەردەکەوێ کە شەڕ بە سەر نەتەوەکان دا بە ناوی جیاوازی لەگەڵ دینی ئیسلام، بەردەوام لە ئارا دابووە.

هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست را تا دەگاتە شاخی ئافریقا و بە ڕوانینێک لە سەر حکوومەتە ئیسلامی‌یەکان و ئەحزابی ئیسلامی، وەک: سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیمپراتۆری عوسمانی و حکوومەتی ئەمڕۆیی تورکیە ، حیزبوڵڵا، حەشدی شەعبی، ئەخوان و المسلمین، حەماس، جیش العدل، جیش السلام، تاڵەبان، القائدە، دەوڵەتی ئیسلامی داعش، بوکوحرام، احرار الشام، جبهە نەسرە و هتد … هەیە ، لەو نێوەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو حیزب و ناوەندانە بە ناوی ئیسلام چۆن تیرۆر و تەقاندنەوە و دانانەوەی بۆمبیان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک کردۆتە ئەرکی سەرەکی خۆیان و تەنانەت هاندانی خەڵکی ساویلکە بۆ خۆتەقاندنەوە بە ناوی گەیشتن بە جەننەت و کوشتنی جیابیرانی خۆیان و تەنانەت خەڵکی سیڤیل و مەدەنیان کردۆتە پیشەی ڕۆژانەی خۆیان و بەم شێوەیە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کردۆتە دەریای خوێن و ڕۆژی ڕەش.

لە سەریەک لە سەردەمی ئەمڕۆدا بە گشتی ٤٩ وڵاتی ئیسلامی هەن کە زۆرترین کێشە و شەڕ و جینایەتی مرۆڤایەتیان لە چەشنی هەوڵدان بۆ پاکتاو و قڕکردنی نەتەوەیەک کە دینی ئیسلامیان پەیرەو نەکردووە ، لە نێوبردن و قەڵآچۆکردنی یەزدی‌یەکان لە ژێر ناوی ئەوەی کە ئایینی ئیسلام ناپەرەستن، تووندوتیژی نامرۆڤانە لە سەر ئەو کەسانەی کە وەک خۆیان بیر ناکەنەوە، بەڕێوەبردنی هەندێک حوکمی ئیسلامی وەکوو، سەر پەڕاندن ، ئێعدام، بەردباران ، دەست و لاق پەڕاندن و چاو دەرهێنان و ئازار و ئەشکەنجە و تەجاوەز کردن بە کیژ و ژنان و تەنانەت کوڕ و پیاوان و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤی تێدا بەڕێوە دەچن.

تووندوتیژی و هێرش و خۆتەقاندنەوە و بەرێوەبردنی ئەو جینایەتانە ترسناک و نامرۆڤانەیە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە بۆتە هۆی ئەوە کە بە میلیۆنان مرۆڤ لە ترسی ڕووح و گیانی خۆیان ماڵ و حاڵ و شوێنی ژیانیان بەجێ بێڵن و لە ناخۆشترین و لە خەراپترین باردۆخ دا ژیان بەسەر بەرن. ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئافریقا دوور بکەینەوە، تەنانەت لە قاڕەی ئوروپادا سێ وڵاتی وەکوو ئاڵبانی، کۆسۆڤۆ و بۆسنی هرزگوین، بە زۆرینەی خەڵکی موسڵمانەوە، لە دواکەوتووترین وڵاتانی ئوروپایی ئەژمار دەکرێن و شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو سێ وڵاتە تێچووی زۆری بۆ وڵاتانی ئوروپایی بەدواوە بووە.

ئەگەر بمانهەوێ زۆرتر بچینە نێوناخی ئەو کردەوە دزێوانەی کە لە ژێر حوکمی ئیسلامدا بەڕێوە دەچن، پێویستە ئاوڕێک لە ئاکار و کرداری دەوڵەتە ئیسلامی‌یەکان بدەینە کە بە پشت بەستن بە چەند ئایە و سوڕەی قورئان ڕەوایی دەدەن بۆ هێرش کردن بۆ سەر ئەو نەتەوە و مرۆڤانەی کە وەک خۆیان بیر ناکەنەوە، قەڵآچۆکردنی ئەرمەنییەکان لە تورکیە، ئەنفالی ١٨٠٠٠٠ هەزار کورد لە باشووری کوردستان بە دەستی حکوومەتی سەددام و جیهاد و هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و هێرشی ئەمرۆی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر ناوی سوڕەی فەتح دا نموونەیەکن لە تووندوتیژی ئیسلامی بۆ قەڵاچۆکردنی نەتەوەیەک.

زۆربەی ئەو مرۆڤانەی کە دینی ئیسلامیان نەکردۆتە بەشێک لە ژیانی خۆیان، ڕێزی زۆریش لە خوشک و برا موسڵمانەکان دەگرن و تەنانەت هاوسێ‌یەتی و هاوماڵیشیان دەکەن و موسڵمانە ڕاستەقینەکانیش ئەوانەی کە لە حیزب و ناوەندە ئیسلامی‌یەکان دا نین، بە هاوسێ‌یەتی و هاوماڵی ئەو مرۆڤانە نارەحەت نین و بگرە یارمەتیدەری یەکتریش دەبن، بەڵام گوتارە تووندرەوەکانی هەندێک مەلای تووندرەو وایکردووە کە بەشێک لە خەڵکی ساویلکە هاوسێ‌یەتی بەشێک لە خەڵک کە موسڵمان نین نەکەن و بەم شێوەیە ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێو گەلانی ناوچەدا درووست دەکەن.

هەر لە بنەرەتدا ئیسلام بە ڕاشکاوی مافی ئازادی باوەر و هزر و هەڵبژاردنی مەزهەبی لە مرۆڤەکان وەرگرتۆتەوە، هەر بۆیە لە وڵاتە ئیسلامی‌یەکان بایەخ و کەسایەتی مرۆڤەکان لە سەر بناغەی بیروباوەر و سیمای ئیسلامی ئەو کەسە هەڵدەسەنگێنن و واتە ئیسلام نەبوون، لە ڕوانگەی حکوومەتە ئیسلامی‌یەکانەوە، بە مانای باج و جەریمە و هەڵاواردن و ئەشکەنجە و زیندان و مەرگ و دوورکردنەوەیە لە زێد و لە کۆمەڵگادا.

بە گووتەی باوەڕمەندە ئیسلامی‌یەکان، دینی ئیسلام واتە بەرابەری و یەکسانی مرۆڤەکانە، بەڵام ئەگەر دەچیە ناخی ئەو بەرابەری و یەکسانی‌یە، ئەوەندە بەسە کە لەو یەکسانی و بەرابەری‌یە تێبگەی، ئەویش هەڵاواردنی ڕەگەزی نێر و مێ‌یە. واتە لە میرات بەش کردن دا ، بەشی کوڕێک دوو هێندەی کچێکە، واتە بە دوو کچ یەک کوڕ بە حیساب دێن، ژن ناتوانێ ببێتە قازی و دادوەر و … .

لە بەشێک لە حەدیس و گووتە ئیسلامی‌یەکان دا پیاوان سەرپەرەست و چاوەدێری ژنانن و لەو پەیوەندی‌یەدا نووسراوە کە: کەسەکان لەگەڵ یەک جیاوازیان هەیە و ڕەگەزی نێر واتە پیاو چۆن لە سەرەوەتی خۆی نەفەقە دەدا بە ژن ، پیاو بە سەر ژن دا دەبێ دەسەڵاتی هەبێ و هەر بۆیە ژنانیش دەبێ گوێ رایەڵ پیاوەکان بن و ژن لە نەبوونی مێردەکەی دا پارێزەری نەهێنی و ئاکارەکانی مێردەکەی بێ و بە پێێ شەرعی ئیسلام دەبێ بێدەنگ بێ.

لێرەدا بە ڕاشکاوی و ئاشکرا مافی ژنان بە پێێ ڕەگەز دیاری کراوە و بە نێوی نەفەقە کەرامەت ئینسانی ژن وەک کاڵایەک دەکردرێ و لە ئێختیاری پیاو دا دەبێ و تەنانەت ئیسلام ئەو مافەی داوە بە پیاو کە ئەشکەنجەی ژنەکەی بدات ، بۆ ئەوەی بێدەنگی بکات. جیا لەوە زۆرجاریش گوتراوە ئەگەر ژنێک بە پێش نوێژی پیاوێک دا بڕوات ئەوە نوێژی پیاوەکە بەتاڵ بووە و هۆکارەکەشی دەگەرێنەوە بۆ کەم ئەقڵی ژن (کم عقل و ناقص العقل وناقص ایمان ).

جیهاد و غەزەی ئیسلامی‌‌یە تووندرەوەکان و حکوومەتە ئیسلامی‌یەکان لە کاتی شەڕ و هێرش بۆ سەر نەتەوەیەک کە دینی ئیسلام ناپەرەستن، بۆتە هۆی ئەوە کە ژنان لە ترسی ئەوەی دەستدرێژیان نەکرێتە سەر ماڵ بە کۆڵ و ئاوارە بن.

لە کاتی هێرش بۆ سەر کوردستان و بە تایبەت ناوچەی شەنگال دەوڵەتی ئیسلامی داعش بە کەڵک وەرگرتن لە دینی ئیسلام کچ و ژنانی یەزیدیان بەدیل گرتن و دواتر وەک بەردە و کەنیزەکی خۆیان لە بازارەکان دا هەڕاجی دەکردن، بە دڕندانەترین شێوە دەستدرێژیان دەکردنە سەر و لە قەفس دا وەک بووکەڵەی دەم فروشگا گەورەکان خەڵکیان بانگ دەکرد کە بە چەند قروش و دینارێک لێیان بکرن، هەروەها ڕفاندنی کچە قوتابی‌یەکانی مەسیحی کە لە وڵاتی نێجریە لە لایەن بوکوحرام ڕفێندران، نموونەن بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی حکوومەتە ئیسلامی‌یەکان.

کاتێک کە ئایەتوڵلا خامنەیی ولایەتی فەقیهی شیعە و ئەبووبەکر بەغدادی خەلیفەی سوننی لە گوتارەکانیان دا خۆیان لە جێگای خودا دەناسێنن و لە نەبوونی خوا و پێغەمبەر دا خۆیان دەکەن بە نوێنەر ، کاتێک کەسانێک بە هەر شێوەیەک گوتارەکەیان خستە ژێر پرسیار ، بێ سێ و دوو لێکردن ، ئەوە بە ناوی دژایەتی کردن لەگەڵ خوا و پێغەمبەر حوکمی قورسیان بە سەردا دەسەپێنن و مل و گەردنیان ببن تیغی شمشیرەکانیان دا تێپەر دەکەن و یا تەناف و سێدارەیان بۆ هەڵدەخەن.

زۆرترین ئاماری گەندەڵی و دزی لە جیهان دا لە وڵاتە ئیسلامی‌یەکان دا ئەژمار کراوە، هەژاری و بێکاری و نەداری، بۆتە پیشەی وڵاتە ئیسلامی‌یەکان، ئەوانەی حوکمی خەڵک دەکەن، بە میلیاردها دۆلار و یۆرویان لە بانکە گەورەکانی جیهان پاشەکەوت کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش خەڵک زۆرتر برسی و هەژارتر دەکەن، ئەگەریش کەسێکی برسی و نەدار لە بەر نەبوونی، شتێکی بچووک بدزێ، ئەوە بەداخەوە حوکمی دەست و لاق پەڕاندنی بۆ دەردەکەن و تا کاتی مردنی دەبێ بە دەست ئەو نەهامەتی‌یەوە بناڵێنێ و سەرەرای ئەوەش لە کۆمەڵگادا دەیکەنە کەسێکی بێزراو. ئەوان بە میلیاردها پووڵ و پارە و بە هەزاران کیلۆ زێر و بە بوونی سەدان کۆشک و باخ تێر نابن و هەروا زیاتر دزی دەکەن و لە خواش ناترسن، جیا لەوە دەبێ وەڵاتانی غەیرە ئیسلامیش بە درووست کردنی دەست و لاقی دەستکرد بە میلیاردها دولار سەرفی هەستانەوەی ئەو مرۆڤانە بکەن کە بە ناوی ئیسلام کەم ئەندام کراون.

ئیسلامەتی دایک و باب و کەس و کاری خۆم و ئێوە موسڵمانانی لە خواترس کە عیبادەت و پاکی خۆتان پاراستووە بە ئیسلام دەزانم، نەک ئەو ئیسلامەی کە بۆتە هۆی شەڕ و ماڵوێرانی. موسڵمانان دەبێ حکوومەتە ئیسلامی‌یەکان کە بوون بە مایەی شەڕ و ئاژاوەنانەوەی نێوان گەلانی ناوچە و دونیا شەرمەزار بکەن و کەرامەتی بۆ دینەکەیان و بۆ خۆیان بگێرنەوە.

حەمەرەسووڵ کەریمی

١٤ ـ ١٠ ـ ٢٠١٩