سێدارە و قڕکردنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردسان سیاسەتی نەگۆڕی ڕژیمی ئێران . بێهنام عەزیزی

سەرەتا بۆ باسکردن لە سزایەک بەناوی لەسێدارەدان لە کوردستان و لەلایەن ڕژیمێکی سەرەڕۆی وەک ئێران کە تا سەر ئێسقان دژە کوردە باسێکی کورت لەسەر لەسێدارە دان و شێوازەکانی لە ئێران و هەموو ئەو هۆکار و بەهانانەی کە ڕژیم کوردیان پێ لە سێدارە دەدات یا دەبنەهۆکار بۆ پەلکێشکردنی خەڵکی کورد بۆ گرتوخانەکای ئێران و دواتر لە سێدارەدانیان باس دەکەم.

لە سێدارەدان بە پێی هەموو پێوەرێک پێشێلکردنی مافی ژیانە،پێشلکردنی سەرەتایی ترین مافی هەر مرۆڤێکە کە وەک مەرگێکی لەپێشدا دیاریکراو، بە حوکمی دادگا و واژۆی کەسێک کە ناوی قازی یە کۆتایی بە سەرەتایی ترین مافی هەر مرۆڤێک کە ژیانە دێنێ، هەربۆیەش داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پێداگری زۆر لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێ حوکمی لە سێدارەدان بە حوکمێکی دیکەی بۆ نموونە وەک بەندکرانی درێژخایەن گۆڕانی پێ بکرێ.

لێرەدا و لە درێژەی ئەو نووسراوەیەدا ئێمە باس لە ئێران دەکەین کە یەکێک لە بەرزترین ئامارەکانی لە سێدارەدان لە ئاستی دونیادا لەخۆی دەگرێ و بەبەردەوامیش یەکێک لەو وڵاتانەی دونیا بووە کە وەکوو چڵەپۆپە و پێشەنگی لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە چاوی ڕەخنە و گلەیی ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ئەو بوارەی لەسەر بووە.

ئەوەی کە لە ئێران وەک بنەمای سەرەکی بۆ کەسێک تا ڕوبەڕووی حوکمی لە سێدارەدان ببێتەوە تەماشای دەکرێ ، ئەو بنەما ئیسلامی ، ئایینی و مەزهەبیەیە کە خۆیان ئاماژەی پێدەدەن و لە زۆربەی هەر زۆری دادگایی کردن و سەپاندنی حوکمەکاندا فێقهی ئیسلامی و  ئەو مافانەی لەوێدا بۆ مرۆڤ دەستنیشان کراون دەکەن بە بنەمای سزادانی مرۆڤ و چاکی و خەراپی کردارەکانی بەپێی یاسا فێقهیەکان هەڵدەسەنگێنن.

هەروەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن لە سێدارەدان لە فێقهی ئیسلامی و مافەکاندا بریتی یە لە سزای مەرگ لەلایەن دادگا و قازی یەوە بۆ ئەو کەسانەی تووشی هەڵە یا جورمێکی تایبەت دەبن .

ماکە و سەرچاوەی حوکمەکانی لە سێدارەدان لە ئێران جۆرێک لە سێدارەدانە کە پێی دەگوترێ ئیعدام یا لەسێدارەدانی تەعزیری کە ئەویش بەو جۆرە لە سزادان دەگوترێ کە لە شەرعی فێقهی دا ئەندازەی بۆ دیاری نەکراوە و  قازی بە پێی هێندێک بەرژەوەندی ، ڕادە و چەند و چۆنی سزاکە دیاری دەکا بەو مانایە دەبێتە کوشتنی کەسێک بە پێی ئەو بەژوەندیانەی کە قازی بڕیاری لەسەر دەدات.

سەرچاوەی سەرەکی حوکمەکانی فێقهی ئیسلامی کە ئێران پێڕەوەی دەکات لە قورئانەوە دێن و لە زۆر شوێن خۆیان ئاماژەیان بەو سەرچاوانەی قورئان داوە کە باس لە ئیعدام واتا لە سێدارەدان و جۆرەکانی دەکەن کە لە خوارەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەدرێ:

  • لە داردان و هەڵواسین کە لە ئایەتی ٧١ی سورەی تەها و ئایەی ١٢٤ی سورەی ئێعراف ئاماژەی پێکراوە .
  • ڕجم کردن یا ئەوەی کە بەناوی بەردبارانکردن ناسراوە کە زۆرتر ئەو کەسانە لە ژن و پیاو دەگرێتەوە تووشی زینا بووبن.
  • سووتاندن یە خستنە ناو ئاگر جۆرێکی دیکە لە سزای مەرگە کە لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە کە نموونەی هەرە بەرچاویان حەزرەتی ئیبراهیم بوو کە خرایە ناو ئاگر و لە سورەی ئەنبیادا ئاماژەی پێدراوە.

کوشتن و لە سێدارەدان لە ڕیگای بەستنی دەست و پێ و بەردانەوە لە شوێنێکی بەرز، کوشتن بە شمشێر و سەربڕین وەک ئەوەی کە داعش لە ئێراق و سوریا بۆ سزادان کەڵکی لێ وەردەگرت هێندێک لەو جۆرانەی دیکەی سزای مەرگن کە لە فێقهی ئیسلامی و شیعەدا بە ڕوونی ئاماژەیان پێکراوە.

جیا لەو جۆرانەی سزادان کە لە فێقهی ئیسلامیدا ئاماژەیان پێدراوە ، شێوازی دیکەش لە یاسای سزادانی ئیسلامی دا بوونیان هەیە کە بەرچاوترینیان بریتی یە لە تیرباران کردن و زۆرتریش لە دادگا نیزامیەکاندا کەڵکی لێ وەردەگیردرێ.

کاربەدەستانی قەزایی ئێران پێیان وایە کە سزای لە سێدارەدان سزایەکی ڕێگرە بۆ پێشگرتن بە جورمی زۆرتر و هاوشێوە لەلایەن کەسانی دیکەی کۆمەڵگاوە، بۆچوونێک کە لای زۆر کەس لە مافناسان لە  دونیای ئەمڕۆدا  جێگەی پەسەند نیە و ئیرادی زۆری  لێگیراوە و زۆربەی مافناسان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ پێیان وایە کە مافی ژیان،یەکێک لە مافەکانە کە لەهەر لەسەرەتای لە دایک بوونەوە بە مرۆڤ دەدرێ و نابێ هیچ کەس بگرە زلهێز و دەوڵەتەکانیش ئەو مافە پێشێل بکەن.

ڕژیمی ئێران بۆ مەبەستی سیاسی ،بەهێزکردنی جێگەوپێگەی خۆی و ترساندنی خەڵک هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری سزای لە سێدارەدانی بە تووندترین و نامرۆڤانەترین شێوەی خۆی خستە بواری جێبەجێکردن  و بۆ ئەو مەبەستەش بە پلانێکی بەرنامە بۆداڕێژرا و درێژخایەن کە تا ئێستاکەش بەردەوامە هەوڵی داوە کە دژبەران یا ئەو کەسانەی کە لە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئەواندا کار ناکەن بە هەڵبەستنی تۆمەتی بێ جێ و ناڕەوا  و سەرەنجام درووستکردنی پەروەندەی سیاسی پەلکێشی گرتووخانەکانی خۆی بکا و دواتریش بە پێی یاسای ئیسلامی خۆیان کە لەسەروە ئاماژە بە چەند و چۆنیەتی درا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنن.

ئەو جۆرە لە ترساندن و بە وتەی خۆیان سزادان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکەی ئێران بە گوێرەی دابەشبوونی ئایین و نەتەوەکان فەرقی هەیە و کوردستان هەر لەسەرەتاوە یەکێک لەو ناوچانە بووە کە ڕژیمی ئێران ڕێوشوێنی توندی تێدا گرتۆتە بەر  و بە میلیتاریزە کردن و ناردنی هێزی زۆری نیزامی هەوڵی داوە کە خەڵکەکەی سەرکوت بکا ، کەم کەس هەیە کە ئەوە نەزانێ کە ڕژیمی ئێران دوای هاتنە سەرکاری خومەینی هەر زۆر زوو ماشێنی ئیعدامی لە کوردستان زۆر بێ بەزەییانە خستە گەڕ و  دەیان و سەدان کەسی لە خەڵکی کوردستان بەبیانوی جۆراوجۆر و لەژێر ناوی ئیعدامی شۆڕشگێڕانە بە شێوازی فرەچەشن و نامرۆڤانە کوشت ، شوازێک کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئێستاکەش بە تین و گوڕێکی زیاترەوە پەرەی پێدەدا.

خومەینی هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری خۆی لە ڕۆژی ١٩ی ئابی ساڵی ١٩٧٩ فەرمانی جیهادی بە دژی گەلی کورد و سەرکردەکانی ڕاگەیاند و هەموو کوردیکی بە کافر بە ئەژمار هێنا و دەستی لە کوشتنی چەکدار و هاوڵاتی ئاسایی نەدەبوارد،بۆ ئەو مەبەستەش بە ناردنی ڕوحانی یەکی شیعە مەزەب بەناوی سادق خەلخالی  بۆ کوردستان وەک حاکمی شەرعی دادگای شۆڕشی ئیسلامی دەستی دایە کوشتن و لە سێدارە دانی لاوانی کوردستان ، بەجۆرێک کە بەبێ دادگایی کردن لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا گیراوانی کوردا دەسپاند. نموونەی بەرچاوی دڕندەیی ڕژیم لە کوردستان لەو سەردەمەدا هێرشی ڕژیم بۆسەر گوندی قاڕنای شاری نەغەدە بوو کە ڕژیم لە ماوەیەکی چەند کاتژمێری دا زیاتر لە ٦٨ کەسی بێ تاوانی ئەو گوندەیان کوشت و گوندەکەیان بە تەواوی خاپوور کرد.

ڕژیم کە ڕشتنی خوێنی لاوانی کوردستانی بە ڕەوا دەزانی دوای فتوای خومەینی گۆڕبەگۆڕ ، گیراوانی کوردی گرتووخانەی تەورێزی بەبێ دادگایی کردن لە سێدارە دان  و دواتریش دەستی لە خوی دڕندەی خۆی هەڵنەگرت و لە شاری پاوە ١١ کەسی دیکەی کوردی لەسێدارە دان . ئەو کارە نامرۆڤانەی ڕژیم شارەکانی پاوە(٧ کەەس)، شاری مەریوان(٩کەس)،سنە (١١کەس) و سەقز ی بە ٢٠ کەسەوە گرتەوە .

دوابەدوای ئەو هیرشانەی ڕژیم بۆسەر کوردستان خەڵکی کوردستان دەستەوەستان نەمایەوە  وبەرگریەکی بێ وێنەی بۆ مانەوەی مەوجودیەتی خۆی دەست پێکرد و لە دەیان شوێنی کوردستان بە ڕیبەرایەتی چەند حیزبی شۆڕشگێر کە یەکێک لەوان حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو بە تۆمارکردنی دەیان داستان بە ڕژیمیان سەلماند کە ڕشتنی خوێنی لاوانی کوردستان تێچووی قوڕسی هەیە و کورد و ڕۆڵەکانی هەروا بە سانایی لەو غەدرەی ڕژیم خۆش نابن.

دواتر دوای هاتنی ڕژیم بۆ کوردستان و لە ماوەی شەڕی ٨ساڵەی ڕژیمی ئێران و عێراقدا ، ئێران هەوڵی دەدا کە بە بیانوی نائەمن بوونی کوردستان و بوونی هێزە کوردیەکانی دژ بەڕژیم ، ناوچە کوردستانیەکان میلیتاریزە بکا و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی دایە درووستکردنی دەیان و سەدان پایەگا و پاسگای نیزامی و مینڕێژکردنی موچە و مەزرای خەڵک و ئەوەش لێکەوتەی زۆر خەراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکی کوردستانی تووشی تەنگەشە و گوزەرانی ژیان کرد و زۆربەی خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەبوونی مڵک و ماڵی لەڕادەبەدەر بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیان ڕوویان دەکردە شارەکانی دیکەی ئێران و ملیان دەدایە بەر کاری قورس و تاقەتپڕوکێن.

ڕژیم میلیتاریزە و مینڕێژکردنی ناوچە کوردیەکانی دوای شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بە تین  وگوڕێکی دیکەوە دەست پێکرد و ئەوجارە دەستی بۆ زۆر شتی دیکە ئاوەڵەتر بووبۆ ئەوەی کوردستان لە شوناس و ناسنامەی خۆی دابماڵێ.

مین ڕیژکردنی کوردستان  قوربانی زۆری لێکەوتەوە ، چالاکانی کورد دەخرانە گرتوخانەکان و ڕژیم بە هێنانی کەسانی غەیرە کورد وەک مامۆستای قوتابخانە، دوکتۆر  و کارمەندی غەیرە کورد بە پلانی مەبەستدار قۆڵی لە پەرەپێدانی زمانی فارسی لە کوردستان هەڵماڵی و زمان و کولتوری  کوردی کردە ئامانج ، بەجۆرێک کە کەس بۆی نەبوو بە زمانی دایکی خۆی بێجگە لە فارسی دەرس بخوێنێ .

ڕژیم بە درووستکردنی ناوەندێک بەناوی مجتەمەعی فەرهەنگی لە شارە کوردنشینەکان تەواوی هەوڵی دا کە هەموو چالاکیە ئەدبی ، هونەری ،کلتوری و وەرزشیەکان بخاتە ژێرچاودێری خۆی ، بەجۆرێک کە تەنیا بە پێدانی مۆڵەتنامەی سازمانێک بەناوی سازمانی ئیرشادی ئیسلامی خەڵکی کوردستان دەیتوانی چالاکی ئەدبی، هونەری و کلتوری و بگرە وەرزشی بەڕێوە ببات ئەویش بەجۆرێک کە دەبوو لەڕاستای بەرەوپێشچوونی سیاسەتە چەوسێنەرەوەکانی ڕژیم لە کوردستان دا بوایە.

ڕژیم بۆ کپکردن و ڕێگریکردن لە بەرەوپێشچوونی زانست لە کوردستان خوێندکارانی کوردی لە بێژینگ دەدا و هەموو کەسێک نەیدەتوانی واردی زانکۆ باشەکان ببێ و بە پلەبەندیەک کە خۆی بە پێی بەرژوەندیەکانی خۆی دیاری کردبوو خوێندکارانی کوردی وەردەگرت .سەرەتا ئەو کەسانەی کە بەناو بنیادی شەهید ، جانباز یا نیزامی و بەسیج بانایە دەیاتوانی خۆیان بگەیەننە زانکۆکان و بۆ ئەو مەبەستەش ڕادەی زیرەکی و باشی نومرەکانی دیکەی خوێندکار زۆر لەبەر چاو نەدەگیراو  وشایستە سالاری کپ دەکرا و ئەوانەی بنەماڵەیان یا کەسێکیان بنیادی شەهید ، جانباز و نیزامی بایە بە سەمیەی سەروی ٨٠ لە سەد وەردەگیردرا و باقی خوێندکارەکانی دیکەش یا هەر وەرنەدەگیران یا ئەگەریش وەردەگیران لە زانکۆکانی دیکە وەک زانکۆی ئازاد بە خەرجی خودی خوێندکار و پەیامی نور کە ئاستی پەروەردە و فێرکاریان زۆر لاواز بوو  درێژەیان بە خوێندن دەدا.

ڕژیم لە ئاستی قوتابخانە سەرەتایی یەکانی کوردستانیشدا هەوڵی زۆری دەدا کە لە ڕێگای بەسیجی بەناو دانش ئاموزی سیاسەتەکانی خۆی هەر لەسەرەتاوە هاوتەریب لەگەڵ دەرسی خوێندکاران پەرە پێ بدا و بە ڕێکخستنی چالاکی مەزهەبی و ئاشناکردنی خوێندکاران بە پیرۆزیەکانی کۆماری ئیسلامی ، بە وەڕێخستنی ئۆردو بۆ ناوچە جەنگیەکانی دەورانی وەک خۆیان دەڵێن دیفاعی موقەددەس و پەروەردە و  پەرەپێدانی ڕوحی ئینقلابی ، منداڵانی کورد لە مێژوو ،کولتور، زمان و فەرهەنگی خۆیان دوور بخەنەوە  و ڕوحی بەسیج بوون و وەفاداری بە ڕژیم لای خوێندکاری کورد بۆ کۆمەڵگای کوردستان بەدیاری بێنن.

هەوڵی ڕژیم بۆ داڕوخانی ئابوری ناوچە کوردستانیەکان بە داگیرکردنی مڵک و ماڵی خەڵک بەبیانوی بوونی زیددی ئینقلاب و پێویستی بوونی پاسگا و پایەگا دەستی پیکرد ، کوێستانەکانی کوردستان پڕ مین کرابوون  و خەڵکی کوردستان کەرتی ئاژەڵداری بە مەجبوری و لەڕوی ناچاری وەلا نا و بازاڕەکانی کوردستانیش پڕ کرابوون لە بەروبوومی شارەکانی دیکەی ئێران ،ئەوەش هۆکار بوون بۆ ئەوەی کشتوکاڵ لە کوردستان بگاتە ئاستێکی نزم . تەنیا سەرچاوەی داهاتی خەڵکی کوردستان کاری قاچاغ لە مەرزەکانی نێوان ئێران و عێراق بوو کە ئەویش لە جێی خۆیدا بۆ خەڵکی کورد ماڵوێرانی و زەرەدی ئابوری زۆری بەدواوە بوو ،چوونکە ڕۆژ و شەو نەبوو هێزەکانی ڕژیم دەست بەسەر سەروەت و سامان و باری کەسێکی کورد دانەگرن و مایە پووچی نەکەن، شەو نەبوو پاسدارەکانی ڕژیم ژنێکی کورد بێوەژن نەکەن و منداڵێکی کورد بێ باوک نەکەن، سیاسەتێک کە ئێستاکەش دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە هاتنە سەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی زۆر دڕندانەتر پەیڕەو دەکرێ و ڕۆژ نیە لە مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەواڵی بریندار بوون و کوژرانی کاسبکارێکی کورد نەبیستین.

لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕژیم شێوازێکی دیکەی بۆ کوشتنی توانا و لێدانی وریایی لاوانی کوردستان، گرتن و ئیعدامکردن گرتۆتە بەر و بە هاوکاری مۆرە گرینگ و دیاریکراوەکانی خۆی لە جاش و خۆفرۆش بە ئاشکرا پەرەی بەدرووستکردنی ماددەی هۆشبەر لە کوردستان داوە کە بەو هەنگاوەشی چەندین مەبەستی خۆی لە کوردستان دەپێکێ.

مۆرە دەستنیشانکراوەکانی ڕژیم بە مەبەستی هەڵتەکاندن و لەناوبردنی کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و توێژی لاوان بە تایبەتی زۆر بێ بەزەییانە بەرەو پێش هەنگاویان ناوە  و بە درووستکردنی ماددەی هۆشبەری سنعەتی ، فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی لە قوتابخانە، ناوەندە کولتوری و وەرزشیەکان هەوڵی داوە کە کۆمەڵگایەکی نەخۆش و بێ ئاگا لە دەورەبەری خۆی بۆ داهاتووی کوردستان پەروردە بکا. کەسانێکی دەستڕۆیشتووی کورد و سەر بە ڕژیم لە چەندین گرووی گەورە و بە شێوەی کارتێل دەستیان داوەتە پەرەپێدان،درووستکردن و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو جۆرە کەسانە بۆ جێبەجێکردنی نیازە چەپەڵەکانی ڕژیم زۆر زەینیان خستۆتە سەر کەسانی دەستکورت و بێ دەرەتان و هەوڵ دەدەن لە جیاتی پێدانی بڕێک پارە ئەو کەسانە وەک بڵاوە پێکەر و فرۆشیاری ماددە هۆشبەرەکان بەکار بێنن و ئەر جۆرە کەسە بێ دەرەتانانەش زۆربەی جاران لەلایەن ڕژیمەوە بۆ شوێن ونکردنی مۆرە سەرەکیەکان دەستبەسەر دەکرێن و دوای دادگایی کردن حوکمی لە سێدارەدانیان لەسەر جێبەجێ دەکرێ.

ڕژیم لەو کارەدا بێجگە لە نەخۆش کردنی کۆمەڵگای کوردی، هەوڵ دەدا هەم کورد بەدژی کورد بەکار بێنێ هەمیش وا نیشان بدات کە کوردستان بۆتە ناوەندی درووستکردن و پەرەپێدانی ماددەی هۆشبەری سنعەتی و ئەوەش بەهانەی دەداتە دەستی ڕژیم بۆ زیادکردنی هێزی زیاتر لە کوردستان و دەستی ئاوەڵەتر دەبێ بۆ گرتن و کوشتنی لاوانی کوردستان.

هەموو ئەو هەنگاوانەی ڕژیمی ئێران  کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا ، هۆکارێک بوون بۆ داڕمانی ژێرخانی ئابوری کوردستان، زۆر بوونی کەسانی جاش و بەکرێگیراو و زۆر دیاردەی دیکەی کۆمەڵایەتی وەک خۆکوژی لاوان و کەسانی کەم تەمەن بەهۆی نەبوونی و نەداری و کێشە و گرفتی دەروونیەوە .

فشار و سەختی ژیان و گوزەران تەنگی بە خەڵک هەڵچنی و خەڵکیش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان بەناچاری پەنایان بردە کاری تاقەتپڕوکێنی کۆڵبەری . کۆڵبەرانی کورد پێکهاتوو لە هەموو جۆرە چین و توێژێکی کوردستان لە پیری ٨٠ ساڵەوە بگرە تا منداڵی ١٣ ساڵان، لە کەسانێک بە مەدرەکی دیپلۆمەوە بگرە تا کەسانی لیسانس لە گروپ و دەستەی کەم و زۆردا ڕێگای دەیان کیلۆمەتری نێوان مەرزەکان بە پێ دەبڕن و بە هەڵگرتنی باری ٦٠ تا ٨٠ کیلۆیی بە کۆڵ هەوڵ دەدەن کە شەرمەزاری ماڵ و منداڵیان نەبن و بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکەن.

کاری کۆڵبەری هەر چەندە وەک سەرچاوەی بژێوی ژیانی خەڵکی کەم داهاتی کوردستان تەماشای دەکرێ بەڵام لە ڕاستیدا کارێکی پڕ خەتەرە و گیانی کەسانی کۆڵبەر بە بەردەوامی لەژێر خەتەر دایە.زۆری خەتەری وەک هەبوونی مین لە سەر سنورەکان، خەراپی کەش و هەوا ،بەربوونەوە لە شوێنی چڕ و هەڵدێر، داڕمان و ڕنوی بەفر و لە سەروی هەمووشیانەوە کەمینی هێزەکانی ڕژیم  بوونە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس و کەمئەندام بوونی سەدانی دیکە. هێزەکانی ڕژیم بە دەستوری ئەربابانی جنایەتکار لە تاران زۆر بێ بەزەییانە خەڵکی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە و  غەڵتانی خوێنیان دەکەن. هەر وەک باس کرا ڕۆژ نیە هەواڵی کوژرانی کەسێکی کۆڵبەر و کاسبکار لە مێدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاو نەکرێتەوە و کەسێکی  وبنەماڵەیەکی کورد داغداری لەدەستدانی خۆشەویستێکی نەبێ.

ڕژیم هەر بەو جۆرانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان هەوڵی نەداوە کە کورد و کوردستان لەناو ببات بەڵکو جۆرەها شێواز و پلانی هەر لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ  بە پشتیوانی خوێنمژانی تاران و لە ڕێگای هێزی نیزامیەوە لە کوردستان  خستۆتە بواری جێبەجێ کردن.

یەکێکی دیکە لەو بەرنامانەی ڕژیم بۆ تێکدانی کوردستان ، لەناوبردن و وێرانکردنی سرووشتی جوان و دڵڕفێنی کوردستانە.ڕژیم هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری و داگیرکردنی کوردستان بە بیانوی نیزامیەوە بە درووستکردنی پاسگا ،پایەگا و ناوەندی نیزامی دەستی کرد بە داگیر کردنی مڵک،موچە و مەزرا ، ڕەز و باغی خەڵک  و دواتریش مینڕێژ کردنی ئەو مڵکانە. ڕژیم بۆ تێکدانی سرووشتی کوردستان هەر بەوە کارە نەوەستا و بە دابین نەکردنی سووتەمەنی بۆ ناوچە کوردیەکان خەڵکی ناچار کرد کە پەنا بۆ بڕینی دار و دەوەنی کوردستان ببەن و بەوجۆرەش دارستانە سەرسەوزەکانی کوردستان تا بواری نەمان و لەناوچوون ڕۆیشتن کە ئەوەش زۆر ئاکامی خەراپی بەدوای خۆیدا هێنا. بڕینی دار و دەوەنەکان بوو بەهۆی کەمبوونی تفاق و لەوەڕ بۆ ئاژەڵەکان و ئەوەش لە جێی خۆیدا کەرتی ئاژەڵداری بەرەو نەمان برد . نەمانی دار و دەوەن و گیاو گژی کوردستان کارتێکەری خەراپی لەسەر کەش و هەوای کوردستان داناو گەرمی هەوا و کەمی باران و بەفری لێکەوتەوە و کە ئەوانەش هەمووی هۆکار بوون بۆ داڕمانی ئابووری و لەنێوچوونی سەرچاوەکانی داهات و بژێوی ژیان لە کوردستان.

ڕژیم بۆ تێکدانی سرووشتی کوردستان زۆر ڕێگای دیکەی گرتە بەر و دەستی دایە بڕینی دارستانەکانی کوردستان و ترێلی دوای ترێلی بەرەو شارە سنعەتی و فارس نشینەکان باری کردن . ڕژیمی ئێران لە پرۆسەیەکی چەندین ساڵەدا دەستی دایە سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان کە ئەگەر چالاکوانانی ژینگە پارێزی کورد هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانیان نەدابایە ئێستاکە شتێک بەناوی دارستان لە کوردستان بوونی نەبوو.

ڕژیم لە هەنگاوێکی دیکەی خۆیدا ئاو  و سەرچاوە ئاوی یەکانی کوردستانیشی کردە ئامانج و بۆ ئەو مەبەستەش ئاوی زۆر چۆم و ڕووباری کوردستانی بە لێدانی سەد واتا بەربەستی ئاوی و دواتریش لەڕیگای کاناڵ و لوولەکێشیەوە بەرەو ئەو شارە فارس نشینانە  کە کەم ئاو بوون گل دایەوە . لە درێژەی تاڵانکردنی کردنی سرووشتی کوردستان دا لەلایەن ڕژیمەوە جۆرەها تاکتیک و شێواز بەکار هاتووە کە بێجگە لەوانەی سەرەوە کە ئاماژەم پێدان لە چەند ساڵی ڕابردوودا پلانێکی دیکەی ڕژیم تەنگی بە خەڵکی خاوەن مڵکی کوردستان هەڵچینەوە ، ئەویش داگیر کردنی ڕەز و لەوەڕگە کوێستانیەکانن لە ژێر ناوی “مراتع مللی”یە و بۆ ئەو مەبستەش ئیدارەی جەنگەڵبانی بە ناردنی تیم و کارناسی سەربەڕژیم ئەو مڵکانە بەناوی دەوڵەت لە قەڵەم دەدەن. زۆر نموونە لە کوردستان هەیە کە دوای ئەوەی کە خاوەن مڵک دەستی داوەتە نۆژەنکردنەوەی ڕەز و کوێستانەکانی خۆی لەلایەن جەنگەڵبانیەوە بەتۆمەتی دەستدرێژی بۆسەر سەروەت و سامانی میللی واتا “مراتع مللی” دراونەتە دادگا و دواتریش هەڕەشەی لە خاوەن مڵک کردووە کە ئەگەر وەکیلت نەبێ ئەوە ڕووبەڕووی چەندین ساڵ زیندانی کردن دەبێتەوە. ڕژیم بۆ کۆتایی هێنا بەو جۆرە پەروەندانە داوا لە کەسی خاوەن پەروەندە دەکات کە دەبێ سەرەتا چەندین میلیۆن تمەن بۆ بەدواداچوونی پەروەندەکە بخاتە حسابی ڕژیمەوە و ئەوەش وا دەکات کە خەڵکانی دەست کورت بە سوودی ڕژیم واز لە مڵکەکەیان بێن  و ڕژیم دەستی بەسەردا بگرێ.

ڕژیمی ئێران داگیرکاری لە کوردستان بەجۆرێکی دیکەش پەرە پێداوە ئەویش بە بەتاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویەکانی کوردستانە. لە سەرەتاوە ئەوە کوڕی هاسمی ڕەفسەنجانی بوو کە لە هەر شوێنێک ئاسەوارێکی مێژووی کوردی بدۆزرابایەوە بە هێلیکۆپتەری تایبەت خۆی دەگایەندە سەر و ڕەوانەی مۆزەخانە شەخسی و تایبەتیەکانی خۆی لە تاران دەکردن و کڕین و فرۆشتنی بە پارەیەکی زۆر پێ دەکردن.

من سەرەتای نووسینەکە بە باسێک لەسەر ئیعدام و بنەماکانی لەسێدارەدان لە ئێران دەستم پێکرد و  دواتر چۆنیەتی جێبەجێکردنی چەندین هەنگاو  وپلانی ڕژیمم لە سەرەتای هاتنەسەرکاری خۆی لە کوردستان باس کردن بۆ ئەوەی بگەین بەوەی کە ڕژیم هەموو ئەو هەنگاوانەی سەرەوەی لە کوردستان بۆ ئەوە خستوونە بواری جێبەجێ کردن تا بەهەر شێوەیەک بێ خەڵکی کورد بخاتە نێو بەرداشی لەناوچوون ، بەجۆرێک کە هەر کوردێک ئەو سیاسەتانەی ڕژیم لە کوردستان پەڕەو نەکا ئەوە پەروەندە سازی بۆ دەکەن و بە زۆر تۆمەتی وەک دژایەتی نزامی ئیسلام، دژایەتی خوا و لێدانی بەرژەوەندیەکانی ئێران دەخرێنە بەندیخانە و دواتر بە بێ پێدانی مافی ئەوەی کە وەکیلیان هەبێ لە دادگایەکی تەواو سیاسی و نا دادپەروەرانەدا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسپەێنن.

هەموو ئەو شێوازانەی سەرەوە کە ڕژیم لە کوردستان ڕەچاوی کردوون تەنیا بۆ ئەوە بووە کە بەهانەی لەدەستدا بێ بۆ داگیرکاری زۆرتر و کوشتنی زیاتری خەڵکی کوردستان هەر بۆیەش ڕژیم لەسەرەتاوە مافی کوردی بۆ خۆبەڕێوەبەری و دابینکردنی سیستێمێکی دێموکڕاتیک لە نێوخۆی ئێران ڕەد کردۆتەوە و وەڵامی هەموو دانووسان و موزاکرە کردنەکانی لەگەڵ کورد دوای ماوەیەک بە کوشتن، قڕکردن و کپکردنی دەنگی خەڵکی کوردستان داوەتەوە و بەندیخانەکانی ئێرانی بە بیانوی جۆراوجۆر پڕ کردوە لە کورد و بەتۆمەتی جۆراوجۆری ناڕەوا لە سێدارەیان دەدا،ئەوەش وایکردووە کە ئاماری کوشتن و لەسێدارە دان لە کوردستان بە بەروارد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران چەندین بەرابەر زیاتر بێ، ئەو ئامارانە لە کاتێکدا باسیان لێ دەکرێ کە زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دەدرێن و کوردن ناویان لە هیچ ناوەند ،ئامار یا بەدواداچوونەکانی ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دا تۆمار نەکراوە ، ئەگەرنا ئاماری لە سێدارەدان لە کوردستان زۆر زیاتر لەوەیە کە ڕۆژانە وەبەرچای ئێمە و کۆڕوکۆمەڵە بەشەردۆستەکانی دونیا دەکەوێ.

ئاماری لە سێدارە دان لە کوردستان هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژیم هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆیە بینیوە و ڕژیم هەمیشە هەوڵی داوە کە ئاماری درووستی لە سێدارەدان یا بشارێتەوە یا بەجۆرێک بەلارێیدا ببا بەڵام بەخۆشحاڵیەوە لە کات و ساتی  ئێستادا ئەو ئامارانە بە هۆی لێکۆڵینەوەی وردی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و بەربڵاوی  وهەبوونی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە  زۆر بە وردی دەخرێنە بەرچاوی خەڵک و مانگانە و ساڵانە ئەو ئامارە نوێ دەکرێنەوە  و ڕژیم چیدیکە ناتوانی چاوپۆشیان لێ بکا و ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە ئێران لەنێوخۆ و لە دەرەوە ڕووبەڕووی تەنگەشە و ڕەخنەی تووندی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و زلهێزەکانی دونیا ببێتەوە ، بەجۆرێک کە ئەمڕۆ ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک لە دونیا دوور کەوتۆتە و لە نێوخۆیدا تووشی قەیرانی سیاسی ،کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆتەوە.

باسکردن لە هەموو ئامارەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان و لەسێدارەدانی خەڵک لەلایەن ڕژیمەوە زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێ کە ئێمە لە چەند خەت و لاپەڕەیەکدا باسیان لێ بکەین، ئەوەی کە جێگای باسە ئەوەیە کە سیاسەتی کوشتن و قڕکردنی ڕژیم لە کوردستان مانگ بۆ مانگ و ساڵ بەساڵ زیادی کردووە و زۆر چالاکی سیاسی،مەدەنی، ژینگەپارێز و چالاکانی بواری ژنانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە داون.

دیارە دەبێ ئەوەش باس بکرێ کە سەرەڕای هەموو ئەو کوشت و کوشتار  و لەسێدارە دان و تۆقاندنە لە کوردستان ، ڕژیم نەیتوانیوە دەنگی ئازادیخوازی و مافخوازی خەڵکی کورد کپ بکا و لاوانی کورد ئێستاکە زیاتر لەهەموو کاتێک بۆ وەرگرتن و چەسپاندنی مافەکانی کورد بەشێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن هەر ئەوەش وایکردووە کە ڕژیم هەوڵەکانی بۆ گرتن و لە سێدارەدانیان چڕتر بکاتەوە.

لە کۆتایی دا و بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەران من تەنیا ئاماری پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کوشتن و لەسێدارەدان لە کوردستان لە چەند مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا دەخەمە بەرچاو کە بە سپاسەوە لە ماڵپەڕی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە وردی بەدواداچوونیان بۆ کراوە و خراونە بەرچاوی خوێنەران.

بەڵگە و دکۆمێنت بە زمانی کوردی

http://chawnews.com/?p=3638

بەڵگە و دکۆمێنت بە زمانی ئینگلیزی

http://chawnews.com/wp-content/plugins/pdfjs-viewer-shortcode/pdfjs/web/viewer.php?file=http%3A%2F%2Fchawnews.com%2Fwp-content%2Fuploads%2F2020%2F04%2F%D9%88%DB%95%D8%B1%D8%B2%DB%8C-%DB%8C%DB%95%DA%A9%DB%95%D9%85.pdf&download=true&print=true&openfile=false