وتووێژلەگەڵ بەرێز “شلێر حەسەنپوور” کادری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

“ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات” بە بۆنەی ۸ مارس، رۆژی جهانی ژن، لە زنجیرە وتووێژێکدا روانگەی چەند کەس و لایەنێکی سیاسی لەسەر خەبات و بزوتنەوەی

ژنی کورد لە ئێران و کوردستان دەخاتە بەردید.
وتووێژی شەشەم؛ بەرێز “شلێر حەسەنپوور” کادری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد
پرسیار؛ بەرلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ئێران، ئایا بزوتنەوەی ژنان لەبەردەم قۆناغێکی نوێ دایە؟
وەڵام: سەرەتا سوپاس بۆ ئەوەی منتان بەسەر کردۆتەوە و چەند پرسیارێکتان لە ئاست بزووتنەوەی کورد و بە تایبەت ژنان بەرەوڕوو کردوومەوە.
كاتێک باس لە بزووتنەوەی ژنان دەکەین ناکرێ بەسەر بزووتنەوەی نەتەوەی کورد دا بازدەین‌و کاریگەری ‌و رۆڵی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەبەر چاونەگرین، چونکوو ئەو بزووتنەوەی ژنان کە ئێستا هەیە ھەڵقوڵاوی نێو بزووتنەوەی هێزە کوردی‌یەکانە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، کە دوایی ھاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی داگیرکاری و زۆرداری کۆماری ئیسلامی تێکۆشانیان دەست پێکردوە.
باردۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستیارە‌و پرسیارەکەشتان گەڵێک هەستیارترە.
بزووتنەوەی کورد بە گشتی چەندین قۆناغی جۆراوجۆری بڕیون و لە هەموو ئەو قۆناغانە دا ژنان ئەگەر ڕۆڵی پێشەنگیان نەبووبێ، هاوکات شان بە شانی پیاوان لەو بزووتنەوەیە دا بەشدار بوون.
لەڕاستی دا بەشێک لە ژنان زیاتر لە گۆرەپانی خەبات و تێکۆشان دا بوون و هەن و پارالەیل و ھاوتەریب بۆ ھەردوو پرس چ پرسی نەتەوەیی و چ پرسی یەکسانی ژنان کار دەکەن.
ئەو بەشە لە ژنان کە ھەر لە سەرەتا ھەستیان بە چەوسانەوە و ئازارەکانی خۆیان و گەلەکەیان کردوە، بەردەوام لە تێکۆشان دابوون ئەوان جیا لە باسی یەکسانی لە کار و ژیان و کۆمەڵگە دا هاوکات باس لە دەسەڵات و لە بەرپرسایەتی لە پۆستە گرینگەکان لە نیو هێزە کوردیەکان دا دەکەن، کە بەبڕوای من ئەو بەشە خاڵێکی گرینگە و دەبێ ژنان زیاتر کاری بۆ بکەن.
ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان لە وەڵام دا دەبێ‌ بڵێم بیگومان بەڵی، چونکە لە دۆخی ئیران کە رێژیمێکی سەرکوتکەرە، چەوسانەوە لەسەر ژنان دوو بەرابەرە واتە ئەگەر پیاوان جارێک ڕووبەڕووی کێشە بوونەوە ژنان دووبەرابەر ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە بۆیە لەوەتەی هاتنی کۆماری ئیسلامی، شتێک لە دۆخی تازە بە قازانجی ژنان نەگۆڕاوەو هەر لە سەرەتای ڕۆژانی یەکەمی ڕەگ‌و داکوتی ئەو رێژیمە ژنان ڕووبەڕووی زەبرو زۆری بوونەوە، بەتایبەتی ئەو ستەمە چەندە لە ناوچە غەیرە کوردیەکان بەدژی ژنان بەردەوام بووبێ لە ناوچە کوردیەکان دووبەرابەر بۆتەوە.
لە ئێران بەگشتی ژنان پێشەنگی خۆپێشاندان و نارزایەتیە ‌گشتی‌یەکانن و بوێرانە هاتوونە مەیدان.
نموونەی ‌بەرچاو کچانی شەقامی ئینقلاب ” دختران خیابان انقلاب” ئەوان سوور دەیانزانی کە دەستبە سەر دەکرێن و حوکمی زیندان و تەنانەت حوکمی شەلاقیان بۆ دەبڕێتەوە بەڵام بە دژی سەرپۆشی زۆرەملێ لە شەقامەکان سەرپۆشەکانیان لە سەریان لادەبرد.
دیارە هەروەک لەسەرەوە گوتم ئەو بزووتنەوە دواتر بە بزووتنەوەی کچانی شەقامی ئینقلاب ناودێرکرا و لەو پێوەندیەدا کچان و ژنانێکی زۆر دەستبەسەر کران.
هەر چەندە ژنانی کوردیش لە ئاست ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکان دا بێدەنگ نەبوون بەڵام بەڕای من ناڕەزایەتیەکان لە نێوخۆ لە ڕۆژھەڵات زۆر گشتگیر نەبووە و ئەو بزووتنەوە لاوازترە.
بۆیە پێویستە ژنانی ڕۆهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای جۆراوجۆر وەک خەباتی مەدەنی و ئیداری، لە تێکۆشانی ڕۆژانە، لە وەرزش و کاری هونەری دا و بە گشتی لە هەموو بوارەکاندا کار بەکەن و لە مەیدان دابن.
جیا لەوە ژنان دەبێ دژ بەو ڕێژیمە سەرکووتکەرە مەزهەبیە بوستنەوەو هاوکات ڕووبەڕووی ئەو سوونەتە کۆنەپەرەستانە و دژە ژنە کە لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دا هەیە و زاڵە بەسەر کۆمەڵگە دا و لە راستیدا ڕیشەکەی بۆ دەسەڵاتی پیاو دەگەڕێتەوە کە تەنانەت هێندێک جار (ژنان خۆیان تەبەنی و ساپۆرتی ئەو لێدوانە سوونەتیانەن) ببنەوە و ڕیگاخۆشکەر بن بۆ داهاتوویەکی گەشتر بە قازانجی ژنان.
پرسیار؛ بزوتنەوەی ژنان لە ئێستادا چۆن چالاکی دەکات و خاڵە بەهیزەکانی چین؟
وەڵام: بزووتنەوەی ژنان تەنیا لە یەک ڕەهەند دا خۆی نابینێتەوە، ڕەهەندەکانی خەباتی ژنان لەگەڵ خەباتی گشتی نەتەوەیی لێک گرێدراون، خەباتی یەکسانیخوازی و مافە تایبەتی‌یەکانی ژنان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی یەک لە ئەرکە گرینگەکانی بزووتنەوەی ژنانە.
لە خەباتی ڕزگاریخوازی دا بە هەزاران ژن و کچی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە تێکۆشانی سیاسی و لە خەباتی پێشمەرگانە دان و نموونە و پێشەنگی ئەو خەباتە جیا لە سەدان شەهیدی ژن کە لە سەنگەری بەرگری و خەباتی نەتەوەیی دا گیانیان بخت کردوە، شەهید بوونی دوو سکرتێری یەک بە دوای یەکی یەکیەتیی ژنانی دێموكراتی کوردستان خاتوو نەسرین حەدداد و خاتوو سوهەیلا قادری کە لە مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ڕۆژە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بەدەستی ڕێژیمی ئێران شەهید بوون نموونەی بەرچاوی ئەو بزووتنەوەن.
لە دوای شەهید بوونی ئەو دوو تێکۆشەرە، ژنان لە کوردستان بە بەرز کردنەوەی وێنەی ئەو شەهیدانە هاودەنگی‌و هاوخەباتی خۆیان لەگەڵ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد دووپات کردەوەو بوێرانە خۆیان بۆ خەباتێکی نوێتر ئامادە کردۆتەوە.
خاڵە بە ‌هێزەکانی ئەو بزووتنەوەیە، یەکریزی و یەکدەنگی ژنان و هەروەها لە مەیدان دا بوونیانە.
ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وەڕێخستنی سێمینار و پێکهێنانی بەرنامەی راستەوخۆ لە سوشیال‌مێدیا هەروەها پرۆگرامی تایبەت لە کاناڵە کوردیەکان سەبارەت بە پرسە کۆمەلایەتیەکان ئیش لەسەر گۆڕانکاری زێهنییەتی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن کە بەخاڵی بەهێزی ئەو بزووتنەوە بەئەژمار دێن.
پرسیار؛ ئەکتەربوونی ئەو بزوتنەوە لە ئیستادا لە ئێران و کوردستان لەسەرشانی چ لایەن و کەسانێکە؟
وەڵام: لە ئێران و کوردستان دا ڕێکخراوی جۆراوجۆر هەن و بە گشتی هەر ڕێکخراوەیەش جێگای تایبەت بە خۆی لە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەیە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنانی کورد بەشێکی بەرچاویان لە هیچ ڕێکخراوەیەک دا سازمان نەدراون، ئەوان بەدوای ویست و داخوازی‌یەکانی سەرەتایی خۆیاندا دەگەرێن و لە دەرفەتکانیش کەڵک وەردەگرن، ئەوەندەی پەیوەندی بە ژنی کوردەوە هەیە بەشێکیان لە گەڵ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوەیە هەن‌و لە ڕۆژە تایبەتی‌یەکانی کوردستان بەپیر بانگەوازەکانی یەکیەتیی ژنانی کوردستانەوە دەچن و کارو چالاکی‌یەکانیان لەگەڵ داواکاری خۆیان و ئەو ڕێکخراوەیە لێک‌گرێدەدەن.
بە گشتی ژنان چ لە بواری سیاسی دا و چ لە بواری کۆمەڵایەتی دا وەک زۆربەی چین و توێژەکانی دیکە بە سەر حیزب و لایەنەکان دا دابەش بوون و کەمیش نین ئەوانەی کە سەربەخۆیانە و بەبێ ئەوەی سەر بە هیچ حیزب و لایەنێک بن کار بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و پرسی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگە دا دەکەن.
ژنان لە دوایین هەڵوێستیان دا وێڕای پیاوان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێراندا نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە گشتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد و نیشانیان دا کە توێژی ژن و پیاو ئەمرۆ لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا بە دوای ویست و داخوازی‌یەکانی خۆیان و گەلەکەیان دا عەوداڵن و هەنگاویان، هەنگاوی ئازادی و یەکسانیخوازی‌یە.
جیا لە حیزب و رێکخراوە کوردیەکان کە بەداخەوە بەهۆی ئەوەی رێژیمی دژی گەلی ئێران مافی تێکۆشان و چالاکی لەنیوخۆ پێنەداون و لەدەرەوەی ئێرانن، کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەتوانێ بزووتنەوەیەکی بەهێز پێک بێنێ وەرچەرخان بکا بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتی ژنان، چونکوو لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا پرسی شارومەندی دێتەپێش و لە دیسکۆرس و لێدوانی مافی شارومەندی دا مەسەلەی ژن خۆدبەخۆد مەترەحە و دەکرێ مافەکانی ژنان لە نێو ئەو رێکخراوە مەدەنیانە دا بەرجەستە بکەنەوە.
ژنان بەخستنە پێشی پرۆژەی خۆیان لە ڕێگای بوارەکانی کۆمەڵگەی مەدەدنی لە نیوخۆی ڕۆژهەڵات دەتوانن بەهێز بن و خواستەکانی خۆیان لە رێگای چالاکی لە رێکخراوە مەدەنیەکان دا بەروپێش بەرن و ببنە ئەکتەرێکی سەرەکی بزووتنەوەی نیشتمانی و یەکسانی.
پرسیار؛ گرنگترین خواستێک کە بزوتنەوەی ژنان دەبێ هەبێت و کاری بۆ بکات چییە؟
وڵام؛ لە سەردەمی ئێستا دا ویست و داخوازی ژنان هەمان ویست و داخوازی گەلی کوردە کە پرسی نەتەوەی‌یە، لەو نێوەش دا بەبۆچوونی من گرینگترین ویستەکان کە دەبێ بۆ داهاتوو کاری بۆ بکرێ جیایی دین لە دەوڵەت، یەکسانی لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگە دا، کاری وەک یەک، مووچەی وەک یەک، مافی وەک یەک.
ئەگەر جاران ژنان تەنیا باسیان لە مەسەلەی ژن بە ژنە و گەورە بەچووک و خوێن بەها دەکرد ئەوە پرسی دوێنیی ژنان بووە و ئەوەش گرینگی تایبەت بە خۆی هەبووە، بەڵام بۆ ئەمرۆ دەبێ ژنان لە هەموو پرسەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی دا شان بە شانی پیاوان لە مەیدان دا بن.
لە سەریەک پرسی ژنی کورد ئازادی بێ‌قەید و شەرتە، واتە هەموو ئەو ئازادیانەی بۆ پیاو لە کۆمەڵگە دا هەیە پێویستە بۆ ژنانیش بێ‌جیاوازی ڕەگەزی هەبێ و ژنانیش نەک نیوەی کۆمەڵگە بەڵکوو بەشێکی گرینگی ئەو کۆمەڵگەیەن و تا ژن لە بەند و باوی دین و پیاوسالاری و سوونەتی ڕزگاری نەبێ کۆمەڵگەش ڕزگاری و ئازادی بەخۆیەوە نابینی.
لە کۆتایی دا سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە و بەهیوام ژنان هەر وەک چۆن لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی دا بەشدار بوون، هەر ئاواش لە بەرێوەبەری و لە حکوومەتداری‌و دەسەڵات لە داهاتووی ڕۆژهەلاتی کوردستان دا بەشداربێ.
شلێر حەسەن‌پوور
٠٧-٠٣-٢٠٢٠
#هشت_مارس
#ژنانی_کورد_و_خەبات
#بێدەنگی_بشکێنین