راپۆرتی بەرێوەچوونی یەکەم کۆنفرانسی گشتی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات

سەعات ١١ی سەر لە بەیانی یەکی فوریەی ٢٠٢٠ یەکەم کۆنفرانسی گشتیی” ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێمۆکرات” لە ئۆسڵۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ بەرێوەچوو.

سەرەتای کاری کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد.
کۆنفرانسی گشتی ناوەند لە لایان بەرێز مام ئەحمەدی خاڵ حەمەد وەک یەکێک لە پێشمەرگەی دێرینەکانی بەشدار لە کۆنفرانس بە فەرمی کرایەوە.
لە بڕگەی دواتردا، بەرێز محیەدین شەریفزادە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کاتی ناوەند لێدوانێکی سەبارەت بە ئەرک و رەساڵەتەکانی رێکخستنی ناوەند پێشکەش کرد.کاک محیەدین لە بەشێک لە وتەکانی بەڵێنداری ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دیموکراتی بە حیزب دووپات کردەوە و سپاسی لە هەڵوێستی هەردووک بەشی حیزب کرد کە ئاستەنگیان لەبەر دەم کۆنفرانس دانەنا.
پاشان کاک سەلاح حاجی رەشیدی لە دامەزرێنەرانی ناوەند سەبارەت بە بیرۆکەو زەرورەتی دامەزرانی مەڵبەند چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداران کرد لە بەشێک لە وتەکانییدا باسی لە گرینگی ناوەندێکی بەڵێندار بە کۆمەڵێک چەمک وەک پێشمەرگە و شەهید و پرسە نیشتمانیەکان کرد ،بەڕێز ڕەشيدی بە فاکت ھێنانەوە لە وتەکانی شەھید قاسملوو کە باسی ئەخلاق لە سياسەتدا دەکات وتی: ئێمە بەو بیرۆکە ،هاوخەباتی پێشمەرگە دیرینەکانمان لە هەردووبەشی حیزب پێکەوەلکاند ومەڵبەندمان لەسەر ئەو بنەمایانە رسکاند.
یەکێکی دیکە لە دامەزرێنەران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کاتی ناوەند کاک لوقمان باختە راپۆرتێکی لە سەر نوێژەنکردنەوەی گڵکۆی شەهیدانی دێموکرات پێشکەش کرد.
دوایین بەشی راپۆرتی ناوەند وەرووخستنی کارو چالاکیەکانی بەشی راگەیاندنی ناوەند بوو کە لە لایەن کاک شۆڕش ئەسەدزادە ئاراستە کرا.
بەشی گرینگی کۆنفرانسەکە باس و راوێژی بەشدارانی کۆنفرانس بوو کە هەموو رەهەندەکانی تێکۆشانی رابردووی مەڵبەندیان بە تێبینی وپرسیارەکانیان دەوڵەمەند کرد،ئەندامانی کۆنفرانس لە سەر لۆگۆ،ناو،ئاییننامە و کۆمەڵێک بابەتی گرینگ ڕاوێژیان کرد و لە نێوان چەند ناوی پێشنیارکراو ،ناوی “مەڵبەندی پێشمەرگە دێرینەکانیانی دێمۆکرات”یان بۆ ناوی “ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێمۆکرات” گۆڕی و چەند گەڵاڵەیان بۆ رێککردنی ئایینامەی داهاتوو پێشکەش و پەسند کرد.
کۆتایی بەشی کۆنفرانسەکە هەڵبژاردنی بەشی بەڕێوەبەری ناوەند بوو کە بە دەنگی دیموکراتیکی بەشداران7 کەس بۆ ئەندامانی بەرێوەبەری ناوەند هەڵبژێردران و سەلاحیەتیان پێدرا تا 5 کەسی دیکە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەرێوەبەری دیاری بکەن.
ناوئاخنی بڕگەکانی کۆنفرانس بە شعر و سروود ڕازابۆوە.
لە یەکەم دانیشتنی ئەندامانی بەڕێوەبەری نوێی هەڵبژێردراوی کۆنفرانسی گشتی هاوڕێ لوقمان باختە و ڕەزا ئەمینی وەک بەرپرسی گشتی و جێگری بەرپرسی گشتی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکان ئەرکدار کران.
کاتژمێر ٦ ی ئێوارە لە نێو شادی و رازمەندی گشتی کۆنفرانس کۆتایی بە کارەکانی ھێنا.
تێبینی: کۆمەڵێک نامە،ڕاسپاردە و پەیامی جوان لە لایەن پێشمەرگە دێرینەکان بە ناوەند گەيشتبوون کە لەبەر کەمی کات لە کۆنفرانس بۆمان نەخوێندرانەوە.
بژی حیزبی دێموکرات
بە هیوای وەدیهاتنی ئامانجە رەواکانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
١ی فوریەی ٢٠٢٠
ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات