لە بەفرانباری ٩٦ بۆ بەفرانباری ١٣٩٨. کەماڵ کەریمی

تەنیا دوو ساڵی دیکە لە سەر تەمەنی پڕ کارەساتی کۆماری ئیسلامی زیاد بوو. پاش ئەوەی لە بەفرانباری ١٣٩٦ خەڵکی ناڕازی شارە گەورەکانی ئێران سەرەتا لە دژی گرانی و بێکاری ڕژانە سەر شەقامەکان و دواتر دروشەکانیان بوو بە مردن بۆ دیکتاتۆر و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی. ئەوان ئەو دەم تەنیا سێ ڕۆژ لە سەر شەقام بوون و بە دوای هێرشی سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی بەرەبەرە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانیان هات. هەر چەند ئەو دەم بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی هەوڵیان دا ئەمە وەک کێشەی خەڵک لە گەڵ دەوڵەت و بێ بەرنامەییەکانی ڕووحانی بخەنە بەر چاو، بەڵام دروشمی خۆپیشاندەران و وتنەوەی نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی سنووری نمایشیی نێوان باڵەکانی ڕێژیمی تێک دا.

ڕێژیم بە سەرکوتی دوو ساڵ لەمەوبەری ئەو خۆپیشاندانانە جارێکیتر ویستی دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆی بداتەوە بەڕووی خەڵکیدا بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئەو خەڵکە لە دەربڕینی داخوازییە ڕەواکانیان بترسێنێ و بۆ هەمیشە بێدەنگیان بکا. تەنیا دوو مانگ لەمەوبەر و لە مانگی خەزەڵوەردا بوو کە خۆپیشاندانی بە ملیۆنان خەڵک لە زیاتر لە ١٠٠ شار و شارۆچکەی گەورەی ئێران دیسان دەنگی بەرز و دلێری ناڕەزایەتی لەم دەسەڵاتەی گەیاندە گوێی دنیا. سەرکوتی ئەمجارە بێ بەزەییانەتر بەڵام خۆڕاگری خەڵک لە بەرامبەر هێزە سەرکوتکەرەکاندا قایمتر و بەهێزتر بوو. کوشتنی ڕاستەوخۆی سەدان کەس لە شەقامەکاندا و گرتنی هەزاران کەس کە زۆر لەوانیش لە زیندانەکان و یا لە ڕێگەی گواستنەوەیاندا بۆ زیندان کوژران و ئاماری کوژراوەکانی گەیاندە سەرووی ١٥٠٠ کەس، پاشەکشەی بە خەڵک کرد و بێدەنگییەک بەسەر وڵاتدا کشا. بەڵام هەموو لایەک دەیانزانی ئەمە کۆتایی کار نیە و خەڵک واز لە مافە زەوتکراوەکانیان ناهێنن.

ئیستا ڕاست دوو ساڵ بە سەر هاتنە سەر شەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەر و سەرکردە جۆراوجۆرەکانی لە بەفرانباری ١٣٩٦ تێدەپەڕی. دیسان بەفرانبار و دیسان هاتنە سەر شەقام و دیسان دەنگی بەرز و دلێر و هاواری پڕ بە قوڕگی خۆپیشاندەرانی ناڕازی و مەرگ بۆ خامنەیی. ئەگەر تەنیا چاو لە بوونی خۆپیشاندانەکان بکەین شتێکی سەیر ڕووی نەداوە. لە هەموو ئەو ساڵانەدا بەردەوام توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگە بە هۆکاری جیاجیا و بە مەبەستی تایبەتی خۆیان، مانیان گرتووە یا خۆپیشاندانیان وەڕێ خستووە. بەڵام ئەوەی لەو بەفرانبار هەتا بەفرانباری ئەمساڵ گۆڕاوە جێی سەرنجە. لە بەفرانباری پێشوودا ئەگەر لە هێندێک شوێن دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر بیسترا، دروشمی مەرگ بۆ ڕووحانی و هێرش بۆ سەر دەوڵەت و سیاسەتەکانی قسەی زیاتری ئەو خەڵکە بوو. ئایا خوێندنەوەی ئەو خەڵکە لە بەرەو خراپ چوونی وەزعی ئێران ئەوە بوو کە دەوڵەت بە جیا لێی بەرپرسە یا بەرەو ئەو ئاقارە هیدایەت دەکرا، ئەو دەم جێی پرسیار بوو. بەڵام ئیستا تەنیا دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بە سەر خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦دا دەبینین گۆڕانێکی زۆر بە سەر قسە و دروشم و داواکارییەکانی خەڵکدا هاتووە. دروشمەکانی بەفرانباری ئەمساڵ بوونەتە تیرێک و ڕاست دڵی نیزامی کۆماری ئیسلامییان کردوەتە نیشانە. ئەگەر لەم دروشمانە ورد ببینەوە ‘”سلێمانی قاتڵە و خامنەیی جاهیلە” یا “مەرگ بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیە” ، “مەرگ بۆ ستەمگەر جا چ شا بێ چ ڕێبەر” ، ” کۆماری ئیسلامیمان ناوێ” و ” کوژراومان نەدا تا سازش بکەین ڕێبەری قاتڵ ستایش بکەین” و زۆر دروشمی دیکە لە دژی خامنەیی و سپای پاسداران و تێکڕای نیزام دەریدەخا کە ئەو خەڵکە دوای تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگاکان و وڵام نەدانەوە بە هیچ یەک لە داخوازییەکانیان کە ئەمەیان دەبێ لە ماهییەتی ڕێژیمدا ببینینەوە، ئیستا مان و داهاتووی خۆی و وڵاتەکەیان لە گرەوی نەمانی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەر و دەستوپێوەندە حکوومەتی و دەوڵەتییەکەیدا دەبینن. ئیستا زیاتر دەردەکەوێ لە نێوخۆی ئێران خەڵکی ناڕازیی لە بوون و مانەوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژبەڕۆژ پەرە بە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان و خۆڕێکخستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکجاری بەرامبەر بەو ڕێژیمە دەدەن. ئەوان کە زیاتر لە هەموو لایەنێکی دیکە هەست بە مەترسییەکانی درێژەکێشانی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە دەکەن، پشتبەستوو بە ئیرادە و تواناکانی خۆیان ڕێگەی کۆتایی هێنان بە تەمەنی دەسەڵاتداری ئەم ڕێژیمە دەپێون و هیچ هەلێک بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیان لە دەست نادەن.