ژیان لە ئامێزی دایکەوە هەتا مردن لە باوەشی بەفردا. کەریم فەرخەپوور

کە سەیری سەربردە و مێژووی کورد دەکەی، زۆرن ئەوانەی کە دوو و سێ و چوار برا و، خوشک و برا و زۆر زیاتریش لەوان لە یەک بنەماڵەدا، لە گەڕەک و گوند و شارێکدا،

لەسەر بستە خاکێ، لەپێناو شنەبایەکی ئازادی و، لەسەر ماف یان لەسەر لەتە نانێ کۆچ دەکەن، کۆچیان پێدەکەن، دەیانکوژن یا بە کوشتیان دەدەن.
مەرگی فەرهاد و ئازاد خوسرەوی، دوو برای خەڵکی «نێ»ـی مەریواندا لە ڕۆژێکدا و لە باوەشی بەفری ملەی تەتەی هەوراماندا یەکێک لەو چیرۆکە دڵهەژێنانەیە کە خەڵکی بێگانە و کوردستان نەدیو، زۆرتر بە فیلم دەیبینن، بەڵام لە نیشتمانی ئێمەدا ئەم فیلمانە ژیانێکی واقعی و واقعیەتێکی تاڵە کە ڕۆژانە بە بەرچاوی دایک و باوکەوە مناڵەکان بێ‌ماڵاوایی لە سەفەری ئازادیدا یا لە سەفەری ناندا کۆچ دەکەن و ئیتر هەرگیز نایانبینینەوە.
کۆڵبەری یا ڕزگاری لە چنگ دێوەزمەی مەرگ بە پەیدا کردنی لەتە نانێ، بۆتە دیاردەیەک لە کوردستانی بندەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و ڕۆژانە بە بەرچاوی هەموو خەڵکی ئێران، لە پەنا گوێی هەموو خەڵکی جیهان و لەبەردەم چاوی بەمۆڵەق وەستاوی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لەسەر نان ڕۆحیان لێ دەستێنن، بە مانایەکی تر کورد لەسەر خاک و ماف و نان و ئازادی هەر دەبێ خوێن بدا و خوێنی بڕژێ.
کوشتنی کوردان هەر لە بەرگی کۆڵبەریدا نییە، سەدان ساڵە کورد ئەوە چارەنووسیەتی و حاکمە یەک لە دوای یەکەکان، فەرمانی یەک لە دوای یەک دەردەکەن و یەک لە دوای یەک کوردان دەکوژن، لە سێدارەیان دەدەن، ڕاویان دەنێن، دەربەدەریان دەکەن ، خاکیان داگیر و ماڵیان وێران دەکەن و سەرەنجام دوای ئەو هەموو مردنە، لەسەر پارووە نانێکیش هەر دەیانکوژن، کۆتایی فیلمەکە واتە کورد بوون بەرابەرە لەگەڵ مەرگ و سەدان ساڵە ئەو بەرگە بە بەری کورد بڕاوە. لەم وڵاتە کورد لەپێناو هەموو شتێکدا هەر دەبێ بمرێ، لێرە ماندووبوون و زەحمەت و کێبڕکێ بەرابەر نییە لەگەڵ سەرکەوتن و بردنەوە، بەڵکوو هەموو هەوڵ و زەحمەتێک دیسان بەرابەرە لەگەڵ مردن و ئاکام و کۆتایی ڕێگەکە هەر مردنە، جا چ لەپێناو ناندا بێ چ لەپێناو ئازادیدا.
ئەگەر سەیری مێژووی ئەو چل ساڵەی کورد لەژێر دەستی ڕێژیمی ئاخوندەکاندا بکەین، دەبینین کە لەسەر دەریای نەوت مناڵ و پیری کورد لە سەرما ڕەق دەبنەوە و لەژێر تەزووی ساردی بەفر و ڕنوودا گیان دەسپێرن. لەسەر خەرمانی زێڕ و زیو و گەنج، گەنجی کورد پاروویێ نان لە قوڕگی شێر دەردێنێ. لە حکوومەتی «عەدڵی عەلی»دا! عەداڵەت و ویژدان و یاسا واتە برسیەتی و کۆڵبەری و مەرگ. هاواری نان و ئازادی بەرابەرە لەگەڵ خنکاندن و دوای چل ساڵ ئەزموونی ئەم دەسەڵاتە ڕێگە نادرێ خەڵک لە چلەی ئازیزانیاندا بگرین و فرمێسک بڕێژن، ئەوان بەپێی یاسا ئایینییەکەی خۆیان پێکەنینیان قەدەغە کردوە بەڵام ئیزنی گریانیش بە خەڵک نادەن. نان نادەنە خەڵکی برسی و هەر خۆیشیان برسییەکان لەسەر لەتە نانێ دەکوژن.
تراژیدی مەگەر چۆنە کە لاوێکی ١٤ ساڵەی کورد بە جێگەی ئەوەی لە خوێندنگە خەریکی خوێندن بێ و لەجیاتی ئەوەی لە کووچە و کۆڵانەکانی گوند خەریکی یاری بێ، بەناچاری کۆڵ لە کۆڵ بە کۆڵێ ئاوات و ئارەزووەوە دڵی لە لێدان دەکەوێ. تۆ بڵێی کە جەرگی ئەو دایکە چۆن شەق نەبا کە دوو جگەرگۆشەی لە یەک کاتدا لە دەست دەدا، تراژیدیاکە لێرەش کۆتایی نایە، بەڵکوو یەکێک لە براکان کە شەختە و سەرما گیانی لێ ستاند، دوو جگەرگۆشەی برسیی خۆیشی بۆ دایکێکی ڕووسوور و بێ‌پەنا جێ دێڵێ. دوو مناڵی بێ‌نان ئێستا ئیتر بێ‌باوکیش بوون و دوو مناڵی بێ‌باوک ئیتر لە چاوەڕوانیی پارووە نانێکدا لە حەسرەتی دیداری باوکیاندا تا ئەبەد دڵیان ئارام ناگرێ و ئیتر نە باوک و نە نانی دەستی باوک و نە مێهر و محەببەتی باوکیان نابیننەوە و تا ئەبەد ڕقیان لە بەفر و نان دەبێتەوە.
لە شەقامەکانی بەیرووت بە پارەی ئەو مناڵە کوردانە باڵەخانە بۆ مناڵانی کەسانێک دروست دەکرێ کە لە میکۆنووس سەرکردەیەکی کوردیان لەسەر دیفاع لە مناڵانی کورد و داوای سەرپەنایەک بۆ مناڵانی کورد شەهید کرد. هەر بە پارەی ئەو مناڵە برسییانە مناڵی بەرپرسان لە زانکۆکانی لەندەن و واشینگتۆن وانەی ماف و ئازادی و یەکسانی! دەخوێنن. هەر لە یەک جوغڕافیا و وڵاتدا مناڵی کوردێک لە کوردستان لە برسان لە سەرمان ڕەق دەبێتەوە و لە تاران مناڵی کاربەدەستێک لەسەرمان دەبێتە جەللاد و سەرمان بە سێدارەوە دەکا …!
لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا خەڵک لەسەر ئازادی بەند دەکرێ و بۆ نان خوێن دەدا و لەسەر هەقی ڕەوا بە ناهەق لە سێدارە دەدرێ. کۆڵبەری کورد لە سۆنگەی قانوونەکانی ئەم ڕێژیمەوە لە ڕێگەکاندا ڕێگەی لێدەگیرێ و لە ناچاریدا لە کوێرە ڕێگاندا بە دەستی کوێرویژدانەکان گیانیش و نانیشی لێ دەستێندرێ و لە دواپەردەی فیلمێکی تراژیدی بەڵام واقعیدا کورد نەک هەر لەپێناو ماف و ئازادیدا، بەڵکوو لەسەر پەیدا کردنی لەتە نانێکیش هەر دەکوژرێ و دەمرێ.