پێگەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بەرەو بەناو هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی

دەچێ و، لە ئێستاوە دەرگای خۆ پاڵاوتنەکانی کردۆتەوە و، خەڵکانێکیش بە هەر هۆکارێک بێ ناونووسییان کردووە کە ئەگەر لە پاڵوێنی شۆڕای نیگەهبان دەر بچن لە کێبەرکێی هەڵبژاردندا بەشدار بن.

مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بەپێی قانوونی ئەساسیی ئێران، ناوەندی یاسادانانی سیستمی کۆماری ئیسلامییە و ئەرکی چاودێری بەسەر بەڕێوەچوونی ئەو یاسایانەی لە ئەستۆیە کە لە لایەن دەوڵەتەوە جێبەجێ دەکرێ. بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی دەسەڵاتی ڕەهای ڕێبەر و ئاڵۆزیی سیستمی بەڕێوەبەریی ئەم وڵاتە، ئایا مەجلیس لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی وەک پارلمانێکی یاسادانەر ئەو ئەرکە یاساییانەی خۆی بەڕێوە بەرێ؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی پێکهاتنی ئەم مەجلیسە بدەینەوە و، بزانین بە تێپەڕبوونی کات و درێژ بوونەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، چۆن مەجلیس بوو بە ئامرازی دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی لە ڕێگای پەسەندکردنی ئامانجەکانی خۆیان لە دووتوێی قانووندا شەرعییەت بە دەسەڵاتداریی خۆیان بدەن.

پێکهاتنی یەکەم خولی مەجلیس دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاویدا، دەیتوانی ڕۆڵیکی گرینگ لە ساختاری سیاسی و ئیداریی دواڕۆژی ئێراندا بگێڕێ. هەر بەو هۆکارە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بەپێی کەشوهەوای ئەوکات هەوڵیان دەدا لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە کەسانی جێگای متمانەی خۆیان ڕەوانەی مەجلیس بکەن. بەڵام بێ‌ئاگا لەوەی کە خومەینی وەک ڕێبەری خاوەن دەسەڵات ناهێڵێ ئەم پێگە گرینگەی دەسەڵات لە دەستی دەر بچێ. هەر بۆیە لە پەیامێکدا کە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی مەجلیس دەریکرد، ئامانجەکانی خۆی و نیزامەکەی دەستنیشان کرد و واجبی کرد کە پێویستە ئەندامانی مەجلیس ئەو خاڵانە کە لە پەیامەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، بۆ پێشڤەوەچوون و سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە کار و تێکۆشان و پەسەندکردنی بڕگە قانوونییەکاندا وەبەرچاو بگرن. لێرەدا بەشێک لە نامەکەی خومەینی دێنین: «… لەو ڕۆژەدا مەجلیسی پیرۆزی شۆڕای ئیسلامی کە یەکەم مەجلیسی کۆماری ئیسلامییە کراوەتەوە، ئەم مەجلیسە لە ئاکامی هەڵبژاردنێکی ئازاددا پێک هاتووە. من ئومێد دەخوازم مەجلیسێکی دادپەروەر و پێڕەوی ئیسلام و بە قازانجی موسوڵمانان و وڵاتی ئیسلامی بێ […] پێویستە ئەو گەڵاڵە و تەرحانەی لە مەجلیس پەسەند دەکرێن دژایەتییان لەگەڵ قانوونە پیرۆزەکانی ئیسلام نەبێ و، بە هەموو تواناوە دژایەتیی ئەو پێشنەهادانە بکەن کە دژایەتییان لەگەڵ شەرع هەیە […].» نێوەرۆکی پەیامەکەی خومەینی و هەڵبژاردنی ڕەفسنجانی بە سەرۆکی مەجلیس و گۆڕینی ناوی مەجلیس لە شۆڕای میللییەوە بۆ شۆڕای ئیسلامی، هەر لەسەرەتاوە دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ڕێگا و خەتی دیارە و بەو ئاقارەدا دەڕوا کە خومەینی و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەیانهەوێ.

ویستی کۆمەڵگەی ئێران دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی ئەوە بوو، نیزامێکی دێموکراتیک و خەڵکی بێتە خاوەن دەسەڵات و پارلمانی ئەو نیزامە سیاسییە، نمادێک بێ لە جومهووریەت و دەسەڵاتداریی خەڵک، بەڵام بەپێچەوانەوەی ویستی خەڵک حکوومەتێکی خۆسەپێن و مەزهەبی دەسەڵاتی ئێرانی گرتە دەست و، مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئەو نیزامە نە خەڵکییە و نە لە بەرامبەر خەڵکیشدا خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و دەزانێ. خەڵک چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبووە ئەو قانوونانەی لە مەجلیس پەسەند دەکرێن لە ڕاستای بەرژەوەندیی ئەواندا بێ، بەڵام بە پێچەوانەوە مەجلیس تەنیا ئەو قانوونانەی پەسەند کردوە کە لە بەرژەوەندیی حکوومەتدا بووە.

دوای یەکەم هەڵبژاردن، خومەینی و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەستیان بەو مەترسییە کرد کە ئەگەر لە هەڵبژاردنی دواییدا بهێڵن نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان خۆیان بەربژێر بکەن، ڕەنگە مەجلیسیان لە دەست دەر بچێ و لە دواڕۆژدا نەتوانن ئەو پێگەیە هەروا بەئاسانی بخەنەوە بەردەستی خۆیان، هەر بۆیە کەوتنە خۆ بۆ پێکهێنانی مەجلیسێکی دیکەی هاوتەریبی مەجلیس شۆڕای ئیسلامی، بەڵام بە سەڵاحییەت و دەسەڵاتی زیاترەوە ئەویش مەجلیسی شۆڕای نیگەهبان بوو. لە ڕاستیدا و بەپێی یاسا شۆڕای نیگەهبان سەڵاحییەتی زۆر زیاترە لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی کە بەڕواڵەت لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و پێی دەڵێن «خانەی ملت». دواتر و لەگەڵ زیاتر خۆسەپاندنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەسەر گەلانی ئێراندا، بە چەندین دامودەزگای هاوشێوەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی پێک هات کە دەتوانن قانوون دابڕێژن و بەڕێوەی بەرن، بۆ نموونە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، شۆڕای بەرزی کولتووری، دادگای ڕۆحانیەت، شۆڕای ئەمنیەتی میللی و … کە لە هیچ نیزامێکی سیاسیی دنیادا ئەم جۆرە ساختارە لە یاسادانان نییە.

بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو نیزامەیە، واتا هەرکام لە دەزگاکانی یاسادانان (مەجلیس)، بەڕێوەبەری (دوڵەت)، دادوەری (قەزایی) سەربەخۆ کار دەکەن و بۆ هەماهەنگییان، کۆمەڵێک یاسا و ڕێوشوێن دەسنیشان کراوە. بەڵام ئەوە هەر لەسەر کاغەزە و لە دنیای واقعدا دەسەڵات لەو نیزامەدا لەژێر دەستی یەک کەسدایە ئەویش ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە. ئەگەر وا نەبوایە و هەرکام لەو سێ دەزگایە لە ڕێگای قانوونەوە چاودێریی کار وتێکۆشانی یەکتریان کردبایە ڕەنگە سیستمی سیاسیی ئێران نیزامی کۆماری ئیسلامی نەبوایە. بۆ ڕوون کردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە و پێگەی مەجلیس لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بێجگە لەو نموونانەی سەرەوە، دەتوانین ئاماژە بە نێوەرۆکی ئەسڵەکانی قانوونی ئەساسی لەسەر ژیانی سیاسی و ئابووریی خەڵک بکەین.

لە ئەسڵی ٧١دا هاتووە؛ «مەجلیس لە هەموو بوارێکدا لەو ڕادەیە کە لە قانوونی بنەڕەتیدا دیاری کراوە، دەتوانێ قانوون دابڕێژێ.» بەڵام هەر بەدوای ئەو ئەسڵەدا واتا لە ئەسڵی ٧٢دا باس لەوە دەکا کە «مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، ناتوانێ قانوونێک دەر بکا کە پێچەوانەی ئوسوول و ئەحکامی مەزهەبی ڕەسمیی وڵات بێ و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتە لە ئەستۆی شۆڕای نیگەهبانە» و، لە ئەسڵی ٩٣دا باس لەوە دەکا کە «مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بەبێ بوونی شۆڕای نیگەهبان ئێعتباری قانوونی نییە … .» لە ئەسڵی ٩٨ـیشدا باس لەوە دەکا «خوێندنەوە و لێکدانەوەی قانوونی ئەساسی لە ئەستۆی شۆڕای نیگەهبانە.» بەم جۆرە دەبینین بەپێی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، مەجلیس لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێراندا ناتوانێ هیچ قانوونێک پەسەند بکا و تەنیا کاری ئەوەیە پەسەندی ئەو گەڵاڵانە بکا کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بۆ قائیم کردنی پێگەی دەسەڵاتی خۆیان پێویستیان پێیە و، لە نوێترین نموونەدا دەتوانین باس لە ناڕەزایەتی‌دەربڕینی کۆمەڵێک نوێنەری مەجلیس بکەین کە ناڕازی بوون لەوە کە دەوڵەت بەبێ ئەوەی گەڵاڵەی بردنە سەری نرخی بێنزین بباتە مەجلیس، یەک لایەنە ئەو بڕیارەی دەرکردوە. کاتێک رێبەری کۆماری ئیسلامی هەستی بەوە کرد کە ڕەنگە هەڵوێستی ئەندامانی مەجلیس ببێتە پاڵپشتی خۆپیشاندەران، هاتە مەیدان و گوتی من پاڵپشتی ئەو بڕیارە دەکەم و هەر ئەو قسەیە بوو بە هۆکاری ئەوە ئەندامانی مەجلیس لە گوتەی خۆیان پەژیوان ببنەوە و، لە ئاکامدا مەجلیس نەیتوانی هیچ دژکردەوەیەک بە قازانجی خەڵک لە خۆی نیشان بدا.

لە لایەکی دیکەوە هەر بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران سیستمی دەسەڵاتدارەتی بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ داڕشتنی قانوون و چاودێریی بەرێوەچوونەکەی، مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئەو دەسەڵات و توانایەی نییە کە بتوانێ هەم قانوون پەسەند بکا و هەم چاودێری بەڕێوەچوونی ئەو قانوونە بێ، چونکە هەر وەکی لە سەرەوە وترا مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بەبێ بوونی شۆڕای نیگەهبان ئێعتباری قانوونیی نییە، لە حاڵێکدا دەبوایە پێچەوانەکەی بوایە چونکە لە ڕواڵەتدا مەجلیس لە ڕێگای هەڵبژاردنی گشتییەوە پێک دێ؛ بەڵام ئەندامانی شۆڕای نیگەهبان لەلایەن رێبەرەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دیاری دەکرێن.

بێجگە لە شۆڕای نیگەهبان کە چاوەدێری بەسەر کارەکانی مەجلیسدا دەکا، ئۆرگانێکی دیکەش بەناوی کۆڕی دەستنیشان کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام چاودێریی بڕیار و قانوونەکانی مەجلیس دەکا و، هەر وەکی لە ناوەکەیەوە دیارە هەر قانوونێک کە لە بەرژەوەندیی نیزامدا نەبوو ئەو کۆڕە ماف و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە قانوونەکە ڕەد بکاتەوە بەبێ ئەوەی مەجلیس توانای دیفاع کردن لە خۆی هەبێ. بۆیە دەبینین لە ماوەی نزیک بە چل ساڵی ڕابردوودا مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی نەیتوانیوە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ و یاسادانەر دەر بکەوێ و، هەر کاتێکیش بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیس بەپێی هەلومەرج و داوکاریی خەڵک هەوڵیان داوە هەڵوێستیان هەبێ و، لە بەرامبەر شۆڕای نیگەهبان و یا هەیئەتی دەوڵەت و یا دەزگای دادوەری وەستاونەوە، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هاتۆتە مەیدان و بە حوکمی حکوومەتی ئەو بەشەی لە مەجلیس دەمکوت کردوە.

لە کۆتاییدا دەتوانین ئاوا ئاکام لەم باسە وەربگرین:

مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ناوەندێک بووە بۆ شەرعیەت دان بە کار و کردەوە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی.
لەماوەی تەمەنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیدا دەر کەوتووە کە حوکمی حکوومەتیی ڕێبەر بە‌هێزتر و بەتواناترە لە قانوونەکانی مەجلیس.
بوونی چەندین دامودەزگا و ناوەندی یاسادانانی هاوتەریب لەگەڵ مەجلیس، ئەو ئێعتبارە قانوونییەی لە مەجلیس ئەستاندۆتەوە کە وەک تاکە ناوەندی قانوون دانان لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا چاو لێ بکرێ.
***