خۆدراماتیزە کردن وەک سیاسەت کردن. ڕزگار ئەمین‌نژاد

ڕەنگە ڕوانگەی ئێدمۆند هوسێرل لەسەر بەرپرسایەتیی ئەخلاقی لە کاتی کارەساتدا، دەسپێکێکی گونجاو بێ بۆ بابەتێکی ڕەخنەگرانە لەمەڕ دیاردەی «خۆدراماتیزە کردن »

کە وێنەیەکی دراماتیکی کارەساتە و لەگەڵ تەمەنی سیاسەت لە ئێراندا هاتووە. بەرپرسایەتی نواندنی ئەخلاقی لە کاتی کارەساتدا، بە بۆچوونی هوسێرل، باشترین کردەوەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو واقعانەی کە بەدوای کارەساتدا دێن. سروشتییە کاتێ کۆمەڵگە تووشی کارەسات دەبێ، جیهانی دوای کارەساتەکەیە کە زۆرترین کاریگەریی بەسەر کۆمەڵگەوە دەبێ نەک خودی کارەساتەکە، چونکە کارەسات واقعە هەنووکەییەکان دەگۆڕێ و لە ئەنجامدا واقعی خۆی دەسەپێنێ کە دواتر کاریگەریی لەسەر شێوازی تەعامولی ئێمە لەگەڵ ژینگەی دوای کارەسات دەبێ. بۆ نموونە ڕووداوی تێرۆریستیی یازدەی سێپتامبر لە ئەمریکا، کۆتایی بە واقعی «تەعامولی دێموکراتیک» هێنا و گشت نۆرمەکانی پێش ئەو کارەساتە تووشی بەرگژێکی جیدی هاتنەوە. ئەو شتەی بەدوای ئەو کارەساتەدا هات؛ واقعی «شەڕ بەدژی تێرۆریزم» بوو کە بیست ساڵە لە خزمەت خۆدراماتیزە کردنی بەشێک لەو هێز و دەسەڵاتانەیە کە لە ڕاستیدا خۆیان سەرچاوە و هۆکاری ناعەداڵەتی و تێرۆریزمن. چڕکردنەوەی سەرنجی ڕای گشتی بۆ سەر دیاردەی تێرۆریزم، کۆمەڵێک لێکەوتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوادا هات کە مرۆڤی پێش کارەساتی یازدەی سێپتامبر پێی وابوو ئەو دیاردانە لەگەڵ کۆتایی سەدەی بیستەمدا ڕۆشتوون و تازە سەر هەڵنادەنەوە، بۆ نموونە دیاردەی ڕاستگەرایی، پۆپۆلیزم، توندئاژۆیی، بونیادگەرایی، کولتوور سێنتەریزم و هەروەها فاشیزم.

تێگەیشتن لە ڕەهەندی ئەخلاقگەرایانەی هوسێرل ئەرکی ئێمە لە هەمبەر کارەسات دژوارتر دەکا، چونکە ئەرکی بەرپرسیارەتیی ئێمە لەگەڵ کارەساتدا کۆتایی پێ نایە، بەڵکە کاردانەوە و هەڵوێستی ئێمە لەنێو جەرگەی کارەساتەکەدا دەبێ وەها ئەخلاقی و بەرپرسانە بێ کە وڵامدەری واقع و ڕووداوەکانی دوای کارەساتیش بن. بۆ تێگەیشتن لەم ڕوانگەیە سەرەتا دەبێ لە پێناسەکردنی بەرپرسایەتییەوە دەست پێبکەین، مەبەست لە بەرپرسایەتی بە زمانێکی سادە ئەوەیە کە من لە هەمبەر کردەوەکانم وڵامدەر بم. هەڵبەت بەرپرسایەتی وەک دەرکەوتەیەکی ئەخلاقی، زۆر لەوە ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندترە و، بێگومان شرۆڤەکردنی لە کۆنتێکستی فەلسەفی و لە وتارێکی وەها کورتدا ناگونجێ. بەڵام ئاماژەیەکی کورت بە دوو کانسێپتی ئەرەستوویی (ویژدان) و کانتی (ئەقڵ) یارمەتیمان دەدا لە مەبەستەکەی هوسێرل نزیکتر بینەوە. لە هەردوو کانسێپتدا وڵامدەر بوون لە جێی خۆیدایە، بەڵام مەرجەعی وڵاموەرگر لای ڕوانگەی عیلەت-مەعلوولیی ئەرەستوو ویژدانی گشتییە، واتە وڵامدەر بوون لەهەمبەر کۆمەڵگە، یاسا، دین و گشت ئەو پێکهاتانەی کە ویژدان تێیاندا حوکم دەکا، چونکە ویژدان لێرەدا بەرهەمی ئەو چوارچێوە تیۆریکانەیە کە ئەخلاق پێناسە دەکەن. ڕوانگەی ڕەخنەگەرایانەی کانت لەمەڕ دیاردەکان ئەزموونێکی دیکە لە بەرپرسیارەتی دەدا بە دەستەوە و ڕەگی لە تیۆریی «ڕەخنە لە ئەقڵی مەحز»دا هەیە. مەرجەعی وڵاموەرگر لای کانت ویژدانی گشتی نییە، بەڵکە مرۆڤ دەبێ لەهەمبەر ئەقڵی خۆیدا وڵامدەر بێ و هەروەها بنەماکانی ڕاستی و چەوت بوونی ئەو ئەقڵیەتەش کە داوەری لەسەر بەرپرسیارەتیی خۆمان دەکا، دەبێ بە بەردەوامی تاقی بکرێتەوە، چونکە ئەقڵیەت بەلای کانتەوە بەپێی کات و شوێن گۆڕانی بەسەردا دێ. مەرجەعی بەرپرسیارەتی لە کاتی کارەساتدا لای هوسێرلیش -وەک من لێی تێگەیشتووم- ئەقڵییە، ئەقڵییەتێک کە سەربەخۆ بێ و پێشمەرجەکان کاری تێنەکەن.

دیاردەی خۆدراماتیزە کردن، لەگەڵ تەمەنی سیاسەت کردن لە ئێراندا هەبووە و لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم دیاردەیە تۆختر و لە زۆر قۆناغدا دیاریکەریش بووە. سەرەتا پێناسەیەکی کورت بۆ ئەو خوێنەرانە دەکەم کە ئاشنا بەم تێرمە نین. پێناسەی لێکسیکاڵیی «خۆدراماتیزە کردن» بریتییە لە؛ «خۆ نواندن یا پێناسەکردنی خۆمان وەک کەسێکی گرنگ و سەرکەوتوو». ئەم چەمکە لە تێرمینۆلۆژیدا وەک بەیسێکی ئاماژەیی دەکار دەکرێ، بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دیاردانەی کە لە ڕێگای فیگۆراسیۆن و شانۆسازییەوە خۆڵ لە چاوی ڕای گشتی دەکەن، بۆ نموونە کاتێ پرسی شەڕی دژەتێرۆر هاتە ئارا، هێندێ لە وڵاتانی ناوچە خۆیان وەک قوربانیی تێرۆر پێناسە دەکرد و بەم کارە ڕەواییان بە سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیان و زۆرجار لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیشیان دەدا. خۆدراماتیزە کردن لە مێژووی سیاسیی ئێران بەگشتی و لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەتایبەتی، وەها عەینی کراوە کە خەڵک لە ئێراندا «خۆدراماتیزە کردن» و «سیاسەت کردن» وەک یەک پێناسە دەکەن. یەکێک لە خەسارە ڕەژدەکانی وەها دیاردەیەک لەوەدایە کە بەدوای کارەساتدا کەس خۆی بە بەرپرس نازانێ و لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کەم کەس ئامادە دەبن بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی لە کاتی کارەساتدا وەئەستۆ بگرن.

دوای ئینقلابی ١٣٥٧ لە ئێران، جیهان دەبوایە لەگەڵ ئەزموونێکی سیاسی و هەروەها دیاردەیەکی ئاناکرۆنیستیک تەعامول بکا کە لەگەڵ ڕیتمی دیالێکتیکی مێژوودا ناتەبا بوو. نیشانەکانی ئەم جیاوازییە هەم ڕووکردی بوو هەم مەعریفی و لە دروشمی «ئیستقلال و ئازادی»دا ڕەنگی دابووەوە. لە باری ڕووکردییەوە ئەم سیستمە کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو ترازان لە ڕیتمی مۆدێڕنیزاسیۆن پاڵ پێوەدەنا و ئامانجەکەی بادانەوە بوو بۆ بنەماکانی سوننەت و، دواتر دەرکەوت مەبەست لە «ئیستقلال» لە ڕاستیدا خۆ نەبان کردن لەگشت نۆرمە جیهانییەکانە کە لە مەنشووری مافی مرۆڤدا هاتوون. لەباری مەعریفیشەوە دەبوایە ئینقلاب لە خزمەت ڕەوەندێکی مەعنەویسازیدا بوایە کە کەرامەتی تاکی ئێرانی لەو قەیرانە ڕزگار بکا، کە وەک بەرهەمی مۆدێڕنیتە پێناسە دەکرا و دواتر دەرکەوت مەبەست لە ئازادیش پشتکردن لە دنیا و قاڵبوونەوە لەنێو فۆرمێکی عیرفانی بوو کە حکومەت ماوەی پێدەدا. هەڵبەت ئەو مەرجەعەی کە دەبوایە لەم پرۆژەیەدا حوکمی کاتالیزاتۆری هەبێ، «ویلایەتی فەقیهـ» بوو کە ئایەتوڵڵا خومەینی ئیدەکەی داڕشت و دواتر ئایەتوڵڵا مونتەزەری تیۆریزەی کرد. بەڵام دیاردەی «زەمان» لە تیۆریی ویلایەتی فەقیهـدا پێشبینی نەکرابوو. زەمان وەک هیچ دیاردەیەک نییە، بەنێو گشت پڕۆژەکاندا تێدەپەڕێ و دواتر ئەو سیستمانە لەگەڵ خۆیدا دەبا کە توانای خۆ تەتبیق کردنیان لەگەڵ «ئایەندە» هەبێ. بە تێپەڕبوونی زەمان ناکارایی سیستمی ویلایەتی فەقیهـ زیاتر دەر دەکەوت، بە چەشنێک کە گشت چاودێران و تەنانەت لایەنگرانی ئەم تیۆرییەش بەو ئاکامە گەیشتن کە ئەم سیستمە وڵامدەر نییە. بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی زەمان، ڕێژیم دەبوایە شتێک لەگەڵ «ئایەندە» بکا و بۆ ئەم کارەش دوو ڕێگای لەبەر دەمدا بوو: یا سیستمی سیاسیی خۆی لەگەڵ ئایەندەدا تەتبیق بکا، یا لەگەڵ زەماندا شەڕ بکا. ڕێژیم لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا هەمیشە ڕێکاری دووهەمی هەڵبژاردووە و بۆ قوتاربوون لە مەنتقی زەمان، پەنای بۆ موهەندیسی کردنی زەمان بردووە. مەبەست لە موهەندیسی کردنی زەمان لەم وتارەدا شێواندنی وێنای «ئایەندە» لە ئێران و ناوچەکەیە. بۆ شێواندنی ئایەندە، ڕێژیم تا ئێستا سێ پڕۆژەی تاقی کردۆتەوە: ١- هاوتەریب‌سازی، ٢- قەیران‌سازی، ٣- خۆدراماتیزە کردن کە مەبەستی سەرەکیی ئەم وتارەیە. بۆ ئەوەی لە ڕەهەندەکانی خۆدراماتیزە کردن تێبگەین، پێویست دەکا سێ سێناریۆی ڕێژیم بەباشی بناسین کە دەرکەوتەی سیاسەتی خۆدراماتیزە کردنە.

سێناریۆی «هۆوییەت» (١٣٥٧-١٣٧٤): ڕێژیم لەسەرەتای ئینقلابدا کۆمەڵگەی ئێرانی وەک کۆمەڵگەیەکی دابڕاو لە مەعنەویات و ناسنامەی ئیسلامی پێناسە دەکرد. دروشمی «ئینقلابی موستەزعەفین» کە بەخێرایی سوار شەپۆلی سیاسەتی دژی ئێمپریالیزمی ڕۆژ دەبوو، وەک ڕێکار و بەستێنی زیندوو کردنەوەی ناسنامەی ئیسلامی هاتە ئاراوە. وەک دەرکەوت؛ ئینقلابی موستەزعەفین فازی دووهەمی ئینقلاب، واتە ئینقلابی فەرهەنگی لێکەوتەوە کە ئامانجەکەی سڕینەوەی گشت نمادە مۆدێڕنەکانی کۆمەڵگە و داڕشتنی فۆنداسیۆنی «حکوومەتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ» بوو. لە دۆخی ئینقلابیدا زەمان ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە، چونکە خێرایی ڕووداوەکان کار لە ئاراستەی ئینقلاب دەکەن و بێگومان لە درێژماوەدا نیهادینە کردنی ناسنامەی ئیسلامی بۆ ڕێژیم دژوار دەکرد. درێژکردنەوەی شەڕی ئێران و عێراق لە ڕاستای موهەندیسی کردنی زەمان بوو کە لەو بۆشاییە زەمانییەدا و بەهۆی درامای ڕۆمانتیکی شەهادەت، هەوڵ بۆ چەسپاندنی ناسنامەی ئیسلامی بدا.

سێناریۆی «مەشرووعیەت» (١٣٧٤- ١٣٨٨): بەدوای نەمانی سیستمی دووجەمسەری، لیبێرالیزم لە سێ مەیدانی کردەوەییدا واتە؛ سیاسی، ئابووری و کولتوری، خێراییەکی بێوێنەی بە دیاردەی پەرەسەندن لە جیهان دەدا. یەکێک لە بەرگژە جیدییەکان بۆ مەهەندیسی کردنی زەمان لەو سەردەمەدا دیاردەی ئینتێرنێت بوو کە جیهانی تا ڕادەی گوندێک بچووک کردبۆوە. گەشەکردنی چینی مامناوەندی، دیسکۆرسی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها زەروورەتی ڕێفۆرم کە کارتێکەریی لیبێرالیزمیان پێوە دیار بوو، پێشمەرجەکانی پولاریزەبوونی ژینگەی سیاسیی ئێران بەسەر «ئوسوولگەرایی» و «ئیسلاح تەڵەبی»ـدا هەموار کرد. سێناریۆی مەشرووعیەت لە بەستێنی وەها جەمسەربەندییەکدا داڕێژرا تاکوو شێوازێکی دیکە لە خۆدراماتیزە کردن تاقی بکاتەوە. سێناریۆی مەشرووعیەت مەجالی بە دەرکەوتنی دیاردەی دایکۆتۆمیکی «حکوومەت-دەوڵەت»ـدا کە لە مەیدانی پێشبڕکێی نێوان باڵە سیاسییەکاندا و بەناوی «مردم سالاری دینی»ـیەوە لەشی بیماری حکوومەت (سیستمی ویلایەتی فەقیهـ) بە کۆڵی دەوڵەتەکاندا بدا (بنەماخواز و چاکسازیخوازەکان) و بەم چەشنە حکوومەت دەستی چەوری خۆی بە شاقەڵی دەوڵەت دەسڕییەوە کە هەڵبژێردراوی خەڵک بوون. لەهەمان کاتیشدا بە نواندنی واقعێکی وەهماوی، سیگناڵی بۆ کۆمەڵگە دەنارد کە لەم سیستمەدا ئیحتمالی ڕێفۆرم هەیە و لە ئەنجامدا شانسی بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕادیکاڵی کەمتر دەکردەوە. ئەم سێناریۆیە ڕوو بە جیهانیش کارایی هەبوو، سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم لەو ماوەیەدا وەک باندۆڵ لە چەپەوە بۆ ڕاست و لە ڕاستەوە بۆ چەپ لە هاتوچۆدا بوو، وەها کە جیهان و بەتایبەتی وڵاتانی ئورووپای سەرقاڵی گەمەیەکی دیپلۆماتیک کردبوو کە سێکانسەکانی خۆدرامەتیزە کردن بۆی ڕەخساندبوون.

سێناریۆی «مەقبوولیەت» (١٣٨٨-١٣٩٨): ئاکامی موهەندیسی کراوی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨، کەم کەم خەڵکی دڵنیا دەکردەوە کە چیدی دەنگدان وەک «ئیمکان» سەیر نەکا و، لە سندووقەکانی دەنگداندا لە دوای هومێد نەگەڕێ. بە بۆچوونی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، ڕێژیم ململانێی لایەنە سیاسییەکانی وەک دەرفەتێک دەقۆستەوە بۆ بەهێز کردنی پایەی ئیستبداد. پاندۆڵی سیاسەتی دەرەوەش بە دوای هەڵوەشانەوەی بەرجام لە کار کەوت و گەمارۆ ئابوورییەکان تەنگتر و پێگەی ڕێژیم لە ناوچەشدا لەرزۆکترە. دەنگی ناڕازیی خەڵک لە ئێران چیدی باس لە مەشرووعیەت ناکا و ئێستا ئیتر مەقبووڵیەتی ڕێژیم هەڕەشەی لەسەرە. تەحریمە فرەڕەهەندەکانی ئەمریکا، ڕێژیمی بەرەو کردنەوەی پڕۆژەیەکی نوێ لە خۆدراماتیزە کردن هان داوە کە مەرگی سیستم و گەندەڵیی سیستماتیک و مودیریەتی خراپی ئابووریی پێ پەردەپۆش بکا و، درامایەکی دیکە لە مەزڵووم نمایی پیشانی جیهان و نێوخۆ بدا. بۆ گەڕاندنەوەی مەقبوولیەت لەم دۆخە بێمتمانەییەدا ڕێژیم پرسی «تەمامیەتی ئەرزی»ـی وەک شانتاژێکی سیاسی خستۆتە ڕۆژەڤەوە، لە کاتێکا خۆی ڕێز لە سەروەری و سنووری هیچ وڵاتێک ناگرێ. ڕوون نییە کاریگەریی ئەم سێناریۆیە لەسەر مەقبوولیەتی ڕێژیم بەلای خەڵکی ئێرانەوە تا چەند بێ، بەڵام ئەوەی کە دیارە بەداخەوە کاریگەریی لەسەر بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەبووە کە بەردەوام پێداگریی لەسەر دەکەنەوە.

چالاکانی سیاسی، چ وەک ئۆپۆزیسیۆن و چ وەک پۆزیسیۆن، لەم چل ساڵەدا لە چوارچێوەی ئەو واقعە مەجازییەدا خولاونەتەوە کە سیاسەتی خۆدراماتیزە کردن بۆی داڕشتوون. لەگەڵ دەرکەوتنی هەرکام لەم سێناریۆیانەی کە ئاماژەیان پێدرا، شرۆڤە و ئینتمای چالاکانی سیاسیش بەو ئاراستەیەدا ڕۆشتووە و ئەوەی کە هەمیشە بزر بووە واقعێکی حەقیقییە کە بەپێی ئەقڵییەتی سیاسی کار بکا و، بەرچاوگەی ژیانێکی باشتر و فۆرمێکی دیکە لە سیاسەت کردن بدا بەدەستەوە کە جیاوازیی هەبێ لەگەڵ سیاسەت کردن وەک خۆدراماتیزە کردن. دۆخی ئەمڕۆی ئێران بە بۆچوونی زۆر کەس لە چاودێرانی سیاسی کارەساتاوییە و کەم کەس دەبینین کە بەرپرسانە بەرەوڕووی ئەو کارەساتە ببنەوە بۆ ئەوەی واقعی دوای ئەم کارەساتە شتێک نەبێ کە ئارەزووی واقعەکانی پێش کارەسات بکەینەوە. کولتووری سیاسیی ئێران هەمیشە لەنێوان سیکلی تەما و نۆستالۆژیادا سووڕاوەتەوە و ڕەنگە باشترین چارەسەری بۆ کۆتایی هێنان بەم سیکلە ناسازە، ڕوانگەکەی هوسێرل بێ؛ بەرپرسایەتی نواندنی ئەخلاقی لە کاتی کارەساتدا! بەرپرسایەتییەک کە داوەرەکەی ئەقڵ بێ نەک واقعەکانی دوای خۆدراماتیزە کردن.