شێعری: گریانی نیوەشەو. مامۆستا هێمن
شێعری مامۆستا هێمن. مونتاژ وەرزێر عەبدوڵڵا
شەوانە، ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەشەو
خەڵک نوست و لەچاوی من، کەسەر دیسان ڕەواندی خەو
سکوتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیە دادەگرێ
دەڵێی هەر زیندەوارێکی هەیە لەو دێیەدا دەمرێ
لە هیچ لا خشپەیەک نایە، چرای ماڵێکی نایسێ
بە ئەسپایی لەماڵ دێمەدەرێ، دەخوشم وەکو نیسێ
تاکوتەنیا، بە ئارامیی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ
بە دڵتەنگیی و کز و خەمناکیی رادەکشێم لەسەر بەردێ
دەکەم جا سەیری ئەستێران و هەڵدەمژم شنەی شەوبا
شەو و بێدەنگیی چەند خۆشە، هەمیشە خۆزگە هەر شەو با
وەکو ئاواڵی چاک ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم
هەتا بۆیان بەیان کەم، مووبەموو رازی دەروونی خۆم
کوڵم هەڵدەستێ ئەوجار و لەبەر دەردم دەناڵێنم
هەتا ئاوری دڵم دەکوژێتەوە ئەسرین دەبارێنم
شەوانە گەر نەکەم ئەو شیوەن و ناڵین و گریانە
دەسوتێنی وجودم، ئاگری ئەم جەرگە بریانە
بەڵێ، گریانی نیوەشەو دەکا ناسۆری دڵ مەرهەم
کڵوکۆم دادەمرکێنێ و بەجێ دێڵێ دڵی من خەم
-ھێمن موکریانی
مونتاژ: وەرزێر عەبدوڵڵا