لەناوچوونی قاسم سولەیمانی و دۆکترینی مەهدی
ئورشەلیم پۆست – برایان شراوگەر
وەرگێرانی:کەماڵ حەسەنپوور
کاتێک کە لە شەوی پێنج شەممە، ٢ی ژانویە، دیمەشقی بەرەو بەغدا جێهێشت، قاسم سولەیمانی سەری لە فەلەک دەدا. وەک ڕێبەری سەربازیی، سەرۆکی ستراتێژیست و روخساری کاریزماتیکی ئەوەی کە ناوبراو وەک ئیمپراتوورییەکی لە حاڵی سەرهەڵدان و مەزنی جیهان سەیری دەکرد، هەموو شتێکی هەبوو: پرێستیژ، دەسەڵات، حزوور. نە تەنیا ئەو فەرماندەی هێزی سەربازیی سەربەخۆی ئیمپراتۆرییەکە بوو، بەڵکو ئەو شتێک کەمتر لە دەنگی ئەڵڵا بۆ ڕێبەرانی ئەو نەتەوانە نەبوو کە بەو زووانە قەرار بوو لەو ئیمپراتوورییەدا بتوێنەوە: عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و سینا.
ئەگەرچی هیچ کەس هەرگیز بەو شێوەیە باسی نەکرد، بەڵام ئەو، لە ڕاستیدا شازادە نوێکەی پارس بوو.
و ئەو چەکوچۆڵەی کە لەبەر دەستیدا بوون! جگە لە جبەخانەی لە ڕاددەبەدەری چەکی ئاسایی، ڕێژەی مووشەکی هەنگێو بەرەو زیادبوون بوو، لەشکرێک هاککەری بێ بەزەیی گەلێک لێهاتوو، تەنانەت ژێر دەریایی و بەو زووانە نووکە مووشەکی ئەتۆمیش.
لە باکوور و باشووری قیزەوەنترین دستدرێژیکەری دونیا، ئەگەرچی هێندە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات نا، سولەیمانی وردە وردە زەختی دەخستە سەر پێکهاتەی زایۆنی، چەقی سەرنجی ڕەوانیی (و سەربازیی) بە دنەدانی جیهادییەکان لەناو سنوورە فرەخوازانەکەیدا، لە چاوەڕوانیی باشترین هەلدا، بەلاڕێدا دەبرد، تا کاتێک کە هۆشی لەخۆی نەما لە باکوورەوە بە جبەخانەی ١٠٠ هەزار مووشەکیی دڵی بکاتە ئامانج. لە کاتی خۆیدا، مووشەکی بێ تەکەنەلۆژی پێشکەوتوو قەڵخانی پارێزەری زایۆنی بەخۆیانەوە مەشغووڵ دەکا. ئەو قەڵغانە پێش بە زۆر لەوان دەگرێ بەڵام هەموویان نا.
پاشان، لە کاتی گونجاودا، مووشەکی هەنگێو بەڕێ دەکرێن، کە بۆ هەنگاوتنی پێگە سەرکییە سەربازییەکان، و لە هەمووی باشتر، ناوەندە پڕ حەشیمەتەکان میزان کراون. ڕەنگبێ، تەنیا ڕەنگبێ، ئیشاڵڵا، یەکێک لەو مووشەکانە نووکەکەی ئەتۆمیی دەبێ. لە کاتێکدا کە زایۆنیستەکان بە ژانەوە لەناو هەورە کارگینەکەدا دەمرن، جەهەننەم هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، تەنانەت هەموو دونیاش. ئەوە سەروبن بوونێکی کارەساتبار بەڵام خراپییەکی پێویستە، چونکە هەر وەک پێشبینیکراوە، ڕزگاریدەری چاوەڕوانکراوی جیهان کە زۆر لەمێژە چاوەڕیین، دوای بزربوونێکی چەندین سەدەیی سەرهەڵدەدا. ئیمام مەهدی دەگەڕێتەوە، تا خلافەتی جیهانیی ئاشتی بێخەوش، هەڵبەت ئاشتی ئیسلامیی، دامەزرێنێ.
لە ڕۆژی دووهەمی ئەوەی کە لە ڕؤژئاوا پێی دەڵێن ساڵی نوێ، سولەیمانی تازە لە کۆبوونەوەی بەیروت، لوبنان، لەگەڵ حەسەن نەسڕوڵڵا، سەرۆکی بێ ڕکابەری حیزبی خودا، حیزبوڵڵا، و یەکێک لە گرینگترین ڕەعیەتەکانی گەڕابۆوە. لەو چاوپێکەوتنەدا، کە بە پێی نەریت وێنەی لێ هەڵگیرا، سولەیمانی، بۆ جارێکی دیکە، میواندارییە خاکەڕاییەکەی “سکرتێری گشتیی” قبووڵ کرد. ئەوە بە هەمان شێوە بۆ ژەنڕاڵی پایەبەرزی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییش جێگای دڵخۆشی بوو.
فڕینەکە لە دیمەشقەوە تەنیا کاتژمێرێک و پێنج خولەک بوو، بەڵام دوا کەوتبوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدڵ ئیست ئای، فڕۆکەکە کاتژمێر ١٢:٣٢ی بەرەبەیانی بە کاتی بەغدا نیشت. ئەو چاوەڕوانی کۆتایی حەوتوویەکی خۆش لەناو ناوچەی سەوزی بەغدا بوو. سولەیمانی لە لایەن سەرۆکی هێزی میلیشیای عێراقیی، ئەبو مەهدی موهەندیس کە دەگوترێ ” هاوپەیمانێکی لەمێژینە و دۆستی نزیکی بووە” پێشوازیی لێکرا.
تەنیا زیاتر لە کاتژمێرێک دواتر، دوای تێپەڕینی کەمتر لە دوو کاتژمێر لە سێهەم ڕۆژی ژانویە، سولەیمانی، موهەندیس و هاوڕێکانیان فرۆکەخانەی بەغدایان لە دوو ئوتومبێلدا، هیوندایەکی ستارەکس و تۆیۆتایەکی چواردەرگای ئاڤالۆن، جێهێشت. کاتێک کە گەیشتنە شەقامی دەرەوەی فڕۆکەخانە، هەردوو ئوتومبێل بە هۆی مووشەکی هاویژراو لە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکاییەوە لە جۆری ریپەر [دروێنەکەر]، فڕۆکەیەک کە لە ڕێگای دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ و لە لایەن سوپای وڵاتە یەکگرتووەکانەوە وەک “ڕاوچی کوشەندە” باسی لێوە دەکرێ، لەت بە لەت کران. مردنی گشت سەرنشینەکانی هەردوو ئوتومبێلەکە دەستبەجێ بوو. پاشماوەی کەلاکەکان بە شێوەیەک هەنجن هەنجن کرابوون کە کوژرانی سولەیمانی بە پەنجە دەستێک کە هێشتا کاری دەکرد و ئەنگوستیلەیەکی زێو بە نەقیمەیەکی گەورەوە لە قامکێکیدا پشتڕاست کرایەوە.
لە ڕوانگەی ڕۆژئاواییانەوە، ڕووداوەکانی دوای کوژرانی سولەیمانی وەک سیرکێکی هەرزانبایی دەچێ کە هەموو شانۆکارییەکانی تێکچوون.
دەیڤید وود، لێکدەرەوەیەکی یوتیوب لە بەرنامەی “با هەموو ئەوانە تێکهەڵکێش بکەین” بەو شێوەیە دەدوێ. ” لە ٣ی ژانویە، ژەنڕاڵ قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا کوژرا. لە ٧ی ژانویە، ٥٦ ئێرانیی کوژران و پتر لە ٢٠٠ کەسی دیکە بریندار بوون کە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی سولەیمانیدا کەوتنە بەر پێیان. لە ٨ی ژانویە، ڕێبەری ئێران وەڵامی کوژرانی سولەیمانی بە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر دوو پێگەی ئەمریکا لە عێراق دایەوە، بەڵام … کەس نەکوژرا. هەروەها ٨ی ژانویە، سوپای ئێران فڕۆکەیەکی ئوکرایینی بەردایەوە کە لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستابوو، کە کوژرانی ١٧٦ کەسی لێکەوتەوە. لە ١١ی ژانویە، دوای سێ ڕۆژ نکۆڵیکردن لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە … ئێران ددانی پێدانا کە فڕۆکەکەی خستۆتەوە خوارەوە.
“کەوابوو، لە جوابی کوشتنی پیاوێک لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، ئێرانییەکان بە خستنە ژێر پێ و مووشەکی دژە فڕۆکە ١٣٨ ئێرانی و ٩٤ کەسی دیکە، کە هیچکامیان ئەمریکایی نەبوون، کوشتن. نازانم ئێوە چ بیر دەکەنەوە، بەڵام من خەریکە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئێرانییەکان لەوانەیە لە شەڕدا باشترین نەبن. [بە لاسایی کردنەوەی ڕێبەری ئێران] ‘ ئاه، ئەوان [ئەمریکا] ژەنڕاڵێکیان کوشت. دەبا لە شەقامەکان یەکتر بخەینە ژێر پێ تا یەکتر دەکووژین و بە هەڵکەوت فڕۆکەیەک بەردەینەوە.’ ”
وود دەڵێ، “من پێیان ڕادەبوێرم. چونکە کاربەدەستانی ئێرانیی هێندە نالایقن، ئومێدی ئەوە هەیە کە خۆپیشاندەران، کە دەیانهەوێ دەسەڵاتداران بڕووخێنن، بتوانن سەرکەون. وێدەچێ سەردەمی ئایەتوڵڵاکان کۆتایی بێت.”
ئەوەی کە ڕێبەرانی ئێران قەشمەری بێدەدان بن بۆچوونێکی دڵخۆشکەرە بەڵام هەڵەیە. هیچ نەبێ، کۆماری ئیسلامیی لە هەموو کاتێک مەترسیدارترە.
هەر وەک دەستکەوتەکانی سولەیمانی لە درووستکردنی ڕایەڵەیەکی ناوچەیی لە تێرۆریستی بەکرێگیراو دەیسەلمێنێ، بە تەکنەلۆژی سووتەمەنی کە بۆ چەکی ئەتۆمیی دەبێ، بە سیستەمی مووشکی پێشکەوتوو و یەکەی شەڕی سایبەری لە ئاستی جیهانییدا، ئێران خاوەنی هەموو ئەوانەیە، کە بە کوژرانی سولەیمانی هیچکامیانی لەکیس نەداوە.
ئێران کە بە ئیعدامی سولەیمانی و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەرۆک کۆماری وڵاتەیەکگرتووەکان دۆنالد ترامپ بریندار بووە، هەڕەشەکەی بۆ سەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و دونیا نەوەک کەم نەبۆتەوە بەڵکو زیاتر بووە. بێگومان لە وتەکانی ڕؤژنامەنووس و لێکۆڵەرەوەی ژێئۆپۆلیتیک جاناتان سپایەر دەردەکەوی کە دەڵێ، “وا چاوەڕوان دەکرێ کە ئەوان هەر چی لە توانایان دایە و بە هەموو شێوەیەک ڕێژیمەکەیان بپارێزن.”
بۆچی؟ لەبەر سێ هۆی سەرەکیی: مەهدی و ئاسکرا بوونە پێویستەکەی، مەهدی و ئێران وەک ڕێخۆشکەری دەرکەوتنەوەی دووبارەی، مەهدی و بێزاریی خۆڕسکی تاران بەرامبەر بە ئیسڕائیل.
لەو ڕۆژەدا کە سولەیمانی کوژرا، ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، لە تویتێکدا نووسی، ” ئێمە پیرۆزبایی بە مەهدی (عج) و ڕووحی پاکی سولەیمانی دەڵێین و سەرەخۆشی لە نەتەوەی ئێران دەکەین بۆ ئەو شەهادەتە مەزنە.”
ئیمام مەهدی کێیە و بۆچی خامەنەیی لە ڕۆژی کوژرانی سولەیمانیدا پیرۆزبایی لە ئەو دەکا؟ بە کورتی، ئەو مەسیحی ئیسلامە، ئیمامی دوازدەهەم کە جێگرەوەی موحەممەدە. دەڵێن لە ساڵی ٨٧٩ی زایینی لەدایک بووە، لە ڕوانگەی موسڵمانانی شیعەوە ئیمام مەهدی هێشتا زیندووە، بەڵام خۆی لە مرۆڤان شاردۆتەوە، “غەیبەتی کردووە” تا دووبارە لە سەر زەوی دەرکەوێتەوە، تەنیا دەرکەوتنەوەی دووبارەی ئەو دەتوانێ مرۆڤ ڕزگار بکا، لە ڕاستیدا، پارێزەری سەردەمی ئاشتی جیهانییە، ئاشتی ئیسلامیی، واتە ئاشتییەک کە لەوێدا گشت مرۆڤێک ملکەچی خودا و قوڕئانە.
ئەوە بۆ کەسێکی ڕۆژئاوایی وەک شتێکی شێتانە دەچێ، ئەو باوەڕە مەسیحاییە، بە گویرەی دامەزرێنەرانی، هۆی سەرەکیی بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەوە بە هەمان شێوە بناغەی سیاسەتی سەربازیی و دەرەوەی تارانە؛ و هەرچەندە پێداگریی لەسەر ئەو وەفادارییە خۆڕسکەی ڕێژیمی ئێران بەو باوەڕەوە بکەی کەمە. لە گشت کۆبوونەوەی گشتییدا، سیڤیل یا سەربازیی، لە ئیمام مەهدی دەپاڕێنەوە. ئەو سەرچاوەی تاقانەی ئیلهامە بۆ گشت سیاسەتێک، گشت تاکتیکێک، سەرجەم مەئمورییەتێک، بێگومان، ئەو تەنیا هۆی بوونی ڕێژیمە و لەبەر ئەوە، تاقە هاندەری بێ ئەملاوئەلایە بۆ داهاتوویەکەی.
ئەو ڕاستییانە بۆ ئەو کەسانەی کە پێیان وایە ڕووداوەکانی ئەو دواییانە نیشانەی ڕووخانی ڕێژیمی مەلاکان بەو زوانەیە، هەواڵی دڵخۆشکەر نین.
ماڵپەڕی فەرمیی خامەنەیی پڕە لە ئامۆژگاریی لەبارەی ئیمام مەهدی، لە ناویاندا یەکێک کە تێیدا ڕێبەری گەورە باسی ئەوە دەکا کە بە باوەڕی وی ئیمام مەهدی بەو زووانە دەردەکەوێ. خامەنەیی نووسیویەتی، “ئاشکرا بوونی ئیمام مەهدی (عج) زۆر نزیکە، چونکە بیروڕاکە ئامادەیە .” ئەو “عج” لە کەوانەدا کورتکراوەی “خودا ئاشکرا بوونەوەی خێرا بکا”یە.
خامەنەیی شی دەکاتەوە، “هۆشی مرۆڤایەتی ئامادەیە بۆ تێگەیشتن، بۆ فێر بوون، و بۆ ئەوەی کە بزانێ، بێگومان، کە مرۆڤێکی پایەبەرز دێ و ئەوان لە ژێر باری ستەم و سەرەڕۆیی ڕزگار دەکا. نەتەوەی ئێران، ئەوڕۆ ئەو شانازییە مەزنەی پێبڕاوە: کەشوهەوای وڵات کەشوهەوای ئیمام مەهدی (عج) ـە.” ئەو درێژە دەدا و دەڵێ، ” زۆر کەس لە زانایانی ئێمە بۆخۆیان ئەو [ئیمامە] خۆشەویستی دڵانەیان دیتووە، زۆر لەوان وشە دڵگەرم کەرەکانیان بیستووە، زۆر لەوان لەلای ئەوەوە لاوێندراونەوە و زۆری دیکەش میهرەبانیی، پێڕاگەیشتن و خۆشەویستیی ئەویان پێ گەیشتووە.”
ئەوا[ڕوانگەیە] چۆن ئەوڕۆ لە سیاسەتی دەرەوە و سەربازیی ئێراندا خۆی دەنوێنێ؟
کارەساتی جیهانیی پێشمەرجی ئاشکرا بوونی مەهدییە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران دونیا وەک هێلانە ژەنگەسوورە دەهارووژێنێ تا گەڕانەوەی مەهدی خێراتر بکا، گەڕانەوەیەک کە زۆر نزیکە. ئاجێندای سەرەکیی ڕێژیم ئەوەیە کە ببێتە هۆی پشێویی جیهانیی، بەو شێوەیە ئەو دەیباتەوە. ئاژاوە مەهدی دەگێڕیتەوە تا ئەویش ئاشتی جیهانیی لەگەڵ خۆیدا بێنێ. ئەوە “دۆکترینی مەهدییە.”
ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە کە “کەشوهەوایەکی” ئەوتۆی خولقاندووە کە ئاوێنەی باڵا نوێنی ڕووحی مەهدییە. ڕێبەرە ئایینی، سەربازیی و مەدەنییەکانی چاوپێکەوتنی تاکەکەسییان لەگەڵیدا هەبووە. کەوابوو بە کورتی، ئێران منداڵدانێکە کە مەهدی لەوێڕا دووبارە لە دایک دەبێتەوە. بۆیە، ڕێژیم هەموو کارێک دەکا تا خۆی بپارێزێ. بۆیە، ئێمە دەبێ چاوەڕوان بین کە سەرهەڵدانی ناوخۆیی بێ بەزەییانە سەرکوت بکرێ. خۆپیشاندەران، بە تایبەتی ڕێکخەرەکان، بێ سەروشوێن بکرێن. گشت بەرهەڵستکارییەکی ناوخۆیی و دەرەکیی دژی ڕێژیم مۆرکی شەیتانیبوونیان لێدەدرێ.
ئیسڕائیل دەبێ لەناو بچێ. ئامناجی بێ ئەملاوئەولای تاران دووبارە درووستکردنەوەی ئیمپراتوورییەکی کەونارای پارسییە بە شێوەی خەلافەتی ئیسلامیی. ئاستەنگی سەرەکیی بۆ گەیشتن بەو مەبەستە ئیسڕائیلە، “پێکهاتەی زایۆنی،” ڕوخساری شەیتانە لە دونیای ئەوڕۆدا. جێگای سەرنجە کە تویتەکانی خامەنەیی پڕە لە ڕشانەوەی پڕ لە قین دژی ئیسڕائیل.
ئەو لە ڕۆژی دڵاندا لە ٢٠١٦ نووسیویەتی، ” ڕێژیمی زایۆنی سەمبولی شەیتانە.” و لە پێنجی فێورییەی ٢٠١٩ دا ئەوەی زیاد کردووە، ” ڕێژیمی ڕەگەز پەرست، داگیرکەر، درۆزن و ئاپارتایدیی.”
کەوابوو چی بکرێت؟ ئەو لە ٢ی مارسی ٢٠١٥ دا شی دەکاتەوە، ” کاتێک کە خەڵکی ڕۆژئاوا لە گیروگرفتەکانیان کە سەرچاوەکەی دەسەڵاتی زایۆنیی بەسەر دەوڵەتەکاندایە تێگەیشتن، جووڵانەوەی مەزنی جەماوەریی دبێتە هۆی لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ.” بۆیە، ” ڕێژیمی دڕندە، شێوە گورگ و مناڵکوژی ئیسڕائیل، کە خۆ لە هیچ تاوانکارییەک نابوێرێ، لەناو دەچێ.”
وەرگێڕان: کاتێک کە دونیا ئەو کارەی تەواو کرد کە هیتلەر دەستی پێکرد، مەهدی دێت، و بەهەشت لەگەڵ خۆیدا دێنێ؛ هەڵبەت بەهەشتی ئیسلامیی.”
ئێران کە بە هۆی گەمارۆی ئابووری بریندار و بە هۆی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆیی شەرمەزار بووە، ئەوڕۆ لە هەمووکات مەترسیدارترە.
بۆچی خامەنەیی لە ڕۆژی مردنی سولەیمانیدا پیرۆزبایی لە مەهدی کرد؟ چونکە شازادە ڕاستەقینەکەی پارس چاوترسێن نەکراوە. ئەو هێشتا بەڕێوەیە و ئێران هەموو شتێک دەکا تا ڕێگای گەڕانەوەی بۆ خۆش بکا.