بەیاننامە لە پێوەندی لەگەڵ ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە و لە بارودۆخ و هەلومەرجێکی جیاواز و تایبەتدا هەڵبژاردنێکی نمایشیی دیکەی بەڕێوەبرد. ئەم هەلبژاردنە چەند مانگ دوای سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر و هەروەها بەردانەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرە ئۆکراینییەکە بەڕێوەچوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو تواناوە سەرەتا حاشای لێدەکرد و دوایە کە ناچار بە قبوڵکردنی بەرپرسایەتیی ئەم تاوانە بوو؛ هیچ متمانە و ئێعتبارێکی بۆ خۆی نەهێشتەوە. بۆیە ڕێژیم لە پێناو پیشاندانی متمانە و ڕەواییەتی نەبوویدا بە هەموو تواناوە هەوڵی ‌دا خەڵک بۆ هێنانە سەر سندووقەکانی دەنگدان هان بدا و وەک ڕەفتاری سواوی لەمێژینەی؛ بە فڕوفێڵ، هەڕەشە و تەماح وەبەرنانیش بووە لە بەشداریی خەڵک، ڕەواییەکی – هەرچەند درۆیینیش بێت – بۆخۆی دەستەبەر بکا. بەڵام ئەم هەوڵانە نەزۆک بوون و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە هەڵوێستێکی مانادار و یەکگرتووانەی گشتیدا، بە نەچوونە سەر سندووقەکان، [نا]یەکی دیکە بەڵام قورس و قایمتر لە جارانیان بە ڕێژیم گوتەوە.

بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و وەڵامی شێلگیرانەی خەڵک بە پشت تێکردن لە سندووقەکانی دەنگدان دەسەڵاتی سیاسیی بە ڕادەیەک شۆک کردوە کە ڕۆژێک دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەکەش بۆیان نەکراوە دوائامار لەسەر چەندی و چۆنیی بەشداریی خەڵک بڵاو بکەنەوە، ئەگەرچی لای کەس شاراوە نییە و ئامارە نارەسمییەکان دەڵێن بەشداریی یەکجار کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە و نەبیندراوە.

ئەگەر تەنیا لە ئاماری بەشداریی خەڵک لە پاڕێزگای تاران وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی ئەم وڵاتە و ڕێژەی بەشداریی خەڵکی کوردستان وەک گەلێکی بێبەشکراو لە ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی ورد بینەوە، دەردەکەوێ کە پێگەی ئەم ڕێژیمە لە تەواوەتیی خۆیدا و لە ئاستی گشتیی وڵاتدا چەندە لەرزۆک و لە حاڵی داڕمان دایە. بە پێی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی خودی دامودەزگاکانی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژی بەشداریی خەڵک بڵاویان کردۆتەوە کە بێگومان بە هیچ شێوەیەک جێی باوەڕ و متمانەی خەڵک نین، تاران، وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و پایتەختی ئەم وڵاتە، کەمترین ڕێژەی بەشداریی تێدا تۆمار کراوە. کوردستانیش کە مێژوویەکی پڕ لە شانازی و هەڵوێستی ڕاشکاوانەی بەرانبەر بە سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی هەیە و لە [نا] گوتن بەم نیزامە پێشەنگ بووە، خەڵک و هێزە سیاسییەکانی بە گرتنەبەری هەڵوێستی بایکۆت لەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس‌دا و تۆمارکردنی کەمترین ڕێژەی بەشداری، بۆ جارێکی دیکە لە تەواوەتیی خۆیدا بەرەنگاری ئەم ڕێژیمە دژی‌گەلییە بوونەوە. بینیمان بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنەکان کە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی کوردستان و لە “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران”ەوە درابوو، لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی وشیار و لەسەر هەستی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا و ساردوسڕترین پێشوازیی خەڵکی لە ستادی پڕوپاگاندای کاندیدەکان و دەنگدانی لێ کەوتەوە. خەڵکی کوردستان بە چۆڵ هێشتنەوەی ستادەکان و نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەریان خستەوە کە خاوەنی شعوورێکی سیاسیی بەرزن و نایەڵن دەسەڵاتی سیاسی بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاریان بێنێ.

ژوورەکانی پیلانگێڕیی ڕێژیم لە کوردستان بە درێژایی ڕەوتی پڕوپاگاندای هەڵبژاردنەکان لە کوردستان و بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگەکان و بردنە سەرێی ڕێژەی بەشداریی خەڵک، هەوڵێکی زۆریان خستە گەر. پەرەدان بە هەستی تایفەگەری و، بە تایبەت زەقکردنەوەی کەلێن و جیاوازیی نەتەوەیی لە هێندێک شوێن، یەکێک لەو پیلانانە بوو کە ڕێژیم بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵکی کوردستان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بە چڕی کاری لەسەر کردن. بەڵام بە خۆشییەوە خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان و بە تایبەت چالاکان و خەڵکی وشیار لە نێوخۆی وڵات، ژیرانە و ئازایانە هەموو ئەم دەهۆ و پیلانگێڕییانەی ڕێژیمیان مایەپووچ هێشتەوە.

دەفتەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، کوردستان و سەرجەم نەتەوەکانی دیکە لە رۆژی ٢ی ڕەشەممەدا کە بە بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان، لەرزۆکبوونی پایەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بێ‌ پێگەبوونی ئەم نیزامەیان دەرخست، پیرۆزبایی لە سەرجەم خەڵکی ئێران و کوردستان دەکا. هەر لەم پێوەندییەدا سڵاو و ڕێز و پێزانینی بۆ زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە کە بە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، داکۆکییان لە ماف و ئازادی و ویستە نەتەوایەتییەکانیان کرد. پێزانین و سپاس بۆ ئەو بەربژێرانەی لەم خولە لە هەڵبژاردن بۆ نوێنەرایەتی لە پارلمانی ئێران خۆیان کاندید نەکرد و کشانەوە. پێزانین و سڵاو بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەو ماوەیەدا لە ژێر ڕێنوێنییەکانی حیزب و لە پێوەندی لە گەڵ چۆڵبوونی ستادی کاندیدەکان و نەچوونە سەر سدنووقەکانی دەنگداندا، چالاک و هەڵسووڕ بوون. سپاس و پێزانین بۆ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی درووست و مەسئولانەی هاوبەش لەم پێوەندییەدا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٨