کۆرۆنا، تێرۆریزم و شەڕی ناڕاستەوخۆی ئێرانی نەوەستاندوە

وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
ڤیرووسی کۆرۆنا لەو مانگانەی دواییدا ئێرانی هەژاندوە و بۆتە هۆی داوای کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە بۆ یارمەتی دانی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو پەتایە، وڵاتە یەکگرتووەکان ئابلۆقە قورسە ئابوورییەکانی هەڵگرێ. بەڵام بە گوێرەی لێکۆڵەرەوان، تەنانەت ئەو پەتا ئیفلیجکەرەش نەیتوانیوە پێش بە پشتیوانییە بێشەرمانەکەی ئێران لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و شەڕە ناڕاستەوخۆکانی بگرێ.

جەیسۆن برادسکی، بەرپرسی سیاسیی یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی بە فاکس نیووزی گوت: “لابردنی ئابلۆقە سەرەکییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران بە هۆی ڤیرووسی کۆرۆنا شتێکی نابەرپرسیارانەیە و نابێتە هۆی جێبەجێ کردنی گیروگرفتە بنچینەییەکە؛ مێژووی بەباشی تۆمارکراوی ڕێژیم لەمەڕ ناکارامەیی و گەندەڵی.”

لە کاتێکدا کە مرۆڤ لەوانەیە گریمانەی ئەوە بکا کە قەیرانە بەربڵاوە تەندروستییەکە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە ئێران جەخت لەسەر ئەو شتە بکاتەوە کە لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا دەقەومێ، ڕەخنەگران پێیان وایە کە لە کاتێکدا کە زۆربەی دنیا سەرقاڵە، ئەوان ئاکارە ترسناکەکانیان زیاتر کردوە، هێرشەکانی عێراق، شەڕی یەمەن و گوشار خستنە سەر دوایین پێگەی نەیاران لە ئیدلیب وەک پشتیوانی لە بەشار ئەسەد لە سووریە.

جگە لەوە، ڕێکخراوی لێبوردەیی نێونەتەوەیی ڕۆژی پێنجشەممە ڕای‌گەیاند کە لانی‌کەم ٣٦ زیندانی کە لە ترسی گیرۆدەبوون بە ڤیرووسی کۆرۆنا، کە لە بەندیخانە کاولبووەکاندا بڵاو بۆتەوە ناڕەزایەتییان نیشان دابوو بە دەست هێزە ئەمنیەتییەکان کوژراون.

هەروەها ڕێکخراوی چاودێریی ئەتۆمیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای‌گەیاندوە کە تاران پێش بە هەوڵەکانی ڕوونکردنەوەی چالاکییە پێوەندیدارەکان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە دەگرێ. ڕۆژی چوارشەممە، وتەبێژێکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕای‌گەیاند کە ئێران هەر ئێستا ڕۆژانە ٦٠ سانتریفیووژی پێشەکەوتوو دروست دەکا.

بە گوتەی برادسکی: “ئێران بەردەوامە لە پێشترێتی دان بە مانەوەی خۆی و دابینکردنی دارایی بۆ بەکرێگیراو و هاوبەشەکانی، لە جیات خەڵکی خۆی، تەنانەت لە کاتی ئەو قەیرانە ئابوورییەدا. بە گوێرەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕێبەری گەورەی ئێران تەنیا لە مانگی ڕابردوودا بودجەی سپای پاسدارانی ٪٣٣ زیاتر لەوەی کە سەرۆک کۆمار ڕۆحانی داوای کردبوو بردۆتە سەر و هیی بەسیجیشی زیاتر لە دوو هێندە زیاد کردوە. کەوابوو، مەترسیی بەلاڕێدا بردنی داهات گەلێک زۆرە.”

تا ڕۆژی پێنجشەممە، ئامارە فەرمییەکان لە بارەی ڕێژەی گیرۆدەبووان ٦٦٢٢٠ کەس بوو و ڕێژەی کوژراوان ٤١١٠، لە وڵاتێکی خاوەن ٨١ میلیۆن حەشیمەت. بەڵام ڕێکخراوە نەیارەکان دەڵێن ئاماری ڕاستەقینە حەشار دراوە و زیاتر لە ٢٠٠٠٠ کەس مردوون. ئا ئێستا ئێران یەکێک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناڤینە کە بە توندترین شێوە تووش بووە.

لە سەرەتاکانی هێرشی ڤیرووسی کۆرۆنا لە مانگی فێورییە، سەرۆک کۆمار حەسەن ڕۆحانی وڵاتە یەکگرتووەکانی بە “تێرۆریزمی ئابووری و پزشکی و پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان” تاوانبار کرد و، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئابلۆقە سەختەکان توانایی ئەوانی لە ڕزگارکردنی گیانی ئێرانییان بە شێوەیەکی شیاو گرتوە.

جان ئالتێرمەن، سەرۆکی بەشی خۆرهەڵاتی ناڤینی ناوەندی توێژینەوەی ستراتێژیک و نێونەتەوەیی گوتی: “ئێران چەند گیروگرفتی گەورەی هەن، لەوانە بڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشییە و بەڕێوەبەریی خراپی ئابووری، بەڵام من شکم لەوەدا نییە کە ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان تاوانێکیان لە بەشمەینەتیی ئێرانییان و قەیرانی بەربڵاوی تەندروستییدا نییە.”

نزیکەی دوو ساڵ پێش لە ئێستا، ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما واژۆی کردبوو هاتە دەر و ئابلۆقەکانی چەسپاندەوە. لە سەرەتای ئەو حەوتوویەدا، نزیکەی دەرزەنێک لە دیپلۆمات و کاربەدەستە ئەمنیەتییە پێشووەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا، لە نێویاندا وەزیری کاروباری دەروەی پێشوو مادەلەین ئۆڵبرایت، داوایان لە دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان کرد کە لانی‌کەم بە شێوەی کاتی ئابلۆقەکان سووک کەن تا دەرفەتی پێڕاگەیشتن بە گیرۆدەبووان پێک‌بێ.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، وڵامی داوەتەوە کە ئابلۆقەکان کاریگەرییان لەسەر کەرتی پزشکی نییە و دووپاتی کردۆتەوە کە واشینگتۆن، لە سەرەتاوە، چڵی زەیتوونی ڕاداشتوە تا یارمەتیی ئەو وڵاتە گەمارۆدراو و گیردەبووانەی ئەم ڤیرووسە بکا. سەرەڕای بانگەشەی بێدەرەتانیی ئابووری، کاربەدەستانی تاران مانگی ڕابردوو خۆیان لە یارمەتیی ڕێکخراوی فەڕانسەویی پزشکانی بێ‌سنوور بوارد و گوتیان بۆخۆیان دۆخەکەیان لەژێر کۆنترۆڵ‌دایە.

برادسکی ئاماژەی بەوە کرد کە، “هاوینی ڕابردوو، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرای کرد کە ١ میلیارد دۆلار کە بۆ هاوردە کردنی شتومەکی بنەڕەتی و دەرمان تەرخان کرابوو ون بووە. با باسی ئەوەش نەکەین کە وەزارەتی دارایی وڵاتە یەکگرتووەکان ساڵی ٢٠١٨ ئاشکرای کرد کە ڕێژیم کەلکی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمان لە ئێران وەرگرتوە تا یارمەتیی سووریە بکەن کە بتوانێ پارەی نەوت بدا.”

جگە لەوە، واشینگتۆن جەختی کردۆتەوە کە تاران دەتوانێ بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ قەیرانی ڤیرووسی کۆرۆنا کەلک لە پاشەکەوتی سامانی نەتەوەیی وەرگرێ، کە ڕۆحانی حەوتووی ڕابردوو ١ میلیارد دۆلاری لێ‌هەڵگرت.

لەگەڵ ئەوەشدا، تاران داوای لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی دراو کردوە کە پێنج میلیارد دۆلاریان بە قەرز بداتێ تا بتوانێ بەرنامەی دابینکردنی بواری نائاسایی بەڕێوە بەرێ و، واشینگتۆن ڕای‌گەیاندوە کە پێش بەو کارە دەگرێ. لە پەیامێکی تێکەڵی دیکەدا، ڕۆحانی ڕای‌گەیاندوە کە ئەم حەوتووە کەرتە ئابوورییەکان لە حەوتووی دیکەدا دەکرێنەوە، چونکە دژوارترین دۆخی بڵاو بوونەوەی ڤیرووس تێپەڕ بووە.

بنیامی فریدمەن، بەرپرسی سیاسیی ڕێکخراوی دیفێنس پرایۆریتیز گوتی: “ئەوە مومکین نییە کە شێوەی خەرجکردنی پارە لەلایەن ئێران کۆنترۆڵ بکرێ، ئەگەرچی ئەو پێنج میلیارد دۆلارەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی دراو کە بەڕێوەبەرایەتی هەوڵ دەدا پێشی پێ بگرێ، دەکرێ ئاراستەکراو و چاودێریکراو بێ، بەڵام ئێمە دەتوانین پشتیوانیی ئێران بۆ بەکرێگیراوەکانی لە عێراق سنووردار بکەین و عەرەبستانی سعوودی ناچار بکەین کە ئاگربڕی یەمەن بکاتە هەمیشەیی، کە دەتوانێ بیانووی ئێران بۆ یارمەتیی حوسییەکانی یەمەن بنکۆڵ بکا. واشینگتۆن دەتوانێ کارێکی باش بکا و بە هەنگاوێکی خێرا، بە هەڵپەساردنی ئابلۆقەکان ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ ملکەچبوون بە بەرجام و بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکا.”

ڕێژیمی ئایینی پێداگر بووە کە پووڵەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە سەرف دەکا، بەڵام ڕەخنەگران بۆچوونی جیاوازیان هەیە و پێداگرن کە ئەوە تەنیا کاری ئەوان بۆ دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە دەرەکییەکانیان، لە پشتیوانیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕا بگرە تا دەوڵەتی سووریە و بەکرێگیراوەکانی لە عێراق و یەمەن و هەروەها ڕایەڵەکانی مادەی هۆشبەر لە ڤێنێزۆئێلا، ئاسانتر دەکا.

ئالێکس ڤاتانکا، سەرۆکی بەشی ئێران لە ئەنیستیتۆی خۆرهەڵاتی ناڤین ئەوەی زیاد کرد: “ڕێژیمی ئێران بۆ متمانە پێکردن نابێ. گشت دۆلارەکان دەبێ بخرێنە ژێر چاودێری تا بگاتە دەستی ئەو خەڵکەی کە مەبەستە واتە نەخۆشانی کۆڤید-١٩. ئەوە تەنیا شەڕە ناڕاستەوخۆکان نین کە پڕتێچوون، بەڵکوو گەندەڵی و دووبەرەکیی نێوخۆییش مەترسیی جیدین بۆ سەر یارمەتیی دارایی نێونەتەوەیی کە بۆ ئێران دەنێردرێن. ڕێژیم بە پێی نەریت شەفاف نییە و مەترسیی کەلکی خراپ وەرگرتن لە قەرز و یارمەتیی دارایی گەلێک بەهێزە.”

***

فاکس نیووز – هاڵی مەک کەی