کۆبوونەوەی سکرتێری گشتیی حیزب لەگەڵ بەرپرسان و بەڕیوەبەرانی کاروباری حیزب لە دەرەوەی وڵات

بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهات و رووداوە سیاسییەکان، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوە لە رێگای ئۆنلاینەوە لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی کاروباری حیزب و ئەندامانی کۆمیتەکان و بەشەکان کۆبووەوە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا هاوڕێ “حەمەڕەسووڵ کەریمی”، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات وێڕای بەخێرهێنانی سکرتێری گشتیی حیزب و بەشدارانی کۆبوونەوەکە وتی: بە سەرنجدان بەو بارودۆخەی ئێستا کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروست بووە و دەرەتانی گرتنی کۆبوونەوەی حوزووریمان نییە، لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات بە باشمان زانی بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە هەڵوێست و روانگەکانی حیزب لەسەر ئالوگۆڕە سیاسییەکان ئەم کۆبوونەوەیە بەبەشداری سکرتێری گشتیی حیزب پێک بێنین و هەموومان گوێ لە ڕا و سەرنجەکانی یەکتر بگرین. حەمەرەسووڵ کەریمی بەسەرنجدان بەوەی کە باسەکانی کۆبوونەوە تەرخان کرابوو بۆ قسەکردن لەسەر سیاسەت و هەڵویستی حیزب و دۆخی ئێران لە هەلومەرجی ئێستا و هەروەها چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکان و دونیای مەجازی رایگەیاند کە وەک کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات لەم هەلومەرجەی ئێستادا دەمانەوێ لە رێگای ئۆنلاینەوە پێوەندیی نێوان ئۆرگانە حیزبییەکان و ئەندامانی حیزب بپارێزین و کار و چالاکی حیزبی بەردەوام بێ.

پاشان بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای وتەکانی‌دا وێڕای بەرز نرخاندنی کار و تێکۆشانی ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات رایگەیاند کە ئەوەی لە دەرەوەی وڵات حیزبی دێموکرات لە کاروباری حیزبی و کۆڕ و کوبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا دیارە بەرهەمی کاروتێکۆشانی هەموو ئەندامانی حیزبە و لەو بارەوە بەتایبەتی سپاسی بەرپرس و ئەندامانی کۆمیتەی پێشووی بەڕێوەبەریی حیزبی لە دەرەوەی وڵات کرد.

بەڕێز خالید عەزیزی لە تەوەری یەکەمی وتەکانیدا بە ئاماژە بەو بارودۆخە نوێیەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروست بووە وتی: پرسی سیاسەت و کار و چالاکی لە ئێستا و دوای سەردەمی کۆرۆناش دەبێ لە لایەنی جۆراوجۆرە هەڵبەسەنگێندرێ و گرنگی پێ بدرێ و نابێ ئەم دۆخە ببێتە هۆی راوەستانی جموجووڵ و چالاکییەکانمان و پێویستە بەردەوام پێوەندیی خۆمان لەگەڵ ئەندامانی حیزب بەگشتی و بەتایبەتی لە نێوخۆی وڵات رابگرین.

هەر لەم بارەوە سکرتێری گشتیی حیزب بە ئاماژە بەوەی کە پێویستە هەموومان رێنماییە تەندروستییەکان ڕچاو بکەین و خۆمان بپارێزین وتی: ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆی هاوکێشە سیاسییەکانی گۆڕیوە و بەهۆی لایەنی ئینسانی بابەتەکەوە زۆر پرس و بابەت و کێشەی گرنگی نێوان وڵاتان خراونەتە پەراوێزە و هەموو وڵاتان سەرقاڵی ئەوەن چۆن خۆیان بپارێز و چۆن بەرەوڕووی ئەم پەتایە ببنەوە.

کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا بەسەرنجدان بە ململانێیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی ئەم ململانێی و کێشانە کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئێمە و کۆی رووداوەکانی نێوخۆی ئێران هەیە، بەڵام ئێمە ویست و داواکاریی و خەباتی خۆمان بەم کێشانەوە گرێ نەداوە و خەبات و کار و چالاکی ئێمە پێش ئەم کێشانە دەستی پێ کردووە و ئەگەر ئەم کێشانەش کۆتاییان پێ بێ، ئێمە لە خەباتی خۆمانهەر بەردەوام دەبین.

سکرتێری گشتیی حیزب لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا جەختی لەسەر گرنگی هاوکاریی زیاتری نێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و وتی: بۆ دروست کردنی تەبایی و هاوئاهەنگی زیاتر هەوڵ دەدەین لە بواری جۆراوجۆردا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەهێز بکەین و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆمەڵێک پرس تاوتۆێ بکەین بۆ ئەوەی بەرچاومان بەنیسبەت چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران و ناوچەکە روونتر بێت.

هەروەها لەمەڕ ئەو بابەتانەی کە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەسەر دانوستان لەگەڵ رێژیم هاتنە گۆرێ، سکرتیری گشتیی حیزب رایگەیاند کە حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دا مەرجەکانی خۆیان بەنیسبەت دانوستان لەگەڵ رێژیم کە پێکهاتبوون لەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەفەرمی لە ئاستی باڵادا دان بەپرسی کورددا بنێت و وتووێژەکان بە ئاشکرا بەڕێوە بچن، لەگەڵ دەوڵەتی نۆروێژ و رێکخراوی نۆرێف باس کردووە، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە قەبووڵ نەکراوە و عەمەلەن نەچووینەتە هیچ وتووێژێکەوە.

لەمەڕ پرسی یەکگرتنەوە و پێوندییەکانی نێوان هەر دوو لای دێموکرات سکرتێری گشتی حیزب بەئاماژە بەوەی کە هەڵوێستی یەکگرتنخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە جێگای خۆی دایە، وتی: ئێمە لە رابردوودا بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ ئەو پرسە کردوە و لە داهاتووشدا هەر بەهەمان شێوە دەجووڵینەوە.

سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانی‌دا بە ئاماژە بەو پرس و بابەتانەی کە لە دونیای مەجازی و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دێنە گۆڕێ، وتی: شێوازی کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتێکی زۆر گرنگە و ئەگەر خراپ ئەو فەزایە بە کار بێنین ئەوا زیانەکانی لە قازانجەکانی پتر دەبن.

خالید عەزیزی هەروەها وتی:قسەکردن و لێدوان و دەربڕینەکانی هەموو ئەندامانی حیزب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کاریگەریی لەسەر ژیانی سیاسی حیزب هەیە، بۆیە پێویستە ئەندامانی حیزب بەرپرسیارانە بجووڵنەوە و بەرژەوەندیی حیزبەکەیان و میللەتەکەیان لە پێش چاو بێ.

دوای تەواو بوونی وتەکانی بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب، بەشدارانی کۆبوونەوە راو سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستە روو و کە دواتر لە لایەن بەڕێزیانەوە وڵام درانەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز حەمەرەسووڵ کەریمی وێڕای سپاسی بەشدارانی کۆبوونەوە لە لایەن کۆمیتەی دەروەی وڵاتەوە وڵامی ئەو سەرنج و تێبینییانەی دایەوە کە روویان لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و بەڕێوەبەریی کاروباریی حیزب لە دەرەوەی وڵات بوو.