سپۆنسەری ماڵپەری گیاڕەنگ لە لایەن بەرێزان: کاک ئاوات، کاک نادر و کاک وەستا ڕەحمان

لە ماوەی ١٨ ساڵ کار لە ڕۆژنامەی ئێلکترۆنی ماڵپەری گیارەنگ دا، هەر لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا بەردەوام هەوڵم داوە کە ڕۆژانە بابەتێک و یا چەند بابەتی جۆراوجۆر لە هەموو بوارەکاندا لە گیارەنگ دا بڵاو بکەمەوە. لەم سۆنگەیەوە هەم بە دوای بابەتی چاک دا گەڕاوم و هەمیش بابەتی زۆر ڕەنگین و پڕ نێوەرۆکم لە لایەن نووسەران و وەرگێرانەوە بە دەست گەیشتوون. جیا لەوە وەک خۆم کەسایەتی گەورەی کورد و شۆڕشگێر، نووسەر، شاعیر، وەرگێر و ڕووماننووس و پێنووس بە دەستی زۆر بەرێز و بە توانا و خەمخۆرم لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وەڵات ناسیوون، بە دڵنیایەوە ئەوەش بە دەسکەوتێکی مەعنەوی گەورە بۆ خۆم و بۆ گیاڕەنگ دەزانم و سوپاسیان دەکەم، کە تەحەموولی نێوچاوانی منی خوێنتاڵ و گیاڕەنگی سەوزییان کردووە.

لەو ماوە دوور و درێژەدا هیچ کات دوودڵ نەبووم لەوە کە ماڵپەری گیاڕەنگ وەک سووکەڵە سوارێکی بواری ڕۆژنامەگەری کوردی لە نەرمە غاری خۆی بخەم، گیاڕەنگی هەمووان بە هیممەتی هەمووان هەروا لە لینگدان و لە نەرمە غاری خۆیدا بەرەو پێش دەچێ و بە گشتی هەنگاوەکانی بۆ گەیاندنی زانیاری و ڕاستی‌یەکان هەروا بە پتەوی هەڵدێنێتەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، ماڵپەر و بلاگەکان، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان، هەمیشە لە دەست حکوومەت، حیزب، ڕێکخراو، ئاژانس و ناوەندە دەست ڕۆیشتووەکان دا کاریان کردووە، بۆ ئەوان زۆر ئاساییە کە کارمەند و بەرێوەبەر و کەسی تایبەتیان بۆ دابمەزرێنن و لە داهات و بودجەی حکوومەتی و حیزبی و ئاژانس و ناوەندەکان بە قازانجی خۆیان و بۆ بەردەوامی مێدیاکەیان کەڵک وەر بگرن و لە گەڵ هاتنە بازاری کەرەسەی سەردەمیانە خۆیان بە ڕۆژ و نوێ بکەنەوە.

ماڵپەری گیارەنگ لە ماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوو دا تەنیا پشتی بە نووسەر و وەرگێر و خوێنەرانی بەستووە و لە بواری ماڵیدا تەنیا بەڕیوەبەرەکەی خەرجی ساڵانە و مانگانەی ماڵپەرەکەی دابین کردووە و بە پێی ئیمکان چەند جار خۆی نوێ کردۆتەوە و ئەوەش بە مننەت لە سەر شانی هیچ کەس دانانێ و لە داهاتووشدا هەر خۆی بە مننەت باری نووسەر و وەرگێر و خوێنەرانی دەزانێ.

b_300_220_16777215_00_images_awat_nadr_westa3.jpgلە دوو ساڵی ڕابردوودا هاوڕێیان کاک ئاوات حەسەن‌پوور لە فینلاند ، کاک نادر ئەمینی لە نۆروێژ و کاک وەستا ڕەحمان لە فینلاند، بە گەورەیی خۆیان ماڵپەری گیاڕەنگیان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ سپۆنسەر کردووە و خەرجی‌یەکانی ماڵپەری گیاڕەنگیان خستۆتە سەر شانی خۆیان، بەم کارەیان زیاتر لە پێشوو قەرزداری لوتف و مەرحەمەت و خزمەتەکانی خۆیان کردین و منیش وەک بەرێوەبەری ماڵپەری گیاڕەنگ هەم سوپاسیان دەکەم و هەمیش بەڵێنیان پێدەدەم کە وەک جاران و بگرە زیاتریش لە خزمەت گیاڕەنگ و بنەماڵەی گەورەی گیاڕەنگ ( نووسەر و وەرگێر و خوێنەران) ی گیارەنگ دابم.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا هاوڕێیانی بەرێز کاک فاروق قوبادی، کاک برایم عەزیزی و کاک مەریوان نستانی بۆ دیزاین و گۆڕینی قەوارەی ماڵپەری گیاڕەنگ زەحمەتیان لەگەڵ ماڵپەرەکە کێشاوە و بە گەرمی سوپاسیان دەکەم.

کاری ڕۆژنامەگەری ستاندارد، پڕنسیپی تایبەت بە خۆی هەن و گیاڕەنگیش هەندێک پڕنسیپی ئەخلاقی و کاری ڕۆژنامەگەری ڕەچاو کردوون و تەواو سەربەخۆ و ئازادە و هیچ کات نەبۆتە سەکۆیەک بە دژی هیچ کەسایەتی و حیزب و ڕێکخراوەیەکی کوردی، لە هەموو هەواڵ و بابەتەکان تا دڵنیا نەبووبێتەوە، بڵاوی نەکردوونەوە، لێرەدا سوپاسی چەند هاوڕێیەک بەرێزان پیرۆت، مامەند، خاتوو زێنێ، خاتوو نەمام، کاکەمەم، سەردار کە لە نێوخۆی وڵات دەژین دەکەم و ئەوانیش دڵنیا دەکەمەوە کە هەروا بەردەوام لە خزمەتیان دا دەبین، ( ناوەکان خوازراون).

لە کۆتایی دا سوپاس بۆ هاوسەری ژیانم خاتوو شلێر حەسەن‌پوور کە لە هەموو ئەو ساڵانەدا پشتگیر و پاڵپشتی سەرەکیم بووە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بکەم و زۆرجار و بە بەردەوامی لە جیاتی لە کۆڕی بنەماڵەدا لەگەڵ ئەوان بم، بۆ کاری گیاڕەنگ ڕووم لە شاشەی کامپیوتێرەکەم بووە و کەمتر توانیومە لە خزمەت ئەوان دابم و لێرەدا هەم سوپاسی دەکەم و هەمیش پاڵپشتی و یارمەتی‌یەکانی بە بەرزی دەنرخێنم و شانازی بە بوونییەوە دەکەم.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم و بە هیوای بەردەوامی زیاتری ماڵپەری گیاڕەنگ

حەمەڕەسووڵ کەریمی

٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٢٠